ڕۆژی دووشەممە به‌رواری ١٣ی مانگی به‌فرانبار، ئامۆلیی لاریجانی سەرۆکی قۆوەی قەزائییەی ڕژیم، لە دانیشتنی بەرپرسانی ئەم دەزگایەدا، باسی له هه‌بوونی گەندەڵیی ئابووریی لەناو سیستمی کۆماری ئیسلامیی کرد و به هه‌ندێ وڕێنه‌كردن، هەوڵیدا بەو ڕەخنانەی كه ده‌رباره‌ی پەروەندەی بابەک زەنجانییەوە هاتبوونه گۆڕێ، وڵام بداتەوە. بابەک زەنجانیی بازه‌رگانی ناسراوی ئێرانیی، كه سەردەمداری کۆمەڵێک لە دزیی و ئیختلاسه گەورەکانی ناو داموده‌زگای کۆماری ئیسلامیی ئێرانه. ئەو ئێستا لە زینداندانە و بە ئێعدام مەحکووم کراوە. بەڵام پرسیارێک کە بۆ هەمووان دێتەگۆڕێ ئەوەیە کە ئه‌نجامدانی ئیختلاسێكی چەند میلیارد دۆلاریی، بەبێ ده‌ست تێدابوونی هاوکارانی ڕه‌ده باڵای ڕژیم چۆن مۆمکینە؟ لاریجانیی لە لێدوانی ڕۆژی دووشەممەیدا، پێوه‌ندیی ناڕاسته‌وخۆی ئەو کاربەدەستانەی له پەروەندەکەدا پشتڕاست کرده‌وه. بەڵام به‌و هۆیه‌وه کە مه‌قامات زۆربەیان سه‌ر به باڵی ناسراو بە ئۆسوولگەران و بەتایبەت پێی کەسانی سەربە بنەماڵەکەی خۆشی لەنێویاندایە، بەوتنی ئەوەیکە “نابێ گه‌مه بە ئابڕووی کەسەکان بکرێت”، له‌جیاتی ناوهێنانیان، ڕووی هێرشه‌كه‌ی كرده‌لای دەوڵەتی ڕوحانیی. لاریجانیی وتی: “ئەولەوییەتی ئێمە، گێڕانەوەی پارەکانە بۆ بەیتۆلمال و دەوڵەتی ڕوحانیش لەمبارەیەوە کەمکاریی دەکات”. له‌درێژه‌دا وتی كه: “دەوڵەت قەزیەکە ئاوەژوو پیشان ئەدات، ئاغایان بەڕواڵەت هەموو سه‌رنجی خۆیان خستۆتەسەر بەرجام کە ئاکامەکەشیمان بینی، بۆچی دەوڵەت دیپلۆماسیی خۆی به‌ئاراسته‌ی گێڕانەوەی پارەکانی بابەک زەنجانیدا ناخاتەگه‌ڕ؟”
ڕۆژنامەی “جەوان” یەکێک لە بڵاوکراوەکانی سەر بە سپای پاسدارانیش، لە تەفسیر و تەوزیحی قسەکانی لاریجانیدا، لە ژمارەی ڕۆژی سێشەممەیدا، گۆشەیەکی دیكه لەم ماجەرایەی ئاشکرا کرد و نووسی كه “بابەک زەنجانیی لە ماوه‌ی ئه‌م چەند ساڵەدا بەجۆرێک له جۆره‌كان بووه به بەڵاگەردانی دەوڵەتی ڕوحانیی و هەر کاتێک كه قەیرانێکی وەک ڕکوود و بێکاریی و حقووقه نجومییەکان و بەدعەهدیی ئامریکا و بەرجام گەرووی دەگووشن، لەناکاو لەم گەروویه‌وه هاواری (واوەیلا بابەك) دەبیسترێ. لەحاڵێکدا کە هەر ئەم “بابەک”ە لەناو دادگادا وتوویەتی کە یارمەتیی دارایی چەند میلیارد تمەنیی داوەتە کەمپەینی تەبلیغاتی ڕوحانیی”.
واقعییه‌ت ئەوەیە کە هەردوو لایەن، چ ئەوانەیکە بەشوێن جێده‌ستی مه‌قاماتی حکومەتیی لەناو ئه‌م دزیی و ئیختلاسه كه‌لان و گەورەوه‌ن و، چ ئەوانەش کە بابەک زەنجانی ده‌ده‌نه‌پاڵ دەوڵەتی ڕوحانیی، تەنها گۆشەیەک لەوە گه‌نده‌ڵییه ئاشكرا ده‌كه‌ن كه سه‌رتاپای سیستمی ده‌سه‌ڵاتداریی ڕژیمی ئیسلامیی داگرتووه. خەڵکی ئێران زۆر زیاتر لەوەیکە ئەم جیناح و ئه‌و باڵی ڕژیم، له‌سه‌ر بەشێک لە دزیی و تاڵانكارییه‌كانی یەکتر باسی دەکەن، شت دەزانن. ئەم چه‌شنه له لەقاودان، تەنها لێدانی مۆری تەئید و ڕەسمییەتدانه به‌و ڕاستییانه‌ی کە بە بەرچاوی هەمووانەوە ده‌كرێت.
