كاروان عەبدوڵڵا
ئەو ڕۆژەى لە داخى پۆليسى سەركوتگەرى توونس “محەمەد بوعەزيزى“، گەنج كە لەسەر عەرەبانە دەستيیەكەى شتى دەفرۆشت و سوكايەتييان پێكرد، ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا، بەدوايدا خەڵكى تونس ڕژانە سەر شەقام و ڕق و توڕەيى چواردە ساڵەى خۆيان بەسەر پۆليس و دەسەڵاتى ئەو وڵاتە و (زەين عابدين)دا ڕژاند و شۆڕشى هەژاران و خەڵكى ستەمديدە و كرێكاران و زەحمەتكێشان تەرمى بوعەزيزيان خستە سەر شان و كۆتاييان بە حوكمى عابدين هێنا. مەرگێک، مەرگى بوعەزيزى، بوە داينەمۆى شۆڕشى ڕاپەڕين و بە مەرگى خۆى زۆربەى سيستمە سياسييەكانى جیهانی عەرەبی قڵپ كردەوە، مەرگى بوعەزيزى وەچەرخانى گەورە بوو لە باكورى ئەفريقيا، دواتر پەڕييەوە بۆ ميسر، يەمەن، سوريا و ليبيا و (بەهارى عەرەبى) لێكەوتەوە. دەرهاویشتە و دەرئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی هەرچییەک بن و بەرەو هەر ئاڕاستەیەک چووبێت، لە گەورەیی قوربانیدانی بوعەزیزی و کاریگەریی هەڵوێستەکەی کەم ناکاتەوە.
كوشتنى (ژينا ئەمينى) كچە كوردى سەقزى خۆرهەڵاتيش لە لايەن پۆليسى ئادابەوە، بە بيانووى ئەوەى جلەكانى نەشياو بوە، پاش لێدان و سوكايەتى، پۆليس قۆڵبەستى دەكەن و ئازار و ئەشكەنجەى دەدەن، تا سێ ڕۆژ لە بيمارستان مايەوە و دواتر گيانى سپارد، مەرگى ژيناش سەرئەنجام دەبێتە مايەى توڕەيى و نيگەرانى خەڵكى سەقز و ڕۆژهەڵات.
چ بيانوويەكى نالۆژيكى و نامۆڕاڵييە بەهۆى جل و بەرگەوە، گيان لە كەسێك بستێنى و چ زاڵمانەيە ئەم هەموو سوكايەتييە، چ سەختە، کە ئامادە بێت جەستە بکاتە قوربانیی ئەو کەرەستەیەی جەستەی پێ دادەپۆشرێت، هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕووداوەى تێدا ڕوونەدات.
ئايا گرفتى ئينسان جل و بەرگييەتى؟ يان عەقڵ و حوكمڕانييەكەيەتى؟ خەڵكى ئێران دەيانەوێت ئازاد بژين، ئازاد جل بپۆشن، ئازاد بخۆن و بخەون، گرفتەكە ئەوەيە ئينسان داواى عەدالەت دەكات، داواى ماف و پاراستنى كەرامەت دەكات. داواى ئەوە دەكات ژن وەكو ئينسان سەير بكرێت، كورد وەكو ئينسان سەير بكرێت، فارس و تورك و كورد حسابى هاوڵاتييان بۆ بكرێت. بەڵام لە غيابى هەموو ئەو بێ مافى و ناعەدالەتييەدا ناچار پەنا بۆ كوشتن، زەبر و زەنگ دەبرێت بە بيانووى حيجاب. بەردەوامبوونی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە سەر ئەم جۆرە کردەوانە، میکانیزمێکی ئەو دەسەڵات خۆیەتی، کە بە حیسابی خۆی دەیەوێت بەمە گرفتە سیاسی و ئازادییە تاکەکەسییەکان لە بیر خەڵک بەرێتەوە. بێئاگا لەوەی ئەمە هێندەی تر ئەو گرفتانە قووڵتر دەکاتەوە.
ئەوەى دوێنى لە سپاردنى تەرمى ژينا لە گۆڕستانى سەقز بينيمان، پێمان دەڵێت توڕەيى خەڵكى كوردستان گەيشتۆتە سەرى لوتيان و بێزارن لەم ژيان و جەورە، بێزارن لەم كوشتن، كوشتار و هەژارايى و دەستتەنگيە.
بێزارن لە سوكايەتى بە ژنان و كچان، سوكايەتى بە هونەر، كلتور، زمان، ئۆلگۆ، ڕەمز و سيمبوڵەكانيان.
بێزارن لە قسەى نەوتراوى قوڕگى قوفڵدراوى بێ ئازادييان و خەريكە دەخنكێن.
بێزارن لە نەبوونى سفرەيەكى شايستەى ئينسانى و خاڵى لە تێربوونيشيان.
دەبێت بزانرێت ئەو هەموو خرۆشانە جەماوەرييەى سەقز و شارەكانى تر، بەر هەقە و حەقانييەتى هەيە، ئەوان هەموويان (ژينا)ن و بەو ڕووداوانە حەرەكەتى ڕەوڕەوەى مێژوويى گۆران خێراتر دەبێت.
ئەوەى خەڵكى سەقزى هێنايە سەر شەقام و فەزاى كپى گۆڕستانى گۆڕى بۆ نركە و هاوار و سروودى شۆڕشگێڕانە و حەماس و خرۆشى خەڵكى سەقزى شۆڕشگێڕ و شارەكانى ترە، بە تەنها پرسێكى سادەى بەخاکسپاردنی ژنێك نييە، بە تەنها پرسى مەرگى ژينا نييە.
نازانم دەزانن يان نا، پرسى هاوارى ناو گۆڕستان، پرسى هەموو ماڵێكى سەقزە، پرسى هەموو ماڵێكى ڕۆژهەڵاتە، پرسى كۆلێت و ماڵەكانى سنە، مەريوان، بۆكان، مهاباد، جوانڕۆ، بانە، سەردەشت، لۆرستان و ورمێيە.
پرسى دەنگ هەڵبڕينە، مەرگى ژينا بيانوويەكى كوردانەى حەقانييە، كە هەموو سات، چركە و سەعاتێك، ڕۆژێك، مانگ و ساڵێ ئامادەيە و سازە.
دڵنيام مەرگى (ژينا ئەمينى) سەقزى ڕێكاوڕێك هاوشێوەى مەرگى (محەمەد بوعەزيزى) توونسە، كە ئەويان لە تونس و ئەميان لە سەقزە، بەڵام ماجەراكە يەك مانا و مەدولول، يەك پرس و يەك ڕيوايەت و چيرۆكى هەيە، كە سوكايەتى و شكاندنى كەرامەتى ئينسانە.