کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کرێکارانی فەلەستینی چۆن لە ئیسرائیل بە بارمتە دەگیرێن

download 20

بەپێی ئامارەکان، لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار فەلەستینی بۆ خاوەنکارە ئیسرائیلییەکان کاردەکەن. ژمارەیەکی زۆريان کرێکاری لێهاتوون، کە ئابووری ئیسرائیل زۆر پێویستی بە پیشەی ئەوان هەیە. لەو ژمارەیەش ١٨ هەزار و ٥٠٠ کەس کە مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان هەیە لە غەززە دەژین. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان مامناوەندی حەقدەستی ڕۆژانەیان سێزدە دۆلارە. لەو ڕووەوە کە ٥٠%ی کرێکارانی غەززە بێکارن، بە بەراورد لەگەڵ ٣%ی ئیسرائیلییەکان، هەروەها ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە وەک هەژارترین ناوچە ڕاگیراوە، ئەو داهاتە پێویستییەکی گرنگە بۆ بنەماڵە کرێکارییەکان. تا ئێستا ئەوە ڕوون نییە کە لە ڕۆژی هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبردا، چەند کرێکاری خەڵکی غەززە لە ئیسرائیل بوون. لە ڕۆژی هێرشەکەی حەماسدا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەستبەجێ سەرجەم مۆڵەتەکانی کارکردنیان بۆ کرێکارانی غەززە هەڵوەشاندەوە. ئێستا ئەوان وەک دانیشتوویەکی نایاسایی، لە هەر مافێکی یاسایی بێبەش کراون، نە ئیقامەیان هەيە و نە ئیمکانی گەڕانەوەش. ئەو کرێکارانە دەستبەجێ لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە بەبێ ئەوەی حەقدەست و مزایاکانیان پێبدەن، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ڕەوانەی کەناری ڕۆژئاوا کراون. هەرکاتێک داوای مافەکانیان دەکەن، هەڕەشەیان لێدەکەن کە ڕادەستی پۆلیسان دەکەن. پۆلیسی ئیسرائیل تا ١٧ی ئۆکتۆبر ٥ هەزار کەس لەو کرێکارانەی دەستبەسەر کردووە. ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بریتییە لە هاوکاری لەگەڵ حەماس و جیهادی ئیسلامی، یارمەتیدانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و یان لانیکەم هاوسۆزی لەگەڵ ئەو گرووپە ئیسلامیانە. هێزە ئەمنییەکان لە دژی دەستگیرکراوەکان پەروەندەسازی دەکەن. ئەم کرێکارانە هەموو مافێک و لەوانە مافی هەبوونی پارێزەریان لێ زەوت کراوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی هارتس، دەستگیرکراوەکان لە دۆخێکی زۆر سەختدا لە پادگان و ناوەندە نیزامییەکاندا بەبێ کەمترین ئیمکاناتی ژیان ڕادەگیرێن. لە گرتووخانەکاندا بە توندی ئەزیەت و ئازار دەدرێن و بێڕێزی و سووکایەتییان پێدەکرێت. پاسەوانەکانی زیندان بە ئەنقەست لەبەر گەرمای خۆر ڕایاندەگرن و بۆ ماوەیەکی زۆر خواردن و ئاویان پێنادەن. ئەوان هیچ زانیارییەک و تەنانەت ناو و وردەکاریی دەستگیرکراوەکانیش نادەن بە گروپەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت بەرپرسانی مانگی سووریش.

کارمەندانی بەشی فریاگوزاری ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ڕووبەڕووی گەلێک پرسیار دەبنەوە لەلایەن ئەو بنەماڵانەی کە سەرپەرشت یان دابینکاری بژێوی ژیانیان بە دیل دەگیرێن و خۆشیان لەگەڵ مەترسی مردن بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەو گرووپ و ناوەندە مرۆڤدۆستانە داواکارییەکیان ڕادەستی دادگا کردووە و داوایان کردووە کە لانیکەم زانیاری سەبارەت بە ناوی تەواوی دەستبەسەرکراوانیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بنەماڵەکان لە شوێن و چارەنووسی منداڵ یان مێرد و کەس و کارەکانیان ئاگادار بکرێنەوە. بارودۆخی ئەو کرێکارانەش کە لە شارەکانی کەرتی ڕۆژئاوا (تولکەرم، بەیتول لەحم، نابلۆس و ڕامەڵڵا) گیریان خواردووە، لە دەستبەسەرکراوەکان باشتر نییە. ئەوانیش لە بازگەکان کەوتوونەتە بەر لێپێچینەوە و ئەزیەت و ئازار دراون و دەست بەسەر پووڵ و تەلەفۆنەکانیاندا گیراوە. ئێستا بەبێ پووڵ و دوور لە بنەماڵەکانیان لە غەززە سەرگەردانن و لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە هاوکاری دەکرێن. دەوڵەتی ئیسرائیل سەرجەم بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی وەک داگیرکەرێک، هەڵپەساردووە. کرێکارانی گرفتار لە ئاوا بارودۆخێکدا بەردەوام لەگەڵ مەترسی هێرشی سەرباز و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و تەنانەت هەندێک لە خەڵکی ئاسایی بێ ئاگای ئیسرائیلیش بەرەوڕوو دەبنەوە. کرێکارانی ئاوارە و مافخوراو بەشێوەیەکی سروشتی نیگەرانی بنەماڵەکانیانن کە مەترسی مردنیان لەسەرە و ئاواتەخوازن لەم دۆخە دژوارەدا لەگەڵ باوک و دایک و ژن و منداڵەکانیاندا بن.

ئەو پریشکە ئاگرەی کە حەماس لە خەرمانی ئەمنییەتی ئیسرائیلی بەردا، نەک هەر غەززەی کردە وێرانە، بەڵکوو ئەو کرێکارانەشی لەگەڵ چارەنووسێکی ئاوا تاڵ بەرەوڕوو کردووەتەوە. لە ئێستادا ئەوە تەنیا ئیسرائیلییە مرۆڤدۆستەکان و هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤن کە بە هانای ئەو کرێکارەنەوە چوون کە لە ئیسرائیل گیرخواردووە یان دەستبەسەرکراون. ئەمەش جارێکی تر ئەو ڕاستییە دەردەخات کە خەڵکی ئازادیخواز و شەریفی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ یەکتر نییە. ئەوان خوازیاری چارەسەرێکی ڕیشەیین بۆ پرسی فەلەستین و ئیسرائیل. کرێکارانی ئیسرائیلی و فەلەستینی هاوچارەنووسن و لە کۆتاییشدا هەر ئەوانن کە دەتوانن دەستی هێزە ئاینییەکانی وەک حەماس، جیهادی ئیسلامی، گروپە ئۆرتۆدۆکسە یەهوودییەکان و سەرمایەدارەکان لە سەر خەڵک کورت بکەنەوە و ڕێگایەک بگرنەبەر کە هەردوو نەتەوەی ئیسرائیلی و عەرەبی فەلەستینی بتوانن ڕیشەی ناکۆکییە دێرینەکان وشک بکەن و پێکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا بژین و داهاتوویەکی جیاوازتر بۆ منداڵەکانیان مسۆگەر بکەن.