کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

کاتی ئەوە هاتووە پارتی کرێکارانی کوردستان بەسەر مێزی گفتوگۆکاندا بسەپێنرێت

ئۆلیڤیە گرۆژان

ڕۆژنامەی لۆمۆند، ١٣ی دیسامبری ٢٠٢٢

وەرگێڕانی : عەدنان حەسەن پوور، عەزیز ماملێ

ئۆلیڤیە گرۆژان، نووسەر و توێژەر و مامۆستای زانکۆی سۆربۆن، لە لابردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەرگری دەکات، ئەمەش بە مەبەستی «هەنگاوێکی سیاسیی نوێ» و دروستکردنی هاوسەنگی لە بەرانبەر سیاسەتی دژەکوردیی ئەردۆغاندا.

تەقینەویبۆمبێکلە١٣ینۆڤامبرلەئێستانبولدابووەهۆیکوشتنیشەشکەس. تورکیا یەکسەر پەنجەی خستە سەر پارتی کرێکارانی کوردستانی و دەستی بە ئۆپەراسیۆنی بوردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، تورکیا دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری [ی ڕۆژئاوا] بەوە تاوانبار دەکات کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن: لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا حەفتاد کەس کوژران، بەڵام تا ئێستایش دەرنەکەوتووە کێ بەرپرسی ئەو بۆمبدانانە بووە و ئەڵبەت ئەمە لە سوودی ڕەجەب تەیب ئەرۆغانی سەرکۆماری تورکیادایە کە چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن لە دۆخێکی باشدا نییە و ئەگەری شکستی لە ئارادایە.

ئامریکا، بریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیا بە نەرمی ناڕەزاییان دەربڕی و لە کاتێکدا کە تورکیا هەڕەشەی هێرشی هەمەلایەنە لە ناوچەکە دەکات، داوایان لێ کرد «ددان» بە خۆیدا بگرێت. ئەم هەڵسوکەوتە باشترین دەرکەوتەی سەرلێشێواویی ڕەفتار و سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناویندا، هەروەها نیشاندەری شێوەڕوانینیانە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەهەندوەرگرتنی پێگە و دەوری تورکیا وەک یاریچییەکی هەرێمی و نێونەتەوەیی و هەروەها یاساکانی خودی ئەم وڵاتانە دژ بە تیرۆریزم. سەرەڕای ئەمەیش، بۆ تێگەیشتن لەم سێ پێوەرە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونەکانی پێشوو.

سەرەتا دەبێ کۆتایی بەو ئەفسانەیە بهێنن کە لە ساڵی ٢٠١٤وە شێلگیرانە بەرگریی لێ دەکەن و ئەوەش بریتییە لەو جیاکارییە ڕوونەی کردوویانە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیمۆکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل، کە بە شەرڤانانی «ڕاستەقینە»ی ئازادی ناوزەد دەکران، لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا کە دەبوو وەک ڕێکخراوەیەکیتیرۆریستیلە لیستەکەدا مابایەتەوە. ئاوا ئەفسانەیەک دەرفەتی ئەوەی بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دا هێزەکانی سووریای دیمۆکرات بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا پڕچەک و ڕاهێنانیان بۆ بکات و  ئەمەش لە کاتێکدا ڕووی دا کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لایەن ئامریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدرا.

بێگومان هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی سووریا لەگەڵ کادرەکانی پەکەکە دیداریان کردووە و هەمووانیش ئاگایان لەم شتە هەیە، بەڵام لە سوودیان نەبوو باسی بکەن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سووریای دیمۆکرات کە گرێدراوی پەکەکەن، ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ داعشیان لە کۆبانی تێک شکاند، ڕەقا و دەیرەزووریان لە ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا لێ سەندنەوە و سەرئەنجام مارسی ٢٠١٩دوایین پاشماوەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان لە باغوز بەتەواوی تەفروتونا کرد. هەر ئەم هێزانەشن کە ئێستە دەستگیرکراوانی داعش، کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئامادە نیین بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، لە زیندانە ئاخنراوەکانی خۆیاندا ڕاگرتووە و ئیدارەیان دەکەن. هەر بۆیە وا دیارە ئەو ئەفسانەیە کە بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا بەسوود و کارامە بوو، ئێستە گۆڕدراوە بۆ دژەکەی خۆی.

