“ڕوانگەی کۆچی ئێران” سەرەتای ساڵی ١٤٠٢ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئاماری کۆچکردنی ئێرانییەکان دەریدەخات کە ساڵانە ٦٥ هەزار کەس لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن. بە پێی ئامارێکی ساڵی ١٤٠٢ی ڕۆژنامەی فەرهیخەتگان، ٢٣٠٠ پزیشکی پسپۆڕ و ٤٢٠٠ پزیشکی گشتی ئێرانیان بەجێهێشتووە کە ئەم ڕێژەیە ٣٠ لەسەد زیاترە لە تێکڕای چوونە ناوەوەی پزیشکان بۆ بازاڕی کار لە ئێراندا. ماڵپەڕی چاوەدێری ئێران ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کۆچکردن لە ئێرانەوە نووسیبووی کە هێزی سەرەکی و شارەزای ٦٧%ی ئەو شیرکەتانەی کە لەسەر بنەمای زانست بنیات نراون، بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتیان تەحەموول نەکردووە و چوونە ناو پرۆسەی کۆچکردنەوە. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە مەودای کۆچکردن تەنيا لە چوارچێوەی کەسانی خاوەن بەهرە و خوێندەوار و نوخبەی ئێرانیدا نەماوەتەوە و لەناو چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی دیکە لەوانە کرێکاران و بەتایبەت کرێکارانی لێهاتووشدا خەریکە پەرەدەسێنێت. شەپۆلی کۆچکردن لە نێو هەڵسووڕانی سیاسی و بەشداربووانی ئاخێزە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە جێگە و پێگەیەکی گرنگی هەبووە. دوابەدوای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی و بە تایبەتی لە سەرکوتە خوێناوییەکانی دەیەی شەستدا، ملیۆنان کەس لە ماوەی دە ساڵدا ناچار بوون ئێران بەجێبهێڵن. دوابەدوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٨٨ ناسراو بە بزووتنەوەی سەوز، جارێکی دیکە شەپۆلی کۆچبەری لە ئێرانەوە دەستیپێکرد. ئەم شەپۆلانە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ زیاتر پەرەی سەند. لە نامەیەکی “زۆر نهێنی“ی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدا باس لەوە کراوە کە “نزیکەی ٣٣%ی کۆمەڵگای ئێران لە پێناو گەیشتن بە دۆخێکی باشتری ژیان دەیانەوێت ئێران بەجێبهێڵن“. “ڕوانگەی کۆچی ئێران” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بووە کە نزیکەی ٣،٣%ی کۆی دانیشتوانی ئێران لەخۆدەگرێت.
حسێن سالار ئامولی، ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی سەنعەتی ئەمیر کەبیر، ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی لە نێوان ٨ بۆ ١٠ لەسەد خەمڵاندووە کە ئەمەش لە مامناوەندی ڕێژەی جیهانی زیاترە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە کە زۆرتر کەسانی بەرجەستەی زانستی، وەرزشی، فەرهەنگی و هێزی لێهاتووی کاری وەک شۆفێرەکان کۆچ دەکەن. سیستەمی سەرمایە لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆچبەران و پەنابەران بەرەو وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری کۆچ بکەن. هەر مرۆڤێکی پەنابەر یان کۆچبەر، کانگایەک لە هێزی کاری کارامە و بارهاتوو و خاوەن زانستی کۆمەڵایەتی یان ئاکادیمی لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ خاوەنکارەکان یان حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە، کە نرخەکەی لە داریکردن نایەت. لە کۆمەڵگا بۆرژوازیەکانی وەک ئێران تێچووی پەروەردەکردنی پەنابەران تا ڕادەیەک دیاریکراوە. سروشتییە هەموو مرۆڤێک، کاتێک سەفەر دەکات، هەم بڕێک پووڵ یان سەرمایە لەگەڵ خۆیدا دەبات و هەم زانست و شارەزاییەکەی.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی یەکێکە لە ناوەندەکانی کۆچبەریی جیهان. هەرچەند زۆربەی کۆچبەرانی ئێران هێشتا پەناخوازی سیاسی و گەنجانی بێکارن کە بە دوای کاردا دەگەڕێن، بەڵام تەنانەت بەرپرسانی ڕژیمیش باس لە قەیرانی کۆچی پزیشکان، پەرستاران، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، وەرزشوانان، دەرچووان و خاوەن بڕوانامەی باڵای زانکۆکان و هەروەها خاوەن سەرمایەکان دەکەن. کۆچبەران و پەنابەرانی سیاسی لە دەست ستەمکاری و سەرکوت و هەڵاواردن و نەبوونی هەلومەرجی ژیانی ئینسانی هەڵدێن و ئێران بەجێدەهێڵن و بەدوای ئەمنیەت و هەلومەرجی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیاندا دەگەڕێن. دەرچوون لە وڵات لە ڕێگە و کەناڵە نافەرمییەکانەوە زۆر ئەستەمە. زۆربەیان دار و نەداری خۆیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی هەزینەی هەڵهاتن و دەرچوون لە وڵاتی پێ دابین بکەن و سەدان هەزار کەس لەم کۆچبەرانە لە وڵاتەکانی دراوسێی ئێران لەوانە تورکیا، عێراق، گورجستان، هێند و پاکستان و تەنانەت ئەفغانستان، لە دۆخێکی گەلێک دژوار و لە چاوەڕوانی چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوادا ژیان بەسەردەبەن. بەداخەوە بەشێک لەو کۆچبەر و پەنابەرانە هیچکات ناگەنە شوێنی مەبەست و لەناو دەریاکان، کامیۆنەکان و تەنانەت لەناو یەخچاڵەکانی گواستنەوەی خۆراک و یان لەناو دەشت و دارستانەکاندا گیان لە دەست دەدەن. تەنیا بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەری و دامەزراندنی حکوومەتێکی خەڵکییەوە دەکرێت کارەساتی کۆچکردن و ئاوارەبوونی هاووڵاتییان لە ئێران کۆتایی پێ بهێنرێت.