کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کرێکارانی بیناسازیی و خەباتی ڕێکخراو

139403301940423795540104

پرسی وەدەرنانی یاسای هەموارکردنەوەی مادەی پێنجی بیمەی کرێکارانی بیناسازیی لە بەرنامەی کاری پەرلەمان، تا ئێستاش لەلایەن نوێنەرانی پەسەندکراوی ناوەندی ئەنجومەنە سنفییەکانی کرێکارانی بیناسازییەوە قسە و باسی لەسەر دەکرێ و ڕەخنەی لێدەگیرێت. یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەزبەر، یەکێک لەو نوێنەرانە بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتیی ئیلنای وت کە، بیمە مافی کرێکارانی بیناسازییە و ئەگەریش هەموارکردنەوەی مادەی پێنجەم ببوایە بە یاسایی و خاوەنکار پشکی دیاریکراوی خۆی بدایە،

سەدان هەزار کرێکاری بیناسازی دەبوون بە خاوەنی بیمە. ئەڵبەتە ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئەو یاسایەش کە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بڕیار بوو هەموار بکرێتەوە، لە زۆر حاڵەتدا جێبەجێ ناکرێت. لەدرێژەی قسەکانیدا وتی، زۆربەی نوێنەرانی پەرلەمان پشتگیریی لە خاوەنکارانی بیناسازی دەکەن. مەبەستی ئەو لە خاوەنکاران، بریتین له‌و ئەندامانەی مافیای نیشتەجێبوون، کە شەخسی خۆیان یان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە چوونەتە ناو زۆربەی دەسەڵاتەکانەوە یان کاریگەرییان هەیە. ئه‌و وتی: “کرێکارانی بیناسازیی لەبەرامبەر ئەو حەقدەستە کەمەی کە وەریدەگرن، هەموو ڕۆژێک گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بەبێ ئەوەی لە سەرەتاییترین مافی کرێکارێک بەهرەمەند بن“. ئەوان داوای ئەو مافە لە خاوەنکاران دەکەن کە ساڵانێکی زۆرە پێشێلکراوە.” ئەو هەروەها پرسیاری ئەوەی کرد کەئایا ئەو خاوەنکارانەی ٥٠٪ی ڕووداوەکانی کار لە کارگاکانی ئەواندا ڕوودەدەن، نابێت لە بەرامبەر گیانی کرێکاراندا بەشێکی کەم لە قازانجەکەی خۆیان بۆ بیمەی کرێکاران لەبەرچاو بگرن؟ئەمە پرسیارێکی گرنگە، بەڵام نوێنەرانی ڕێکخراوە ڕێگەپێدراوەکان لە حکومەتی ئیسلامیدا ناتوانن وەک پێویست وەڵامی پێ بدەنەوە.

هێزی کاری وڵات نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، کە وەزارەتی کار ئاماری نزیکەی ٢٣ ملیۆن کەسی لەبەدەستدایە. بەپێی هەر ئەم ئامارە ناتەواوە، لەسەدا دەی ئەو کەسانە، واتە دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس، بە فەرمی بە کرێکاری بیناسازیی دادەنرێن. کرێکارانی کۆچبەر لەم ئامارانەدا لەبەرچاو ناگیرێن. لەسەدا هەشتی ئەم کرێکارانە بۆ بیناکاران و فرۆشیاران واتە هەمان مافیای نیشتەجێبوون، کار دەکەن. ئەڵبەتە هەڵسووڕاوانی سەربەخۆی کرێکاریی، ئەو ئامارە بە ٣ ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. لەو ژمارەیە ٩٠٠ هەزار کەسیان پێشتر بیمەیان هەبووە. لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەموارکردنەوەی مادەی پێنجەم لە پەرلەمان، ئەم ژمارەیە بۆ ٦٥٠ هەزار کەس دابەزی. لەو قەتڵگایەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ کرێکارانی درووستی کردووە، لە سەدا ٥٠ی ڕووداوەکان لە سەنعەتی بیناسازیدا ڕوودەدەن. بەپێی دوایین ئامارە نیوە و ناتەواوە فەرمییەکان، لە ساڵی ١٤٠١دا ١٩٠٠ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی ٩٠٠ کرێکاریان کرێکاری بیناسازیی بوون. ئەندامانی بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردوو و کەمئەندام چۆن ڕۆژگار بەسەر دەبەن؟ ڕوونە کە ئەوان بەشێکن لەو دانیشتووانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادان و ژیانێکی سەخت و دژوار بەسەردەبەن. دەبێ چی بكرێت?

بە وتەی هەڵسووڕاوێکی سەربەخۆی کرێکاریی، یەک ملیۆن و ٢٠٠ بۆ یەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار کەس لە کرێکارانی بیناسازیی لە ٤٥٠ ئەنجومەنی دانپێدانراوی وڵاتدا ڕێکخراون. ئەگەر نوێنەری ئەو ئەنجومەنانە دڵسۆز و بەرپسیار بن، هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بۆ کرێکاران دابین دەکەن. ئەوان ئەو بەشە لە کرێکارانیان لە حاڵەتی تاکەکەسی دەرهێناوە. هەربۆیە دەتوانن لە زۆر بواردا بۆ کرێکاران بەسوود بن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە ئیدارەی کار و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆیان درووست دەکەن، کرێکارانی بیناسازیی هەوڵدەدەن ڕێکخراوگەلێکی سەربەخۆ بنیات بنێن. بەڵام درووستکردنی ئەو جۆرە ڕێکخراوانە لە هەموو بوارە کرێکارییەکان و بەتایبەت لە بواری بیناسازیدا کە کرێکارەکانی، وەرزی و گەڕۆک و ناجێگیرن گەلێک دژوارترە. بێگومان تێکۆشەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی ماوەیەکی زۆرە لەم بوارەدا خەباتیان کردووە و هەزینەیانداوە و ئەزموونیان بەدەستهێناوە. ئەوان بە تایبەتی لە کوردستان، کە ژمارەی کرێکارانی بیناسازیی تیایدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە کۆی ١٠٠ هەزار کرێکار تەنیا ٢٦ هەزار کەسیان بیمە کراون، خەبات و هەڵسووڕانی بەرچاویان بووە. سروشتییە کە ئەم خەبات و تێکۆشانە فیداکارانەیە، لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیشدا، لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران هەروا بەردەوام دەبێت. کرێکارانی بیناسازیی بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی کار و ژیانێکی شایستە، پێویستییان بە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان هەیە. ئەمە بابەتەش تەنیا بە لاوازبوون و سەرەنجام لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی مومکین دەبێت. لەم ڕووەوە چارەسەرکردنی کێشەی کرێکارانی بیناسازیی، لەوانەش چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی بیمەکەیان، لەگرەوی بەهێزبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادایە.