کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕیسوا بوونی زیاتری کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی کردن لەگەڵ ئازادی عەقیدە و بەیان

رۆژی چوار شەممە ٣ی مانگی خەزەڵوەر عاسمە جەهانگیر هه‌واڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە دانی ڕاپۆرتێک له‌ کۆبوونەوەی گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە ئێعدام، ئەشکەنجە، شه‌لاق، لێدان و بڕینی دەست و لاق، پێشێل کردنی ئازادی بەیان و بێ مافی ژنان، زیندانیان، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان و ئازار دانی هه‌ڵسوڕاوانی ڕەسانەیی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ده‌ربڕی. ئەو سەبارەت بە مانگرتن لە خواردنی درێژ ماوەی زیندانیانی سیاسی و ئەمنیەتی لە ناڕەزایەتیی بە دەستەبەر نەبوونی داخوازییە ئینسانیەکانیان و لە ئیختیار نەنانی ئیمکاناتی پزیشکی وەک ئامرازێک بۆ ئەزیەت و ئازاری رۆحی و جەستەیی زیندانیانیش نیگەرانی دەربڕێوە. بەڵام خاڵێکی تازە کە لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە، بابەتی شکایەتێک بوو کە هەواڵنێریی بی بی سی بە ئەو و ” دەیوید کی” هه‌واڵنێری تایبەتی پشتیوانی لە مافی ئازادی دەربڕینی بیر و بۆچوون، درابوو و خوازیاری پێڕاگەیشتنی ئەو ڕێکخراوە بوون.

له‌م سكاڵایه‌دا وتراوە کە ” کۆماری ئیسلامی ١٥٢ کەسی لە کارمەندانی ئێستا و پێشوی بەشی فارسی بی بی سی و بنەماڵەکانیانی لەبەر کاری رۆژنامە نووسی و ڕاگەیاندن بە تاوانی ئێقدام لەدژی ئەمنیەتی وڵات، خستۆتە ژێر گوشار و بەدواودا چوونەوە.” بی بی سی ئەم کردارەی کۆماری ئیسلامی بە ئەزیەت و ئازاردان و سزای بە کۆمەڵی رۆژنامە نووسان و بنەماڵەکانیان وەسف کردوە کە تەنیا تاوانیان کاری رۆژنامە نیگارییە. بی بی سی وتویەتی کە ئەم جۆرە بابەتە تا ئێستا لە مێژوی رۆژنامەگەری لە دنیادا بێ وێنەیە و بۆ بەدواداچوونی ئەو شکایەتەیان گشت هەوڵێک ئەدەن.

بی بی سی بە ئامانجی بەڵگەمەند کردنی ئەم شکایەتە، کۆمەڵێک وتووێژی لەگەڵ هێندێک لە کارمەندانی فارسی زمانی خۆی بڵاو کردۆتەوە و خستویەتیە ئیختیار ئەو ناوەندانەشەوە. لەو وتووێژانەدا کارمەندانی بی بی سی ئاشکرایان کردوە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بۆ وادار کردنیان بە وزهێنان له‌ كاره‌كاینان، دەستی داوەتە گەلێک کرداری نا مرۆڤانە لە دژی ئەوان و بنەماڵەکانیان و ئەوانی لە مافە سەرەتاییە ئینسانیەکانیان بێبەش کردوە. لەوانە بنماڵەکانیانی گرتوە و خستونیەتە ژێر بازجویی بەردەوامەوە، داوای لێکردون ببنە جاسوس، دەستی بەسەر مڵک و ماڵیاندا گرتوە و سەفەری لێ قەدەغە کردون، تۆمەت و هەواڵی هەڵبەستراوی بۆ بڵاو کردونەوە، پەروەندەی ئەمنیەتی وئەخلاقی ناڕەوای لەدژیان پێکهێناوە، و تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیشیان لێکردون.

سازمانی گوزارشگەرانی بێ سنوریش پێشتر لە ڕاگەیاندنێک وتوبوی کە کارمەندانی ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکان لە دەرەوەی وڵات وەک دوچە وێلە لە ئاڵمان، ڕادیۆ فەڕانسە، ڕادیۆ فەردا، دەنگی ئەمریکا، بی بی سی و کاناڵی مەن و تۆ و هیتر لە لایەن دەزگا ئەمنیەتی و سیخوڕیەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە دەخرێنە ژێر گوشار و ئەزیەت و ئازارەوە. ئەم سازمانە لە ئاخرین ڕاپۆرتی خۆیدا لە پێوەند لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئازادی مەتبوعات، کۆماری ئیسلامی لەنێو ١٨٠ وڵاتی دنیادا لە پلەی ١٦٥ دا دانابوو.

