کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کابینەی شێواوی دەوڵەتی ڕووحانی، گۆشەیەک لە قەیرانی هەمە لایەنەی ڕژیم

240

لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری، شپرزەیی نێوخۆی دەزگای ده‌سه‌ڵات لە ئێران، هەموو ڕۆژێک ئاشکرا تر دەبێت. دوو وەزیری کابینەی ڕووحانی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و دوو وەزیری تر کەوتونەتە بەر تیغی ئیستیزاح، دوو وەزیریش خەریکی نووسینی نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەیانن. وەزیرێک کە لادراوە، لە وەزاڕەتخانەیەکەوە ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌ت خانه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كرێت. جێگری سەرۆک کۆمار بە ئاشکرایی دان به‌وه‌ داده‌نێ کە هیچ کارەیە و دەڵێت:” پێم دەڵێن بۆچی لەم بارودۆخەدا مودیرەکان لانابەیت؛ ئەوان پێیان وایە کە من لەدەستم دێت مودیرێک لەسەرکار لابدەم. ئەوە لە حاڵێکدایە کە من تا ئێستا ئیجازەی لابردنی مونشییەکی خۆشم نییە چ بگات بە وەکیل و وەزیر”. بەم حیسابە قاعیدەتەن دەبێ لەمڕۆ و سبەیدا ئیستیعفا نامەی ئەویش بێتە گۆرێ. لەم ئیسعفا نامانە و لابردن و هێنانەدا، باسی لادانی ڕووحانی جارێکی تر کەوتۆتەوە سەر زاران کە گۆیا قەرار بووە وەرزی هاوین بکەوێتە بواری کرداریەوە، هێشتویانەتەوە بۆ پاییز!

خامنەیی داماوتر له‌وانی تر ئاسۆی ڕوون بۆ داهاتوی ئێران ٤٠ ساڵی دیكه‌ وەدوا خستووە و باس لە بوونی ئێران بە پێنجەمین هێزی دنیا لە ساڵی ١٤٤٤ دەکات، ئەویش لە حاڵێکدا کە نان و ئاوی خاڵی ئەمڕۆی دەیان ملیۆن لە خەڵکی ئێڕانیشی بۆ دابین نابێت. پۆستە دەوڵەتییەکان جەزابیەتی پێشویان نەماوە و هەموان نیگەرانی لەدەست دانی ئەو شتانەن تا ئێستا کۆیان کردووه‌تەوە. ژمارەیەکی زۆر لە مودیرانی باڵا لە دەزگا حکومەتیەکاندا خەریکی زەمینە سازی بۆ دەرچوون لەژێر باری بەرپرسیاریەتی و رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵاتن. نمونەی لەم جۆرە کە نیشانەی توند بوونەوەی قەیرانی حکومەتین، زۆرن.

لە ئاستێکی دیكه‌دا هەواڵی پێوەندیدار بە گەندەڵی ماڵی و دزی کردنی کەلان لە دەزگا ئیداریەکانی ڕژیمدا ئەوەندە زۆر بووە، کە خەڵک بە بیستنیان عادەتیان کردووە. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ یەکێک لەم کەسانە کە لەم ڕۆژانەدا ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆی بە ” سوڵتانی سکە”، ناوی ده‌به‌ن هێناوە، و ڕیز کردنی چەند تاوانباری تر لە پشت سەری، ناتوانێ ئاستی ئەم گەندەڵیە به‌رینه‌، په‌رده‌پۆشی بكات.

گەندەڵی ڕیشەدار لە سەرجەم ناوەندەکانی حکومەتی مەزهەبی، وەزاڕەتخانە و ئیدارەکان، قووەی قەزاییە، قووەی یاسا دانان، لەنێو هێزە نیزامییەکان، ئەمنییەتی و دەزگای سپای پاسدارانی ڕژیمدا، وەها ڕێشەی داکوتاوە كه‌ بە دیاردەیەک بێجگە لە شۆڕشی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا لەبن دەرنایەت. گەندەڵییەکی ماڵی کە دەبێ گەندەڵی ئیداری، ئەخلاقی و سیاسیشی پێوە زیاد بکرێت، تەنیویەتەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی ڕژیمیش. وەها دیاردەیەک هەڵبەت گەلێک سروشتییە. چونكه‌ لە ڕاستیدا هەر سازمان و تەشکیلات و سیستمێک، سەرئەنجام دەچێتە سەر شێوازی ڕێبەریەکەی. کاتێک دەزگایەک لەسەرەوە گەندەڵە، ژێر دەستەکانی و سەرجەم سیستمی ژێر کۆنترۆڵیشی لە خوارەوە هاو شێوەی ڕێبەریەکەی شکڵ پێ ئەدات.

لەم بارودۆخەدا دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم بە ئیعتیڕاف بە چەند گۆشەیەک لە ناکامیەکانیان، هەوڵ ئەدەن ئاگری توڕەیی خەڵک دامرکێننەوە. لەم پێوەندەدا خامنەیی قسەی فریوکارانە دەڵێت:” بەرپرسان بێجگە لە بابەتی نیزامی، ئەمنییەتی و کاروبارێک کە پێوه‌ندی به‌ بەربەرەکانی له‌گه‌ڵ دوژمنه‌، دەبێ شەفاف بن و هیچ ڕازێک لە خەڵک نەشارنەوە.”

کۆماری ئیسلامیی کەوتووه‌تە سەراولێژیەکەوە کە کۆتاییەکەی لە دەستدانی توانایی حکومەت کردنە. ئەو قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی بەرۆکی ڕژیمیان گرتووە وەها قوڵ بوونەتەوە کە ئیتر ئاسۆیه‌ك بۆ دەرچوون لێیان به‌دی ناكرێ. لە وەها بارودۆخێکدا تەنانەت ئەگەر ستڕاتێژی ڕژیم بۆ مانەوە، سەرئەنجام سازش لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی لاچوونی گه‌مارۆکان بێت، بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەش و ستەم دیتوی ئێران هیوایەک بە گۆڕینی بارودۆخی ژیان لەژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمەدا بوونی نییە. خەڵک بە ئه‌زموون بۆیان دەرکەوتوە کە ناتوانن لە چاوەڕوانی مانۆڕەکانی ڕژیم و ئاکامی سات و سه‌ودا و دان و ستانی ڕژیم لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا بن. درێژەی تەمەنی ئەم ڕژیمە بە واتای بەردوامی ژیان بەسەربردنە لە هەژاری و بێکاری و نائەمنی و پێشێل بوونی به‌رده‌وامی ئازادی و مافە سەرەتاییەکاندا. کرێکاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە بۆ دابین کردنی ژیانێکی شیاوی ئینسان و بۆ دیفاع لە هەستی و ژیانی خۆیان ڕێگایەکیان بێجگە لە خەباتی یەکگرتوانە و پەیگیر بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانییە و دامەزراندنی حاکمیەتی خۆیان نییە.