تەنها لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لانیکەم ٧٩ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە لە نێوانیاندا شەش ژن و دە هاووڵاتیی بلووچ بوون. ئەم ئامارە لەلایەن کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە بەیاننامەی هەفتەی سەد و چلەمیدا بڵاو کراوەتەوە. بەڵام ئەم ژمارەیە دەبێت لە پاڵ ئاماری مانگەکانی پێشوودا ببینرێت بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوتر لەو واقیعەی لە ئارادایە بەدەست بهێنرێت.
ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەوتێکی نیگەرانکەر نیشان دەدات. لە مانگی ئاوریل دا لانیکەم ٢٦ زیندانی لەسێدارە دران کە ١٤ کەسیان زیندانی سیاسی بوون، بە واتایەکی تر، پەروەندە سیاسییەکان زیاتر لە نیوەی کۆی لەسێدارەدانەکانی ئەم مانگەیان پێکهێنابوو. لە مانگی ئایاریشدا، ژمارەی لەسێدارەدانەکان گەیشتە لانیکەم ٨٠ کەس کە ١٧ کەسیان زیندانی سیاسی بوون. مانگی ژوئەن لانیکەم ١٠٩ کەس لەسێدارە دران و مانگی ژوئییە ٦٧ زیندانی، لەوانە ٩ زیندانی سیاسی و هەروەها مانگی ئاگۆست لانیکەم ٨٩ کەس، لەوانە شەش زیندانی سیاسی و عەقیدەتی، لەسێدارە دران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ژمارەی لەسێدارەدانە تۆمارکراوەکانی لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لانیکەم ٥٣٢ کەس ڕاگەیاندووە. ئەم ئامارانە کەمترینن، چونکە حکومەت بەشێکی زۆری لەسێدارەدانەکان بە بێدەنگی و بەبێ ئاگادارکردنەوە بەڕێوە دەبات. بۆ نموونە، لە کۆی ١٠٩ لەسێدارەدانی مانگی ژوئەن تەنها حەوت حاڵەت بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا و لە ١٢ حاڵەتدا، زیندانیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و بەبێ دیداری کۆتایی لەسێدارە دران.
خاڵی جێگەی سەرنج لەم ئامارەدا، بریتییە لە پشکی پەرەسەندووی لەسێدارەدانە سیاسییەکان. بەرپرسانی رژێم تەنها لە ماوەی پێنج مانگدا، لە ١٨ی مارسەوە تا کۆتایی ئاگۆست، لەسێدارەدانی ٢٩ کەسیان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا ڕاگەیاند. کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ١٩ی مارسەوە لانیکەم ٥٦ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی لەسێدارە دراون کە ٢٧ حاڵەتیان پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردووەوە هەبووە. ئەو هۆشداری دا کە سزای لەسێدارەدان بەمەبەستی ترساندنی خەڵک و سەرکوتی نەیاران بە کار دەهێنرێت.
مەترسییەکە هێشتا بەرزە. بە پێی ڕاپۆرتی کەمپەینەکە، نزیکەی ٢٠٠ زیندانی سیاسی و عەقیدەتی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە و زۆرێک لەوانە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی بەفرانباری ١٤٠٤ن. نوێترین نموونە، بریتییە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ مەحبوبە شەعبانی لە زیندانی مەشهەد. لە پەرەندەی مەیدانی شوهەدای ئیسفەهان دا، دادگای ئینقلاب سزای لەسێدارەدانی بۆ ١٠ تۆمەتبار، واتە ژنێک و ٩ پیاو دەرکرد، و بە وتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنها لە زیندانی ئیسفەهان زیاتر لە ٧٠ ناڕازی مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
هەر سزایەکی لەسێدارەدان پەیامێکە بۆ کۆمەڵگا: تێچووی ناڕەزایەتی، گیانە. پشکی بەرچاوی کەمینە نەتەوەییەکانیش، بەتایبەت خەڵکی بلووچ و کورد، لەم ئامارەدا نیشان دەدات کە خەبات لەدژی لەسێدارەدان لە خەبات لەدژی هەڵاواردن جیا نییە.
