کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژینگه‌ی مرۆڤ، بارمته‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ٥ی ژوئه‌ن، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٥ی مانگی جۆزه‌ردان، به‌ پێی ڕۆژژمێری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی جیهانیی پاراستنی ژینگه‌یه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ساڵی ١٩٧٢دا له‌ لایه‌ن كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ئه‌م ڕێكخراوه‌ په‌سند كرا تا هانده‌ری پاراستنی ژینگه‌ بێت. له‌ به‌ڵگه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌دا نووسراوه‌ كه‌ ١٠٠ ده‌وڵه‌ت ئه‌م مافه‌یان قه‌بووڵ كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ پێویسته‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی سالم به‌هره‌مه‌ند بن. ئایا ئه‌م مافه‌ وه‌دی هاتووه‌ یان وه‌كوو زۆرێك له‌ مافه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌كانی دیكه‌ له‌ دنیای بورژواییدا پێشێل كراوه‌؟ ئایا ئه‌م پێشێلكرانه‌ به‌رینه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌ یان ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان توانیوێتی به‌ری پێبگرێت؟

ڕاستییه‌كان چیمان پێ ده‌ڵێن؟

دایكی ئێمه‌ زه‌وی، كه‌ به‌ پێی دوایین داتا زانستییه‌كان ته‌نیا په‌ناگای قابیلی ژیانی مرۆڤه‌‌ له‌ناو گشت كائیناتدا، تووشی قه‌یرانێكی بێوێنه‌ بووه‌. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای زه‌وی بووه‌ته‌ هۆی گه‌رمبوونی هه‌وا و به‌هه‌ڵم بوونی ئاوه‌كان. یه‌كێك له‌ دواهاته‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش خوڵقانی ویشكه‌ساڵیی خۆفناكه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ ویشك و نیوه‌ویشكه‌كان‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا ژینگه‌ی سالم و به‌رهه‌مهێنانی بژێوی سرووشتی بۆ زۆربه‌ی دانیشتووانی سه‌ر گۆی زه‌وی ڕۆژ به‌ ڕۆژ دژوارتر ده‌بێته‌وه‌. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما ده‌بێته‌ هۆی توانه‌وه‌ی سه‌هۆڵه‌ مه‌زنه‌كانی جه‌مسه‌ری زه‌وی كه‌ ئه‌وه‌ش دیسان بێجگه‌ڵه‌ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی ئاوی ده‌ریا و ئۆقیانووسه‌كان ده‌بێته‌وه‌ هۆی گه‌رمتر بوونی زه‌وی.

ئاوه‌كان، واته‌ مایه‌ی ژیانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و گیا، به‌خاتری پاشماوه‌ی ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تییه‌كان و زبڵه‌كان یه‌كجار پیس بوون. ئه‌م پیس بوونه‌ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تێكردنی كێوی پلاستیك له‌ناو ده‌ریا و ئۆقیانووسه‌كان، ژیانی ملیاردها بوونه‌وه‌ری ده‌ریایی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و باروودۆخی له‌ناوچوونی به‌شێكی زۆریانی خوڵقاندووه‌. به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ نێوه‌ڕاسته‌كانی مانگی مه‌ی ٢٠٢١دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ٢٠ كۆمپانی، نیوه‌ی زبڵه‌ په‌لاستیكیه‌ یه‌كبار مه‌سره‌فه‌كان به‌رهه‌م دێنن كه‌ ڕه‌وانه‌ی ده‌ریا و ئۆقیانووسه‌كان ده‌كرێن. پاراستنی ئۆقیانووسه‌كان و به‌رده‌ مه‌رجانییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا، دابین كردنی مادده‌ی خۆراكی و پێشگیری له‌ له‌ناوچوونی فره‌چه‌شنیی ژینگه‌یی، یه‌كجار گرینگه‌. به‌ڵام كرده‌وه‌ی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر جیهان، به‌پێچه‌وانه‌یه‌.

