کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر پەرەسەندنی هەژاری موتڵەق لە ئێران

images 48

پزیشکیان لەسەردەمی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دا کە لە ڕێگەی وتووێژ و دانوستانەوە گەمارۆکان هەڵدەوەشێنێتەوە. ناوبراو بە ئامانجی ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، وتی کە، بازاڕی کاسبانی گەمارۆکان لاواز دەکات. ئەو سزایانەی کە بەکردەوە بەسەر خەڵکی ئێران و بە ڕواڵەت بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێنراوە، یان نێودەوڵەتین و لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و یان لەلایەن دەوڵەتەکانی ئورووپا و ئەمریکاوە سەپێنراون، کە بێگومان ئیمپریالیزمی ئەمریکا گەورەترین لایەنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامییە. بەکارهێنانی گوشاری ئابووری دژ بە حکوومەت و خەڵکی وڵاتەکان لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، سیاسەتێکی نوێ نییە. دەوڵەتی ئەمریکا جگە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و دیپلۆماسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتەکاندا، لە توانایی دۆلار و سزا ئابوورییەکانیش به مەبەستی بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی، لە هەر وڵاتێکدا کەڵکی وەرگرتووە و کەڵک وەردەگرێ. ئەو دەوڵەتە تا ئێستا ١٥ هەزار سزای ئابووری بەسەر وڵاتەکان، کۆمپانیا و تاکەکاندا سەپاندووە، کە یەکێک لەو وڵاتانە ئێران و ژمارەیەک لە دەڵاڵ یان کاربەدەستانی ئێرانین. ئەو سزایانە، دوابەدوای داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، هەوڵی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، دروستکردنی مووشەکی دوور مەودا، ڕێکخستنی هێزی بە وەکالەت لە ناوچەکە و بەتایبەتی لەدژی ئیسرائیل، سەپێندراون.

خامنەیی بە هێنانەئارای دروشمێکی بێ ناوەڕۆک بە ناویئابووری خۆڕاگرییشەڕێکی لەدژی گەمارۆکان دەستپێکرد، کە تا ئێستا بێ ئاکام بووە. بەرپرسانی دەسەڵاتدار تەنانەت بەبەرەکەتناوبردنی گەمارۆکان، ئابوورییەکی گەندەڵی دەڵاڵییان وەڕێخست کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەژاریی لە ڕادەبەدەر لە کۆمەڵگادا. ئەوان بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، بڕە پارەیەکی زۆریان ڕژاندووەتە گیرفانی بۆرژوازی تازەپێگەیشتووی دەڵاڵانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی بازرگانەکان لە دوبەی بۆ ئەوەی کاڵا و کەلوپەلی پێویست هاوردە بکەن. ئەمجۆرە پووڵانە، خراونەتە سەر نرخی کاڵاکان و لە ئێران لە گیرفانی بەکاربەران وەردەگیرێتەوە. هەروەها لەو ڕووەوە کە گەمارۆکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بڕی هەناردەکردنی نەوت، مەوادی پێترۆشیمی و کاڵا هاوشێوەکانی هەبووە، دەوڵەت و خاوەنکاران بەکردەوە به کەمکردنەوەی حەقدەستەکان و دابەزاندنی توانایی کڕینی مووچەخۆران، باری قورسی گەمارۆکانیان خستۆتە سەرشانی ئەو توێژە لە کۆمەڵگا. کەمکردنەوەی لەڕادەبەدەری بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هەمان ئاراستە و بەرامبەر بە چین و توێژی زەحمەتکێشان بەڕێوە چووە. هەروەها ئەو کاڵایانەش کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەدوو مەبەستناوی دەبەن، لە ڕێگەی دەڵاڵە مشەخۆرەکان لە وڵاتەکان و لەوانە لە دوبەیەوە بە نرخێکی زۆر گران هاوردە کراون و خراونەتە بازاڕەوە. ئەو خاوەن پیشەسازیانەی کە پێویستیان بەو کاڵایانە هەیە، لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ڕابردوودا، وازیان لە بەکارهێنانیان هێناوە و ناوەند و دامەزراوەکانیان داخستووە و کرێکارانیان بێکار کردووە و یان سەرمایەکەیان لە ئێران بردووەتە دەرەوە، یان لە کەرتی دەڵاڵی و بیناسازیدا خستوویانەتەگەڕ. گەمارۆکان بەجۆرێک کاریگەرییان لەسەر نرخی کاڵاکانی وەک دەوا و دەرمانە سەرەتاییە بیانییەکان داناوە کە بازرگانەکان لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە خۆ دەبوێرن. هەربۆیە خەڵکی دەستکورت، ناچار بوون یان خۆیان لەگەڵ نەبوونیان بگونجێنن، یان دەرمانی کوالێتی نزمی ناوخۆیی بەکاربهێنن. ئەوان بەم شێوەیە لە تەندروستی و تەمەنی خۆیان مایە دادەنێن.

