لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان، گەلێک نهریتی پێشکەوتوانەی بە نرخ لەم کۆمەڵگهیەدا جێكهوتووه. یەکێک لەم سوننەتانە، بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارە. ئەم سوننەتە لە دژوارترین ڕۆژەکانی دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و تەنانەت لە بارودۆخێکیدا کە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاق، هەموو بوارەکانی ژیانی لەم کۆمەڵگهیەدا خستبوە ژێر کاریگەری خۆیەوە و لەژێر بریسکەی سەرنێزەکانی دوژمندا ڕێزی لێ گیراوە. لەم ڕێگایەدا گەلێک گیانبازی کراوە، زیندان و ئەشکەنجە و دوورخرانهوه لە پێناویدا تەحەمول کراوە، بەڵام ئاڵای ئەوەڵی مانگی مەی لە کوردستان نەکەوتۆتە سەر زەوی. ڕژیمی دژی کرێکاریی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگایەدا ههتا ئێعدام کردنی کرێکارانێکی تێکۆشەری وەک ” جەماڵ چراغ وەیسی” و عەبدوڵڵا بیوسە”، چۆتە پێشێ، بەڵام هێجی بۆ نەکراوە. ئەم ڕاوەستان و خۆڕاگریە ڕژیمی ناچار کردووە کە پشوی ڕەسمی بوونی ئەم رۆژە بەڕەسمیەت بناسێ. ئەگەرچی بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمه سەربەخۆ کرێکارییەکان، ڕێوڕهسمی دەوڵەتی دەخاتە ڕێ، بەڵام لە کوردستان وەک نهریتێكی جێ کەوتوو ئەم جۆرە ڕێوڕەسمە دەوڵەتییانە لە لایەن جەماوەری کرێکارانەوە بایکۆت دەکرێن.
ڕۆژی ١١ ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ لە بارودۆخێکدا کە هێشتا دهسهڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی بەسەر کوردستاندا زاڵ نەبوو، لە هەموو شارەکانی کوردستان ڕۆژی جیهانی کرێکار زۆر بە شکۆداریەوە ڕیزی لێ دهگیرا. لەم ڕۆژەدا لە مهاباد ڕێپێوانێکی شکۆدار بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو کە شانۆیەک بوو لە هێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەمشارەدا.
لە ساڵی ١٣٦٢، لە فەزایەکی بە گشتی نیزامی و جەنگیدا، لە لوتکەی سەرکوت و خەفەقان لە ئاستێکی بچوک بەڵام ڕەزامەندە و لەبیر نەکراودا لە شاری مهاباد مەڕاسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار بەڕێوەچوو. ئەم حەڕەکەتە سەرەتاییە لە ساڵەکانی گوشار و خەفەقان و سەرکوتدا، دەورێکی گەلێک جیدی لە زیندو ڕاگرتنی ئەم نهریته کرێکاریەدا هەبوو کە لەبیر ناچێتەوە. نمونەی دیكهی ئەم چەشنە، ڕێوڕهسمی شکۆداری ڕۆژی جیهانیی کرێکار له ١١ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦٦ له شاری سنەیە. لەم ڕۆژەدا لهگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەک پێشترەوە خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆبونەوە کرێکارییەکان ئامادە کردبوو، بە بەسیج کردنی هێز سەرکوتگەرەکانی و وەڕێخستنی تەبلیغاتی جەنگی، کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، گەمارۆدانی گەڕەکە کرێکارییەکان و پشکنینی جەستەیی بەرین، هاتبووە مەیدان و لە پێشدا ڕایگەیاندبوو کە هیچ ڕێوڕهسمێكی سەربەخۆ نابێ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ڕۆژێک بەر لە ١١ ی گوڵانەوە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی شاری سنە دەست بەکار بوون و بانگەوازی پێوەندار بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمی ئەو ڕۆژەیان لە گەڕەکە کرێکار نشینەکاندا بە شێوەیەکی بەربەڵاو بڵاو کردەوە. سەرئەنجام کۆمەڵێک ڕێوڕهسم لە ” پاساژی عیزەتی”، “کارخانەی پۆشاک”، “کارخانەی شاهۆ” و لە نێو کرێکارانی ” قەناد” و بنەماڵە کرێکاریەکاندا بهڕێوهچوو.
