به‌دوای ده‌ستپێكی ده‌وری نوێی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌دژی كه‌مبوونی ئاو و گرانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پێداویستییه‌كانی ژیانی خه‌ڵك و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی دۆلار، ڕووحانیی و هه‌ندێ له وه‌زیره‌كانی هه‌ر كاتێك هه‌لێكیان به‌ده‌ست كه‌وت، هه‌ركامیان به زمانی تایبه‌تی خۆیان باسیان له هه‌ستیار بوون و مه‌ترسیدار بوونی بارودۆخه‌كه كرد. ئه‌وان دانیان به‌وه دانا كه تێكڕایان چ ڕێفۆرمخواز و چ به‌ناژووخواز له كه‌شتییه‌ك دان كه ئه‌گه‌ر ژێرئاو كه‌وێت، سه‌رجه‌میان نۆقم ده‌بن. ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كی له لایه‌ن ڕووحانییه‌وه دیاری ده‌كرێت، كاتێك ده‌ڵێت: ده‌ستی به‌ناژووخوازه‌كان ماچ ده‌كات تا پێكه‌وه ده‌سه‌ڵات له نۆقم بوون ڕزگار بكه‌ن. ئه‌م ئاڕاسته‌یه له لایه‌ن سه‌ردارانی سپا و سه‌رانی به‌ناژووخوازی ده‌سه‌ڵات پێشوازی لێكرا. ئێستا تۆپه‌كه له مه‌یدانی ڕێبه‌رانی ناسراوی ڕێفۆرمخوازی ده‌سه‌ڵات دایه، تا هه‌ڵوێستی خۆیان له ئاست ئه‌م به‌ره ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ی ده‌سه‌ڵات كه به‌رامبه‌ر به شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك پێكهاتووه، ڕابگه‌یه‌نن. هه‌ر چه‌ند سیماكانی ده‌ستی دووی ڕه‌وتی ڕێفۆرمخوازان یه‌ك له‌دوای یه‌ك، به‌یعه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕووحانیی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌كانی ڕژیم چاوه‌ڕێی په‌یوه‌ست بوونی ڕێبه‌رانی سه‌ره‌كی ڕه‌وتی ڕێفۆرمخوازان بوون. هه‌ر چه‌ند پێشبینی ئه‌وه‌یكه ئه‌وانیش ئیتر زیاتر له‌وه ناتوانن، وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆنێكی موحته‌ڕه‌م بمێننه‌وه و دره‌نگ یان زوو به‌م به‌ره ناڕه‌سمییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن، به‌ڵام له هه‌ر حاڵ‌دا تا ڕاگه‌یاندنی ئاشكرای ئه‌م په‌یوه‌ست بوونه، هێشتا هه‌نگاوێكی مابوو.
سه‌رئه‌نجام “محه‌ممه‌د خاتمی” و “محه‌ممه‌د ڕه‌زا عارف” دوو سیمای ناسراو و دوو كه‌سایه‌تیی سه‌ره‌كیی ڕه‌وتی ڕێفۆرمخواز، كه له ده‌ره‌وه‌ی “حه‌سه‌ر” دان، هاتنه قسه و كۆتاییان به‌م چاوه‌ڕوانییه هێنا. “محه‌ممه‌د ڕه‌زا عارف” له “بۆنیادی ئومیدی ئێرانی‌یان” قسه‌ی كرد. ناوبراو له سه‌ره‌تادا ئه‌م بۆنیاده‌ی به “ژووری بیركردنه‌وه‌ی ڕێفۆرمخوازان” ناوبرد. ئه‌و له قسه‌كانیدا گرینگ‌ترین كێشه‌ی ئێستای ڕژیمی به “پێبه‌ند نه‌بوون به ئه‌خلاقی ئیسلامیی” ناوبرد و ڕێگاچاره‌ی له سیاسه‌تێكی دیاریكراو له لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه واته، “پێڕه‌وی كردن له ئێقتسادی مقاومه‌تی” ده‌ست نیشان كرد. به‌ڵام “پێبه‌ند نه‌بوون به ئه‌خلاق” شتێك نییه جگه له بانگێشتی سه‌رشۆڕانه له لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر بۆ قه‌بووڵ كردنی به‌یعه‌ته‌كه‌ی ئه‌وان. “محه‌ممه‌دی خاتمی” كه‌سایه‌تیی سه‌ره‌كی ڕێفۆرمخوازان كه له ده‌سه‌ڵات دوورخراوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام كه‌وتووه‌ته به‌ر بێ مێهرییه‌وه، له “بۆنیادی باران” ئه‌ویش ته‌كلیفی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ڕووحانیی ڕوون كرده‌وه. ڕێفۆرمخوازانی حكومه‌تی “بۆنیادی باران”به یه‌كێكی دیكه له “ژووره‌كانی بیركردنه‌وه” ناو ده‌به‌ن. خاتمی له سوخنه‌رانی خۆی له‌ناو لاوانی ڕێفۆرمخواز، وێڕای ئاماژه به په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی له وڵات، بارودۆخه‌كه‌ی به مه‌ترسیدار ناوبرد و سه‌رئه‌نجام وتی كه ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌وان “ڕزگاركردنی ئێران” له‌م دۆخه‌یه. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ده‌زانن كه “ڕزگار كردنی ئێران” له ڕاستیدا شتێك جگه له عه‌لامه‌تی ڕه‌مزی “ڕزگار كردنی ڕژیم” له‌م دۆخه نییه. ڕێكاری خاتمی بۆ نه‌مانی مه‌ترسی كه ئه‌و به “لافاوی بنبڕ” ناوی ده‌بات، هاوكاری له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ڕه‌وته‌كانی ناو حكومه‌ته. به‌ڵام نه “ئه‌خلاقی ئیسلامیی عارف” و نه‌گه‌نده‌ڵی ئاماژه پێكراوی خاتمی، هیچكامیان ته‌نانه‌ت گۆشه‌یه‌ك له كاره‌ساتێك كه ٤٠ ساڵه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته، به‌سه‌ر كرێكاران، بێكاران، په‌ڕاوێزنشینان، لاوان، ژنان و خوێندكاران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و هه‌روه‌ها به‌سه‌ر خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان هێناویانه، نیشان نادات. ڕێبه‌رانی ڕێفۆرمخواز هه‌م دیسانه‌وه خۆڵ ده‌كه‌ن به چاوی خه‌ڵكه‌وه. سیاسه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ئه‌و نوسخه كۆنه‌یه كه له‌و كاتدا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بوو و به‌شێوه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو به‌ڕێوه‌یان ده‌برد و ئه‌مڕۆ له به‌سته‌به‌ندی نوێ و له زه‌روه‌ره‌قی “پێبه‌ندبوون به ئه‌خلاق و خه‌بات له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی”، ده‌ی پێچنه‌وه. ئه‌مجاره به شێوه‌ی ڕه‌سمی و ڕاگه‌یه‌ندراو له پێره‌و كردنی بانگهێشتی ڕووحانیی بۆ به‌ناژووخوازان هاتووه‌ته گۆڕێ.