ئەم واقیعییەتانەی کە لەسەرەوە باس کران، ئەوە دەردەخەن کە گەمارۆکان بەشێوەیەکی سەرەکی قورسایی دەخەنە سەر شانی خەڵک. بەشێک لە هاووڵاتیان و بەتایبەت لاوانی خوێندەوار و بەهرەمەندیش، بە کۆچکردن، بەرامبەر بەم بابەتە کاردانەوەیان لەخۆیان نیشانداوە. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵک، واتە بنەماڵە کرێکارییەکان، بە ناچاری لەگەڵ گرانییەکان ڕاهاتوون. لەبەرامبەر زەرەر و زیانی خەڵکدا، دەڵاڵەکان و بەرهەمهێنەرانی کاڵا کوالێتی نزمەکان، کە بەشی زۆریان سەریان لە ئاخوڕی دەرباری خامنەیی دایە و یان سەر بە هێزە نیزامی، ئینتیزامی و ئیتلاعاتییەکانن، لەو گەمارۆیانە سوودمەند دەبن. ئەم بابەتە بە نۆرەی خۆی، کاریگەری هەبووە لەسەر پەرەسەندنی هەرچی زیاتری هەڵاواردن و گەندەڵی دارایی و هەر ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی خستۆتە ژێر زەخت و گوشارێکی زیاترەوە. دەوڵەتە گەمارۆدەرەکان و لەوانە سیاسەتمەدارانی ئەمریکایی، زۆر باش دەزانن کە باری قورسی گەمارۆکان ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی خەڵک. ئەڵبەتە ئامانجیشیان هەر ئەوەیە. ئەوان دەیانەوێت هاووڵاتیانی ئاسایی بخەنە ژێر گوشاری هەرچی زیاترەوە بۆ ئەوەی بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان، ڕژیم ناچار بکەن ملکەچی سیاسەتەکانی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بێت.

بەرپرسانی ئەمریکا و ئورووپا بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە بەنیازی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران نین و لە بنەڕەتدا گەمارۆکانیش تواناییەکی ئەوتۆیان نییە. خودی ئەو دەوڵەتانەی کە گەمارۆکانیان سەپاندووە، خوازیاری مانەوەی ئەم ڕێژیمەن. چونکە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتکردنی کرێکارانی پێشڕەو، ئازادیخوازان، کۆمۆنیستەکان، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، بە کردەوە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا دابین دەکات. ئەوان دەیانەوێت کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێژمێکی دژبەرەوە بکەن بە ڕێژمێکی هاوکاری خۆیان لە ناوچەکەدا. گەمارۆکان، جگە لە جەماوەری خەڵک، زیان بە بەشێک لە بۆرژوازی ئێرانیش دەگەیەنێت. ئەو بەڵێنەی کە پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە مەبەستی بێ ڕەونەق کردنی بازاڕی دوکاندارانی گەمارۆکان دای، لە خزمەتی ئەم بەشەی بۆرژوازیشدا بوو. پێکهاتەی کابینەکەی ئێستا دەریخستووە کە ئەو بازرگانانە بەهێزتر لەوەن کە سەرۆک کۆمارێکی گوێڕایەڵ بتوانێت لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی کە خامنەیی و ناوەندی بەرتەسکی دەسەڵات پەیڕەوی دەکەن، بوەستێتەوە. گەمارۆی ئابووری، سیاسەتێکی بەتەواوی دژە خەڵکییە کە پەرەسەندنی نەهامەتی و هەژاری گشتی لێ کەوتۆتەوە. خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەو ڕێگایەیە کە سەرەنجام دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لە دەست ڕێژیمی ئیسلامی و ئەو نەهامەتیانەی کە ئەم ڕێژیمە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەیدا سەپاندووە.