“ئامۆلیی لاریجانیی” وێڕای ئەوەیکە خۆی و کەسانی سەر بە بنەماڵەکەی، لە سەردەمدارانی گەندەڵیی دارایی ناو کۆماری ئیسلامین، بەسەر یەکێک لە گەندەڵترین ناوەندەکانی حکومەتی ئێرانیشدا فەرمانڕەوایی دەکات. ئەم ناوەندە لەسەر بنه‌مای زاڵمانه‌ترین و کۆنەپەرستانەترین یاساكانی ئەم سەردەمە دامه‌زراوه، کە پاشماوەی قۆناغی جاهێلییەت لە نیمچه دوڕگه‌ی عەڕەبستان و دادگاکانی سەدە ناوەڕاستیی ئۆرووپا بوون. ئەو حوكمانه‌ی کە لەناو بێدادگاکانی سەربە قۆوەی قەزائییەدا دەردەكرێن، نەك هه‌ر بۆ به‌ندكراوانی سیاسیی کە هەمووان لەگەڵ پێشینەکەیدا ئاشنان، بەڵکوو تەنانەت ده‌رهه‌ق به زیندانییانی ئاساییش، لەسەر بنەمای هەڕەشە، ترساندن، ئەشکەنجە و ئیعتیڕاف وەرگرتنی ناڕاست هه‌ڵده‌به‌سترێن. زۆرن ئەو مرۆڤه بێتاوانانەی کە بەتاوانی ئەنجامدانی تاوانێكی ئاسایی ملیان بە پەتەوە کرا یاخود ساڵانێکی تەمەنیان لە گۆشەی زیندانەکاندا بەفیڕۆ چووە. لەم سیستمەدا ئافتاوەدزەکان دەگیرێن و دزە گەورە مێلیاڕدییەکانیش پەردەپۆش دەکرێن. لەناو ئه‌م سیستمەدا وردەفرۆشانی ماددە هۆشبەره‌كان سزا ده‌درێن، بەڵام بڵاوکەرەوە گەورەکانی مەواد، خۆیان لە کاربەدەستانی باڵان یاخود لەگەڵیان شەریک و هاوپیاڵەن. لەم سیستمە قەزائییەدا ژنانی داماو و فه‌لاكه‌ت زه‌ده کە به‌هۆی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و بێبەشییە ئابوورییەکانه‌وه ناچار بوون بە لەشفرۆشیی، دەکەونەبەر سووکایەتی و زیندانیی دەکرێن، بەڵام دامەزرێنەرانی عیشرەتکەدەکانی تایبەت بە دەوڵەمەندان به‌ئازادانه دەگەڕێن و له‌و داهاته چه‌په‌ڵه‌ی کە پێكیانه‌وه‌ناوە، بوون به خاوەنی ژیانێکی خەیاڵیی و ئەفسانەیی.
سەبارەت بە کارکردی دەوڵەت لەبواری گەندەڵیدا، قەزیەکە ڕوونتریشە: “ڕێكخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی” لە تازەترین هەڵسەنگاندنیدا لەباره‌ی گەندەڵیی ئابوورییەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەڕیزی گەندەڵترین ڕژیمەکانی جیهاندایه. گەندەڵی داریی تەنها بە ڕیشوەدان و ڕیشوەوەرگرتنه‌وه به‌رته‌سك نابێته‌وه کە لە ئاستێکی بەرین و سەرتاسەریدا و بەشێوەی ڕۆژانە ئەنجام دەدەرێت. لەم بوارەدا ڕژیمی ئیسلامیی و مافییا و ناوەندەکانی وابه‌سته به‌و، فەرهەنگ و ئەخلاقی خۆیان ئاژین کردۆتە ناو ناخی سیستمی ئیداریی ئێرانەوە. ئیختیلاس و دزییە گەورە مێلیارد دۆلارییەکان، قسه‌ی سه‌ر زاری هەر کەسێکە. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە هێندێک لە سه‌ناگۆیانی ڕژیمیش ئیعتیڕاف بەوە دەکەن کە گەندەڵیی ئابووریی لەناو سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا، چووه‌ته ناو پێکهاتە و بە بۆچوونی ئەوانیش ئەمجۆرە مەوقه‌عییەتە هیچ ڕێگه‌چارەیەکی نییە و ڕژیم ناچارە بۆ پاراستنی سیستمەکە، خۆی لەگەڵدا بگونجێنێ. وەها گەندەڵییەک، لەڕێگه‌ی نەشتەرگەرییەکی بنەڕەتییه‌وه نه‌بێ، كه ئه‌ویش به‌واتای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌یه، ڕیشەکێش نابێت.