کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کلینتۆن یان ترامپ؟ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان خراپ و خراپتردا

ساڵێک لەوە پێش کاتێک کە ترامپ خۆی کاندید کرد مێدیای گشتی ئامریکا کەمترین شانسیان بۆ سەرکەوتنی ئەو نەدەبینی. تەنانەت سەردەبیری گۆڤواری نیویورک نووسی کە ” ئەو پاشماوەی ترس لە تیرۆریزمە”. کاندیداتۆڕیەکەی تەنانەت لەلایەن مۆرە سەرەکیەکانی حیزبی کۆماری خوازیشەوە پێشوازی لێ نەکرا. هیچکام لەمانە نەیانزانی و یان نەیانویست باوەڕ بکەن کە ئالوگۆڕێکی گەورە لە ڕیزبەندی جیهانی و لە نێوخۆی گەورەترین هێزی ئیمپڕیالیستی دنیادا بەدیهاتوە کە ترامپی بەرەو پێشەوەی سەحنە پاڵپێوەناوە. ئەم بارودۆخە کەم و زۆر لە حیزبی دیموکتاتیشدا دەبیندرا. شانسی بەشێک لە لاوانی کۆمەڵگا و پایەی حیزبی دیموکرات لە بێڕنی ساندرزدا کە بە داخوازی سۆسیال دیموکراتیکەوە هاتە مەیدانی هەڵبژاردنەوە، مۆرە سەرەکیەکانی حیزبی دیموکراتی وادار کرد تا لە ڕێگای کەمپەینێکی ئینتێرنێتیەوە لە نێوخۆی حیزبدا لەدژی ساندێرز، بواری سەرکەوتنی کلینتۆن خۆش بکەن.پێویست بە ئاماژەیە یەکێک لە ئاکامەکانی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری دروست بوونی کەلێنی قوڵ بۆوەیە لە نێوان بۆرژوازی وڵاتانی بەهێزی دنیادا. و ئەمە هەڵبەت تەنیا تایبەت بە ئامریکا نەبووە. ڕیفڕاندۆم لە بریتانیا بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئوروپا نمونەیەکی تری بەرچاوی قوڵتر بوونەوەی کەلێنی نێوان بۆرژوازی ئینگلستان بوو. ئەمەش بە ئاشکرایی بەو واتایەیە کە کەلێنی نێوان وڵاتانی بەهێزی دنیای سەرمایەداری لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت لاواز تر ( وەک یۆنان و پورتەغال، ئیسپانیا لەگەڵ وڵاتانی وەک ئاڵمان لە ئوروپا) تەنیا یەکێک لە فاکتۆڕەکانی ڕواڵەتی دنیای سەردەم بووە و کەلێنی نێوان هەرکام لە وڵاتانی بەهێزی سەرمایەداری و لەنێو بۆرژوازی ئەم وڵاتانەدا موئەلفیەکی تر لە سیمای دنیای ئەمرۆیە.ترامپ نمونەیەکی تاقانە لە دژایەتی کردن لەگەڵ کۆچبەران، لە سەرکوت کردنی کەمینەکان، لە گەڕانەوە بۆ دەوڵەتانی نەتەوەیی و هیتر نییە. لە ئوروپا دەوڵەتانی وەک لەهستان و رۆمانی و یان کۆمەڵێک حیزب بەم تایبەتمەندیانەوە لە فەرانسە، بلژیک، هولەند، ئاڵمان و… نمونەکانی ترین. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە سەرکەوتنی ترامپ لە بەهیز ترین وڵاتی ئیمپڕیالیستی دنیادا دەتوانێ ئاسەواری مەترسی دارتری بۆ بارودۆخی قەیراناوی جیهانی هەبێت.820-1

ئەوەی کە ترامپ بە وەعدەی زیندو کردنەوەی ” خەونی ئامریکایی” بە وەعدەی دەرکردنی میکزیکیەکان، بە وەعدەی قەدەغە کردنی هاتنی موسڵمانان و بە وەعدەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەراردادانەی بە قازانجی ئامریکا نین، هاتۆتە مەیدان بەر لە هەموو شتێک لە تێکچوونی هاوسەنگی هێزێکی نێونەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتوە کە بە زەرەری ئامریکایە. تەنزی گاڵتەی مێژوو ئەوەیە کە ئەوە کۆماری خوازان بوون کە بەردەوام داکۆکی کاری سەرسەختی قەراردادی توجاڕی نێوان ئامریکا و باقی وڵاتانی تر بوون لە ئێستادا ئەم حیزبە خوازیاری هەڵوەشانەوە یان گۆڕینی ئەم قەراردادانەیە بە قازانجی ئامریکا.