مه‌گه‌ر له ده‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی محه‌ممه‌دی خاتمی نه‌بوو كه كرێكارانی ناڕازیی خاتوون ئابادیان دایه به‌ر گولله و هیچ مه‌ئموورێكی حكوومه‌تیش لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرا؟ مه‌گه‌ر هه‌ر له ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتی خاتمی نه‌بوو كه قتڵه زنجیره‌ییه‌كان ڕوویاندا؟ كوان بكوژرانی پوویه‌نده، مۆختاری و ده‌ستووپێوه‌نده‌كانی كوشتنی فرووهه‌ره‌كان و كه‌سانی دیكه؟ سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و كوشتاری خابگای خوێندكاران مه‌گه‌ر به‌كرده‌وه ده‌ستكه‌وتی “هاوكاری له‌گه‌ڵ باقی ڕه‌وته‌كانی ناو حكوومه‌ت” نه‌بوو؟ له ڕاستیدا ڕێبه‌رانی ڕێفۆرمخوازی حكوومه‌تی له “ژووره‌كانی بیركردنه‌وه”، به درووستی هه‌ستیان به‌م مه‌ترسییه كردووه و نوسخه‌ی هاوكاری ڕه‌وته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاتیان بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌ترسییه نووسیوه. مه‌ترسی له شه‌قامه‌كان و كارگاكان و كارخانه‌كان دایه. خاتمی و عارف به‌ر له هه‌موو كه‌سێك، په‌یامی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكیان له به‌فرانباری پاره‌كه كه به ده‌نگی به‌رز ده‌یان گوت: “ڕێفۆرمخواز، به‌ناژووخواز، ئیتر ته‌واو ماجه‌را” ده‌بیست. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا خه‌ڵكی خه‌باتكار نه‌بوون كه هه‌ستیان به كۆتایی ئه‌م گه‌مه‌یه كردبوو، به‌ڵكوو ڕێفۆرمخوازانیش له سیاسه‌ته‌كانیان بێ هیوا ببوون و ڕێگاچاره‌ی ڕزگاربوونیان له هاوكاری له‌گه‌ڵ باقی ڕه‌وته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات ده‌دیه‌وه. درووشمه‌كانی “نان و ئازادی” وه‌ك كوتكێك وه ته‌پڵی سه‌ری ئه‌وانیش كه‌وتووه. ئه‌مه ئه‌م مه‌ترسییه كه خاتمی و هه‌موو ڕه‌وته‌كانی ناوخۆی ڕژیم ده‌یانهه‌وێت له‌دژی به ڕێككه‌وتنێكی نوێ بگه‌ن، تا به‌ڵكوو كه‌شتییه شكاوه‌كه‌یان له نوقم بوون ڕزگار بكه‌ن.
نیگه‌رانی ڕێفۆرمخوزانی دوورخراوه له ده‌سه‌ڵات و به‌ناژووخوازان كه ئه‌مڕۆ ڕه‌سمه‌ن ڕێگای هاوكاری و ڕێككه‌وتنیان گرتووه‌ته به‌ر، ترسیان نه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی به‌رجام و نه له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا و نه له پشتێكردنی ئۆرووپا و ڕووسییه و چینه، به‌ڵكوو له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكێكه كه ئیتر ناترسن و به‌ده‌نگی به‌رزه‌وه پێیان ده‌ڵێن: هه‌مووتان گه‌نده‌ڵن و دوژمنی خه‌ڵكن.” پێیان ده‌ڵێن: ئێوه بوون كه هه‌موو سه‌روه‌ت و داهاتی ژێرزه‌وی و سه‌رزوه‌ی و هه‌موو به‌رهه‌می ئه‌م وڵاته‌تان له پێناوی پاراستنی حكوومه‌تی جه‌نایه‌تكاری سوورییه و حیزبۆڵڵای لوبنان و حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن خه‌رج كرد. ئێوه بوون كه پڕۆژه‌ی ئه‌تومی بێ كه‌ڵك و مووشه‌كی ئینسان كوژتان به قیمه‌تی سه‌روه‌ت و داهاتی ئه‌م وڵاته، برده پێش. ئیتر به‌سه ئێمه ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌مان ناوێت.