ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٤ی هه‌تاوی، بنه‌ماڵه، دۆستان و هاوڕێیانی “مه‌نسوور كه‌ریمی” چالاكی كرێكاری گیانبه‌ختكردووی خه‌ڵكی شاری سنه، هاوكات له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له چالاكانی سیاسی و نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان، به به‌رپایی مه‌راسمێك یادی ئه‌و ئازیزه‌یان به‌رز ڕاگرت.
به پێی ئه‌و وێنانه‌ی به ده‌ستمان گه‌یشتوون، مه‌راسمه‌كه به وتنه‌وه‌ی سروودی ئێنتێرناسیۆناڵ، سروودی یه‌كانگیری جیهانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان ده‌ستی پێكرد و پاش خوله‌كێك بێده‌نگی به مه‌به‌ستی ڕێز گرتن له یادی هاوڕێ “مه‌نسوور كه‌ریمی” و هه‌موو گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، سروودی شۆڕشگێڕانه‌ی “ئێوه هه‌گیز نامرن” له لایه‌ن “سانان محه‌ممه‌دی و شاهۆ شه‌ریفی” پێشكه‌ش كرا. له به‌رده‌وامی مه‌اسمه‌كه‌دا هاوڕێیان “یه‌دێ، عه‌به و شۆڕش كه‌ریمی” وتارێكیان سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی شۆڕشگێڕانه، ژیان و خه‌باتی هاوڕێ “مه‌نسوور كه‌ریمی” پێكه‌شی به‌شداربووانی كرد و پاشان نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شداربوو به وتارێك یادی ئه‌و خه‌باتكاره‌یان به‌رز ڕاگرت. شایانی باسه له لایه‌ن كومیته‌ی ئاڵمانی “حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران”، ئه‌نجومه‌نی دادخوازانی بزووتنه‌وه‌ی ژینا، ئه‌نجومه‌نی برینداران و زیانلێكه‌وتووانی بزووتنه‌وه‌ی ژینا و هه‌روه‌ها یه‌كێتی ژنانی كوردستان، چه‌ند په‌یامێك ئاراسته‌ی مه‌راسمه‌كه كرا.