ئەگەر ئۆباما وڵامی کۆمەڵگەی ئامریکا بە شکستە ئیستراتیژیەکانی بوش لە خاوەرمیانە بوو، ترامپ وڵامی بەشێک لە کۆمەڵگایە بۆ گەڕانەوە بۆ دەورانی زێڕینی قەدەرقودرەتی ئامریکا. ترامپ وەک سەرجەم ڕەوتە ڕاست، ڕاسیستی و شێوە فاشیستیەکان لە ئوروپا بەشێک لە هێرشەکانی روو لە دەزگا و دامەزراوە سوننەتی و تەنانەت ئەو کاسایەتیانەیە کە لەگەڵ ئەم دامەزاوانەدا هاو هۆویەت و ناسنامەن. چاوگێڕانێک بەسەر هەڵبژاردنی ئامریکادا نیشانی ئەدات کە لە دێهات و ناوچە دوورە دەستەکانی ئامریکا بەردەوام تەبلیغ لەدژی حكومەتگەران لە واشنگتۆن ئامرازێکی گونجاو بووە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ.

ترامپ بە تەبلیغاتە ڕاسیستی و فاشیستیەکانی هۆکارە سەرەکیەکانی قەیران لە کۆمەڵگای ئامریکای بە شاراوەیی هێشتۆتەوە و بە جێگای ئەو دەیەوێ رۆحێکی تازە بەبەر مۆدێلی شکست خواردوی ” خەونی ئامریکایی”دا بکاتەوە. توێژی مامناوەندی کۆمەڵگا و تەنانەت بەشێک لە کرێکارانی فەننی بێکار کراو وەدی هاتنی خەونەکانیان لەودا دەبینن. ئەمانە لە زومرەی دۆڕاوە سەرەکەیەکانی قەیرانی ئابووری ئەم دواییەی دنیای سەرمایەدارین. بە ملیۆن کەس لەوان بە ئەڕتەشی بێکارانەوە پەیوەست بوون، و بە کۆڵە بارێکی قورس لە قەرزی بانکەکان بە شانەوە پەڕاوێز خراون و لە باشترین حاڵەتدا ناچار بە کار بە حەقدەستێکی کەم کراون. ترامپ روو بە خەڵکی ئامریکا دەڵێ کلیتۆن بەشێک لە دەزگای سوننەتی حکومەتە کە ئێوەی توشی ئەم رۆژە کردوە و بەڵام وڵامی کلینتۆن و حیزبی دیموکرات بەم وتە ڕاسیستی و فاشیستیانەی ترامپ سوڕان بەرەو ڕاست و دانی بانگی بوژاندنەوەی رۆحیەی مەیهەن پەرستییە. کارێک کە لە ئوروپاش ئەحزابی سوننەتی لە بەرەنگار بوونەوەی ئەحزابی ڕاسیستی و فاشیستیدا ئەنجامی ئەدەن.

