بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی فڕۆكه‌ی (پی.اس. ٧٥٢)ی ئۆكراین و ئێرانیانی دانیشتووی شاری “تۆرنتۆ”ی كانادا، ڕۆژی پێنج شه‌ممه ١٤ی مانگی گه‌لاوێژ، له ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تی دا، جه‌ختییان كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كه “خوازیاری مه‌حاكمه‌ی تاوانبارانی ئه‌و ڕووداوه‌ن”.
ئه‌و رێپێوانه ناڕه‌زایه‌تییه له لایه‌ن ئه‌نجۆمه‌نی بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی په‌روازی (پی.اس. ٧٥٢)ی ئۆكراین و به هاوكاری كۆمه‌ڵێك له ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی كانادا، كاتژمێر شه‌شی ئێواره له پاركی “كوئین”ی شاری “تورنتو”، به‌ڕێوه‌چوو. “حامید ئیسماعیلیوون” گۆته‌بێژی ئه‌و ئه‌نجۆمه‌نه له‌گه‌ڵ ئاماژه‌ی به ئه‌ندامه‌تی “ئیبراهیم ڕه‌ئیسی” له شۆرای عالی ئه‌منییه‌ی میلی له كاتی ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه، له‌م باره‌وه وتی: “ئه‌مڕوو پرسیار ئه‌وه‌یه كه نوێنه‌ری یه‌كیه‌تی ئورووپا له میوانی به سه‌ڕۆك كۆمار بوونی قاتڵی هه‌زاران كه‌س، چی ده‌كات”. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه بنه‌ماڵه‌ی قۆربانیانی خوازیاری لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كانادا له‌م په‌روه‌نده‌یه بوون.