مایک پهمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە ٣١ ی مانگی گوڵان، لە یەکەم سوخەنرانیدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە واشنگتۆن لە بواری ستراتیژی ئەمریکا لە بەرانبەر ئێراندا وتی:” تەوافوقی هەستەیی بە هۆی ” کەموکورتیە مەرگبارەکانی” دنیای خستۆتە مەترسیەوە.” ئەو هەروەها وتی: ئەمریکا گوشارێکی بێ وێنەی ماڵی دەخاتە سەر ئێران و هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران مەسیرەکەی نەگۆڕێت ” توند ترین گەمارۆی مێژووی” دەخرێتە سەر. پۆمپئۆ لە درێژەدا وتی ئێران لە کاتی بەرجامەوە نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد کردوە و ئەم تەوافوقە ” پارەی خوینی” خستۆتە بەردەست قاسم سولەیمانییەوە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا داخوازیەکانی لە کۆماری ئیسلامی لە ١٢ خاڵدا دا کورت کردەوە و ڕایگەیاند کە هەر تەوافوقێکی تازە دەبێ خاوەنی ئەم مەرجانە بێت. ئەو وتی: ئێران دەبێ سەجەم لایەنە نیزامیەکانی فەعالیەتە هەستەییەکانی پێشوی بە ئاژانسی ئەتۆمی ڕابگەیەنێت. پیتاندنی ئۆرانیۆم بە شێوەی تەواو و کەماڵ ڕابگرێت. بەشوێن بازپەردازی پلوتۆنیۆم دا نەچێت، ئەمە ڕاگرتنی ڕئاکتۆری ئاوی قورسیش دەگرێتەوە. ئیجازەی دەست ڕاگەیشتنی بێ شەرت و مەرجی بازڕەسانی ئاژانس بۆ گشت پێگەکان لە هەموو شوێنێکی ئێران بدات. پەرەدان بە بەرنامەی موشەکی دوورهاوێژ و هاویشتنی ئەو موشەکانەی کە توانایی هەڵگرتنی چەکی هەستەییان هەیە ڕابگرێت. هاووڵاتییانی ئەمریکایی و هەروەها هاووڵاتییانی باقی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا كه له ئێران دهست بهسهر كراون ئازاد بکات. پشتیوانی کردن لە ” گوروپە تیرۆریستیەکان” ڕابگرێت. سەربەخۆیی عێڕاق بە ڕەسمیەت بناسێ و ئیجازە بدات میلیشیا شێعەکانی عێڕاق چەک بکرێن. پشتیوانی لە حوسیەکانی یەمەن ڕابگرێت. سەرجەم هێزەکانی لە سوریە بکشێنێتەوە. کۆتایی بە پشتیوانی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران لە گوروپە تیرۆریستیەکان و هاوپەیمانەکانی میلشیای بێنێت. دەست لە هەڕەشە کردن لە وڵاتانی دراوسێی هەڵبگرێت کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان.
پۆمپئۆ لە کۆتایی سوخەنرانیەکەیدا جەختی کردەوە:” ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران” ئەم خاڵانە بهڕێوه بهرێت، لە بەرانبەردا ئەمریکاش یارمەتی بە مۆدێڕنیزە بوونی ئابووری ئێران ئەدات. ئەوەی کە لە قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکادا دەبیندرێت لە ڕاستیدا هەموو ئەو خاڵانەن کە لە جەریانی وتووێژەکانی وڵاتانی ٥ +١ دا سەبارەت بە بەرجام، لە پەڕاویز و یان لە ناوەرۆکی وتوویژەکاندا هاتبونە گۆڕێ. لەو کاتەدا گومانی زل هێزەکان ئەوە بوو کە بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەنێو باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیمدا، زەمینە بۆ بهڕێوهچوونی ئەو خاڵە نەنووسراوانەی کە لە جەریانی وتوویژەکاندا بە شێوەی شەفاهی دەهاتنە گۆڕێ، بەکردەوە فەراهەم دەبێت. ئەوان تەوافوق نامەی بەرجامیان بە شێوەیەک ئامادە کرد کە بۆ هەموو باڵەکانی ڕژیم قابیلی قهبووڵ بێت. ئێستا دەوڵەتی ئەمریکا بە کشانەوەی لە بەرجام و ڕاگەیاندنی ڕەسمیی داخوازیەکانی، دەیەوێ کۆماری ئیسلامی بۆ بهڕێوهبردنی ڕستە نووسراو و نەنووسراوەکانی بەرجام بخاتە ژێر گوشارەوە.