ئەم جۆرە کردارە دژی ئازادی و دژی ئینسانیانەی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران بابتێکی نا ئاشنا و غەریب نییە. زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە پڕ بوون لە روناکبیران، نووسەران، رۆژنامە نووسان، وێبلاگ نووسان، وەکیلەکان و باقی هەڵسوراوانی سیاسی لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕازیانی ڕژیم. بەڵام ئیفشاگەری بی بی سی فارسی لەم پێوەندەدا و لە زمان خۆیانەوە، ماهیەتی دژی ئینسانی و ڕواڵەتی ڕیاکاری کۆماری ئیسلامی پیشانی بە ملیۆنان کەسی تر لە خەڵکی ئێران و دنیا دا و ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی دنیا بۆیان دەرکەوت کە خەڵکی ئێران لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئسلامیدا لە چ بارودۆخێكی دژواردا دەژین. بەم حاڵەوە ئەگەرچی دەوڵەتانی سەرمایەداری ئاگاداری گشت ئەم جەنایەتانەن و بەخاتری بەرژەوەندیە مادیەکانیان چاوپۆشی لێدەکەن، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین لەم پێوەندەدا سازمانەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ کارێکی ئەوتۆیان لەدەست بێت.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە جەهل و خورافە و درۆ و تەزویر لە لایەکەوە و سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان لە لایەکی دیکەوە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دەرێژەی حاکمیەتی وەها ڕژیمگەلێکی دیکتاتۆڕی و دژی بەشەریین. كه‌وابوو سروشتیە کە ئەم جۆرە ڕژیمانە دوژمنی ئازادی و وشیاری جەماوەری خەڵک بن و تا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی هەبێت به‌رگری بكه‌ن له‌ ناساندنی بە مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکان و جێكه‌وتنیان. سەران و کاربەدەستانی دز و گەندەڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، بە تاڵان کردنی سەروەتی گشتی، ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتەیان نابوود کردوە و خۆیان و سەرمایەداران بوونە تە خاوەنی سەروەت و سامانێکی نجومی، بە باشیی دەزانن لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری جەماوەری خەڵک دانیشتون. بە باشیی دەزانن ئەگەر بێت دەربیجەیەک بە رووی ئازادی لە کۆمەڵگادا بکرێتەوە، کۆنترۆڵی بارودۆخەکەیان لە دەست دەردەچێت و دام و ده‌زگای حاکمیەتەکایان لە لایەن خەڵکی توڕە و ناڕازییەوە تێکەوە دەپێچرێت. لە خۆڕا نییە کە ڕژیم هەر ناڕەزایەتیەکی هەرچەند چکۆلەش سەبارەت بە دواخستنی حەقدەستەکان لە لایەن کرێکارانەوە یان بە پیس بوونی ژینگە یان ته‌نانه‌ت داواکاری كه‌سانێكه‌ كه‌ تۆزه‌ سه‌رمایه‌كانیان له‌ بانك دانه‌وه‌ و یان چالاکی نووسەران، رۆژنامە نووسان، وێبلاگ نووسان و چالاکانی ڕەسانەیی بە ئێقدام لەدژی ئەمنیەتی خۆی دەزانێ. لەخۆڕا نییە کە کۆماری ئیسلامی فکر و خەیاڵی بۆتە فیلتێر کردنی سایتەکان و پاڕازێت خستنەسەر شەبەکە ماهوارەییە ڕادیۆیی و تەلەویزیۆنیەکان و هەڕەشە کردن و ترساندنی هەڵسوڕاوانی ڕەسانەیی لە نێوخۆ و دەرەوە. سروشتییە کە سیستمی قەزایی وەها ڕژیمێک بەشێکی گەورەی کارەکەی بەردەوام پەروەندە سازی درۆینه‌ و دەرکردنی ئەحکامی قورسی زیندان و تەبعید و یان تەنانەت ئێعدام لەدژی ئەم جۆرە کەسانە بێت.

نیگەرانیەکانی سەرانی ڕژیم بە تایبەت لە بارودۆخی شپرزە و خراپی باری ئابووری وڵات کە رۆژ لەگەڵ رۆژ قەیراناوی تر دبێت دوو هێندە دەبێت. بە تایبەت ئەوەی کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە لاوان بە ژمارەی بێکارانی وڵاتەوە زیاد دەبێت. ئەوان دەزانن بوجەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بوونی نییە. پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ ڕاگەیەنەرە گشتیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەو بارەیەوە کە لە ڕوانگەی ڕژیمەوە وەک مەترسی ئەمنیەتی بە ئەژمار دێن کە ئامرازی ئاشکرا کردن و لەقاودانی خێرای زانیارین لەم بابتەوە کە دەبنە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی زانست و زانیاری و وشیاری جەماوەری خەڵک. بەڵام نیگه‌رانی سەرەکی نیزام و مەترسی جیدی هەمان ئاخێزی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێکار و برسی و توڕەیه‌ کە ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ژیانیانی لێ تاڵ كردووه‌. دوور نییە وەها رۆژێک کە ئەوانیش بە راپەڕین و شۆرشی خۆیان ئەم ڕژیمە ڕه‌شت و دژی ئینسانیە بەرەو هەڵدێری نەمان بەرن و بیانخەنە زبڵدانی مێژوەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-