کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

شۆڕای باڵای کار لە دوایین ساتەکانی ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەمی حەقدەستی١٤٠٣ی بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی دیکەی وەک حەقی نیشتەجێبوون و هیتر، بە زیادکردنی ٣٥ و سێ دەهەمی لەسەد، بۆ ئاستی ١١ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا بەرزکردەوە. بەپێی نرخی ئێستای یەک دۆلار کە زیاترە لە ٦٠ هەزار تمەن، بڕیارە کرێکارێکی لەسەرکاری کە یاسای کار دەیگرێتەوە، مانگانە نزیکەی ١٨٣ دۆلار حەقدەستی پێدەدرێت. پێویستە ئەوە بوترێت کە سەرجەم ئەو کرێکارانەی کە لە ناوچە ئازادەکان یان لەو ناوەندانەی کە کەمتر لە دە کرێکاریان هەیە کار دەکەن، یاسای کار نایانگرێتەوە. دەبێ هەموو ئەو کرێکارانەشیان پێ زیاد بکرێت کە لە بازاڕە نافەرمییەکاندا کار دەکەن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ژنان و کۆچبەران پێکدێن؛ ئەمانەش لەم لانیکەمی حەقدەستە بێبەشن. بەڵام ئەوە هەمووی نییە، خاوەنکارەکان بەھۆی بوونی لەشکری دە ملیۆنی بێکاران و لەڕێگەی ھەڕەشەی دەرکردنەوە، تەنانەت ئەو بڕە حەقدەستەش بە کرێکارەکانیان نادەن کە لەلایەن شۆڕای باڵای کارەوە دیاریکراوە. ئەوە سەرەڕای وەدواکەوتنی حەقدەستەکانیش. کارناسان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتانە، گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی کە کرێکاران لە ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی، مانگانە ٧٥ دۆلار حەقدەست وەردەگرن. ئاشکرایە کە بەهۆی کەمی داهات و کەمی حەقدەست لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا،  هەژاری گەلێک پەرەی سەندووە. بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢دا ڕایگەیاند لەم ساڵانەی دواییدا هەژاری لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە ٤٠% و بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵانی هەژارتر کردووە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هەژاری هۆکاری سەرەکی زۆرێک نەخۆشییەکانە. ئەو بانکە وەک هەمیشە لە ڕووی چینایەتییەوە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ هەژاری نەکردووە، یان ئەوەی کە لەو ڕاپۆرتە ئاشکرایە دا سەبارەت بەم بابەتە، زانیاری پێویست بە ڕای گشتی نادات، کە بۆ نموونە کاریگەری هەژاری لە نێو چینی کرێکار و بەتایبەت ژنانی چینی کرێکاردا چییە. به‌ڵام تەواوی ئامارەکان و تەنانەت چاوخشاندنێکی سادەش بە سەرجەم وڵاتەکان و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی، بەڕوونی دەردەکەوێت کە هەژاری سەرچاوەگرتوو لە داهاتی کەم، لە بنەڕەتدا چینی کرێکار و بەتایبەت کرێکارانی پرش و بڵاو و ناڕێکخراو، کۆچبەران، ژنان و منداڵان، دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

بەهۆی ئەو هەژارییە بەردەوامەی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن خاوەنکاران و حکوومەتی ئیسلامییەوە بەسەر کرێکاراندا سەپێندراوە و هەروەها زیادبوونی ئەو ٣٥%ی ئێستا، کە دە لەسەد کەمترە لەو ڕێژەی هەڵاوسانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ڕادەگەیەنرێت، دەریدەخات کە بنەماڵەی کرێکاریی لەگەڵ هەژارییەکی زیاتر بەرەوڕوو دەبن. ئەم ڕادەیە لە هەژاریی، کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەندروستی ئەندامانی بنەماڵەی کرێکار و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی، ئێستا و داهاتوویان دادەنێت. ناوەندی توێژینەوەیتێگەیشتن لە کۆمەڵگای لەندەن، نووسیویەتی، ماوەی یەک سەدەیە کە کاریگەرییەکانی هەژاری لەسەر تەندروستی تۆمار دەکرێت و دەرکەوتووە کە ئاستی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بە تەواوی پەیوەندی بە بڕی داهاتەوە هەیە. بەگوێرەی ئەم ناوەندە، کەسانی کەمدەرامەت و بێبەشی کۆمەڵگا، بەدەست هەموو جۆرەکانی نەخۆشیی و مەرگی پێشوەختەوە دەناڵێنن، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەمی داهاتەوە هەیە. گرووپی خەبات لەدژی هەژاری منداڵانیش نووسیویانە، هەژاریی بەر لە هەموو شتێک ئاستی کوالێتی خۆراک، چالاکییە پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و وەرزشییەکان و داهاتووی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە. گەورەساڵانیش لە ئاکامی هەژاری و دەستکورتی دا، نەک هەر تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر و کورتبوونەوەی مەودای تەمەنیان، بەڵکوو لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە زیانێکی زۆر دەبینن. گروپیپاراستنی دانیشتووانیشنووسیویەتی، هەژاری بەهۆی کەمی سەرچاوەکانەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی عەداڵەتی ئابووری و سیاسییەوەیە. ئەم گروپە دوای لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەل و بەرجەستەکردنەوەی چەند فاکتەرێک، سەلماندوویانە کە بە هەر ڕادەیەک مرۆڤەکان لە سامانە بەرهەم هاتووەکان بێبەش کرابێتن، هەر بەو ڕادەیەش کارەساتە سروشتی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانی، کاریگەریی نیگەتیڤی لەسەریان هەیە“. کاریگەری نیگەتیڤی هەژاریی سەرچاوەگرتوو لە کەمی حەقدەست، لەسەر باری پەروەردەیی ژنان و پیاوانی کرێکار و منداڵەکانیان زۆر بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت. کاریگەرییەکانی هەژاری لەسەر پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش بە همان شێوە ڕوون و ئاشکرایە. سیستەمی چاوچنۆک و قازانپەرستی سەرمایەداری بەردەوام حەقدەستێکی مەمرە و مەژی بە کرێکار دەدات و لە بوونی دەرفەتی پێویست بۆ بیرکردنەوە و کات بەسەربردن بێبەشی دەکەن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەرمایەداران لەوەی کە کرێکاران لە هەژاری و  دەستکورتی دا ڕادەگرن و ڕێگری دەکەن لە زیادبوونی حەقدەست و کەمکردنەوەی سەعاتی کار، ئەوەیە کە کرێکاران لە بوونی کاتی بەتاڵ و ڕاگەیشتن بە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێبەش بکەن. کرێ، یان بە واتایەکی تر کۆیلەی کرێگرتە و چەوسانەوەی سەرچاوەگرتوو لێی، لەلایەن خاوەنانی سەرمایەوە، بنەمای هەموو بەڵا و نەهامەتییەکانی ئێستای جیهانە. سەرەنجام کرێ و کاری کرێگرتە بەدەستی ئەو ژن و پیاوە موچەخۆرانەی کە وەک چینێک لە ڕێکخراوە سیاسی و چینایەتییەکانی خۆیاندا ڕێکخراون، هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەوەی کە تا گەیشتن بەو ڕۆژە پێویستە بەردەوام و ماندوونەناسانە خەباتی بۆ بکرێت، بریتییە لە باشتربوونی ئاستی حەقدەستەکان، لەبەر ئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی جەستەیی، دەروونی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕۆشنبیریی کرێکاران و بنەماڵەکانیان.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-