هەژاری ئەمڕۆ لە ئێران لە لایەک یەکێکه لە گرینگترین پرسە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگایە و لە لایەکی دیکەشەوە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم خۆڕێکخستن و ناڕەزایەتی سیاسیی و پلان بۆ داڕێژراو و وشیارانە لە دژی ئەو دۆخەی ئێستا. ناسینی دروستی ئەم دۆخە و ئەوەی کە چی دەبێت بکرێت، لە زومرەی گرنگترین بابەتەکانی بەردەم هەر حیزبێکی سیاسی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز و هەر ئینسانێکی خەباتکار و ناڕازییە. ئامارە نافەرمییەکان دەریدەخەن ک نزیکەی ٧٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران، هەر بەشێک لەم خەڵکە بە جۆرێک و بە پلەی جیاواز لەگەڵ هەژاری بەرەوڕوون. لەم بابەتەوە ئەگەر تەنانەت ئامارە سانسۆرکراوە فەرمییەکانیش بە هەند وەربگرین، هەندێک لە لایەنە کارەساتبارەکانی دەردەکەون. با چاوێک تەنیا بە ئامارە فەرمییە دەستکاریکراوەکاندا بخشێنین: بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ڕێژەی هەژاری لە ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠٣ لە دەوروبەری ٣٠ لەسەدا جێگیر بووە. ئەمە بەو مانایەیە کە ٢٥ بۆ ٢٦ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان. هەندێک سەرچاوەی نێودەوڵەتی و نافەرمی ئەم ڕێژەیە بە ٨٠ لەسەد دەخەمڵێنن. یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانی هەژاریی، بریتییە لە توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک. بەپێی داتاکانی ناوەندی ئامار، لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٤دا کەمترین تێچووی سەبەتەی خۆراکی یەک بنەماڵە، ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن و لانیکەمی حەقدەستی پەسەندکراو ١٠ ملیۆن و ٣٩٠ هەزار تمەنە، واتە جیاوازی نێوان خەرج و داهات زیاتر لە یەک ملیۆن تمەنە، ئەم ئامارە دەریدەخات کە تەنانەت دابینکردنی لانیکەمی پێداویستی خۆراکیش بۆ ئەو بنەماڵانەی کە تەنها کەسێکیان کار دەکات، مەحاڵە. دابەشبوونی جوگرافیای هەژاری، دیوێکی تری ئەم کارەساتە نیشان دەدات. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سیستان و بەلوچستان لەژێر هێڵی هەژاریدان و لە تارانیش هەموو ئەوانەی کە خاوەنی ماڵ و حاڵی خۆیانن و داهاتی مانگانەیان نزیکەی ٢٠ ملیۆن تمەنە، دەکەونە خوار هێڵی هەژارییەوە. بۆ نموونه به پێی ئهم ئامارانه داهاتی کرێکاران له ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ نرخی هەڵاوسان به ڕێژەی ٢٠٠ لەسەد دواکەوتووه. لە پارێزگاکانی وەک ئەلبورز و قوم، هەزینەی شوێنی نیشتەجێبوون تا بڕی ٥٥ لەسەدی داهاتی بنەماڵەکان لەخۆ دەگرێت. دوو ملیۆن بێکار لە وڵاتدا بوونیان هەیە. هەشت سەد هەزار دەرچووی زانکۆ بێکارن. ڕاپۆرتەکەی مەجلیس مامناوەندی جیاوازی چینایەتی بە ڕێژەی یەک بە ١٣ دەخەمڵێنێت، بێ گومان هەریەک لەم ئامارانە چەند قات لە ئامارە ڕاستەقینەکان کەمترن، بەڵام تەنانەت هەر ئەم ئامارانەش بە ڕوونی دەریدەخەن کە ئەم کۆمەڵگایە لە ڕووی ئاستی بژێوی ژیانەوە لە چ دۆخێکی مەترسیداردایە. ئەوەی کە بۆچی ئەم کۆمەڵگایە کەوتۆتە دۆخێکی لەو چەشنەوە؟ هۆکار و سەبەبکار زۆرن، لەوانە:
بوونی ڕژێمێکی ناکارامەی سەرمایەداری، خەرجکردنی ساڵانە ملیاردها دۆلار لەپێناو قەیرانە ناوچەییەکان، پڕۆژەی پڕ کێشەی ئەتۆمی و مووشەکی و سەربازیی کە وەک ئەژدیها سەروەت و سامانی وڵات هەڵدەلووشێت، خەرجکردنی ملیاردها دۆلار بۆ پەرەپێدانی ناوەند و دامەزراوە ئاینییەکان، کەمکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، گەندەڵی دارایی جێگیر، سیاسەتە ماڵوێرانکەرە نیۆلیبراڵەکان و بەتایبەت کەمکردنەوەی هێزی کار و بێکاری بەربڵاو. سەربەخۆ لە ئامارە فەرمییەکان، ئەم دۆخە جگە لە لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤ، وایکردووە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران، چوار