ئەمڕۆ ۳۰ی یولی، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغکردنی مرۆڤ، دەرفەتێکە بۆ بیرهێنانەوەی یەکێک لە قووڵترین و شاراوەترین شێوازەکانی چەوساندنەوە لە جیهانی هاوچەرخدا. قاچاغکردنی مرۆڤ تەنها گواستنەوەی نایاسایی کەسەکان لە سنوورێکەوە بۆ سنوورێکی تر نییە، بەڵکوو تۆڕێکی ئاڵۆزی زۆرلێکردن، فریو، هەڕەشە و خراپ بەکارهێنانە کە ملیۆنان مرۆڤ تووشی کاری ئیجباری، چەوسانەوەی جنسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، کۆیلایەتیی ناوماڵ و شێوازەکانی تری چەوسانەوە دەکات. قوربانیانی ئەم بازرگانییە پڕقازانجە، زۆربەی کات ئەو کەسانەن کە پێشتریش لەگەڵ هەژاری، شەڕ، هەڵاواردن و بێمافی بەرەوڕوو بوون. ئەوان نە بەهۆی بێ شانسی، بەڵکوو لە ئاکامی کەلێنە پێکهاتەیییەکانی نەزمی ئابووری و سیاسیی جیهاندا، دەبنە کاڵایەک بۆ فرۆشتن.
قاچاغکردنی مرۆڤ ناكرێت تەنها وەک کێشەیەکی تاوانکاری تەماشا بکرێت کە بە دەستگیرکردنی چەند قاچاغچییەک چارەسەر بێت. تەنیا ڕوانینی ئەمنی و پۆلیسی بۆ ئەم دیاردەیە، سەرچاوە سەرەکییەکەی لەبەرچاو ناگرێت. قاچاغچییەکان لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە سوود وەردەگرن کە تێیدا مرۆڤەکان ناچارن بۆ زیندوو مانەوە، ئاسایش یاخود دۆزینەوەی کار، مەترسیی گەورە قبوڵ بکەن. هەژاری، بێکاری، نەبوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی، شەڕ، داگیرکاری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، کۆچبەریی نائەمن و بێبەشبوون لە مافەکانی کار، ئەو زەمینانەن کە مرۆڤ لە بەرامبەر تۆڕەکانی قاچاغدا بێبەرگری دەکەن. بە واتایەکی تر، قاچاقکردنی مرۆڤ بەرهەمی لایەنیی نەزمێکە کە تێیدا قازانجی سەرمایە لە پێش تەندروستی و ئاسایشی مرۆڤدایە، نەزمێکی کە سنوورەکان بۆ کاڵا و سەرمایە دەکاتەوە، بەڵام بەڕووی ئەو مرۆڤانەی کە پێویستیان بە یارمەتییە دادەخات.
زۆرێک لە قوربانیانی قاچاغکردنی مرۆڤ، بەر لەوەی بکەونە داوی ئەم تۆڕانەوە، ڕووبەڕووی باری خراپی ئابووری یاخود نائەمنیی سیاسی بوونەتەوە. بەڵێنی کارێکی گونجاو، حەقدەستی زیاتر یاخود دەرفەتی ژیانێکی باشتر، دەتوانێت بۆ کەسێک کە لە هەژاریدا دەژێت، زۆر وەسوەسەهێنەر بێت. بەڵام ئەم بەڵێنانە زۆربەی کات بە گرێبەستێکی فریوکارانە، دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی پێناس، بەندکردن، توندوتیژی و کاری بێ حەقدەست کۆتاییان دێت. کرێکارێکی کە بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک دەکەوێتە داوی دەڵاڵێکەوە، زۆربەی کات دەرک بەوە ناکات کە سنووری نێوان کاری کۆچبەری و کۆیلایەتیی سەردەم تا چ ڕادەیەک بەرتەسکە، سنوورێکی کە تەنها کاتێک دەردەکەوێت کە پاسپۆرتەکەیان لێ سەندووەتەوە و هیچ ڕێگایەکی گەڕانەوەی بۆ نەمابێتەوە.
ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێگا قانونی و ئارامەکان بێبەشن، زیاتر تووشی زیان دەبنەوە. کاتێک دەوڵەتەکان سنوورەکان دادەخەن، بەڵام ڕێگە قانونییەکانی کۆچبەری، پەنابەری و کارکردن دابین ناکەن، بازاڕە ناڕەسمییەکان و تۆڕەکانی قاچاغ پەرە دەسێنن. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەو مرۆڤانەی کە لە شەڕ، هەژاری یاخود سەرکوت ڕایانکردووە، نە تەنها لە پشتیوانیی یاسایی بێبەشن، بەڵکوو خۆشیان دەبنە کاڵایەک لە دەستی قاچاغچییەکاندا. سیاستی سەختی کۆچبەریی زۆرێک لەو وڵاتانەی کە کۆچبەر ڕوویان تێدەکەن، لەبری ئەوەی قاچاغی مرۆڤ کەم بکەنەوە، کردوویانە بە کارێکی پڕقازانجتر و پرمەترسیتر، چونکە هەرچەندە ڕێگای یاسایی بەرتەسکتر ببێتەوە، وابەستەیی پەنابەر و کرێکاری کۆچبەر بە قاچاغچییەکان زیاتر دەبێت.
