هه‌روه‌ك پێشبینی ده‌كرا به‌دوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا و باقیی هێزه‌كانی ناتۆ له ئه‌فغانستان، ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته ڕووخا. ئه‌شره‌ف غه‌نی سه‌رۆك كۆماری پێشوو و هاوڕێیانی نزیكی، له كابۆل پێته‌ختی ئه‌فغانستان ڕایان‌كرد و هێزه‌كانی تاڵه‌بان چوونه ناو ئه‌رگی سه‌رۆك كۆماریی ئه‌م وڵاته‌وه. به‌مجۆره بۆ جارێكی دیكه مێژووی پڕ له هه‌وراز و نشێوی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی ئه‌فغانستان هه‌ڵدرایه‌وه و دیسان كۆنه‌په‌رستیی تاڵه‌بان به‌سه‌ر وڵاتی ئه‌فغانستاندا زاڵ بوو. ئه‌گه‌رچی دواهاتی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تاڵه‌بان به‌سه‌ر ئه‌فغانستان بۆ گشت خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته به‌ژانه، به‌ڵام ژنان یه‌كه‌مین قوربانییانی ئیماراتی ئیسلامیی ئه‌فغانستان ده‌بن. له ده‌وره‌ی پێشووی حكوومه‌تی تاڵه‌بان، له ماوه‌ی پێنج ساڵدا ژنان دژوارترین ڕۆژگاری خۆیان ته‌جروبه كرد و له ئێستادا ده‌ستكه‌وته‌كانی دوو ده‌یه چالاكی و خه‌باتیان بۆ جارێكی دیكه كه‌وتووه‌ته مه‌ترسییه‌وه و خۆف و دڵه‌ڕاوكێی ژنانی ئه‌فغان، سه‌ردێڕی هه‌واڵی هه‌موو میدیا گرینگه‌كانی جیهانه.
به‌ڵام بێگومان تاڵه‌بان ناتوانێ به‌و ئاسانییه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی له چنگ ده‌وڵه‌تی گه‌نده‌ڵ و ده‌ستنیشانده‌ی ئه‌مریكا ده‌رهێنا، هه‌ر به‌و ئاسانییه‌ش به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌فغانستاندا حكوومه‌ت بكات و ده‌ستكه‌وتی كۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بپارێزی. ئه‌خلاق و كلتوور و ئامانجی كۆنه‌په‌رستانه‌ی تاڵه‌بانه‌كان، پێناسه‌ی كۆمه‌ڵی ئه‌فغانستان نییه. وشیارییه‌كی سیاسی و ئیراده‌ی خه‌باتكارانه‌ی پێشڕه‌و كه به‌تایبه‌ت له‌ناو جه‌ماوه‌ری ژنان و له شاره گه‌وره‌كان پێكهاتووه، زۆر ناخایه‌نێ كه خۆڕاگرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێز ده‌خوڵقێنێت.
ئه‌مڕۆ توندئاژۆیانی ئیسلامی له كۆماری ئیسلامییه‌وه تا ئیماراتی ئیسلامیی تاڵه‌بان له ئه‌فغانستان، له خه‌لافه‌تی ئیسلامی عێراق و شامی پێشوو تا حه‌شدی شه‌عبی، له ئه‌ردۆغانی توركییه‌وه تا پاكستان، شه‌ڕێكی ئاشكرایان دژبه ژنان ڕاگه‌یاندووه. هه‌ربۆیه به‌ره‌ی خه‌بات دژبه تاڵه‌بان له ئه‌فغانستان به به‌رینایی هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت. بناژۆخوازانی ئیسلامی به‌ته‌مان نیوه‌ی كۆمه‌ڵ، واته پیاوان بكه‌نه هۆكار و فاكتۆری گوشار و هه‌ڵاواردن دژبه نیوه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ واته ژنان. ئه‌ركی ژنان له ڕوانگه‌ی ئه‌م كۆنهپهرستانهوه، هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، مانه‌وه له ناو ماڵ، منداڵ به‌دنیا هێنان و به‌شداری نه‌كردن له هه‌رجۆره چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه. ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ له ئه‌فغانستان له دوژمنایه‌تی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ژنان و مافه‌كانیان ڕوو ده‌دات، هاوشێوهكهیمان له حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران و له خه‌لافه‌تی داعشدا به ڕوونی بینیوه و ته‌جروبه كردووه.