هێندە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین. پەرەسەندنی پەراوێزنشینانی بێبەش لە کەمترین خزمەتگوزارییەکانی شار، پەرەسەندنی تاوان و تاوانکاری، زیادبوونی کاری منداڵان، گەڕان لەناو زبڵ و پاشماوەکان، خەوتن لەناو کارتۆن، لەشفرۆشی، زیادبوونی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی، داڕمانی ئەخلاقی، کەمبوونەوەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و هتد… سەرجەمیان لە زومرەی لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخەن. یەکێک لە تاڵترین نموونەکانی هەژاریی لە ئێران بریتییە لە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە. کەم نین ئەو کەسانەی کە گورچیلە یان ئەندامەکانی تری جەستەیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کە ئەم نموونەیە بە تەنهایی قووڵایی ئەم قەیرانە نیشان دەدات.
لە هەلومەرجی ئێستادا، کاتێک ژیانی چینی کرێکار و بەشێکی زۆری چین و توێژە زەحمەتکێش و بێبەشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا و تەنانەت نەوەکانی داهاتووی ئێرانیش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، تەنها بە شکڵگرتن و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاریی تەوەر دەتوانرێت بەر بەم لەناوچوونە بگیرێت. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاریی تەوەر، پێویستە ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی ئێستا لەم دۆخی پەرشوبڵاویە بێنە دەرەوە. پێویستە ویست و داواکاری بەپەلەی چینی کرێکار، ببێته پرسی سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، ژن و پیاو، لێهاتوو و نالێهاتوو، فەرمی و نافەرمی، لە ئاستی سەراسەریدا. بەدیهاتنی ئەم بابەتەش پەیوەستە بە فراوانبوون و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە ئاستی سەراسەریدا. بە بەشداری چالاکانە لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کرێکاران، بە بەهێزکردنی ڕۆحی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا و گەیشتن بە ئاسۆیەکی ڕوون، دەکرێت هاوسەنگی هێزی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕدرێت و بزووتنەوەی کرێکاریی پێگەیەکی گونجاوتر بەدەست بهێنێت بۆ خۆڕێکخستن و گەیشتن بە خواستەکانی.
بێ گومان چین و توێژە کرێکارییەکان و خەڵکی ئازارچێشتووی ئێران کە٤٦ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە چەوسێنەر و جینایەتکارە دا و لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی کار و گوزەرانی خۆیان خەبات دەکەن، لە ژێر ئەم هەلومەرجەشدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دەدەن. کرێکاران و ئەو جەماوەرە ئازارچێشتووەی کە گوشارەکانی بژێوی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون، هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لەوەی کە بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دەربازبوونیان لەو دۆزەخەی کە ڕێژیمی سەرمایەداری ئیسلامی دروستی کردووە، قۆڵی لێ هەڵبماڵن و لە هەموو بوارەکاندا نەبەردی یەکلاکەرەوەی خۆیان لە دژی هۆکار و سەبەبکارانی ئەم هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە بەرەوپێش ببەن. لەمڕووەوەیە کە ئێمە لەسەر پێویستی پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکان و پێویستی یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی ئەو بزووتنەوانە جەخت دەکەینەوە. بوونی بەهێزتری بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان، ژینگە پارێزان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لە دەوری کۆمەڵێک ویست و داخوازیی دیاریکراو، ڕەمزی گەشەکردن و پەرەسەندنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. هەروەها ڕێکخراو و ڕێبەرییەکیش کە بتوانن گەرەنتی بەسەرکەوتن گەیاندنی کۆتایی بکەن، لە ڕەوتی خەبات و لە هەناوی ئەو بزووتنەوانەدا شکڵ دەگرن.