کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

ڕێزلێنان له‌ یادی گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا له‌ شاره‌كانی كوردستان و ئێران

ڕێزلێنان له‌ یادی گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا له‌ شاره‌كانی كوردستان

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٣١ی خه‌رمانان، بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا له‌ شنۆ، كه‌ره‌ج و دێهده‌شت هاوكات له‌گه‌ڵ دووهه‌مین ساڵڕۆژی بزووتنه‌وه‌ی ژن،ژیان،ئازادی له‌سه‌ر مه‌زاری ئازیزانیان كۆبوونه‌وه‌ و ڕێزیان له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیان گرت.

به‌پێی ئه‌و وێدیۆ و وێنانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مین مه‌عریفه‌ت له‌ شاری شنۆ له‌ دووهه‌مین ساڵوه‌گه‌ری گیانبه‌ختكردنی دا له‌سه‌ر مه‌زاری مه‌راسمێكیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و له‌لایه‌ن ئازادیخوازانی ئه‌و شاره‌وه‌ پێشوازی لێ كراوه‌. به‌شداربووانی ئه‌و مه‌راسمه‌ وێڕای ڕێزگرتن له‌ یادی هه‌موو گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا، په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانیان نوێ كرده‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ی ڕووزبێه خادمیان، گه‌نجی كوردی خه‌ڵكی سۆنقۆر و دانیشتووی كه‌ره‌ج كه‌ له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی ژینا به‌ فیشه‌كی سه‌ركوتگه‌ران گیانی به‌خت كردبوو، هاوڕێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ دادخوازه‌كانی كه‌ره‌ج مه‌راسمێكیان بۆ ڕێزلێنان له‌ یادی قوربانیانی سه‌ركوتی ڕژیم به‌ڕێوه‌ بردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ دێهده‌شت، كۆمه‌ڵێك له‌ ئازادیخوازان هاوڕێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی پێدرام ئازه‌رنووش، له‌سه‌ر گڵكۆی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه‌ كۆبوونه‌وه‌ و به‌ڵێنیان دا درێژه‌ به‌ ڕێگای پیرۆزی بده‌ن.