بڕیارنامهی ڕۆژی كرێكاریی ساڵی ١٣٦٦ی کرێکارانی سنە، وێڕای پێداگری لەسەر داخوازی بەڕسمیەت ناسرانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و پشوی ڕەسمی بوونی ئەم ڕۆژە، خوازیاری مافی ڕێكخراو و مانگرتن، ٤٠ کاتژمێر کار لە هەفتەدا، هەقدەستی گونجاو لەگەڵ بەرز بوونەوەی ئاوسان و تەوڕوم، قەدەغە بوونی کاری منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، ئاوڕدانەوەی تایبەت لە ژنانی کرێکار و چەند داخوازیەکی دیكه بوو.
نمونەیەکی دیكه ئەم ڕێوڕهسمە شکۆدار و ڕەزامەندانەی کە لە مێژووی خەباتی کرێکاری کرێکارانی ئێراندا بە شێوەیەکی تایبەت و بەرچاو تۆمار کراوە، بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی كرێكاری ساڵی ١٣٦٨ شاری سنە بوو. لەم ڕۆژەدا کۆبونەوەیەکی گەورەی کرێکاران لە سالۆنی وەرزشی تەختی سنە بەڕێوەچوو. ڕێوهڕهسمهكه بە سروودی ئەنترناسیوناڵ سروودی هاوپشتی جیهانیی چینی كرێكار دەستی پێکرد و بە سوخەنڕانییەکی گهرم و گوڕی کرێکاری کۆمۆنیستی گیانبەخت کردوو ” جەماڵ چراخ وەیسی” درێژەی پێدرا. ئەو لە سوخەنڕانیەکەیدا، وێڕای شیکردنەوەی بارودۆخی دژواری ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان، جەختی لەسەر پێویستی یەکێتیی و هاوپشتی و ههروهها پێكهێنانی ڕێكخراوه کرێکارییەکان و پتەو تر کردنی ڕیزی خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بارودۆخی نا یەکسانی مەوجود لە کۆمەڵگادا کردەوە. لایەن و هێما شکۆدارەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمهکانی یەکی ئەیاری ساڵی ٦٨ لە شاری سنە، قەت لەبیر ناچنەوە. بڵێسەکانی ڕێوڕهسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لەو کاتە بەدواوە لە شاری سنە قەت کپ و خامۆش نەبوون و بە تێپەڕبوونی کات، هەموو ساڵێک نهریتێکی نوێتری لە خۆی جێهێشتوە. کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە شاری سەقزیش بەردەوام لە زومڕەی پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمهکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بوون. لە ساڵەکانی ١٣٦٩، ١٣٧٠ و ١٣٧١ دا شایهتی گەلێک نمونەی بوێرانە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمه کرێکارییەکان بووین. شكۆدارترینیان لە ساڵی ١٣٨٣ دا بەڕێوەچوو. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا، هەڵسوڕاونی کرێکاری لەمشارەدا زیندان و ئەشکەنجە و هەڕەشەکانی ڕژیمیان تەحەمول کردووە، بەڵام قەت نەیانهێشتوە کە ئاڵای ئەم ڕۆژە مێژووییە وەک هێمای هاوپشتی چینی کرێکار داکەوێتە زەوی.
ئەم نهریته لە لایەن کرێکارانی پێشڕەو و بنەماڵەکانیانەوە هەموو ساڵێک و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، لە کرماشان، شنۆ، بۆکان، مەریوان، بانە، کامیاران، دیواندەرە، ڕەبەت و سەردەشت بە شێوەی جۆراو جۆر لە ڕێپێوانی خیابانییەوە گرتویەتی، تا کۆبوونەوە لە نێو شار و هێندێک جار کۆبوونەوە لە دەرەوەی شارەکان، پارێزراوە. هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەم بۆنەیەدا لە دیواری خەفەقان و سەرکوتی ڕژیم تێپەڕ بوون و هەموو ساڵێک بە شور و شەوقێکی زۆرترەوە چوون بە پێر ڕۆژی جیهانیی خۆیانەوە.
ئەم نهریته و بوونی هەڵسوڕاوان و کرێکارانی پێشڕەو، ئەو هیوایە بەهێز دەکات کە ئەمساڵیش سەرەڕای هەر کۆسپێک و بەربەستێک كه هەبێت، جەماوەی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمی ڕێزگرتن لەم ڕۆژە غافڵ نابن و بە هەموو هێز و توانا و ئیمکاناتێکی لەبەر دەستیاندابێت ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی خۆیان بەڕێوەدەبەن.