بەیانی ڕۆژی پێنجشهممه ١٣ی مانگی ڕەزبەر، محەممەد جەڕاحی کرێکاری تێکۆشەر و ئەندامی “کومیتەی هاوئاهنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کریکارییەکان”، دوای تەحەمول کردنی ٥ ساڵ زیندان و دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ نەخۆشی سەرەتانی تیرۆئید، لە تەمەنی ٥٨ ساڵەیدا لە نەخۆشخانەی “تەجریش”ی تاران گیانی بەختکرد. هەواڵی گەیشتوو لە شاری تەورێز، شوێنی لە دایک بوونی ئەم کرێکارە خەباتکارەوە باس لەوە دەکات کە ڕۆژی هەینی ١٤ی مانگی ڕەزبەر ڕێوڕەسمی ناشتنی محەممەد جەڕاحی، بە ئامادە بوونی ئەندامانی بنەماڵە و هاوکاران و دۆستان و کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بەرچاوی بزوتنەوەی کرێکاری لە ” وادی ڕەحمەتی”، تەورێز بەڕێوەچوو. لەم مەڕاسمەدا هاوخەباتەکان و کەسانی سەر بە بنەماڵەکەی محەممەد جەڕاحی ڕێزیان لە یادی ئازیزی ئەو کرێکارە خەباتکارە گرت. لەم ڕێوڕهسمهدا هەڵسوڕاوانی کرێکاری، مەحمود ساڵحی و جەعفەر عەزیمزادە لە سوخەنڕانیەکانیاندا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی محەممەد جەڕاحی، بە ئاماژە کردن بە هەوراز و نشیوەکانی ژیانی پڕ لە هەوڵ و تێکۆشانی، ناڕەزایەتیان سەبارەت بە گرتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بە بارودۆخی دژی ئینسانی زاڵ بەسەر ئەو زیندانانەدا کە ئەم زیندانیە شەریفانەی تێدا ڕادەگیرێن دەربڕی. ئەوان لەبەر ئەو گوشارانەی کە لە زینداندا خرابووە سەر مەحەممەد جەڕاحی، ڕژیمیان سەبارەت بە تەشەنە کردنی نەخۆشییەکەی و سەرئەنجام مردنی بە بەرپرسیار زانی.
محەممەد جەڕاحی بەهۆی چالاکییە کرێکاریەکانی و دیفاع لە مافی هاو چارەنووسانی، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ دا بە کۆمەڵێک تاوانی بێ بنەما لەگەڵ هاوڕی و هاوخەباتی گیانبختکردووی واتە شاهروخ زمانی دەستبەسەر و لە بێدادگای ڕژیم بە ٥ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. لە ماوەی دەورانی زینداندا سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە بۆ ڕزگار بوونی لە زیندان لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات دران، بەڵام ڕژیمی ئیسلامیی بە قین لەدڵیەکی چینایەتییەوە، ئەوی تا کۆتایی دەورانی زیندانییەکەی ڕاگرت و تەنانەت ئامادە نەبوو مەرەخەسی پزیشکیشی بداتێ کە جار جارەیەک لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا باوە و به زیندانی دەدرێت.
محەممەد جەڕاحی لە زینداندا بە نەخۆشی غودەی تیرۆئید گیرۆدە بوو. ئاستی لەخوارەوەی ئازمایشەکان و خۆ بواردنی بەرپرسانی زیندان لە دانی خزمەتگوزاری سەرەتایی پزیشکی، بوو بە هۆی تەشەنە سەندنی نەخۆشییەکەی و سەرئەنجام بە هۆی نەبوونی پێڕاگەیشتنی پزیشکی پێویست، ئەم نەخۆشیە کە لە ڕۆژەکانی سەرەتای ئاشکرا بوونیدا دەکرا کۆنترۆڵ بکرێت، بوو بە غودەیەکی سەرەتانی. لە گشت ماوەی ٥ ساڵی زینداندا وێرای گیرۆدە بوونی بەم نەخۆشییە گرانەوە ئیجازەی مەرەخەسی و دەرمانیان پێنەدا و جارێکیش کە بەهۆی خراپی بارودۆخیەوە بە دەستبەند و پابەندەوە لە زیندانەوە گوازرابۆوە بۆ نەخۆشخانە، بە شێوەیەک ئازار و ئەزیەت و سووکایەتی لە لایەن مەئمورەکانەوە پێکرا بوو کە ئیتر ئامادە نەبوو بچێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەوە یەکەم جار نەبوو کە کرێکارێکی تێکۆشەر بەخاتری دیفاع لە بەرژەوەندی هاوچینەکانی، لە زینداندا گیرۆدەی وەها چارەنووسێک دەبوو. ئەفشین ئوسانلو، هەڵسوڕاوی کرێکاری