لە بەرانبەر ئەم ماشێنی مەرگەدا، دەنگێک لە ناو زیندانەکانەوە بەرز بووەتەوە. کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” بە پەیوەستبوونی زیندانیان لە دەڕەشاری ئیلام و مشگینشار لە ئەردەبیل، ئێستا گەیشتووەتە ٦٦ زیندان، و لە هەر یەکێک لەو زیندانانەدا گرووپێک لە زیندانیان هەموو سێشەممەیەک مان لە خواردن دەگرن. بەردەوامیی نزیکەی سێ ساڵەی ئەم بزاڤە، ئەوەی کردووەتە یەکێک لە پایەدارترین شێوازەکانی خۆڕاگریی مەدەنی لە ئێرانی ئەمڕۆدا. بەڵام ئەم خۆڕاگرییە ئەگەر لە دەرەوەی دیواری زیندانەکاندا دەنگدانەوەی نەبێت، دەکەوێتە بەر مەترسی گۆشەگیربوون.
ئەزموون نیشانی داوە کە گوشاری کۆمەڵایەتی دەتوانێت جێبەجێکردنی حوکمەکان دواخات و هەندێک جار گیانی سزا دراوان ڕزگار بکات. بێدەنگبوون، دەستی حکومەت ئاواڵە دەکات.
یەکەم ئەرک، ناو بردنە. حکومەت هەوڵ دەدات لەسێدارەدانەکان لە بێدەنگیدا ئەنجام بدات و ناویان ئاشکرا نەکات. بڵاوکردنەوەی ناوەکان، چیرۆکی ژیانەکان و بەدواداچوونی پەروەندەکان ئەم هەوڵە پووچەڵ دەکاتەوە.
دووەم ئەرک، بریتییە لە هاوسۆزیی لەگەڵ بنەماڵەکان کە زۆرجار دەکەونە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بن. پاڵپشتی کردنیان تێچووی سەرکوتکردن بەرز دەکاتەوە.
سێیەم ئەرک، لێک هەڵپێکانی خەبات و ناڕەزایەتییەکانە. کاتێک ڕێکخراوە کرێکارییەکان، موعەلیمان، قوتابیان، ژنان و چالاکوانانی نەتەوە ژێردەستەکان دژایەتیکردنی لەسێدارەدان بخەنە ناو ویست و داواکارییەکانیانەوە، ئەم پرسە دەبێتە خواستێکی گشتی.
چوارەم ئەرک، بەتایبەت بۆ چالاکوانانی دەرەوەی وڵات، گوشاری نێودەوڵەتییە: پێدانی ڕاپۆرتی بەڵگەمەند بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بەدواداچوون لە ڕێگەی پەرلەمان و ڕاگەیاندنەکانەوە، و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتێکدا کە ههموو رۆژێک لەسێدارە دەدات.
و لە کۆتاییدا، بەڵگەمەند کردن. هەر حوکمێک و هەر لەسێدارەدانێک دەبێت تۆمار بکرێت، ئەم بەڵگانە ئەمڕۆ ئامرازی ئاشکراکردنن و سبەی ڕۆژ بنەمای دادخوازی.
ئەو زیندانییانەی کە هەموو سێشەممەیەک برسێتی تەحەمول دەکەن، چاوەڕوانی شتێکی زیاترن لە ئێمە جیا لە هاوسۆزی. لەسێدارەدان تەنها ئەو کاتە ڕادەوەستێت کە تێچووی سیاسیی بۆ حکومەت لە سوودی ترساندنەکەی زیاتر بێت، و ئەم تێچووەش تەنها کۆمەڵگایەکی وشیار و یەکگرتوو دەتوانێت بیسەپێنێت. “نا بۆ لەسێدارەدان” دەبێت دیواری زیندانەکان تێپەڕێنێت و ببێتە دەنگی هەموومان.
