بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “هێرانا” ڕۆژی چوارشەممە ١٤ ی مانگی ڕەزبەری ١٣٩٥ لە موجتەمەعی فوولادی موبارەکە بە هۆی ڕووداوێک کە لە یەکێک لە یەکەکانی بەشی به‌رهه‌مهێنانی ئاسندا ڕوویدا، ٥ تەعمیرکار لە کاتی کاردا تووشی ڕووداو ده‌بن. لەم ڕووداوەدا دوو کەس گیانیان لە دەستدا و باری ته‌ندرووستیی یەکێکیشیان خراپ ڕاگه‌یه‌ندراوه. بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەم هەواڵنێرییە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣ ی ڕەزبەر ٥ کرێکاری مەعدەنی بەردی ئاسنی ” بهردهسکان” لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویی، لە قوڵایی زەویدا تووشی ڕووداو هاتن. بە هۆی ڕووخانی تونێلی بەردی ئاسنی “بهردهسکان”ەوە ٢ مەعدەنچی گیانیان لەدەستدا و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان ڕۆژی ١٢ی مانگیش لە جەریانی به‌ربوونه‌وه‌ی قاڵبێکی بێتۆنیدا به‌سه‌ر كرێكارانی بێتۆنڕێژدا لە نێو کارخانەی سیمانی بێهبەهان هەڵکەوتوو لە پارێزگای خووزستان،٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و ٢ کرێکاری دیکەش بریندار بوون. دوو کرێکارە بریندارەکە لە ئێستادا لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی بێهبەهاندا بەستەریی کراون.
ئەم ڕاپۆرتانە دەریدەخەن کە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی‌دا، درێژەی قوربانیبوونی کرێکاران لە شوێنی كاردا ، بووه‌تە گرفتێکی جیددیی بۆ چینی کرێکار. بە پێی ئامارەکان بە شێوەی مامناوەند ڕۆژانە ٥ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئیمه‌نیی و نەبوونی ئیمکاناتی گونجاوی شوێنی کاره‌وه، گیانیان لەدەست دەدەن. ڕووداو و هەروەها نەخۆشییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕەچاونەکرانی بێهداشت لە شوێنی کار دوای ڕووداوەکانی هاتوچۆ وەک دووهەمین فاكته‌ری مه‌رگ و میر لە ئێران بەئه‌ژماردێت. ٩٠ لەسەدی قوربانییانی ئەمجۆرە ڕووداوانە لە ژێر چەتری سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعیدا نین.
لەم نێوانەدا، کرێکارانی ساختومان واته بیناسازیی زیاتر لە باقی بەشەکانی دیكه‌ی چینی کرێکار، مەترسی ئاسیبیان له‌سه‌ره. بە پێی ئاماره بڵاوکراوەكان، لە بەشی بیناسازیدا ساڵانە نزیکەی ١٥ هەزار حادیسه ڕوو ده‌ده‌ن . ئامارەکانی ” سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعیی و ناوەندی ئاماری ئێران”یش باس لەوە دەکەن کە، لە هەر ٣ کرێکاری ساختومان واته بیناسازی، تەنها یەک کەسیان دەگه‌نه تەمەنی خانەنشینیی و دوو کەسەکەی دیکەیان، ئه‌ویش ئەگەر شانسیان هەبێت و لە مردن ڕزگاریان بێت، دەبنە کەمئەندام و په‌ككه‌وته. پێویست به ئاماژه‌پێدانه كه ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەم بەشە بۆ پێنەدرانی هەقی بیمە یان دابینكردنی ئامراز و کەرەسەی ئیمه‌نیی، بە چەند فاكته‌ر لەوانە په‌رش و بڵاوبوون، پێش‌گرتن لە ڕیکخراوبوونیان لەناو تەشەکولی سەربەخۆ و چینایەتیی و هەروەها ده‌رهاویژران له بازنه‌ی یاسای دژه کرێکاریی “کار”ی ڕژیمی ئیسلامی‌دا، هه‌تا ئێستا دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.
ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە، ئه‌وه‌یه كه لە زۆربەی شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنانی ئێران‌دا ئاستێكی زۆر نزم له ستانداردی ئیمه‌نی هەیە و به بەردەوامیی، مەرگ، سەدەمە دیتن و کەمئەندام بوون یاخود گیرۆدەبوون بە هەموو جۆرە نەخۆشینێکی دژوار و کوشەندە، هەڕەشە لە گیان و ژیانی کرێکاران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا مودیران و بەرپرسانی ئیدارە پێوەندیدارەکان هەر ڕووداوێک لە کارگه‌کان، کارخانە و باقی ناوەندەکانی دیکە دەگەڕێننەوە بۆ کەمتەرخەمیی و بێ ئیحتیاتی خودی کرێکاران. ئەوە لە حاڵێدایە کە نەبوونی ئامێری ئیمه‌نی، ناستانداردبوونی شوێنی کار و گوشاری قوورسكرانه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری کار، لە فاكته‌ره سەرەکییەکانی ماندویی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و تێکچوونی هۆش و هەواس و هاوسەنگیی فکیری کرێکارانن.