گه‌رمبوونی زه‌وی و كه‌مبوونی باران و له‌ناوبردنی دارستانه‌كان، بووه‌ته‌ هۆی ویشك بوونی چۆماو و تاڵاو و ده‌ریاچه‌كان. له‌ناوبردنی دارستانه‌كان هه‌روه‌ها خوڵقانی بیابانه‌ به‌رینه‌كانیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. دارستانه‌كانی ئامازۆرن، كه‌ گه‌وره‌ترین دارستانه‌كانی بارانیی جیهانن و به‌ سیه‌كانی زه‌وی ناوبانگیان ده‌ركردووه‌، به‌خاتری‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی پارێزه‌ری سه‌رمایه‌ له‌ برێزیل وئاگركه‌وتنه‌وه‌ی به‌ئانقه‌ست و بڕینی داره‌كان له‌ ئاستی به‌ریندا، ڕۆژ به‌ ڕۆژ لێیان كه‌م ده‌بتێه‌وه‌. ده‌رهێنانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری مادده‌ مه‌عده‌نییه‌كان  له‌ لایه‌ن كۆمپانییه‌كانه‌وه‌، به‌رهه‌مهێنانی به‌رین و  داسه‌پاندنی به‌كارهێنانی ناپێویست به‌سه‌ر دانیشتووانی به‌شێك له‌ جوگرافیای جیهان  و فڕێدانی كێوێك له‌و كاڵایانه‌ی كه‌ ساڵیانێكیتریش به‌كاردێن و به‌كه‌ڵكن له‌گه‌ڵ گشت ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ باسیان لێكرا، كاره‌ساتی ژینگه‌ییان له‌ ئاستی جیهاندا په‌ره‌پێداوه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌ ته‌نیا ژیانی مرۆڤ، به‌ڵكوو ژیانی ملیاردها بوونه‌وه‌ری دیكه‌شی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ توانای مانه‌وه‌یان نه‌بووه‌ له‌ناوچوون و باقییه‌كه‌شیان به‌ره‌وڕووی گه‌لێك كێشه‌ی ژینگه‌یی بوونه‌ته‌وه‌. لێكۆڵینه‌وه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نیشانیان داوه‌ كه‌ گوشاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌ر ژینگه‌، میكرۆئۆرگانیسمه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی له‌ناوچوون به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وانیش بۆ درێژه‌ی ژیانیان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گۆڕان و له‌ئاستێكی به‌ریندا هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر مرۆڤ، كه‌ ویرووسی كۆرۆنا دوایین نموونه‌یه‌تی.

هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م باروودۆخه‌، خاوه‌نانی كۆمپانییه‌ زه‌به‌لاحه‌كان، ده‌وڵه‌تانی خزمه‌تكاریان، شه‌ره‌نگێزان و ئه‌رته‌شه‌كانی جیهانن. هه‌ربۆیه‌ هه‌موو ڕێكه‌وتنه‌كانی وه‌ك ڕێكه‌وتنی پاریس، كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ بورژواییه‌كانه‌وه‌ واژۆ كراوه‌ و به‌ڵێنی هێنانه‌ خواری گازه‌ گوڵخانه‌ییه‌كان و گه‌رمبوونی جیهانیان داوه‌، له‌ژێر پێی كێبه‌ركێی زاتیی سه‌رمایه‌دا له‌ت ده‌بن و وه‌لا ده‌ندرێن. ڕاسته‌ توندئاژۆكانی وه‌ك كۆماری ئیسلامیش له‌ زومره‌ی هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌ناوبردنی ژینگه‌ن.

كاره‌ساتی ژینگه‌ له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بابه‌تێكی به‌ناوبانگه‌. پڕۆژه‌ی ڕژیم بۆ خودكه‌فایی كه‌شاوه‌رزی ئاكامی مه‌ترسیدار و قه‌ره‌بوونه‌كراوه‌ی بۆ ئاوه‌كانی ئێران لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. كشت و كاڵ به‌شێوه‌ی نازانستی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند ئاستی ئاوه‌كانی ژێر عه‌رز ١٠ میتر بڕۆنه‌ خوارتر و زۆربه‌ی ده‌ریاچه‌كانی ئێران یان ویشك بن و یان به‌ره‌و ویشك بوون بچن. باروودۆخی دڵته‌زێنی ده‌ریاچه‌ی ورمێ كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی نازانستیانه‌ی به‌ندئاو درووستكردنی سپای پاسداراندا به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌ڕوات، له‌ نموونه‌كانی ویشك كردنی ئاوه‌كانه‌ له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌. كارناسان نووسیویانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا ٩٠ له‌سه‌دی  ژینگه‌ی ئێران له‌ناوچووه‌، به‌رینایی دارستانه‌كان نیوه‌ بووه‌، ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ پله‌ی یه‌كه‌می له‌ناوبردنی خاك له‌ئاستی جیهاندا و ساڵانه‌ دوو ملیارد تۆن له‌ خاكه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات. له‌ناوچوونی خاك ده‌بێته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی بیابانه‌كان و هه‌ربۆیه‌ ئێران پله‌ی یه‌كه‌می بیابانزایی پێدراوه‌ له‌ئاستی جیهاندا و له‌ هه‌ر ده‌قیقه‌دا ٣٠ میتری چوارگۆش له‌ خاكی ئێران ده‌بێته‌ بیابان.  له‌ نیوه‌ی ده‌شته‌كاندا باروودۆخه‌كه‌‌ تا ڕاده‌یه‌ك قه‌یراناوییه‌ كه‌ به‌كرده‌وه‌ كشت و كاڵ تێیاندا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ به‌م ئاماره‌ ڕێژه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پیس بوونی ئاو، خاك و هه‌واش زیاد بكه‌ین.