خومه‌ینی ٢٠ ساڵ به‌رله به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی، به‌ئاشكرا و ڕاشكاوانه له‌گه‌ڵ مافی ده‌نگدانی ژنان دژایه‌تیی كرد و هه‌رجۆره چالاكییه‌كی ئه‌وانی له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ حه‌رام ڕاگه‌یاند. كتێبی “توضیح المسائل“ی خومه‌ینی، زۆر به ئاشكرا ژنان وه‌ك ئامرازی خۆشیی پیاوان پێناسه ده‌كات. پیاو ده‌توانێ هاوكات چه‌ندین هاوسه‌ری بێت و “ئه‌گه‌ر پێویست بێت” توندوتیژیی فیزیكیش له‌دژیان به‌كار بێنێت. خومه‌ینی ته‌نانه‌ت هاوسه‌رگیری كردن له‌گه‌ڵ منداڵانی كچی ٩ ساڵه‌ی بۆ پیاوان حه‌ڵاڵ و جاییز ڕاگه‌یاند.
له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌ها به‌رنامه‌یه‌ك كۆماری ئیسلامی هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌می به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنییه‌وه سه‌ركوتی ژنانی له‌ڕێگه‌ی حیجابی ئیجباری و ته‌سوییه‌ی به‌رینی هێزی كاری ژنان له ئاستی كۆمه‌ڵ ده‌ستپێكرد. هێندێك له پیشه‌كانی بۆ ژنان قه‌ده‌غه كرد، مافی ته‌ڵاق و سه‌رپه‌رستیی منداڵانی لێ زه‌وت كردن. پێگه‌ی یاسایی دوو ژن له به‌رامبه‌ر پیاوێكدا به‌یاسا ده‌رهات. ڕه‌زایه‌تی و ئیزنی هاوسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی زۆرێك له كاره‌كان و سه‌فه‌ركردن، بۆ ژنان ئیلزامی كرا. ناوه‌ند و گه‌شتی تایبه‌ت بۆ سه‌ركوتی ژنان ڕێكخران. حكوومه‌تی ئیسلامی له‌پێناو چێژی سێكسیی پیاوان، له‌شفرۆشیی ئیسلامیی له‌ژێرناوی سیغه ڕێكخست و ئه‌م تیجاره‌ته سێكسییه‌ی كرد به سه‌رچاوه‌یه‌كی ماڵی بۆ ناوه‌نده مه‌زهه‌بی و ئاخونده‌كان.
به ته‌غزییه هه‌ر له‌م سه‌رچاوه‌یه‌ی كۆنه‌په‌رستی، خه‌لافه‌تی ئیسلامیی عێراق و شام به‌هه‌زاران ژنی كوردی ئێزدیی به‌ره‌و بازاڕی كۆیلهفرۆشی برد. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا لات و لوته‌كانی داعش بۆ هه‌رجۆره ده‌ستدرێژی و توندوتیژییه‌ك دژبه ژنان، ئازادیی ته‌واویان هه‌بوو.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنان نووكی هێرشی هه‌موو بناژۆخوازانی ئایینی و كۆنهپهرستانن، موقاومه‌ت، خه‌بات و دادخوازیی ژنانیش خاڵی لاواز و هه‌ستیاری توندڕه‌وانی مه‌زهه‌بییه. هه‌روه‌ك چۆن خه‌لافه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ی داعش شكستی خوارد و ژنان له كۆیلهتیی سێكسی ئازاد بوون و زۆرێك له ژنانی كوردی ئێزدی له ئاستی جیهاندا گه‌لێك به‌سه‌رهاتیان ده‌رباره‌ی تیرۆر و ده‌زگای جهحهنهمیی ئه‌میران و جه‌نایه‌تكارانی داعش گێڕاوه، ئیماراتی ئیسلامی تاڵه‌بان و حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێرانیش ده‌ڕووخێن و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب پێشڕه‌وان و پێشقهڕاوڵانی ئه‌م ئازادییه و بنیات نانی جیهانێكی ئینسانی و دیمۆكراتیك ده‌بن. به‌شداریی چالاك، ئازاد و به‌رابه‌ری ژنان له گشت كاروباری ناو كۆمه‌ڵ، پێش مه‌رجی دیمۆكراتیزه بوونی كۆمه‌ڵ و ناوه‌ندی بنه‌ماڵه‌یه. یه‌كێك له جیددیترین و گرینگ‌ترین پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئازادیی كۆمه‌ڵگایه‌ك، ئاستی ئازادیی ژنان و مافی یه‌كسانی ئه‌وانه له هه‌موو بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. به‌هێزكردنی خه‌باتی ژنان، پشتیوانیی به‌رین و بێده‌ریغ له مافی یه‌كسانی ژن و پیاو، مه‌حكووم كردنی هه‌رجۆره هه‌ڵاواردن و بێ مافییه‌ك دژبه ژنان، مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و وه‌دی هاتنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و به‌رابه‌ره. ژنان و هه‌موو خه‌ڵكی شه‌ریفی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌بیریان ناچێته‌وه كه چ هێز و دهسهڵاتگهلێك یارمه‌تیده‌ری به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی داعش، تاڵه‌بان و كۆماری ئیسلامی بوون و ئه‌وانیان ته‌یار كرد و له به‌رامبه‌ر جهنایهتهكانیاندا بێده‌نگ بوون.