کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کرانەوەی سنورەکانی کۆڵبەری بە مەرجێک داهاتی ڕێگری و تاڵانچێتیەکەی بچێتە گیرفانی سپاوە

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، لە رۆژی سێ شەممە ١٨ ی مانگی جۆزەردانەوە سەر ئەنجام سپای پاسداران موافقەتی کردوە لەگەڵ کرانەوەی سنورە کۆڵبەریەکان. لە مانگەکانی ڕابردودا ناڕەزایەتیەکی بەرین لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، بانە و مەریوان لەدژی داخرانی سنورەکان کەوتە ڕێ. لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵنێری مێهر نووسی:” محەممەد حەسەن ڕەجەبی فرماندەی سپای بەیت المقدەسی کوردستان لەم پێوەندیەدا وتویەتی: کۆمەڵێک بازاڕچەی کاتی یان هەمان ڕێگای کۆڵبەری کە لەبەر چەند هۆکارێک داخرابوون، لەسەر بڕیاری قەرارگای ئوستانیی سپا لەمرۆوە دەکرێنەوە و کەسانی ئیجازە پێدراو دەتوانن فەعالیەتی خۆیان لەم بازاڕچانەدا دەست پێبکەنەوە. ئەو وتی داهاتەکانیش دەبێ بۆ ئەمنیەتی سنورەکان هەزینە بکرێت. فەرماندەی سپای بەیت المقدەسی کوردستان چەختی کردۆتەوە کە ئەگەر وانەبێ سپا سەرلەنوێ سنورەکان دادەخاتەوە.” داهاتەکانی سنوریش شتێک نییە بێجگە لە ڕێگری کردن و تاڵانچێتیەک کە هێزە ئینتیزامیەکان و سپا لە مەسیری هاتوچۆی کۆڵبەراندا دەیکەن. ئەوان سەهمێک لە داهاتی کەمی کۆڵبەرانی زەحمەتکێش دەبڕن. ئەو کۆڵبەرانەی کارتی هاتوچۆی ڕەسمیان نەبێت و یان لە مەسیرێکەوە غەیرەز ئەوەی سپا دیاری کردوە تێپەڕن، دەدرێنەبەر گوللە و بەدەست هێنانی پاروە نانێک بۆ بنەماڵەکانیان دەبێتە قوماری مەرگ و ژین.کەمتر حەفتەیەک هەیە کە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەک لە ” کۆڵبەران” و کاسبکاران”ی سەر سنوری کوردستان نەگاتە گوێ. ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانی خۆیان بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرەو مەژی لە کوێرە ڕێگاکانی سەر سنوردا بەهۆی تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامییەوە لەدەست داوە لەمساڵانەی دواییدا بەشێوەی مامناوەند سەد کەس لە ساڵدا بووە. 732

بێکاری بەرین و روو لە زیاد بوونی لاوان و خەڵکی دەستکورتی ناوچە کورد نشینەکانی رۆژئاوای ئێران، بۆتەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەژاری شار و دێهاتەکانی ئەم ناوچانە بە ئامانجی دەستەبەر کردنی کارێکی وەرزی بەرەو ناوچەکانی تری ئێران کۆچ بکەن. ئەمانە هەروەها کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، ناچارن دەستبکەن بە کاری وەک دەستفرۆشی و کۆڵبەری و کاسبکاری لەسەر سنورەکان. پێهاتەی تەمەنی و جنسیەتی ئەو کەسانەی کە کاری کۆڵبەری دەکەن، گەلێک جۆراو و جۆرە. لەنێو کۆڵبەرەکاندا لە منداڵی ١٠ ساڵانەوە دەبیندرێت تا پیری٧٠ ساڵە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە و لاوانی خوێندەواری بێکاریش تەیفێکی بەرچاو لە کۆڵبەرەکان پێکدێنن.

زۆربەی گوزەرگا سنوریەکان لە سەڵماسەوە تا هەورامان و بە تایبەت دەروازە سنووریەکانی پیرانشار، سەردەشت، بانە مەریوان شوێنی پەڕینەوە و کاسبی کردنی ژنان و پیاوان، لاوان و منداڵانێکە کە لە یاری ڕاستەقینە لەگەڵ مەرگدا بۆ بەڕێوه‌چوونی ژیان دەرگیرن. ئەو جەنایەتکارانەی کە بۆ پاراستنی سنورەکان دادەندرێن و لە پایەگا و مەسیری هاتوچۆی کاروانچیەکاندا جێگیر دەبن، لەوێوە کە دەبێ سەهمی سلسلە مەراتبی سەروی خۆشیانەوە بدەن، لەماوەیەکدا کە خەریکی ئەم کارە ئەبن، ساتێک لە جەریمە وەرگرتن و باج ئەستاندن لە کاسبکارە هەژارەکان و تاڵان کردنی کەلوپەلەکانیان غافڵ نین.