زۆرێك له‌ چالاكانی ژینگه‌پارێز هه‌وڵیان داوه‌ تا له‌ شێوازی هه‌ڵه‌ی ئاوداشتن و له‌ناوبردنی دارستانه‌كان له‌ ئێران ڕێگری بكه‌ن. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی ڕژیمی ئیسلامی، ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ته‌نانه‌ت كوشتنی ئه‌وان بووه‌. سپای پاسداران كاووس سه‌ید ئیمامی و گرووپه‌كه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌ ژینگه‌ییه‌كان نیشان ده‌دا، ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و كاووس سه‌ید ئیمامیی له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوشت تا گه‌ڵاڵه‌ نیزامی و دژه‌مرۆیی و كاولكه‌ره‌كانی ژینگه‌یان لێ له‌قاو نه‌درێ. ئه‌م هێزه‌ دژه‌مرۆییه‌ كه‌سانێكی وه‌ك شه‌ریف باجوه‌ر، محه‌ممه‌د په‌ژووهی، ره‌حمه‌ت حه‌كیمی نیا و ئۆمید كۆهنه‌پووشیی به‌ئانقه‌ست له‌ناو دڵی ئاگردا ڕه‌ها كرد تا هێزه‌ ژینگه‌پارێزه‌كان لهناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌ك مه‌ریوان ده‌ست نه‌ده‌نه‌ ڕێكخستن.

به‌ڵام ڕژیم سه‌ره‌ڕای هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی دڕندانه‌ دژبه‌ چالاكانی ژینگه‌پارێز، له‌و مه‌یدانه‌دا شكستی خواردووه‌. ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی دیفاع له‌ ژینگه‌ ئه‌و هێزه‌ سێكۆلارانه‌ی تێدایه‌ كه‌ سیاسه‌ته‌كانی دژه‌ ژینگه‌ی ڕژیم ده‌به‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. چالاكانی ژینگه‌پارێزی ئێران به‌شێك له‌و بزووتنه‌وه‌ مه‌زنه و هێزی خه‌باتكاری پاراستنی ژینگه‌ن له‌ئاستی جیهاندا. له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا هه‌زاران چالاكی تازه‌لاو و لاوی وه‌ك گرێتا تۆنبێرگ، كه‌ به‌ تازه‌یی بووه‌ته‌ ١٨ ساڵ، ده‌بیندرێ. سۆسیالیسته‌كان له‌م بزووتنه‌وه‌دا ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه‌. ئه‌وان خوازیاری كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ سه‌نعه‌تی سه‌وز له‌جیات سه‌نعه‌تی ئێستا و ڕاگرتنی به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نییه‌كانی وه‌ك نه‌وت و گاز و به‌ردی خه‌ڵووزن. كه‌لامی كۆتایی ئه‌وه‌یكه‌ سۆسیالیسته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژینگه‌ خوازیاری گۆڕینی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ژینگه‌ن به‌جۆرێك كه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ دوژمنانه‌یه‌ی ئێستا بێته‌ ده‌ر و ببێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌. بێگومان ئه‌وه‌ش وه‌دی نایه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ نیزامێكی سۆسیالیستی دابمه‌زرێت كه‌ تێیدا قازانجپه‌رستیی سه‌رمایه‌داران هانده‌ری به‌رهه‌مهێنان نه‌بێت.