ڕۆژی شه‌ممه ٣٠ی به‌فرانبار و هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی داگیركردنی شاری عه‌فرین له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا، هه‌زاران شارومه‌ندی ئاواره‌ی عه‌فرین له كانتۆنی شه‌هبا خۆپێشاندانیان كرد.
٢٠ی ژانویه‌ی ٢٠١٨، ئه‌رته‌شی توركیا و گرووپه ئیسلامگه‌راكانی سه‌ر به‌و وڵاته هێرشیان كرده سه‌ر عه‌فرین و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران دانیشتووی ئه‌و شاره ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه بوون. سه‌دان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و سه‌دانی دیكه‌ش ده‌ستبه‌سه‌ر و ئه‌شكه‌نجه و ئازار دران. هه‌روه‌ها به ده‌یان ژن و كچی كورد له‌لایه‌ن تیرۆریستانی ته‌حریر ئه‌لشامی سه‌ر به توركیا ڕفێندران و به‌شێكیان چاره‌نووسیان نادیاره. هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی داگیركردنی عه‌فرین، خه‌ڵكی شاره جۆراوجۆره‌كانی ڕۆژائاوای كوردستان دژبه توركیا خۆپێشاندانیان كرد و ڕۆژی ڕابردووش ئاواره‌كانی عه‌فرین له كانتۆنی شه‌هبا ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خوازیاری چوونه‌ده‌روه‌ی داگیركه‌ران و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان بوون.