لە ڕاستیدا هاوپەیمانیی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی سیاسەتگەلێکی دژوار، پارادۆکسیکاڵ و زۆر لەرزۆک پێڕەو دەکات، هیچ گەڵاڵەیەکی پێ نییە و ڕێگای خۆدەربازکردنیشی لێڵ و نادیارە. ئامریکا ساڵی ٢٠١٨ دوو ئامانجی دەستنیشان کرد: پاراستنی بیرە نەوتەکانی ڕۆژهەڵات و بەرگرتن بە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی داعش. ئامریکا لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیادا زۆر بە کەمی پارێزگاریی لە هێزەکانی سووریای دیمۆکرات و کانتۆنەکانی خۆسەری کردووە، هێندە کەم کە لەگەڵ ڕووسیادا دەستی تورکیایان ئاوەڵا کرد تاکوو ساڵی ٢٠١٨ کانتۆنی عەفرین و ساڵی ٢١٠٩یش ناوچەی گرێ سپیسەرێکانی داگیر بکات.

بەڵام ئامانجێکی شاراوەیش لە ئارادایە: باسی جیاکردنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە یەکینەکانی پاراستنی گەلهێزەکانی سووریای دیمۆکرات، درێژەدانە بە سیاسەتی بەتیرۆریست زانینی یەکیان و بەکارهێنانی ئەوی تریان دژ بە داعش. کە وا بوو گەرچی ئاشکرایە کە ئەم دوو ڕەوتە دەشێت ڕێسا و ئاسۆی جیاوازیان هەبێت، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان لەڕووی ڕێکخراوەیی و ئایدیۆلۆژیکەوە هەیە. یەکینەکانی پاراستنی گەلهێزەکانی سووریای دیمۆکرات بەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان چییان بەسەر دێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی جێگیربوونی پەکەکە لە سووریادا (لە ١٩٨٢ بەدواوە) بمانەوێ یا نا، سیناریۆی لێک جیاکردنەوەیان دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆیی لە ناو شەڕێکی ناوخۆییدا، هەروەها ڕێكکەوتنی تورکیا و سووریا بۆ لەناوبردنی ئەوانیشی لێ دەکەوێتەوە. نەبوونی گەڵاڵەی دیاریکراوی هاوپەیمانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، دەستی تورکیای کردووەتەوە بۆ سەپاندنی نەخشەڕێگاکانی خۆی بەسەر ناوچە کوردییەکان و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناتۆدا. تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٦وە گرێبەستێکی لەسەر پەنابەرانی سووری واژۆ کردووە و ساڵانە چەند میلیارد دۆلار لە یەکێتی ئەورووپا بە مەبەستی ڕاگرتنی شەپۆلی پەنابەران وەردەگرێت، هەمووجار هەڕەشە دەکات کە ئەو گرێبەستە هەڵدەوەشێنێتەوە و بەم شێوەیە دەرفەتی یارییەکی بەربڵاوی دیپلۆماتیک بۆ ئەم وڵاتە ڕەخساوە. شەڕی ئۆکرانیا و ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆیشدا وەها دەرفەتێکی بە ئەردۆغان بەخشی کە بتوانێت لە پرسی بوونەئەندامی سوێد و فینلاند لەو ڕێکخراوەیەدا مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا بسەپێنێت؛ بەم چەشنە وڵاتی سوێد ڕۆژی ٣ی دێسامبر یەکەم ئەندامی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا کردەوە کە یەکسەریش توندی زیندان کرا. شەڕی دژ بە کوردان وەک باشترین ستراتیژی هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان دەمێنێتەوە، بۆ مەگەر هەر ئەم بژاردەیە نەبوو کە ساڵی ٢٠١٥ لە دەسەڵاتدا هێشتییەوە؟

