کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێپێوانی ئەڕبەعینی کەربەلا شانۆیەک بۆ شاردنەوەی کێشەکانی ڕژیم

لەم رۆژانەدا هێندێک لە ڕاگەیەنەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی تەبلیغاتێکی بەرینیان لە پێوەند لەگەڵ مەڕاسمی ڕێپێوانی ئەڕبەعین بەرەو کەربەلا وەڕی خستوە. ڕژیم وەک پرۆژەیەکی گرنگ خەریکی سازماندانی هەمە لایەنەی ئەم شانۆیەیە. سەرجەم لایەنەکانی نیزام بۆ بەهرە وەرگرتن لەم دەرفەتە دەست بەکار بوون. خامنەیی رۆژی ١٥ ی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەی خوێندکارانی بەسیجیدا کەوتە مەدح و سەنای ئەم نێعمەتە و وتی :” ئەمەش یەکێک لەو رووداوە زۆر بەرچاوانەیە کە خودای تەعالا لوتفی کردوە و ئەم رووداوەی بۆ ئێمە خوڵقاندوە.” دەوڵەت، ئیسحاق جهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ناردوە بۆ کەربەلا تا لەژێر ناوی بەشداری کردن لە ڕێپێوان دا، ئامادەکاری بۆ ئەم شانۆگەریە سیاسی دیپلۆماتیکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق بکات. وەزیری ڕێگاوبانیش فەرمانی بە فرۆکەخانەکان کردوە کە بۆ مسافیرانی ئەڕبەعین ئاسانکاری زیاتر بکەن و یان ئوتوبوسی کافی و تەیار بۆ گواستنەوەی مسافیرەکانی تر فەراهەم بکەن. شارەداری تاران پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو کە وێڕای بوجەی ٤٠ ملیارد تمەنی ساڵانەی ” ستادی ئەڕبەعین” ئەمساڵ بە کەماڵی مەیلەوە بڕی ٥ ملیارد تمەنی دیکەشی بۆ ئەم ستادە تەرخان کردوە. حەقدەستی ملیۆنی ٥٦ هەزار مەداحی پیاویش ئەدەن. وەزاڕەتی ئیتلاعاتیش سەهمی خۆی لەم پرۆژەیەدا بە دانانی ٣٠ هەزار مەئموری ئەمنیەتی بۆ پارستنی مەڕاسمی ئەربەعین ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە. گۆیا نزیک بە دوو ملیۆن کەس لەم ڕێپێوانەدا بەشداریانکردەوە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئامانجی ئەم هەراو هوریایە و سەرفی ئەم بوجە بەرینه تەنیا بەرێوەچوونی مەڕاسمی مەزهەبی نییە. بەڵکو هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو کێشە و گرفت و قەیرانە قوڵە نێو خۆیی و دەرەکیانەی کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵی بەرەو روویە. ئەم ڕاستیە لە ناوەرۆکی قسەکانی خامنەیی و باقی کاربەدەستانی دەوڵەتی و نیزامی ڕژیمدا، بە تەواوەتی بەرچاوە.

خامنەیی بە پەیڕەوی لە ڕێبەرەکەی خومەینی کە دەڵێت ” شەڕ نێعمەتی ئیلاهیە”، شەڕی کەربەلا پیرۆز دەکات و دەڵێ ” خوداوەند لوتفی کردوە و ئەم رووداوەی بۆ ئێمە خوڵقاندوە. ئێمە ئەمەمان نەبوایە، هیچمان نەبوو.” کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە بۆ سەرکوتی شۆڕش بەرەو رووی گەلێک گیرو گرفت ببۆوە، دەستپێکی شەڕی ئێڕان و عێڕاق بۆ ئەو نێعمەتێک بوو کە بە بیانوی ئەوەوە دەست بداتە کوشتاری جەماوەری خەڵکێک کە شۆڕشەکەیان دەستی بەسەردا گیرابوو. ئێستا ڕێپێوانی کەربەلا بۆ خامنەیی و ڕژیمەکەی نێعمەتێکە کە خودا بۆی خوڵقاندون تا بەڵکو بتوانن لەو ڕێگایەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانیاندا زاڵ بن. ئەو لەم سوخەنرانیە کورتەدا نەیتوانی نیگەرانی خۆی لە بارودۆخێکی نابەسامان کە ڕژیمیش تێیدا قەراری گرتوە بشارێتەوە و ئامانج لە ڕێپێوانی کەربەلای بەم شێوەیە دەربڕی: ” ئەم کۆبونەوانە دەبێ عەزمی گشتی قایم و پتەو بکات و گرنگە کە لەم ڕێگایەدا نەکەوینە ژێر کاریگەری دژواری و ناهەمواریەکانەوە.” ئەمە ئەو نیگەرانیە سەرەکیەی ڕژیمە کە خەڵک نەچنە ژێر کاریگەری موشکلاتێکەوە کە ژیانی لێ ئیفلیج کردون. وادیارە ژیانێکی دژواتر لە داهاتودا لەبەردەم دایە.
لەم نێوانەدا بۆ گەیاندنی پەیامی ئامانجە نیزامیەکانی ئەم ڕێپێوانە، سپای پاسدارانیش وەک حیزبێکی پادگانی خۆی دەرخستوە و ڕاگەیاندنی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا پێداگری لەسەر گرنگی ئەم ڕێپێوانە کراوە و وەک هێمایەک لە قودرەتی جیهانی ئیسلام جەختی لە سەر کراوەتەوە.