لە گەلێک حاڵەتدا ” ئیدارەی کار” و هەروەها ” دەزگای قەزایی ڕژیمی دژه کرێکاریی کۆماری ئیسلامیی، خاوەنکاران و سەرمایەدارانیان به بێ‌تاوان ناساندووه، بۆ ئه‌وه‌یكه نه‌كه‌ونه به‌ر تانه و سەرزەنشتی خه‌مساردبوون و كه‌مته‌رخه‌مییان له دابینكردنی ئه‌منییه‌تی شوێنی كار و له‌وه‌ش واوه‌تر خودی كرێكاری زیان پێگه‌یشتوویان به تاوانبار زانیوه هه‌تا به‌مجۆره خۆ له قه‌ره‌بووی زیان و دانی خه‌ساره‌ت بە بنەماڵەی قوربانییانی شوێنی نائەمنی کاریش ده‌رباز بكه‌ن،بێجگە لە ئه‌مانه، ئه‌نجامی بەدواداچوون و توێژینەوه‌كان دەریانخستووه كه زۆربەی ئەو بنەماڵە کرێکارییانەی کە بە هۆی ڕووداوی کاره‌وه‌کەمئەندام بوون یاخود گیانیان له‌ده‌ستداوه، لە پشتیوانییه‌كانی ” سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی”یش به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون. له‌ڕاستیدا، سیاسەتی لەبەرچاونەگرتنی ئیمه‌نیی شوێنی کار و بەرهەمهێنان لە لایەن ناوەند و سازمانەکانی سەر بە ڕژیمەوە وەک چەوساندنەوەی قوورسی کرێکاران لە ڕێگه‌ی زیادكرانی سه‌عاته‌كانی كار، هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، خۆشکردنی بواری دەرکردن و بێکارسازیی، قەراردادی کۆیلەئاسا و داسەپاندنی هەموو بێمافییەک بەسەر کرێکاران، لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایەداران و خاوەنکاران دایە. لە لایەکی دیکەوە قازانج پەره‌ستیی و زێدەخوازیی سەرمایەداران و خاوەنکاران به هەر دوو بەشی خسووسیی و دەوڵەتیشیه‌وه، ڕێگه به‌وه نادات كه شوێنێکی ئەمن بۆ کرێکاران و حقوقبگیران دابین بکرێت.
لە ڕاستیدا خاوەنکاران هه‌روا بە ئاسانیی بە بێ گوشاری خەباتی یەکگرتووانەی کرێکاران ئامادە نابن كه بەشێک لە زێدەبایی و سودێک کە بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی کرێکارانە، بۆ دابینکردنی ئیمه‌نیی ناوەندەکانی کار و زەحمەت لە ئێران تەرخان بکەن. چه‌نده‌ها جار و به كه‌رڕات بیندراوە، ئەوان بە هەزار فێڵ و کەڵەک و هەڵبەت بە هاوکاری بێ درێغی بازڕەسانی وەزارەتی کار، خۆیان لە ژێر بەرپرسیارێتی ئیمه‌ن سازیی شوێنی کار دزیوەتەوە. بێگومان، سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان له‌وه‌یکە کرێکاران یەک لە دوای یەک له‌ناو بچن یاخود کەمئەندام بن، کەمترین ترس و نیگەرانییان ناچێته دڵه‌وه، لەبەر ئەوەیکە بە له‌به‌رچاوگرتنی ئەڕتەشی ملیۆنی بێکاران، هەر کاتێک بخوازن،کرێکارانی بێکار له‌جیاتی کرێکارانی قوربانیی و سەدەمە دیتوو بە هەمان بارودۆخی تاقەت پڕووکێن و دژوار دێننە سەرکار.
بەڵام تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداریی حاکم و ده‌سه‌ڵاتدار بێ، تا کاتێک کە لۆژیک و مه‌نتێقی سەرمایەداریی حوکم بکات و کرێکاران بچەوسێنەوە، ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لە هەموو جیگه‌یەک هەمان یەکێتیی و هێزی چینایەتیی وشیار و ڕێکخراوی ئەو کرێکارانەیە کە دەیانەوێ ئەم نیزامە دژه مرۆییه لە گۆڕ بنێن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خاوەنکاران لە بەر قازانج پەرستیی و زێدەخوازییان، نە مایل بە باشتر بوونی ئەمنییەتی شوێنی کارن و نە نیگەرانی قوربانی بوونی کرێکاران بە ڕووداوی شوێنی کاریش. تا کاتێک کە جۆش و خرۆشی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بارگه و بنه و به‌ساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی‌یان تێکەوە نەپێچاوە، ئەم کێشە و گرفتانە هه‌ر ده‌مێنن. کە واتە ئەوە خودی کرێکارانن کە مشووری خۆیان بخۆن و له‌ڕێگه‌ی پشت بەستن بە خەباتی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراوی خۆیانه‌وه خاوەنکاران و دەوڵەت ناچار بە دابینکردنی ئەمنیەتی شوێنی کاریان بکەن. یەکێتیی و هێزی چینایەتیی کرێکاران تاكه ئامرازن بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ و به‌ره‌نگاربوونەوەی زه‌خت و گوشاره‌كانی نیزامی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان. لەم بوارەشدا واتە لە بواری کەمکردنەوەی مەترسیی و سەدەمە و قوربانییانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و زەمانەت کرانی ئیمه‌نی و بێهداشتی شوێنی کار و دانی خەسارەت بەو کرێکارانەی کە بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە توشی سەدەمە دەبن، دەبێ هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی کرێکاران بکەوێتە کار و داخوازییە خێرا و ئه‌مڕۆژییه‌كانی چینی کرێکار بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا بسەپێنێ. دابینكردنی ئیمه‌نیی و سڵامه‌تی شوێنی کاریش، وەک هه‌ر داواكارییه‌كی دیكه، تەنها بە زەبری خەباتی یەکگرتووانەی چینایەتیی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیادا دەسەپێ!