کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕیشەی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە فەڕانسە لە قوڵتر بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکاندایە

ae2d4ec90e109e1fc3b9af8116dbcbd3a317b132 1280x854 1

  ئێستا زیاتر لە حەفتەیەک بەسەر دەوری نوێی ناڕەزایەتیەکان لە پاریسی پێتەختی فەڕانسە و باقی شارەکانی ئەو وڵاتە تێدەپەڕێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییە کە دوای کوژرانی تازە لاوێکی ١٧ ساڵە بە ناوینائیللەلایەن پۆلیسی فەڕانسەوە لە نزیک پاریس دەستی پێکرد، بۆتە نەبەردێکی بەرین لە نێوان لاوان و پۆلیسی بەسیج کراوی دەوڵەتی ئیمانۆئیل ماکرۆندا.

  نائیلتازە لاوێک بوو کە هاوکات لەگەڵ خوێندن لە دەبیرستان بە گەیاندی پیتزا هەوڵی ئەدا تا یارمەتی دەری هەزینەی ژیانی دایکی بێت، دایکێک کە بێجگە لەو منداڵی دیکەی نەبوو. ڕاپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکرانی زیاتر لە هەزار کەس لە لاوان دەکەن. دەوترێت زیاتری گیراوەکان تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵی دایە

  بە پێی وتەی وەزیری نێوخۆی فەڕانسە:” ٤٥ هەزار پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نائارامیەکان بەسیج کراون و تەنیا لە یەک شەودا ٥٧٧ ماشێن و ٧٤ بینا ئاگر دراون. هەروەها ٨٧١ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە لێرە و لەوێ ڕوویانداوە. تەنیا لە شەوی شەممەدا ١٠ کۆمیساریا، ١٠ ژاندامری و ٦ پۆستی پۆلیسی شاریی هێرشیان کراوەتەسەر.

وەزیری دادگوستەری فەڕانسە بە ئاماژە بەم بابەتە کە زۆربەی گیراوەکان لەژێر تەمەنی یاساییدان، ڕایگەیاندوە: کە  ئەو کەسوکارانەی بەرپرسیاریەتی خۆیان لەبەرانبەر منداڵەکانیاندا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیان بەکار نەهێنن، سزای دوو ساڵ زیندان و ٣٠ هەزار یۆرۆ جەریمەی نەغدیان بۆ لەبەرچاو دەگیرێت.

ئەوە سێهەم جارە لە ماوەی ٣٤ ساڵی دواییدا کە پۆلیسی فەرانسە بەم شێوەیە دەست ئەداتە توندتیژی دژبە ناڕازیان لە ئاستێکی بەریندا. هاوشێوەی ئەم کردارەی پۆلیس لە جەریانی ئاخێزی ناسراو بەهێلەک زەردەکانو هەروەها لە جەریانی ناڕەزایەتیەکان دژبە زیادبوونی تەمەنی خانەنشینی دا دەکرێ ببینین. کاتێک دەوڵەتی ماکرون لە دژایەتی بە ئاشکرا لەگەڵ داخوازی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لە ناڕەزایەتی دژبە ئیسلاحی یاسای خانەنشینی بە سەرکوتی پۆلیس توانی شەقامەکان بە شێوەی کاتی هێور بکاتەوە و یاسای جێی سەرنجی خۆی بەکردەوە دەربێنێ، شیاوی پێشبینی بوو کە لە مەودایەکی نەزۆر دووردا، جارێکی تر ناڕەزایەتیەکان بە چەخماخەیەک بڵێسەدار ببنەوە.

ئێستا ئەگەرچی کوژرانی تازەلاوێکی ئەلجەزایری کە لە فەڕانسە لە دایک بووە و گەورە بووە، چەخماخەی ئاخێزەکەی لێدا، و لاوانی بنەماڵە کۆچبەرەکان دەورێکی بەرچاو تریان لەم ناڕەزایەتیانەدا هەیە، بەڵام ڕاستیەکان قوڵتر و بنەڕەتی تر لەوەیە. ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە فەرانسە ڕوو ئەدات، تەقینەوەی قینی خەڵکێکە کە لە ماوەی سێ دەیەی دواییدا زۆرترین گۆشاری ئابووری نیئۆلیبڕالی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی فەرانسەیان تەحەمول کردوە. زۆربەی لاوانی ناڕازی سەربەو بنەماڵانەن کە باری قیرانی ئابووری و سیاسەتەکانی دەوڵەتی حاکم بە تایبەت لە دەورەی پەتای کوڕۆنا دا زیاتر لە هەموان لەسەر شانی ئەوان قورسایی دەکرد.

  قوڵ بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکان، لە خوارەوە بوونی ئیستانداردی ژیانی چینی کرێکار و توێژی مامناوەند، زیاد بوونی خێڵی ئەو پەڕاوێز نشینانەی کە لە کەمترین ئیمکاناتی ڕیفاهی و خزمەتگوزاری گشتی بەهرەمەندن، ڕیشە کۆمەڵایەتیەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم رۆژانەی دوایی پێکدێنن.

  ناڕەزایەتیە کۆمەڵاتیەکانی ساڵانی دوایی لە فەرانسە کە هەموو جارێک چەخماخەیەک دەبێتە هۆی بڵێسەدار بوونی، جارێکی تر کۆمەڵگای ئەو وڵاتەی لەباری داد خوازی و دیفاع لە بایەخە دیموکڕاتیک و ئینسانیەکانی هێناوەتە سەرووی کۆمەڵگەی ئوروپاییەوە. فەڕانسە سەرچاوەی یەکەم شۆڕشی سەرکەوتوی بۆرژوازییە دژبە ئەشڕافیەت و فئودالیزم، لانکەی یەکەم شۆڕشی کرێکاری جیهانە دژبە بۆرژوازی، ئاڵاهەڵگری بزوتنەوەی گەورەی خوێندکاری و کرێکاری ساڵەکانی ٦٠ ی زایینیە لە سەدەی ڕابردودا. ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی نیشانی ئەدات کە کۆمەڵگەی فەرانسە ئێستاش ئەم تواناییەی تێدا هەیە کە ببێتە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە ئەروپادا.