کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێپێوانێکی لێبڕاوانە لەپێناو ڕزگاریدا

photo 2026 02 12 10 43 58

ڕێپێوانێکی لێبڕاوانە لەپێناو ڕزگاریدا

لە سەروبەندی چل و حەوتەمین ساڵی دەسپێکی هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵەداین. کۆمەڵە ٥٦ ساڵ لەمەوبەر لەسەر بەستێنی گۆڕانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران، لە لایەن کۆمەڵێک تێکۆشەری شۆڕشگێڕەوە دامەزرا، کە زۆربەیان لە زانکۆکانی ئێران دەیانخوێند. کۆمەڵە لە هەلومەرجێکدا پێکهات کە هەرەسهێنانی سیستەمی فیۆداڵی و هەژموونی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان لە ماوەی دە ساڵدا بە خێرایی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شار و گوندەکانی ئێرانی گۆڕیبوو. بە ملیۆنان خەڵکی زەحمەتکێش کە هیچ پشکێکیان لە چاکسازییە ئەرزییەکانی ڕژێمی شا، پێ نەبڕابوو، لەگەڵ ملیۆنان وەرزێری هەژاری کە توانایی ئەوەیان نەبوو قیستی ئەو زەوییانە بدەن بە ئاغا و دەرەبەگەکانی پێشوو، کە کاریان لەسەر دەکرد، ڕوویان لە شارەکان کرد و لەحەڵەبیاوا و مەجبووراواکان بە هیوای دۆزینەوەی کار و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی شار، لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێ بوون. بەم شێوەیە بوون بە هێزی کاری هەرزان بۆ کارگە سەرمایەدارییە نوێیەکان. گەشەی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و چڕبوونەوەی لە شارەکاندا، سیمای سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی. هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم پێشهاتانە. کۆمەڵێک دژوازی نوێ سەریان هەڵدا. خەڵکی هەژاری پەراوێزی شارەکان خوازیاری شوێنی نیشتەجێبوونی شیاو و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی شار بوون و ململانێی کرێکارانی کارگە و کارخانە و ناوەندەکانی کار لەگەڵ خاوەن دەسەڵات و سەرمایەدارەکان لەسەر سەرەتاییترین مافەکانیان و لەسەر بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ژیانێکی ئینسانی شایستە، بە پانتایی هەموو ئێران لە ئارادابوو. بارودۆخێکی لەو چەشنە پێویستی بە وەڵامێکی شایستە بوو. پێکهێنەرانی سەرەتای کۆمەڵە کە لە زومرەی ئەو ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕانە بوون کە سۆسیالیزمی زانستی و مەعریفەی مارکسییان کردبووە ڕێنوێنی کار و چالاکی خۆیان و هاوسۆزی ژیان و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوون، هەوڵیاندا بە خۆڕێکخستن لە ڕێکخراوێکی سیاسیدا، بەگوێرەی توانای خۆیان وەڵامی پێداویستییەکانی خەباتی ئەو قۆناغە بدەنەوە. ئاڕاستەی تێکۆشەرانی کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە بریتی بوو لە ئاوێتە بوون لەگەڵ ژیان و خەباتی کرێکاران و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. کەم نەبوون ئەو تێکۆشەرانەی کۆمەڵە کە لەگەڵ کاروانەکانی کرێکارانی کوردستان تا کانەکانی سمنان و دامغان، تا بارەندازەکانی بەندەر عەباس، تا ئەهواز و ئابادان، کرمان و ڕەفسەنجان و تا تاران و ئیسفەهان دەڕۆیشتن و شانبەشانی ئەوان کاریان دەکرد و تۆوی وشیارییان لە نێویاندا دەچاند. ئەوانیان لەگەڵ سەرچاوەی ڕەنج و ئازار و مەینەتییەکانی جیهانی سەرمایەداری و ڕێگای ڕزگاربوون لە ستەم و چەوساندنەوە، ئاشنا کرد. خەبات و مانگرتنەکانیان ڕێکدەخست و ڕێبەرایەتییان دەکرد. کۆمەڵە بە ئاوا ئەزموون و باکگراوندێکەوە دوای نۆ ساڵ تێکۆشان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕژیمی پەهلەویدا بوو کە پێی نایە ناو قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە. کادر و تێکۆشەرانی ڕیزەکانی کۆمەڵە، بە خێرایی لە نێو خەڵکی زەحمەتکێش و جەماوەری ئازادیخوازدا بوون بە سیمایەکی پێشڕەو و جێی متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕێبەرانی خەباتی جەماوەریی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان.

ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، هاوڕێ محەممەد حسێن کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، لە کاتی ڕێبەرایەتیکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی سەقز لە دژی دامودەزگا چەوسێنەرەکانی ڕژیمی شا، کەوتە بەر گوللەی چەکدارانی ئەو ڕژیمە و ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان بە دڵێکی پڕ لە هیوا و ئاوات بە ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، گیانی بەختکرد. هەر ئەو ڕۆژەوە و بەو بۆنەیەوە کۆمەڵە کار هەڵسووڕاوانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند. لە مەودایەکی زەمەنی کورتدا بە هەزاران کەسی کرێکار و زەحمەتکێش و خەباتکار و شۆڕشگێڕ، بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پەیوەست بوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە بوونە هەوێنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرین لە سەرتاسەری پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران. ناو و ناوبانگی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی لە کوردستان، سنوورەکانی ئەم ناوچەیەی تێپەڕکرد و ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست لە سەرتاسەری ئێرانەوە هاتنە ناو ڕیزەکانی ئەم تەشکیلاتەوە. ڕێبەران و تێکۆشەرانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش سیمایەکی نەناسراو نەبوون. بەڵکوو هاوڕێیانی دێرینی ئەوان، هەر ئەو تێکۆشەرە خۆڕاگرانەی ناو زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و ورزێری، ڕێبەرانی خاوەن نفووزی جەماوەری بەرینی خەڵک و رێبەری خەباتی سەردەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەوان بوون.

کۆمەڵە دوای ڕووخانی ڕژێمی شا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا، ڕێکخستنی خەباتی گشتی و جەماوەری، ڕێبەرایەتیی خۆڕاگریی لە دژی هێرشی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرستانی خۆجێیی و بەرگری لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوەی کۆمەڵگای، کردە مێحوەری کار و چالاکی خۆی.

ئەوەی کە دوای ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، چارەنووسی ئەم ڕێکخراوەی بە چارەنووسی ملیۆنان خەڵکی ستەملێکراو و تینووی ڕزگارییەوە گرێدا، بریتی بوو لە خۆڕاگریی کۆمەڵە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان. بەرگریکردن لە جووتیارانی گوندەکان لە بەرامبەر خاوەن زەوییەکان، دیفاع لە زەحمەتکێشانی گوندەکان لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، بەرگریکردن لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار و فەرهەنگ و نەریتی ڕزیوی پیاوسالاریی، بەرگریکردن لە کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکداربوونی خەڵک و هەوڵدان بۆ پڕچەککردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنان و دروستکردنی کۆڕ و کۆمەڵە دێموکراتیکەکان، پێکهێنانی شۆڕای شاری سنە کە لەو ڕێگایەوە بوونی خۆی بە فەرمی بەسەر حکوومەتی کاتیدا سەپاند، پێکهێنانی شۆڕای گەڕەکەکان (بانکەکان) و هەروەها پێکهێنانی یەکێتی جوتیاران و شۆڕاکانی ژنان و خوێندکاران، لە زومرەی بوارەکانی کار و چالاکیی کۆمەڵە لەو ماوەیەدان.

ڕێکخستنی حەرەکەتێکی جەماوەریی بەرینی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان و سازماندانی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی دیکە کە هێمای بەشداری کردنی ڕاستەوخۆی خەڵک بوو لە خەبات یسیاسیدا، بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵە توانی دوای هێرشی نیزامی ڕژێمی ئیسلامیش، ببێتە ئاڵا هەڵگری خۆڕاگریی جەماوەریی و چەکداریی خەڵکی کوردستان لە دژی لەشکرکێشیی هێزە داگیرکەرو سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. هێرشی ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆسەر کوردستان، بە خۆڕاگری و فیداکاری کەم وێنەی خەڵک و هێزی پێشمەرگە تێکشکا. ڕژیم دوای ئازاد کردنی شارەکان لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٧دا، بەچۆکدا هات و بە شێوەیەکی ڕیاکارانە ملی بە وتووێژ و دانوستان دا. لێبڕاوی و لێهاتوویی کۆمەڵە لە دانوستان لەگەڵ ڕێژیم لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەکە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی دیموکراسی، ڕێکخستنی بەرفراوانترین چالاکیی وشیاریدەرانە لە نێوان دوو پەلاماری ڕێژیم بۆسەر کوردستان، جارێکی تر توانایی کۆمەڵەی بۆ کۆکردنەوە و یەکگرتووکردنی جەماوەر و ڕێبەرایەتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان نیشان دا.

ئەمڕۆ کۆمەڵە بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات پرسی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و خەڵکی چەوساوە و بێبەش لە ئاستی سەرتاسەریدا گرێبدات. بێگومان کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی هاوهەنگاو لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراوی کوردستان، ئەم ڕێبازە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی رۆژی سەرکەوتن، سەربەرزانە درێژە پێدەدات.