ژنان و منداڵان بە هۆی نایەکسانییە یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، لە زومرەی قوربانییە سەرەکییەکانی قاچاغکردنی مرۆڤن. هەڵاواردنی ڕەگەزی، توندوتیژیی خێزانی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و بێبەشبوون لە پەروەردە و کار، دەرفەتی بەرەنگاربوونەوە و هەڵبژاردنی ئازادانە لە زۆرێک لە ژنان و کچان دەسێنێتەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان لە سەربەخۆیی ئابووری و مافی یەکسان بێبەشن، قاچاغچییەکان ئاسانتر دەتوانن لە پێویستی، ترس یاخود وابەستەیی ئەوان کەڵکی خراپ وەربگرن. ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن دابڕاون یاخود لەو بنەماڵانەدا گەورە دەبن کە لە ژێر گوشاری ئابووریی سەختدان، بە هەمان شێوە لە ژێر مەترسیی کاری ئیجباری و هاوسەرگیریی پێشوەختەدان.
لە ئێرانیش، سنووردارکردنە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان لەدژی ژنان، لەوانە جیاکاری لە بواری هاوسەرگیری، تەڵاق، کار و ئازادیی هاتوچۆ، بەشێکە لە پێکهاتەیەکی کە سەربەخۆیی ژنان زەوت دەکات. زۆرێک لە ڕاپۆرتە باوەڕ پێکراوەکان، بەردەوامیی جیاکاری لەدژی ژنان و کچان و سنووردارکردنی سەختی ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان تۆمار کردووە. هەروەها تەمەنی نزمی هاوسەرگیری لە یاسا بەردەستەکاندا، مەترسیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و چەوساندنەوەی منداڵان زیاد دەکات.
لە ڕاستیدا، بەردەوامیی ئەم دیاردە دژە–مرۆڤییە لە نابەرپرسیارێتیی دەوڵەتەکان لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی مانەوەی ئەم دیاردەیە لەلایەن خودی دەوڵەتەکانەوە دروست دەکرێن. پەروەردەی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی، دەرمان و چارەسەری گشتی، پشتیوانی لە منداڵان، دروستکردنی پیشەی ئەمن، دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، پشتیوانی لە ژنانی سەربەخۆ، و دابینکردنی ڕێگای یاسایی و ئەمن بۆ کۆچبەریی، دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیەدا هەبێت. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا، دەسەڵاتی دەوڵەتی و سەروەتی نیشتمانی، لەبری ئەوەی لە خزمەت کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاربهێنرێت، بووەتە ئامرازی شەڕ، سەرکوت، هەڵاواردن و سڕینەوەی نەیاران. کاتێک کۆماری ئیسلامی ئازادیی ڕێکخراوەیی، ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی سەرکوت دەکات، قوربانیانی قاچاغیش دەرفەتی دادپەروەری و ڕێکخستنیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە دەست دەدەن. کرێکاری کۆچبەری ئەفغانستانی، ژنی سەرپەرشتی بنەماڵەی بێ پشتیوانی کۆمەڵایەتی، یاخود تازەلاوێکی کە لە خوێندن دابڕاوە، لە کەشێکی ئاوادا نە تەنها لە پشتیوانیی یاسایی بێبەش دەمێنێتەوە، بەڵکوو دەنگی ناڕەزایەتیشی کپ دەکرێت.
بەرەنگاربوونەوەی قاچاغکردنی مرۆڤ کاتێک مانا و کاریگەریی ڕاستەقینەی دەبێت کە مرۆڤی قوربانی، نەک وەک ژمارەیەک یاخود بابەتێکی ئاماری، بەڵکوو وەک خاوەن ماف، کەرامەت و ئیرادە بناسرێت. ئەو تێڕوانینانەی کە تەنها تەرکیز دەکەنە سەر “ڕزگارکردن“ی قوربانیان یاخود سیاستە ئەمنی–سنوورییەکان، بەبێ ئەوەی ئاوڕ لە هۆکارە ڕیشەییەکان بدەنەوە، لە باشترین حاڵەتدا هێورکەرەوەیەکی کاتیین. ڕیشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری، هەڵاواردن، شەڕ، نایەکسانیی ڕەگەزی و بێمافیی کۆمەڵایەتی مەحاڵە. بەرگریکردن لە قوربانیانی قاچاغکردنی مرۆڤ، لە کۆتاییدا بەرگریکردنە لە مافی سەرجەم مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی ئازاد، ئەمن و شایستە، مافێکی کە تەنها بە خەباتێکی هەمەلایەنە لەدژی سەرچاوە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم دیاردەیە، نەک تەنها بە دروشمگەلێکی هێمایی لە ڕۆژێکی جیهانیدا، بەدەست دێت.
