دوێنێ ڕێکەوتی ٧ی مانگی پووشپەڕ بەرابەر لەگەڵ ٣٠هەمین ساڵیادی هێرشی شیمیایی بۆسەر شاری سەردەشت، لە لایەن ڕژیمی بەعسی عێڕاقەوە بوو، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و شارۆمەندانی ئەمشارە بە بۆنەی ڕیزگرتن لە یادی قوربانیانی ئەم هێرشە، ڕێپێوانێکیان وەڕێخست. سەدان کەس لە شارۆمەندان و چالاکانی مەدەنی سەردەشت بە ڕێپێوان بەرەو ئارامگای قوربانییەکان، یادی گیانبەختکردوانی ئەم هێرشەیان بەرز ڕاگرت. لە مەسیری ڕێپێوانەکەدا خۆپیشنادەران لە حاڵێکدا کە کۆمەڵێک پلاکاردیان لە مەحکوم کردنی کوشتاری کۆڵبەران بە دەستەوە بوو، لەدژی کرداری زاڵمانەی ڕژیم بەرانبەر بە زەحمەتکێشانی کۆڵبەر درووشمیان وتهوه. خەڵک هاواریان ئەکرد، کۆڵبەری پیشە نییە، کار بۆ خەڵک فەراهەم بکەن. بەم جۆرە خەڵکی تێکۆشەری سەردەشت، نەیانهێشت کە کەسانی سەربە ڕژیم لەمشارە، ساڵیادی کارەساتەکە بخەنە خزمەت ئامانجی فریوکارانەی خۆیانەوە.
سی ساڵ لەوە پێش لە دوانیوەرۆی ڕۆژی ٧ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ چەند فڕۆکەی بۆمب هاوێژی حکومەتی بەعسی عێڕاق لە ئاسمانی سەردەشت و دێهاتەکانی دەوروبەری دەرکەوتن. فرۆکە شەڕکەرەکان لە کردارێکی جەنایەتکارانەدا بۆمبە شیمیاییەکانی خۆیان بەسەر خەڵکی بێ خەبەر و بێ دیفاعدا باراند، کارەساتێکی گەورەیان خوڵقاند و خەڵکی کوردستانیان داغدار و خەمێکی گەورەیان خستە دڵی خەڵکی ئینسان دۆستی ئێران و دنیاوە.
بۆمبارانی شیمیایی لە چوار خاڵی قهرهباڵغی شاردا ڕوویدا. لەم هێرشەدا ١١٠ کەس لە دانیشتوانی غەیرە نیزامی شار کوژران و ٨ هەزار کەسی دیکەیش بەر گازی شیمیایی کەوتن ژەهراوی و بریندار بوون . بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە هێشتا و دوای تێپەڕ بوونی ئەم هەموو ساڵە ناچارن ئاسەواری پڕ دەرد و ئازاری ئەم تاوانه بۆ هەمیشە تەحەمول بکەن و بەشێک لەم دەرد و ئازارە بگوازنە بۆ نەوەکانی دوایی.
شاری سەردەشت وەک یەکەم قوربانی کارەساتی بۆردمانی شیمیایی لە دنیادا دوای بۆمبارانی هەستەیی شاری هێروشیما لە وڵاتی ژاپن پاش کۆتایی شەری دووهەمی جیهانی لە لایەن ئەمریکاوە ناو دەبەن. بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت لە باری بەکار هێنانی جۆری چەکە کۆمەڵ کوژەکانەوە لەدژی خەڵکی ئاسایی، خاڵێکی وەرچەرخان لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێڕان و عێڕاقدا بە ئەژمار دێت. لە ساڵەکانی پێشتریدا ڕژیمی بەعس چەندین جار چەکی شیمیایی لەدژی پێشمەرگە بەکار هێنابوو. لە بەرەکانی شەڕێشدا بە شێوەی سنووردار و ئازمایشی ئەم چەکەی لە هێندێک لە شەڕەکاندا لەدژی سەربازانی لایەنی بەرانبەر بەکار هێنابوو، بەڵام بەکار بردنی لەدژی خەڵکی بێ دیفاعی شارێک نیشانەی گەیشتنە ئەوپەڕی ئاستی جەنایەت لەم شەڕە کۆنەپەرساتانەیەدا بوو. پاش شەڕی جیهانی یەکەم ئەوە یەکم جار بوو کە لە لایەن دەوڵەتانی بەشدار لە شەردا بە شێوەیەکی بەرین چەکی شیمیایی بەکار دەهات. حکومەتی بەعسی عێڕاق، چەند مانگ دوای بۆمبارانی شیمایی سەردەشت، کارەساتی ” حەلەبجە”ی خوڵقاند کە تێیدا ٥ هەزار ئینسان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٧ هەزار کەسیش بریندار و ژهراوی بوون.
دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و ئەوانەی کە چەکی شیمیاییان نابووە ئیختیار ئەم جەنایەتکارانهوه، بە پێی بهرژهوهندی ئابووریی و سیاسیان ئاگاهانە سەبارەت بەم کارەساتە بێدەنگیان هەڵبژارد و بەم جۆرە دەستی ڕژیمی بەعسیان لە تێکرار کردنەوەی ئەم کارەساتە لە ئاستێکی گەلێک بەرین و خۆفناکتردا لە هەلەبجە بە کراوەیی هێشتەوە. ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی کە خۆیان لە واژۆکەرانی پڕۆتۆکۆلی ” مەنعی بەرهەمهێنان و بەکار بردنی چەکی شیمیایی”ن کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە ژێنێڤ پەسند کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی لە جەریانی ئەم شەڕەدا باکیان نەبوو.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣ دەیەی کە بەسەر بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتدا تێئەپەڕێت بێجگە لە مەزڵوم نمایی ڕیاکارانە و بە پیرۆز کردنی شەڕی ٨ ساڵە و خۆ بێبەری کردن لەو جەنایەتانەی کە لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەدا ئەنجامی داوە، کارێکی بۆ ئەو هەزاران بریندار و کەم ئەندامە شیمیاییانە نەکردوە. هێشتاش بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە بەدەست ئەو بەڵایەوە کە بەسەریان هاتوە ئازار دەکێشن. ئەم ڕژیمە هەموو ساڵێک لە مەڕاسمە فەرمایشی و شانۆییەکاندا دەست ئەداتە بەهرەبەرداری تەبلیغاتی، لەم کارەساتە و تەنیا شتێک کە ئاوڕی لێ نادرێتەوە ژیان و چارەنووسی قوربانیانی بەجێماوی ئەم کارەساتەیە.
ئەگەرچی دهستووپێوهندهكانی ئەم کارەساتە کە ڕاستەخۆ لە خوڵقاندنیدا دەستیان هەبووە، لە دەسەڵاتدا نەماون و خراونەتە زبڵدانی مێژوەوە؛ بەڵام بەردەوام دەبێ جەنایەتکارانی تر کە لە ئێراندا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و دەستی کەمیان لە سەدام و هاودەستەکانی نییە و هەموو ڕۆژێك لە ئاستێکی دیكهدا لە هەمان سنووری سەردەشت لەدژی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر جەنایەت دەخوڵقێنن و کەسوکاری هەمان ئەو قوربانیانە لە زینداندا ئەشکەنجە و ئازار ئەدەن، بخرینە ژێر گوشار و ئیفشا بکرێن.
خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری دنیا و هەروەها مێژوو، بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت بەناوی جەنایەتکارانێکی وەک سەدام و هاودەستەکانیەوە تۆمار کردووە و لە هەمانحاڵدا ناوی ” خومەینی و خامنەیی” و هەموو ئەو جەنایەتکارانەی لە دەسەڵاتیشدا ماون کە لەو قۆناغەدا دەهۆڵی ” شەڕ، شەڕ تا سەرکەوتنیان” دەکوتا، و دەیانویست تا قودس لە ڕێگای کەربەلاوە داگیر بکەن و بەساتی ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی هاوشێوەی خۆیان لە هەموو ناوچەکەدا بەرپا بکەن، وەک شەریکی جورم تۆمار کردووە.
بێ گومان لە سبەی ڕۆژی ڕووخانی ئەم ڕژیمەدا، لاپەڕەیەک لە پەروەندەی هەزاران لاپەڕەیی کە جەنایەتەکانی ئەم ڕژیمە دەخاتە ڕوو، بۆ ئەم کوشتارە بە کۆمەڵ و مەزڵومانەیەی ئەو هەزاران ئینسانە تەرخان دەکرێت کە لە کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتدا گیانیان بەخت کرد و یان بریندار و کەم ئەمدام بوون. بەڵام بە ڕشتنی فرمێسکی درۆینە لەمڕۆدا خەڵک لەبیریان ناچێتەوە کە خومەینی لەگەڵ دەستپێکی شەڕدا ئەوی وەک نێعمەتی ئیلاهی و بەرەکەتی ئاسمانی ناوبرد و ئەم شەڕەی چالاکانە خستە خزمەت سەقامگیر کردنی حکومەتی ئیسلامییەوە لە ئێران. کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران، بۆ وەرگرتنەوەی گشت ئەو دەستکەوتە دێمۆکراتیکانەی کە لەو دەورەیەدا بەدەست هاتبوون، بۆ کوشتاری بەرینی کۆمۆنیستەکان و سەرجەم نەیارانی و بۆ تێکشکاندنی هەموو داخوازی و چاوەڕوانیەکی سەرچاوە گرتوو لە شۆڕشی ١٣٥٧ پێشوازی لە شەڕ کرد. ئەوان بە درێژەدان بە شەڕ توانیان لە هەمان ساڵەکانی یەکەمدا، خۆڕاگری خەڵکێک کە نەیاندەویست بەم شێوەیە شۆڕشە ڕەواکەیان لە لایەن خومەینی و ڕەوتی ئیسلامیەوە مسادرە بکرێت، خەڵتانی خوێن کرد.
لە ساڵیادی کارەساتی ئینسانی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا، نەفرەتی خۆمان لە دهستووپێوهندهكان و بەشدارانی خوڵقاندنی ئەم جەنایەتە گەورەیە دەردەبڕین و سڵاو دەنێرین بۆ یاد و بیرەوەری ئەو ئینسانە بێ دیفاعانەی کە لە جەریانی ئەم کارەساتەدا، گیانی ئازیزیان بەخت کرد.