کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کارەساتی دڵتەزێنی کانگای تەبەس، قازانج پەرەستییەکی جینایەتکارانە

1956658 813

ڕۆژی ٣١ی خەرمانان، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن، کۆمەڵگای خەمبار کرد. بەهۆی تەقینەوەی کانێکی بەردی خەڵوز لە شاری تەبەس سەر بە پارێزگای خۆراسانی باشوور، ٥٤ کرێکار گیانیان لەدەست دا و ٦١ کرێکاریش بریندار بوون. کانگایمەعدەنجوویەکێکە لە گەورەترین کانەکانی بەردی خەڵوز لە کەرتی تایبەتدا. لەم کانەدا هەزار و ٥٠٠ کرێکار کار دەکەن. ساڵانە دەرهێنانی بەردی خەڵوز لەم کانەدا دەگاتە ٤٠٠ هەزار تۆن. بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازی میتان لە کانەکانی بەردی خەڵوزدا شتێکی سروشتییە، چونکە ئەم گازە لەناو چینەکانی بەردی خەڵوزدا بوونی هەیە، کە دەبێت بە هەواگۆڕکێی بەردەوام ئەم گازە لە کانەکە دەربهێنرێت. لە هەمان کاتدا پێویستە ئامێرەکانی پێوانی ڕێژەی گاز لە هەموو شوێنێکی کانەکەدا دابنرێت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نائاسایی ڕێژەی گاز هۆشداری بدرێت. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە لەم کانەدا تەنانەت ئەم ئامرازە ئەمنییەتییە سەرەتاییانەش بوونیان نەبووە و سیستەمی هەواگۆڕکێ کار نەکردووە. یەکێک لە کرێکارانی ئەم کانە بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە دەڵێت: “ئەگەر ئامێرەکانی هەواگۆڕکێ و ئاگادارکردنەوەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گاز بەباشی کاریان بکردایە، ئەم ڕووداوە کە جۆرێکە لە کوشتاری بە ئەنقەستی کرێکاران، هەرگیز ڕووی نەدەدا“. بەڵام وەزیری کاری ڕێژیم بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بێت، ڕایگەیاند کە هیچ سەرپێچییەک لەم ڕووداوەدا ڕووی نەداوە و تەنیا پێشهاتێک بووە. خانەی بەناو کرێکارییەکانیش بە شێوەیەکی شاراوەتر لە وەزیری کار، هەوڵیاندا خاوەن کانەکان بێتاوان نیشان بدەن. ئەوان گەمارۆکانیان وەک هۆکاری نەبوون یان لەکارکەوتوویی ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە ناو بردووە و یەکێک لە خاوەنکارەکان وتویەتی کەرەستەکان لە بازاڕدا بوونیان هەیە، بەڵام گرانن و تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەرشانی خاوەنکارەکان. ئەو ئاوا بە سادەیی مەرگی دەیان کرێکار و هەوڵی بنەماڵەکانیان پاساو دەکات.

ڕۆژنامەی بەهار لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری کارناسێکی سڵامەتییەوە ڕایگەیاندووە کە وەزارەتە بەرپرسەکان ئەرکی چاوەدێریی خۆیان سەبارەت بە کانەکان بەڕێوە نەبردووە. ڕۆژنامەی شەرق لەسەر زاری کارناسێکی باڵای نێودەوڵەتی بواری پیشەسازی بەردی ئاسن و پۆڵاوە نوسیویەتی کە جگە لە بابەتی دابینکردنی ئەمنییەت و چاودێریی پێویست، خاڵێکی کە لە هیچکام لە لێدوانەکاندا ئاماژەی پێنەکراوە، بريتييە لە دابینکردنی کەرەستەکانی فریاکەوتن. بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکانی ئەو، لە هەنگاوی یەکەمدا، ئەگەر هەموو شتێک بە دروستی بکرایە، واتە هەم ئەمنییەتی پێویست لەبەرچاو بگیرایە و لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک سەردان و چاوەدێریی بکرایە و هەم خاوەنکار وەک پێویست کێشە و کەم و کوڕییەکانی چارەسەر بکردایە، ڕووداوێکی ئاوا دڵتەزێن ڕووی نەدەدا. ئەو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بەهۆی گەمارۆکانەوە ئیمکانی کڕین و دابینکردنی کەرەستە و کۆنتێنەری فریاکەوتن بوونی هەیە، وتی: خۆ هەر شتێک کە پەیوەندی بە گیانی مرۆڤەوە هەبێت، گەمارۆی لەسەر نییە. ئەو وەک نموونە ئاماژە بە وڵاتی تورکیە دەکات و دەڵێت، تەواوی ئەو کەرەستانە لە وڵاتێکی وەک تورکیە دەست دەکەوێ و کڕین و هاوردەکردنیشیان مومکینە. ئەوەی کە بابەتەکە ببەستینەوە بە گەمارۆکانەوە، بەلاڕێدابردنی مەسەلەکەیە. خۆ نابێ ئێمە هەموو کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەکانی وڵات، بخەینە ئەستۆی گەمارۆکان.

گیانلەدەستدانی ٥٤ کرێکار لە ڕوودای تەقینەوەی کانگای تەبەس، ئەگەرچی گەورەترین کارەسات بووە، بەڵام بە بەشێک لە زنجیرە ڕووداوەکانی کانەکانی ئێران دادەنرێت. بۆ نموونە، مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە کانگای یۆرت لە پارێزگای گۆڵستان، ٤٢ کرێکار لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستدا. ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٩، بەهۆی داڕمانی تونێلی ژمارە ٢ی کانگای خەڵوزی هەندەک کە دەکەوێتە دەوروبەری شاری کرمان، ٤ کرێکار گیانیان لەدەست دا. لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٠یش دا دوو کرێکار لە کانگای خەڵوزی ئەلبورزی ڕۆژهەڵات لە ناوچەی تەرزەی دەمغان بوونە قوربانی ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی ئەمنییەتی شوێنی کار. هەروەها ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠، بە هۆی داڕمانی کانگای هەندەک لە پارێزگای کرمان، ٣٥ کرێکار گیانیان لە دەست دا. ڕۆژی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە هۆی داڕمانی کانگای خەڵوزی ئابنیل لە گوندی بیبی حەیات لە کرمان، کرێکارێک گیانی لەدەست دا و پێنج کرێکاری دیکەش بریندار بوون. ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣ کانگای زیخ و لمی شازەند داڕما و بەهۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و تەرمی یەکێک لە گیانبەختکردووان تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودا ماوەتەوە.

ئەوەیکەئاماژەیانپێکرانموونەیچەندڕووداوێکبوونکەتەنیابەهۆینەبوونیستانداردەکانیئەمنییەتی،لەکانەکانیئێرانداڕوویانداوە. ئەو کرێکارانەی کە بێ ڕەحمانە بوونە قوربانی چاوچنۆکی و قازانج پەرەستی خاوەنکاری کانگای مەعدەنجوو و دەوڵەتە پشتیوانەکەی، مانگانە تەنها ١٢ ملیۆن تمەن حەقدەستیان وەردەگرت، واتە مانگانە کەمتر لە ٢٠٠ دۆلار. لە ئاوا بارودۆخێکدا، جگە لە خۆڕێکخستنی کرێکاران لە ڕێکخراوە چینایەتییەکانی خۆیاندا، هیچ شتێکی تر ناتوانێ پێش بە دەستدرێژی جینایەتکارانەی سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ سەر ژیانی کرێکاران بگرێت و ڕێگری لە دووپاتبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە بکات.