کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێژیمی ئیسلامی چۆن ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە بە فەرمی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپێنرا؟

images 8 2

١٢ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی سەپێنرانی ڕێژیمێکە بەسەر خەڵکی ئێراندا کە بەکۆماری ئیسلامی ئێرانناودێر کرا٤٦ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، داگیرکەرانی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە ڕێبەرایەتی خومەینی، لە ڕێگەی نمایشێکەوە بە ناویگشتپرسی لە خەڵکی ئێران، دەسەڵاتی جەهل و خوڕافات و سەرکوتی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتەدا بە فەرمی ڕاگەیاند. دوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، لە کاتێکدا کەشوهەوای سیاسی ئێران لێوانلێو بوو لە هیوا بە ئازادی و دادپەروەری و، جەماوەری خەڵک بە تەواوی لە ناوەڕۆکی بیروباوەڕ و ئامانجی کۆنەپەرستانەی داگیرکەرانی شۆڕش تێنەگەیشتبوون. خومەینی و دارودەستەکەی بە ئامانجی چەسپاندنی حکوومەتی ئیسلامی، پلانی ڕیفراندۆمێکی فێڵبازانەیان داڕشت. ئەوان بە هێنانەگۆڕێی پرسیاری «کۆماری ئیسلامی» یان گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی، بە شێوەیەکی فێڵبازانە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێرانیان کە لە سیستەمی پێشوو بێزار بوون، خستە تەنگژەیەکی ئەخلاقییەوە. دەنگی «بەڵێ» نەک بە واتای پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو تەنها نیشاندەری ڕق و بێزاری جەماوەر بوو لە دەسەڵاتی پاشایەتی.

بێگومان لە دۆخێکدا کە کۆمەڵانی خەڵک فیداکارانە و لە ئاستێکی بەرفراواندا لە ڕاپەڕین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پەهلەویدا بەشدارییان کردبوو، بەهۆی ڕق و بێزارییان بەرامبەر بە ڕژێم و سیستەمی پێشوو، بە پێچەوانەی ویستی دەروونییان، بەشێکیان بە ناچاری لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکە نەبوو، هەڵبەت بەشێکیشیان لەڕووی وەهم و خۆشباوەڕیەوە، دەنگی «بەڵێ»یان هەڵبژارد و خستیانە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە.

هەڵبەت هەر ئەو کات ئەو بەشە لە خەڵک کە سروشتی دەسەڵاتی ئایینی و بەهێزبوونی کۆنەپەرستانیان، هاوشێوەی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و دیکتاتۆری سیستەمی شاهەنشاهی دەزانی، نەک هەر ئەم ڕیفراندۆمەیان بایکۆت کرد، بەڵکوو تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرا، کۆمەڵانی خەڵکیشیان بۆ بەشدارینەکردن لەو بەناو هەڵبژاردنەدا هاندا. بەرپرسانی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، لە ڕێگەی بەهرەمەند بوون لەو دەرفەتانەی کە بەدەستیان هێنابوو، هەروەها بە بەکارهێنانی ئەو تریبوونانەی کە لەبەردەستیاندا بوو، ئەنجامی بەناو گشتپرسییەکەیان بە قازانجی خۆیان و بەناوی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند. بە ڕێژەی ٩٨ لەسەد بەشداریکردن و ڕەزامەندبوون! ئیدعایەک کە تەنانەت لەگەڵ لۆژیکی جوگرافی و دانیشتوانیشدا ناتەبا بوو.

