کاراکردنی میکانیزمی ماشە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ژێر سایەی شەڕدا
لە کاتێکدا سێبەری شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتە ئەمنییەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەروا قورسایی دەکات، دیپلۆماسی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە و پێشهاتی نوێ. هەنگاوی ئەم دواییەی سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی (ئەڵمان، فەڕانسە و بریتانیا) بۆ کاراکردنی میکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و هەروەها کاردانەوەی توندی کۆماری ئیسلامی، کەشێکی قورسی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا دروستکردووە. بەیاننامەکەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئورووپا، دوو پەیامی سەرەکی لەخۆدەگرێت: یەکەم، جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە بەکارهێنانی “زۆرترین گوشار” و دووەم، ڕاگەیاندنی ئامادەیی ڕاستەوخۆ و بێ مەرجی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. لە ڕاستیدا ئەمریکا هیچ ئامانجێکی تری نییە جگە لە ناچارکردنی ئێران بە قبوڵکردنی خێرا و شەفافی داواکارییەکانی ئەمریکا. لە لایەکی دیکەوە نامەکەی عەباس عەراقچی بۆ یەکێتیی ئورووپا دەرخەری هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامییە. ناوبراو لە نامەکەیدا هەر هەنگاوێک بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی سزاکان بە نادروست دەزانێت و پێداگری لەسەر بەسەرچوونی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ دەکات. بەڵام هەر لەو نامەیەدا جارێکی دیکە ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی بۆ دەستپێکردنەوەی بەوتەی ئەو، دانوستانی “دادپەروەرانە و هاوسەنگ” ڕاگەیاندووە، بەو مەرجەی کە لایەنی بەرامبەر “نییەتی باش” لەخۆی نیشان بدات و خۆی لە کردەوەی تێکدەرانە بپارێزێت. ئەم دژوازییە ڕواڵەتییە واتا ڕەتکردنەوەی سزاکان لە لایەک و ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ وتووێژ لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەیە بۆ داماوی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گوشارە ئابوورییەکاندا.
واقعییەت ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا لە بنەڕەتدا لەسەر سروشت و ئەجێندای دانوستانەکانە. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دانوستانەکان تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمی بێت، ئیدارەی ئەمریکا لیستێکی دوورودرێژ لە ویست و داواکارییەکان دەخاتە ڕوو، لەوانە ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، کۆتاییهێنان بە “تیرۆریزمی ناوچەیی” و گۆڕانکاری لە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیدا. ئەم جیاوازییە لە ڕوانگەدا دەتوانێت ببێتە بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم بەرەوپێشچوونی هەر گفتوگۆیەک. ئامانجی تاکتیکیی کۆماری ئیسلامی لە دانوستانەکانی داهاتوودا، بریتییە لە گەیشتن بە سازانێکی ئابڕومەندانە و ئامانجی ستراتژیکی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە دەستەبەرکردنی گەرەنتی مانەوە. ئەوان هیوادارن بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی و هەڵگرتنی سزاکان، ڕێگری بکەن لە تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و تا دەتوانن پرسی جێنشینی خامنەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرەوە بە هێمنی تێپەڕ بکەن. ئامانجی تاکتیکی ئەمریکا بریتییە لە گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی و ئامانجی ستراتژیکی ئەو وڵاتە بریتییە لە بەهێزکردنی هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوڵەتی ترامپ بە درککردن بە پێگەی لاوازی کۆماری ئیسلامی، ستراتیژەکەی لەسەر بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە، ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و هەروەها چڕکردنەوەی تواناکانی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نفوز و کاریگەرییە ئابوورییەکانی چین دامەزراندووە. لەم ڕۆژانەدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا باس لە بابەتی جۆراوجۆری وەک هەڵوەشاندنەوەی سپای قودس، لەناوبردنی مووشەکی بالیستیک و قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وڵاتێکی سێیەم و لەناوبردنی سەرجەم سیستەمەکانی پیتاندن دەکەن. کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوە دەکات کە دانوستانەکان تەنیا لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمییە، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبوڵکردنی ویست و داواکارییەکانی ترامپ.