ئەوەی کە دوێنێ لە زمان وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بەیان کرا، بێجگە لە لەحنی ئامێرانه و هەڕەشە ئامێزی سهرهڕای ههر ههراوهوریایهكی زۆر كه ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا كهوتووهته ڕێ، لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا، هەڵوێستێکی جیاوازی تێدا نەبوو. ترامپ لە کەمپەینی هەڵبژاردنیەوە تا ئێستا، بەردەوام قسەی لەم جۆرە دووپات دەکاتەوە. لەم ڕوەوە گرنگی ئەم قسانە بەرلەوەی کە لە ناوەرۆکیدا بێت، لە زهمانێک دایە کە بۆ دەربڕینی هەڵبژێردراوە. دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی بۆ پۆچەڵ کردنەوەی ئاسەواری تەحریمەکانی ئەمریکا، لەسەر ناکۆکی و بهرژهوهندییهكانی دەوڵەتانی چین، روسیە و دەوڵەتانی ئوروپایی لەگەڵ ئەمریکا حیسابی کردووه. هەر ئێستا جەلەسات و دیدارگهڵێكی یەک لەدوای یەکی لە ئارا دایە و هەڵبەت كۆماری ئیسلامیی زەرفیەتی دانی ئیمتیازاتێکی ئابووری بەرتەسکیشی هەیە. لە ئاوا بارودۆخێکدا بەردەنگی ئەم قسانە نە تەنیا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو لە عەینی حاڵدا وتووێژ کارەکانی گەڵ ئەم ڕژیمەشن. لە ڕاستیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەگەرچی لە جەلەساتی ڕەسمیدا ئامادە نییە، بەڵام بەم قسانەی دستور جەلەسەکانی دەوڵەتانی ٤+١ و داخوازی لانی زۆری خۆی لەم وتووێژانەدا دیاری کردوە.
هاکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی لە چەند لای دیکەشەوە کەوتۆتە ژێر گوشارەوە و بەرو رووی گەلێک ناکامی جیددی بۆتەوە. لەنێوخۆی وڵاتدا گرانی لەوپەڕی خۆیدایە و ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری رووی لە پەرەسەندنە. لە ئاستی ناوچەکەدا روسیەش بە لیستی ئەو دەوڵاتانەوە زیاد بووە کە خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریەن. قسەکانی ڕێبەرانی چین و روسیە لە کاردانەوە بە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام یش بە پارێزتر لەوە بوو، کە کۆماری ئیسلامی بتوانێ زۆر دڵی پی خۆش بکات. ڕەوتەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی، لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێڕاقدا، سەرەڕای سەرفی هەزینەی زۆر، نەیانتوانی باڵا دەست بن. قاسم سولەیمانی کە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ڕیزی لایەنگرانی ڕژیمی ئێران لە عێڕاق، چووبوو بۆ ئەم وڵاتە، ناچار بوو بە سەرشۆڕی بەغدا بەجێبێڵێ.
لهڕاستیدا تەحریمەکانی ئەمریکا هەم کۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر گوشاری ئابووریەوە و هەم لە هەمانحاڵدا هەژاری وفەلاکەتی ئابووری زۆربەی خەڵک زیاتر دەکات. بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خوازیاری روخانی کۆماری ئیسلامی نین. ئەوان ئەم گوشارانە تا ئەو جێگایە درێژە پێئەدەن کە کۆماری ئیسلامی لەسەر جێی خۆی دانیشێننەوە و لە دەوڵەتێکی سەرکێش و زێدە خوازەوە بیکەنە دەوڵەتێکی هاوکار و قانع بە سەهمی خۆی لە ناوچەکەدا.
بەڵام کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی تەوەهوماتی سادە ئەندیشانەی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی و لیبڕاڵ، خۆی بە باشیی دەزانێ کە نەفسی مەوجودیەتی، لە ڕێگای ئەم گوشارانەوە ناکەوێتە بەر مەترسی. ڕژیم کاتی سازشەکانی لەم پێوەندیەدا ئەناسێت و ئەگەر مەترسیەکیش هەبێت، فێر بووە کە چۆن بەناو ” سازشێکی قارەمانە” له خۆی دوور خاتهوه. مەترسی ڕاستەقینە بۆ کۆماری ئیسلامی، ئاخێزی کرێکاری و خەڵکی ماف خوازە کە ئیتر سەرکوت و ترساندن بەریان ناگرێت. ئەم مەترسیە گەیشتۆتە بن گوێی ڕژیمی ئیسلامی.