هەر ئەو کاتەش بەشێکی بەرفراوان لە خەڵک، لەو یەکەم نمایشی هەڵبژاردنەدا بەشدارییان نەکرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی، یەکەم ئاماری ساختەی خۆی لەو بەناو ڕیفراندۆمەدا ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە زیاتر لە ٩٨ لەسەدی خەڵک لە نمایشی «کۆماری ئیسلامی بەڵێ یان نا»دا بەشدارییان کردووە. ئەم ئیدعایەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرا کە خەڵکی کوردستان بە حەشیمەتێکی چەند ملیۆنی، سەرەڕای ئەو فریوکارییە ئاشکرایە، وشیارانە، لەم ڕیفراندۆمەدا بەشدارییان نەکرد و بەم شێوەیە ڕەوایەتییان بە ئەم ڕژێمە نەدا. ئەم ڕژێمە تەنانەت شانسی ئەوەشی نەبوو کە ناوەندەکانی هەڵبژاردنی خۆی لە کوردستان دابمەزرێنێت. ئەم سەرپێچی و نافەرمانییە، بوو بە سەرەتایەک بۆ ٤٦ ساڵ خەباتی چەکداری و مەدەنی لە کوردستان. تەنانەت بۆ زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی سەرانسەری ئێرانیش بەرگەی هەڵبژاردن نەنێردرا. لە چەندین شوێن و لەوانە چەند ناوچەیەک لە تورکمەن سەحرا، سندوقی دەنگدان دانەنرا. لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش زۆرێک لە هاوڵاتیان، سەرەڕای گوشارەکان، لە ماڵەوە مانەوە یان بەرگەکانی دەنگدانیان پووچەڵ کردەوە. بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە، نەریتی ساختەکاری و «ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردن»ی بنیات نا.

ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران، دەستخۆشی دەکەن لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئەو کەسانەی کە وشیارانە لەم نمایشی ڕەوایەتیدان بە ڕژێمی ئیسلامیدا بەشدارییان نەکرد. ئەمڕۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، نەتەوە ژێردەستەکان و زۆرێک لە چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، خوازیاری ڕووخانی ئەم ڕژێمەن. بەڵام ئامانجێکی لەو شێوەیە تەنها بە دووبارەکردنەوەی دیمەنە پڕ جۆش و خرۆشەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەمجارەیان بە بینینی ڕۆڵی وشیارانە و ڕێکخراوی چینی کرێکار لە مەیدان و بوارە جیاجیاکاندا، دەستەبەر دەبێت. با دەست لەناو دەستی یەکتر و بە ئیرادەی ملیۆنی خۆمان، بەستێنی شۆڕشێکی لەو شێوەیە فەراهەم بکەین. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر خەون و خەیاڵ نییە، بەڵکوو چارەهەڵنەگرە. بەڵام ئەمجارەیان، سەرکەوتنی ڕاستەقینە، بۆ زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر دەبێت. جەماوەرێکی کە دەزانن، ئازادی و یەکسانی نەک بە وەهم و خۆشباوەڕی، بەڵکوو بە خەبات و  تێکۆشانی وشیارانە، بەدەست دێت.

ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ئەگەر بۆ کۆماری ئیسلامی، چل و شەشەمین ساڵیادی دەستپێکی دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری ئیسلامییە، بۆ کۆمەڵانی خەڵک، ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵکە لە شۆڕشێکی شکۆداردا و ساڵیادی دەستپێکی ڕژێمێکی کۆنەپەرست و ساڵیادی بەردەوامی تەمەنێک سەرکوت، سووکایەتی، تەحەمولی هەژاری و برسێتی و هەروەها دەستپێکی چل و شەشەمین ساڵی زەوتکردنی سەرەتاییترین ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانە.

لە ڕۆژی دامەزرانی حکوومەتی جەهل و جینایەت و وێرانکاری کۆماری ئیسلامیدا، جێگای خۆیەتی یادی کۆمۆنیستەکان، شۆڕشگێڕان و پێشەنگانی ژن و پیاو، کە لە پێناو ڕێگریکردن لە بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم دەسەڵاتە دژە مرۆڤە و بەدیهێنانی ئامانجە ڕاستەقینەکانی شۆڕشی ئێران، لە مەیدانەکانی خەبات یان لە زیندانەکاندا، گیانیان بەخت کرد، بەرز ڕابگرین. ئەمڕۆ یادی ئیلهام بەخشی ئەوان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە یارمەتیمان دەدات لە خەبات و تێکۆشانی بێوچان، نەخشەمەند، ڕێکخراو و بەردەوام لەدژی ڕژێمی ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداری. بەڵام بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، پێویستی بە یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون، پێکهێنانی ناوەندێکی ڕێبەری و خۆبواردن لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردووە. دەبێت بە ئەزموون وەرگرتن لە مێژوو، پێش بە سەرلەنوێ بەرهەمهاتنەوەی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و ستەمکار بگیرێت.