دیارە کە ئامانجی ستراتژیکی ئەمریکا نەک ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵکوو بریتییە لە گۆڕینی ڕەفتارەکانی. دەوڵەتی ئەمریکا نایەوێت داهاتووی ئێران لە هەلومەرجێکدا کە لەبەردەم ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەریدایە، بە چارەنووسێکی نادیار بسپێرێت. دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێت کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک دەستەمۆ بکات کە هیچ مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دروست نەکات. لەمڕووەوە هەر دوو لایەنی کێشەکە، لەسەر مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوڕان. ئەوەی جێی مشتومڕە، ئەو باجەیە کە کۆماری ئیسلامی لەپێناو گەرەنتی مانەوەی خۆیدا دەبێ بیدات. وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش هەڵوێستەکانیان گۆڕیوە. لە کاتێکدا کە لە دەورەی پێشووتری سەرۆککۆماری ترامپدا، ناوبراویان هان دەدا لە بەرجام بکشێتەوە، بەڵام ئێستا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەردوولایان بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵسەنگاندووە. ئەم وڵاتانە کە لە ڕێگای فرۆشتی نەوتی زۆروە گەشەیەکی گەورەی ئابووریی بەخۆوە دەبینن، ئاواتەخوازی ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی نین. ئەوان بە توندی خوازیاری سەقامگیری ناوچەکە و پێشگرتن لە ئەگەری شەڕێکی بەتەواومانان.
بەڵام ڕژێمی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ نەیاری سەرەکی هەر ڕێککەوتنێکە لەگەڵ ئێران. ئەو ڕژیمە بە پەرەپێدانی گرژییە ناوچەییەکان، هەوڵ دەدات تاوانەکانی خۆی لە غەززە پەردەپۆش بکات. بەڵام ئەو ڕیسواییە نێودەوڵەتییەی کە بەهۆی کوشتاری فەلەستینییەکان دروست بووە، پۆتانسێلی لایەنگرانی ئیسرائیلی بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم دانوستانەکان تاڕادەیەک کەمکردووەتەوە. ئەم دانوستانانە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچن کە هاوسەنگی هێز تاڕادەیەکی زۆر بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە. جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێ بەو قۆناغەی کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی تێیدا واژۆ کرا.
ئەگەری هەر ڕێککەوتنێک دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان و تاڕادەیەک ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و هەروەها بوار ڕەخساندن بۆ بوژانەوەی ئابووری سنوورداری ئێران و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە لە ژێر چاودێری ئەمریکادا. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە ناتوانێ قەیرانی پێکهاتەیی نێوان کۆماری ئیسلامی و جەماوەری خەڵکی ئێران چارەسەر بکات. داهاتووی ئێران نەک لەسەر مێزی دانوستان بەڵکوو لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی ئێران بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، دیاری دەکرێت. هەر ڕێککەوتنێک لە کۆتاییدا تەنیا دەتوانێ مەرهەمێکی کاتی بێت بۆ ساڕێژکردنی ڕەنج و ئازاری قووڵی کۆمەڵگای ئێران.
واقعییەت ئەوەیە کە لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبوڵکردنی داواکارییەکانی ترامپ و لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا ئامادە نییە بچێتە ناو پرۆسەیەکی درێژخایەنی دیالۆگ بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و دەیەوێت ویست و داواکارییەکانی لە دانوستانێکی شەفاف و خێرادا دەستەبەر بکات. لەو ڕووەوە کە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، لەم کێشمەکێش و وتووێژانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، زۆر پێویستی بە سەرکەوتن هەیە. بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی کۆمەک دەکات بە بەهێزبوونی پێگەی ئەمریکا لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترامپ بۆ ئەوەی لە ئاستی جیهانیدا هێز و هەیمەنەی خۆی نیشان بدات، پێویستی بەوەیە کۆماری ئیسلامی ناچار بکات بە هەر ڕێگایەکی مومکین، چ لە ڕێگەی دانوستان یان بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە، داواکارییەکانی قبوڵ بکات. بەڵام قەیرانی ناوخۆ و ناڕەزایەتی گشتی، ئاڵەنگارییەکی سەرەکییە بۆ کۆماری ئیسلامی. سەرەنجام داهاتووی سیاسی ئێران لە بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی چەوساوە و بێبەش، نەک لە دانوستانی دیپلۆماسی ئێران و ئەمریکا، بەڵکوو لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دیاری دەکرێت. ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی ئێران، ڕێبازی داهاتوو دیاری دەکات. داهاتووی ئێران نەک دیپلۆماتکاران، بەڵکوو بە ئیرادەی بەکۆمەڵی ئەو جەماوەرە دیاری دەکرێت کە چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.