ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور، ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی خۆی سه‌باره‌ت به پله‌به‌ندیی ئازادیی میدیاكان بڵاوكرده‌وه. ڕاپۆرته به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌كات:
“پله‌به‌ندیی جیهانیی ئازادیی میدیاكان كه له لایه‌ن ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێسنووره‌وه كۆكراوهته و له ماوه‌ی یه‌كساڵدا باروودۆخی ڕۆژنامه‌نه‌وانی له ١٨٠ وڵاتی جیهان داوه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه، نشانی ده‌دات كه پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی سه‌ره‌كیترین واكسێنه بۆ ویرووسی زانیاریی ناڕاست. … ئه‌م واكسێنه له ٧٣ وڵاتی جیهان به به‌توندی بهریپێدهگیرێت و له ٥٣ وڵاتیش له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه”.
ڕاپۆرته‌كه سه‌باره‌ت به ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌مجۆره ده‌نووسێت:
“كۆماری ئیسلامیی ئێران یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی جیهانه كه له ساڵی ١٣٨١ی هه‌تاوییه‌وه به‌هۆی سه‌ركوتی حكوومه‌تیی ئازادیی میدیایی به‌رده‌وام كه‌وتووه‌ته خوارترین به‌شی ئه‌م لیسته‌وه. گشتگیربوونی كۆویدی ١٩ وێڕای هه‌وڵی به‌رپرسانی حكوومه‌تی له نومایشی هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاماری نه‌خۆشان و قوربانیانی ئه‌م نه‌خۆشیه، باروودۆخه‌كه‌ی خراپتر كردووه. حكوومه‌ت له حاڵێكدا باس له مه‌رگی ٦٦ هه‌زار كه‌س ده‌كات كه به پێی هێندێك له ئاماره‌كان ئه‌م ژماره‌یه پتر له ١٨٠ هه‌زار كه‌س به‌رئاورد كراوه. حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی، به‌ده‌ر له كۆنتڕۆڵ كردنی میدیا سوننه‌تی و ڕه‌سمییه‌كان و ئینتێرنێت، هه‌ڕه‌شه و بانگهێشت و ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و مه‌حكووم كردنی ڕۆژنامه‌وانان به‌رده‌وام درێژه پێده‌دات. له لایه‌كی دیكه‌وه ئێران له ماوه‌ی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ژماره‌ی حوكمی ئێعدامی دژبه ڕۆژنامه‌وانان ده‌ركردووه و به‌كرده‌وه‌ی ده‌رهێناوه”.
ڕاپۆرتی ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور به پێی پێوه‌ره نووسراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری ئاماده ده‌كرێت. بێگومان ئه‌م پێوه‌رانه له‌چاو پێوه‌ری ده‌سه‌ڵاته به‌ئاشكرا دیكتاتۆر و دژه‌مرۆیی و هاره‌كانی وه‌ك كۆماری ئیسلامی، ده‌توانێ ئه‌رێنی بێت. به‌ڵام ئه‌م ڕێكخراوه كه خۆی سه‌ربه‌خۆ پێناسه ده‌كات، به‌شێكه له ناوه‌ندی سه‌رمایه‌داری جیهانی كه سیاسه‌ته‌كانی به‌پێی ئاراسته سه‌ره‌كییه‌كانی ناو بورژوازیی هێندێك له وڵاته‌كان له‌وانه ئه‌مریكا داده‌ڕێژێ. بۆ نموونه بۆ ئه‌م ڕێكخراوه گرینگ نییه كه گشت میدیاكانی هێڵی ڕه‌سمی یان میدیاكانی خزمه‌تكاری سه‌رمایه‌دارانی كهڵان له ده‌ست ژماره‌یه‌ك ملیاردێری ده‌ستی ڕاستی و یان ڕاستی توندئاژۆ دان. بۆ ئه‌م ڕێكخراوه گرینگ نییه كه گشت هه‌واڵنێران و نووسه‌ران و كارمه‌ندانی ئه‌م میدیایانه، ئه‌وله‌وییه‌تی ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر و هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌كانیان، له لایه‌ن باڵاترین كاربه‌ده‌ستانی ده‌ستنیشانكراوی ئه‌م ملیاردێرانه‌وه دیاری ده‌كرێت. بۆ ئه‌م ڕێكخراوه گرینگ نییه كه نووسه‌رانی كاركوشتهی ئه‌م میدیایانه، بابه‌ت و هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌كانیان به‌جۆرێك ئاماده ده‌كه‌ن و دایده‌ڕێژن كه مه‌علووم نه‌بێت سه‌رچاوه‌ی نابه‌رابه‌ری بێوێنه، هه‌ژاریی بێ‌سنوور، بێكاریی به‌رین، وێران كردنی ژیانی زۆربه‌ی دانیشتووانی گوی زه‌وی، ڕه‌گه‌زپه‌رستی، فاشیسم و هاوشێوه‌كانی، خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌تی بورژوازی و نیزامی سه‌رمایه‌دارییه. بۆ ئه‌م ڕێكخراوه گرینگ نییه كه نووسه‌ران و هه‌واڵنێرانیان، جیهان ئاواژوو و به قازانجی سه‌رمایه نیشان ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌وان خاوه‌نانی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان، نه‌ك چه‌وسێنه‌ر به‌ڵكوو خاوه‌نكار، كارخوڵقێن و دابینكه‌ری بژێوی كرێكارانن.
ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی خۆی به‌مجۆره پێناسه ده‌كات:
“ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور، ئهنجومهنییهكی جیهانییه بۆ دیفاع له ئازادیی گه‌یاندنی هه‌واڵ و بیروبۆچوون به‌پێی ئه‌سڵی ١٩ی ڕاگه‌یه‌ندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ. ئه‌م ڕێكخراوه به‌رده‌وام بۆ ئازادیی ڕۆژنامه‌وانان و هاوكارانی میدیایی كه به‌هۆی چالاكیی پیشه‌یی خۆیانه‌وه زیندانی ده‌كرێن، هه‌وڵ ده‌دات“. به‌ڵام با بزانین ئه‌م ڕێكخراوه به‌و پێناسه‌یه‌ی كه له‌خۆی كردووه چه‌نده پێبه‌نده؟
“ئه‌نجومه‌نه‌كانی هاوپشتیی ئه‌مریكای لاتین” سه‌باره‌ت به ڕێكخراوی “هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور” ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه. ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه له لایه‌ن “یه‌كیه‌تیی فیدائیانی كۆمۆنیست” به‌كورتی وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه. له به‌شێك له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه:
“له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا بۆ نموونه له ناڕه‌زایه‌تیی جلیقهزهردهكان و یان له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دژبه كۆبوونه‌وه‌ی “جی ٢٠” له‌ساڵی ٢٠١٧ له هامبۆرگی ئاڵمان كه تێیاندا به‌ده‌یان ڕۆژنامه‌وان، فیلمگر و هه‌واڵنێر كه‌وتنه به‌ر لێدان و توندوتیژیی فیزیكیی هێزه ئه‌منییه‌كان، هیچ ڕاپۆرت یان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ناڕه‌زایه‌تیی ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه‌وه ئاماده نه‌كرا. له ڕێفراندۆمێكدا كه له مانگی ئۆكتۆبری ساڵی ٢٠١٧ له ئه‌یاله‌تی كاتالان له باكووری سپانیا بۆ مافی خودموختاری به‌ڕێوه‌چوو و به‌خاتری ده‌نگی ئه‌رێنیی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ئه‌یاله‌ته به خودموختاری، دژایه‌تی و هێرشی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له مادریدهوه بۆسه‌ر ئه‌یاله‌تی كاتالان ده‌ستیپێكرد، له ماوه‌ی ڕۆژانی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین دژبه توندوتیژیی پۆلیس له شاره جۆراوجۆره‌كان، ده‌یان هه‌واڵنێر بریندار بوون و ده‌ستبه‌سه‌ر كران و دادگایی كران. به‌ڵام ڕێكخراوی “هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور” تا به ئه‌مڕۆ هیچ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌مباره‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه. له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ كوژرانی ٢٣ هه‌واڵنێری كۆلۆمبیایی كه سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی تیرۆری كۆلۆمبیایان ئاشكرا كردبوو، ئه‌م ڕێكخراوه بێده‌نگیی گرته‌به‌ر. ئیدیعای دیفاع له ڕۆژنامه‌وانان له لایه‌ن ڕێكخراوی “هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور” له حاڵێك دایه كه تا به ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت یه‌ك ئاكسیۆن بۆ ئازادیی “ئاسانژ“، دامه‌زرێنه‌ری ماڵپه‌ڕی له‌قاوده‌ری “ویكی لیكس” ئه‌نجام نه‌داوه. “جوولیان ئاسانژ” به ئاماده كردنی ڕاپۆرت له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕۆڵی ئه‌رته‌شی ئه‌مریكای باكوور و وڵاتانی ناتۆ له بۆمبارانی عێراق و چه‌ندین به‌ڵگه سه‌باره‌ت به كوژرانی كه‌سانی مه‌ده‌نی له‌م بۆمبارانه‌دا، ئه‌ركی ئینسانی و ڕاسته‌قینه‌ی هه‌واڵنێرێكی نه‌نجام دا. ناوبراو به‌خاتری به‌جێ هێنانی ئه‌م ئه‌ركه ئینسانیه‌ی، ساڵه‌هایه له له‌نده‌ن له ژوورێكی تاكه‌كه‌سیدا زیندانی كراوه. تاوانی جوولیان ئاسانژ، هه‌وڵ بۆ له‌قاودانی جهنایاتی جه‌نگی و خه‌بات دژبه سانسووڕ بووه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه بۆچی ڕێكخراوی “هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور” هیچ عه‌لاقه و مه‌یلێكی بۆ ئازادیی جوولیان ئاسانژ نییه؟ ئه‌م ڕێكخراوه هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به “ئێدوارد سنۆدێن” كه نزیك به ده ساڵه له ئه‌مریكا ڕایكردووه، بێده‌نگیی گرتووه‌ته به‌ر. “ئێدوارد سنۆدێن” له دیفاع له ئازادی بیروبۆچوون و به ئاماده كردنی چه‌ندین به‌ڵگه به‌ئامانجی له‌قاودان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی گشتیی ئۆرگانه ده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه ئه‌منی و سیخوڕییه‌كانی ئه‌مریكای باكوور و ڕۆڵی ئه‌وان له كۆنتڕۆڵ كردنی ژیانی ئاسایی هاوڵاتییانی ئه‌مریكای باكوور، كه‌وته ژێر چاوه‌دێری و سه‌ره‌نجام ناچار بوو ئه‌م وڵاته جێبهێڵێت.
سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور سه‌باره‌ت به باروودۆخی هه‌واڵنێران و ڕۆژنامه‌وانان له وڵاتانی وه‌ك ئێران هه‌ڵگری گه‌لێك خاڵی به‌نرخن كه پێویسته بایه‌خیان پێبدرێت، به‌ڵام ماهییه‌ت و به‌ربه‌سته‌كانی كاریی ئه‌م ڕێكخراوه‌ش پێویسته بناسرێن.