و یەکێک لە ئەندامانی ” هەیئەتی دامەزرێنەری سەندیکای شۆفیرانی بەینی شاری”، لە ساڵی ١٣٨٨ دا دەست بەسەرکرا. ئەو بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لە دادگایەکی نمایشیدا و لە چەند خولێەکدا بە تاوانی دروست کراوی ” کردار لەدژی ئەمنییەتی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ زیندان لە ڕەجایی شاری کەرەج مەحکوم کرا. لە ساڵی ١٣٩٢ دا و دوای تەحەمەل کردنی ٤ ساڵ زیندان، لە حاڵێکدا کە لە کۆتایی هاتنی زیندانەکەی نزیک دەبۆوە، بە شێوەیەکی گوماناوی ڕاگەیەندرا کە بەهۆی سەکتەی دڵ مردووە. کرێکاری گیانبەختکردوو شاهروخ زەمانیش کە لە تەواوی ماوەی ٥ ساڵەی زیندانی بوونیدا لە چوون بۆ مەرەخەسی بێبەش بوو، لە زینداندا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. هەر ئێستاش ڕەزا شەهابی کرێکاری زیندانی بە هۆی مانگرتن لە خواردنی ٥٠ ڕۆژەی، وێڕای بارودۆخی خراپی جەستەیی، لە دۆخی خراپی زینداندا ماوەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای تەوسیەی دوکتورەکانی بۆ درێژەدان بە چارەسەر، نەگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. گرتن و ئازار دانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ئێران هەروا درێژەی هەیە. هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە خراپترین بارودۆخدا لەگەڵ مەحکومانی دادگا ئاساییەکان و لە مەترسیدار ترین زیندانەکانی ئێراندا ڕادەگیرێن. ئەوان تەنانەت لە ئاستێکی زۆر نزمی خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانیش کە لە ئیختیار زیندانیەکان دایە، بێبەشن. محەممەد جەڕاحی لە نامەیەکیدا لە زیندانەوە، بارودۆخی نا مرۆڤانەی زاڵ بەسەریدا بەم شێوەیە وێنا و وەسف دەکات:
” من محەممەد جەڕاحی، کرێکاری زیندانی و ئەندامی کومیتەی پەیگیری پێکهێنانی رێکخراوە کرێکاریەکانم. من زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی تەورێزدام. لە زینداندا گیرۆدەی نەخۆشی غودەی خۆش خیمی تیرۆئید بووم. کاتی چوونم بۆلای دوکتور و نەخۆشخانە بە دەستبەند و زنجیر بە پامەوە بە شێوەیەک لە لایەن مەئمورەکانەوە سووکایەتی و هەڵسوکەوتی خراپم لەگەڵدا کرا کە ئیتر نامەوێ بچمەوە بۆ لای پزیشک و نەخۆشخانە. هەر ئێستا ئاگادارتان دەکەم کە منیان بە هۆکاری بێ بنەما بە ٦ ساڵ زیندان مەحکوم کردووە. من کرێکارێکم و هەموو چالاکییەکانم لە ڕاستای ڕێکخستنی سەندیکا و باقی رێکخراوە کرێکاریەکاندا بووە. دروست کردنی ڕێکراوە کرێکارییەکان و سەندیکا بەپێی بڕیارنامەکانی سازمانی جیهانی کار ئازادە. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەندامی ئەم سازمانە جیهانیەیە و تەعەهودی داوە ئەم بڕیارنامانە بەڕێوەبەرێت. درووستکردنی سەندیکا و باقی رێکخراوە واقعیەکان لە سەرەتایی ترین مافەکانی ئێمە کرێکارانە. من کرێکارم و تا دروست کردنی رێکخراو و سەندیکا دەرێژە بە چالاکییەکانم ئەدەم.”
مەرگی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکاندا، کە ” بە کوشتنێکی بێدەنگ” ناوی دەرکردووە، دەچێتە ڕیزی کوشتنە بە ئانقەستە بە ئاشکراکانەوە. تەنیا بە ناڕەزایەتیی یەکگرتوانە و هاوکات لە دەرەوەی زیندانەکان دایە کە دەکرێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وادار بکرێت کە دەست لەم جەنایەتانەی هەڵبگرێت. کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە سەرئەنجام لە سبەی ڕۆژی شۆڕشدا سزای شیاوی خۆیان لە کرێکاران و خەڵکی عەداڵتخواز وەردەگرن.