بێگومان لە سەرهەڵدانی ترامپدا گەلێک فاکتۆڕ لە نێوخۆی ئامریکادا دەوری سەرەکی دەگێڕن. ئەوەی کە بەپێی ئیدیعای بێڕنی ساندرز،” لە پازدە ساڵی ڕابردودا شەست هەزار کارخانە لە ئامریکا داخراون و ئەوەی کە یەک دەهوم لەسەدی کەسانی سەرەوە بەرابەری نەوەد لەسەدی ئەوانی خوارەوە سەروەتیان هەیە” نیشانی ئەدات کە ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە بارودۆخی نیوخۆی ئامریکادا روویداوە. بەڵام بێگومان زۆربەی ئەم ئاڵوگۆڕانە خۆیان سەرچاوە گرتو لە گۆڕانی هاوسەنگی هێز و بارودۆخی شڵەژاوی جیهانی و شکستی ئیستراتیژی ئامریکا لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادایە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە یەکێک لە فاکتۆرەکانی ڕواڵەتی دنیای ئەمرۆ توند بوونەوەی ڕقابەتە لەنێون هێزە سەرمایەداریەکانی دنیادا. هیچ گۆشەیەک لە دنیا نابینی کە دوور بێت لە کاریگەریە دیارەکانی ئەم ڕەوتە گشتیە. ڕقابەتی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی، هاتنەوەی سەرلەنوێی رووسیە دوای دەورەیەک بێلایەنی و پاشکشە، دەرکەوتنی چین وەک هێزێکی ئابووری، سیاسی و نیزامی، ڕقابەتی هێزە ناوچەییەکانی شەڕی نیابەتی، قەمی و مەزهەبی، نا سەقامگیر بوونی دەوڵە نەتەوەییەکان، سەرهەڵدانی جەریاناتی تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستی مەزهەبی و… توخمەکانی پێکهێنەری ئەم ئاڵۆزیە گشتیەن. پێکهاتەی ئانارشی زاتی لە مناسباتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای ئەمرۆدا و ئەم ئاڵۆزیە گشتیە کاریگەری وێرانگەری خۆی لەسەر ژیان و بەڕێچونی بە سەدان ملیۆن ئینسان بەجێهێشتوە و ئەوانی بەرەو ناخی هەژاری و موسیبەتەکان پاڵپێوەناوە.

ئیمپڕیالیزمی ئامریکا ئیتر فەرماندەی ئەڕتەشێکی یەکگرتوو لە دنیای رۆژئاوادا نییە. هەرکام لەم دەوڵەتانە و تەنانەت ناوچە و بلۆک بەندیەکان بەشوێن دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێن بەتایبەت لە حەوزەی ئابووریدا و ئەمەش خۆی کەلێنی نوێ دروست دەکات و ئەوەیەکە ئامریکا لە لایەن هەموو ئەم هێز و جەمسەرانەوە بە ڕادەی جۆاراو جۆر توشی کێشە دێت.

بەم جۆرە بە روونی دەبێ بڵێین کە سەرکەوتنی هەرکام لە ” بێزراو ترین کانیدیدەکانی” مێژووی سەرۆک کۆماری ئامریکا لە هەمانحاڵدا کە وڵامێکە بە بارودۆخی شڵەژاوی جیهانی و ئەو کەلێنانەی لەنێو بۆرژوازی ئامریکادا هەیە، هاوکات هەڵگری مەترسیە بۆ کۆمەڵگای ئامریکا و دنیاش. ئەو کەسانەی کە بە زەینیەتی هەڵبژاردن لە نێوان ” خراپ و خراپتردا” چارەنووسی خۆیان بە کلینتۆن دەسپێرن. ئەو کەسانەی کە بەهیوای ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی نابەسامانی ئێستایاندا بەشوێن ڕاسیستێکی وەک ترامپ دەکەون، دۆڕاوە سەرەکیەکانی ئەم یاریە دەبن. بۆ کەسانێک کە خویان بە یاری ” خراپ و خراپتر” سه‌رقاڵ كردووه‌، هاسان تر دەتوانن قەبوڵی بکەن کە باشترە کلینتۆن هەڵبژێرن. ئەمە هەڵبەت بۆ بەشێکی گەورە لە چینی سەرمایەدار و بەشێکی بەرین لە چینی دەسەڵاتداری ئامریکا جۆرێک هەڵبژاردنە.

گومانی تێدا نییە کە ترامپ و کلینتۆن نوێنەرانی بەشێک لە سه‌رمایه‌داری ئامریکان کە بۆچونی جیاوازیان سەبارەت بە چلۆنایەتی ڕێبەری جیهانی ئامریکا لە قۆناغی داهاتودا، هەیە. هەڵبەت ئەمە هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی چینی کرێکاری ئامریکا و جەماوەرێکی ملیۆنی کە پەڕوێز خراون، نییە. ئەمان بەدیل نین بۆ ڕزگار بوونی کۆمەڵگا. چینی کرێکار، ڕەنگین پێستەکان، کۆچبەران، ژنان و جەناوەری ملیۆنی پەڕاوێز خراو دەبێ بەشوێن بەدیلی ڕاستەقینەی خۆیاندا بگەڕێن.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-