کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێوڕەسمەکانی ڕژیم لە ڕۆژانی موحەڕەم و کاردانەوەی خەڵک

EgrFJq5UwAEXnic

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵک گرنگی بە ڕێوڕەسمەکانی ڕژیم لە ڕۆژانی موحەڕەم نادەن. بەپێی هەواڵەکە، شەوی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢، ژمارەیەک گەنجی ناڕازی لە شەقامی کاشانی ئیسفەهان، بەنزینیان بەسەر دیکۆراتێکی ماتەمینی موحەڕەمی هەیئەتێکی ڕێژیمدا ڕژاند و ئاگریان تێبەردا. ڕق و نەفرەتی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی و ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەمی ڕژیم بە شێوەی جەماوەریتریش خۆی نیشانداوە. مەلیکا عەمماری شارۆمەندێکی پەیامنێر، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە تاران ڕاپۆرتێکی لەقاودەرانەی لە ماڵپەڕی ئێران وایر بڵاو کردەوە. ناوبراو لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا نووسیویەتی: “دایکانی داغدار، ساڵێک لەمەوبەر، بەبێ هیچ پلاتفۆرمێکی دەربڕین و تەنها لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ڕایانگەیاند، نەک هەر ئەو جلە ڕەشانە لەبەر ناکەن کە ساڵانێکە بە ناچارن لەبەریان کردووە، بەڵکوو خۆیان سپی پۆش دەکەن“. بەڵام ئێستا کاتێک بە شەقامەکانی شاردا تێدەپەڕێت، سپیایی سپی پۆشەکان، لە نێو ماتەمینە ڕەشپۆشەکاندا، بە ڕوونی دیارە. ئەو ناڕازییە سپی پۆشانەی کە لە شوێنە گشتییەکان لەڕووی ڕەنگەوە یەکتر دەدۆزنەوە و هاودەنگی و هاوپشتی خۆیان بە یەکتر نیشان دەدەن. مەلیکا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا قسەی دوو کەس لە سپی پۆشەکان دەگێڕێتەوە:

لەیلا، کچێکی سپیپۆش لەژێر پردی سیدخەندان، لەکاتی چاوەڕوانی تاکسییەکدا دەڵێت: “بە ئەنقەست سپیم پۆشیوە“. من پێموایە زۆر گرنگە کە بتوانین بە ئامرازی سادە ناڕەزایەتی دەرببڕین. بۆ نموونە ئێستا بۆچی دەبێ من دەستگیر بکەن؟ لەبەر ئەوەی سپیم پۆشیوە ؟ ئەگەر ئەو کارەش بکەن دیسان دەنگۆکەی بڵاو دەبێتەوە و لە هەموو دونیادا ئابڕوویان دەچێت.  بیر لەوە بکەرەوە کە هەواڵەکە ئەوە بێت کە کچێک دەستگیرکراوە، لەبەر ئەوەی جلی سپی لەبەردایە“. لەیلا گەنجە، بەڵام ژیرانە قسە دەکات.  عەسەلیشقسەکانی لەیلا پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمەدەبێت هاوسۆزی دروست بکەین“.  نابێت هەست بە تەنیایی بکەین. ئەوان فێستیڤاڵی غەدیر وەڕێدەخەن و هێزی خۆیان نیشان دەدەن. با ئێمەش بلوزێکی سپی لەبەر بکەین. باوەڕ بکە هەر ئەم سپی پۆشینە سەد هێندەی ئاهەنگ و ماتەمینییەکانی ئەوان کاریگەری هەیە”.

لە ڕاپۆرتەکەی مەلیکادا ئەو ژن و پیاوانە بەرچاو دەکەون کە خەرجیی زۆر و زەوەندی ڕێوڕەسمە ماتەمینییەکانی ڕژیم بە دووڕوویی و تەبلیغاتی بێهوودە ناودەبەن. لەوێدا کرێکارێک بەرچاو دەکەوێت کە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و بە توڕەییەوە داوا لە چالاکوانێکی ماتەمینییەکە دەکات کە دەنگی بڵندگۆکیان ببەستن بۆ ئەوەی کەسانێکی وەک ئەو کە ناچارن دوو شیفت کار بکەن، بتوانن کەمێک بخەون.

بەشێک لە پەیامنێرانی تر هەندێک لەو زانیارییە لەقاودەرانەیان خستۆتەڕوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە. کۆمەڵێک لە بەکارهێنەران باسیان لە جینایەتەکانی بەکرێگیراوان و خۆڕاگریی قارەمانانەی لاوان و گیانبەختکردوان لە سەردەمی موحەڕەم کردووە. دایکیئەبولفەزل ئەمیر عەتایی، یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی ژینا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کوڕەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: “باسی موحەڕەم بۆ من مەکە، نەفرەت لە بکوژەکان!” گۆڵدەستە حوسێنی، دایکی ئەبولفەزل ئادینە زادە، یەکێکی دیکە لە قوربانییەکانی شۆڕشی ژینا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی: “کوڕەکەم، موحەڕەمی من ئەو ڕۆژەیە کە گیانی ئازیزیان لێ سەندی، کەربەلای من گڵکۆی تۆیە، هێزەکانی یەزید هاتبوونە سەر سەرت و تۆ بێ گیان بوویت…”.

لە ڕاپۆرتێکی تردا ناڕەزایەتی و ئازایەتی ئەو ژنانە بڵاوکراوەتەوە کە بە دڵخوازی خۆیان جلوبەرگیان لەبەر دەکرد. ژنێک کە بەبێ حیجاب بە بەردەم یەکێک لە هەیئەتە ئاینییەکانی شاری کەرەجدا تێپەڕدەبێ و کاتێک ڕووبەڕووی هۆشداریی هەڕەشەئامێزی پیاوێکی کامێرابەدەست دەبێتەوە، هاوار دەکات و دەڵێت: “من ژنم، من لەهیچ شتێک مەترسێنە، من سوورم لەسەر باوەڕەکانم “. پەیامنێرەکە لە کۆتاییدا نووسیویەتی ئایا موحەڕەم ئەوەی ئاشکرای کردووە کە زۆرینەیەکی هەرەزۆر لە نێوان مرۆڤ بوون و ئایین و هەروەها لە نێوان خوڕافە و بیری ئازاددا، ئەوەی دووەمیان هەڵبژاردووە.

جەماوەری ناڕازی و کەسوکاری گیانبەختکردوانی شۆڕش لە کاتی ناشتنی ڕۆڵە قارەمانەکانی شۆڕشدا لە جیاتی خوێندنی قورئان، سروودیان دەوتەوە و لەبری لێدوانی ئایینی، لە وتارەکانیاندا باسی خەبات و بابەتی سیاسییان دەهێنا گۆڕی. ئەم داب و نەریتە پیرۆزە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١وە دەستیپێکرد. لەو ڕۆژەدا هەزاران کەس کە لە شار و گوندە جۆراوجۆرەکانەوە هاتبوون بۆ بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانیئایچیسەقز. بە سروود وتنەوە و  چەپڵە لێدان سەمبولی شۆڕشیان بە خاکسپارد. زۆرێک لەو ژنانەی کە شان بەشانی پیاوان بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمە مێژووییەدا کرد، سەرپۆشەکانی خۆیان فڕێدا.