کۆڵبەری و کاسبی کردن لە سەر سنورەکانی کوردستان، هەم پیشەیەکە لەنێو پیشەکانی تردا و هەم لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە تاوانێکە وەک تاوانەکانی تر. پیشەیە لەبەر ئەوەی کە لە زۆربەی ئەو دەروازە سنوریانەی کە یەکەکانی سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامیەکان جێگیر کراون، ڕۆژانە بۆ ئەو کۆڵبەرانەی کە کالای جێی پێداویستی و باری بازه‌رگانەکان لەوبەری سنورەوە دەگوازنەوە، بەرگەی عبور سادر دەکرێت. لەم مانگانەی دواییدا سپای پاسداران، بە بیانوی بێبنەمای ئەمنیەتی سنورەکانی داخستبوو. بەڵام دیمان کە مەسەلەکە تەنیا کۆنترۆڵ کردنی بە تەواوەتی داهاتەکان لە لایەن سپاوە بوو. بەڵام لە هەمانحاڵدا کۆڵبەری لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیەوە تاوانە، لەم رووەوە ڕۆژانە ژمارەیەک لەم ستەمکێشە بێ دیفاعانە دەکەونە کەمینی بەکرێگیراوانی سپا و هێزە ئینتیزامیەکانەوە و وەک دوژمن لە مەیدانی شەڕدا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوان ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکرێت و درێژەی ژیانیان دەنێنە گرەوی دەستەبەر کردنی پاروە نانێکەوە.

لەگەڵ بوونی مەترسی مەرگ ئافەریندا کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنور بەهۆی بارودۆخی دژواری ئابووری و نیاز بە دابین کردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، سەرلەنوێ ملی ڕێگای ئەم دەروازەی مەرگانە دەگرنەوە. بەڵام ئەوە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنور نین کە لە پەڕاندنەوەی کالاکان لە سنورەوە قازانجی زۆر دەخەنە گیرفانیانەوە، بە پێچوانەوە ئەو تاجر و سەرمایەدار و دەڵاڵانەن کە بۆ گواستنەوەی کالاکانیان نیازمەندی هێزی کاری کۆڵبەرەکانن. وەرزی زستان و سەرمای زۆری ڕشتە کێوەکانی زاگرۆس، گەرمای تاقەت پڕوکێنی ناوچەی گەرمەسێر، کار لە شەودا و تێپەڕبوون بەنێو بەملیۆن مینی بەجێماو لە شەڕی ئێران و عێڕاق و کەمینگای ڕێگران و باجگیرانی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامی، شوێنی کار و بارودۆخێک کە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنور بۆ بەدەستهێنانی پاروە نانێک پێی ڕازی دەبن، پێک دێنێ. کۆڵبەرەکان لەگەڵ بوونی هەموو ئەم مەترسیانەدا بە ناچار بەشێک لە حەقدەستە کەمەکەیان وەک باجی تێپەڕ بوون ئەدەن بە سنورپارێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی. بێکاری بەرین لە کوردستان بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو کەسانەوە کە ڕوو دەکەنە ئەم ” کارە”، زیاتر بێت.

ئەگەرچی هەوڵدان بۆ دابین کردنی کارێکی ڕاستەقینە و بێ مەترسی و یان دابین کردنی بیمەی بێکاری بابەتێکی فەوری و هەنوکەییە و دەبێ هەموو ئامادە بەکارانی ئەم ناوچەیە ببنە خاوەنی دەرفەتی کاری ڕاستەقینە، بەڵام تا کاتێک کە ئەم خەڵکە بێکارە ناچارن بەم جۆرە به‌ پیشەی مەترسیدار ڕازی بن، دەبێ ڕژیم وادار بکرێت دەست لە ڕێگری و باج ئەستاندن و کوشتنیان هەڵبگرێت. خەڵکی شارەکانی سەر سنوری کوردستان کە بە نیشاندانی ناڕه‌زایەتی بەرینی خۆیان ڕژیمیان ناچار بە پاشکشە کرد، ئێستاش دەبێ بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی ئەم زەحمەتکێسانەش قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-