بڵاو کراوەکانی سەربە باڵە جۆراو جۆرەکان لە تەئید و لە ئاستی ئامانجە سیاسیەکانی ڕژیمدا، دەستیان داوەتە پیرۆز کردنی ئەم حەرەکەتە. لە سەروتاری یەکێک لە ژمارەکانی رۆژنامەی ئیسڵاحخوازی “ئیعتیماد” دا بە روونی ترس و نیگەرانی ڕژیم لەم بارودۆخە دەبیندرێت. ئەم رۆژنامەیە نوسیویەتی:” ئێستا پێویستە کە شیعەکان هێزی خۆیان بە تایبەت لە ناوچەکەدا نیشان بدەن. بەڕێوەچوونی وەها مەڕاسمێکی شکۆدار هەم پەیامێکی نێونەتەوەیی و هەم پەیامێکی بۆ ناوچەکە تێدایە. مەڕاسمی ئەربەعین یارمەتی بە هێز بوونی هێژمونی ئێران لە ناوچەکەدا ئەدات. لەبەر ئەوەی کە لە ڕێگای راگەیەنەرەکانەوە لە هەموو دنیادا بڵاو دەبێتەوە و نیشانی ئەدات خەڵکێک کە لەم ڕێپێوانەدا ئامادەن ئەگەر شتێک رووبدات لە ناوچەکەدا لە گۆڕەپانەکەدا حازرن.” ئەوەیە ئامانجی سەرەکی ڕژیم لە ئاکامی ڕێپێوانێک کە بە ملیارد تمەنی بۆ خەرج دەکات.

هەزینەی کەڵانی ئەم شانۆگەرییە کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا لە ماڵ و سەروەتی خەڵک ئەیدات کە خەڵکی ئێران لە باری ئابووری و بەڕێچوونەوە لە بارودۆخێکی فەلاکەتباردان. هەژاری و بێکاری و گرانی توانایی لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بڕیوە. حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بوونی زیاتر لە هەشت ملیۆن بێکار، بوونی هەزاران ئینسان کە بۆ تێرکردنی سکیان و باقی ئیحتیاجاتی رۆژانەیان ناچارن بەشێک لە ئەندامی جەستەیان بفرۆشن، بوونی بە ملیۆن منداڵی کار و خیابانی، گۆشەیەکە لە کێشە و موشکلاتێک کە ڕژیمی ئیسلامی بە جێگای ئەوەی لەبیری چارەسەر کردنیان و دابین کردنی بەڕێچوونی خەڵکدا بێت، سەروەت و داراییەکانیان لە ڕاستای درێژەی حاکمیەتی لە ڕێپێوانی کەربەلا دا و دابین کردنی سەرجەم هەزینەکانی حیز اللە ی لوبنان و لە شەڕی جەنایەتکارانەی سوریە و یەمەندا بە فیڕۆ ئەدات. لە بەهێز کردنی سپای پاسداران و دابین کردنی تەسلیحات و پەرەدان بە ئۆرگانە سەرکوتگەر و سیخوڕیەکاندا هەزینە دەکات.

بۆ ڕزگار بوون لەم ژیانە پڕ لە مەترسیەی کە کۆماری ئیسلامی و باقی حکومەت و گروپە ئیسلامیە سەرمایە داریەکان بۆ خەڵکیان بەدی هێناوە، ڕێگایەک بێجگە لە دوور خستنەوەی ئەم حکومەتە دژی خەڵکییە لە دەسەڵات لە ئاخیزێکی ڕێکخراو و سازماندراو لە لایەن کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشەوە بەدی ناکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-