دواهەم بابەت دەگەڕێتەوە بۆ «تیرۆریزم»ی پەکەکە؛ تۆمەتێکی زیاتر سیاسی کە ڕێگای هەرچەشنە دیالۆگێک لەگەڵ ئەم پارتەدا دادەخات و وای لێ دەکات بۆ مانەوەی خۆی پەنا بباتە بەر پاراستنی پێگەی سەربازیی خۆی (مانەوەی سیاسیی پەکەکە هەڕەشەی لەسەر نییە، ڕێک بە پێچەوانەوە.) چونکوو پەکەکە قۆلی سەربازیی هاوپەیمانان بوو (تەنانەت ئەگەر کاتییش بووبێت) لە سەرکەوتن بەسەر بە داعشدا. چەند هەزار شەڕڤانی ژن و پیاوی بەئەزموون یان تازەنەفەس بۆ تێکشکاندنی مەترسیی دەوڵەتی ئیسلامی گیانی خۆیان بەخت کرد. بێگومان بە پێچەوانەی ئەو شتەی هەندێ لە ڕێکخراوە چەپەکانی ئەورووپا پێمان دەڵێن، ئەم ڕێکخراوەیە لایەنگری ئازادیی ڕەها نییە، چونکوو ڕێکخراوێکە بە مێژوویەکی چل ساڵەوە کە بۆ بەگژاچوونەوە و شەڕ دروست بووە و بیچمی گرتووە، هەروەها بۆ بەرەنگاری لە هەمبەر سەرکوتدا و بەگژاچوونەوەی دژایەتییە ناوخۆییەکانیش، بەڵام دواجار پەکەکە هێزێکی سەقامگیرکەرە و ئەم تایبەتمەندییەیشی دەپارێزێت، هەتا کاتێک بڕیار بدەین هەماهەنگیی لەگەڵدا بکەین بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسی لە دۆخی هەنووکەدا و بۆ دەستەبەرکردنی ئەو گۆڕانکارییەیش پێویستە کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی هەمەلایەنە لە سیاسەتی سەرەڕۆیانە و شەڕانگێزانە و هەروەها دەمارگرژیی نەتەوەپەرستانە و دژەکوردیی ئەردۆغان بهێنرێت.

ڕۆژی ٣٠ی نۆڤامبر دادگای دادی ئەورووپا لە بڕیارەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە نەدەبوو ساڵی ٢٠١٤ پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆردا تۆمار کرابا، بەڵام بەوەشەوە هەر لە لیستی ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠دا هێشتییەوە، دەکرێ تانە لەم بڕیارە بدرێت.

لە کاتێکدا کە دادگای بەلجیکا ساڵی ٢٠٢٠ بڕیارێکی دەرکرد کە نابێ پەکەکە وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی لە قەڵەم بدرێت، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی دێسامبر دادگای دادی ئەورووپا لەسەر تۆمارکردنی پەکەکە لە لیستی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بڕیار وەردەگرێت. ئێستە دەکرێ دەستی تورکیا ئاوەڵا بکرێت تاکوو درێژە بە ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات و دەوری داعش بگرێتە ئەستۆیان بڕیار بدرێت کە دەبێ لایەنێکی تر بانگهێشتی سەر مێزی گفتوگۆکان بکرێت کە وا دیارە سەپاندنی ئەو لایەنە گەلێ پێویست و زەروورییە، بە پێچەوانەوە دەبێ چاوەڕوان بین کۆی ناوچەکە نغرۆی ناو ئاژاوە و بشێوە و ناسەقامگیرییەکی تازەتر بێت.

Olivier Grojean:

مامۆستای زانکۆ، پاریس: پانتیۆنسۆربۆن

نووسەری ئەم کتێبانەیە:

« La révolution Kurde. Le PKK et la fabrique d’une utopie » ( La Découverte, 2017) et de «Politique de la violence. Organiser la lutte, de la Colombie au Pakistan » 2021, codirigé avec Amin Allal et Gilles Dorronsoro)

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-