کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی قەیرانی ئاو لە ئێران

بجران اب

ئێران لە لێواری داڕمانی سەرچاوە ئاوییەکانیدایە. لە ئێستادا زۆرێک لە شارە گەورەکانی وەک تاران، ئیسفەهان و یەزد بە توندی لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوو بوونەتەوە و ئەم بابەتەش مەترسییەکی جددی لەسەر ئەمنییەتی خۆراک و تەندروستی گشتی دروست دەکات.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیا چاپی لەندەن، ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە قەیرانی ئاو لە ئێران بڵاو کردووەتەوە کە کۆمەڵێک زانیاری و ئاماری سەرسوڕهێنەری خستووەتەڕوو. ئەم ڕاپۆرتە کە لە لایەن پەیامنێری ڕۆژنامەکە لە تاران ئامادە کراوە، بە هێنانەوەی نموونەیەک لە قسەیەکی پزیشکیان سەرۆک کۆمار دەست پێدەکات، کە دەڵێت: هەرئێستا لەگەڵ کێشەی ئاو و کارەبا و گاز بەرەوڕووین، بەنداوەکان ئاویان تێدا نییە، بیرەکانی ژێر پێمان خەریکە وشک دەبن، ئەو کەسانەی ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئاو هەیە، بێن و نیشانمان بدەن کە ئەم ئاوە لە کوێیە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیا، سەرچاوەکانی ئاو بە ڕێژەیەکی مەترسیدار خەریکن کەم دەبنەوە و هاوینی ئەمساڵ ١٩ بەنداوی ئێران لە نێوان ٣ بۆ ١٥ لەسەدی توانای خۆیان ئاویان تێدا بوو. سێ بەنداوی سەرەکی پایتەخت لەوانە لار، ماملو و ئەمیرکەبیر، تا مانگی سێپتامبر گەیشتنە ئاستێکی مەترسیدار، بەڵام داواکردن لە دانیشتوانی تاران بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بە ڕێژەی لەسەدا ٢٥ تا ئێستا هیچ ئامێکی نەبووە، لەمڕووەوە ئێستا پێشنیاری ڕاگرتنی تەواوەتی بیناسازی بۆ ماوەی دوو ساڵ، هاتووەتە گۆڕێ.

نیشانەکانی کەمی ئاو لە هەموو شوێنێک بەرچاوە. دەریاچە و تاڵاوەکان یەک لەدوای یەک وشک دەبن، ئەو بەنداوانەی کە ئاویان تێدا نەماوە، ڕۆچوونی بەربڵاوی زەوی لە شارەکانی وەک ئیسفەهان و درزەکانی هێڵی ئاسنی سەرەکی تارانمەشهەد، هەموو ئەمانە نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانێکن کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە بگاتە قۆناغێکی بێگەڕانەوە. قەیرانی ئاو بووەتە هۆی قەیرانی ڕۆچوونی زەوی. لەمبارەیەوە پارێزگاری ئیسفەهان بە ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیای وتووە، نۆ وێستگەی گەورەی میترۆ لە ئیسفەهان، ٢٧٤ وێستگەی ئاگرکوژێنەوەی گەورە، ٣٢٨ مزگەوت، ٣٧ کتێبخانە، سێ نەخۆشخانەی گەورە، یەک هۆتێل و ٢٥٨ قوتابخانە کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە زۆرترین ڕۆچوونی زەوییان تێدایە. بەهۆی پەرەسەندنی ڕۆچوونی زەوی، چل قوتابخانە چۆڵکراون و بەشێکی زۆریان بەهۆی زۆربوونی ڕادەی ڕۆچوونەوە بە تەواویی وێران بوون. تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سێ ڕووداوی ڕۆچوون لە ناوەندی شاری ئیسفەهان بووەتە هۆی دروستبوونی چەند چاڵێک بە قووڵایی ٧ بۆ ١٥ مەتر لە ڕؽڕەوە گشتییەکاندا. بێ گومان گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆڵی هەبووە لە پەرەسەندنی قەیرانی ئاودا، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دیاردە سروشتییە بکردبایە، ئێران هەرگیز ڕووبەڕووی قەیرانێکی لەو چەشنە نەدەبووەوە. بە چاوخشاندنێک بەسەر ڕۆڵی هۆکارە مرۆییەکان لە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئاو، ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە بەڕوونی دەردەکەوێت:

یەکەم: بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر و ناپێویستی سەرچاوە ئاوییەکان. کشتوکاڵ کە ٩٠ لەسەدی ئاوی وڵات بەکاردەهێنێت، تەنها ١٠ بۆ ١٢ لەسەدی بەرهەمی ناخالیسی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنێت. بۆ نموونە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ کە ئێستا بە تەواوی وشک بووە، لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردوودا، لە ٣٠٠ هەزار هێکتارەوە بۆ ٧٠٠ هەزار هێکتار زیادی کردووە. ئامارەکانی حکوومەت دەریدەخەن کە بۆ ٨ ملیۆن هێکتار زەوی، یەک ملیۆن بیری ئاودێری هەڵکەندراوە.

دووەم: بەکارهێنانی ئاوی زۆر و بەرهەمی کەمی کشتوکاڵ، کەڵک وەرگرتن لە شێوازی کۆن و تەقلیدی ئاودێریی، کەڵک وەرگرتنی کەم لە تەکنەلۆژیای ئاودێری مۆدێرن لەوانە (دڵۆپەیی، بارانیی کۆنترۆڵکراو)، و خراپ بەڕێوەبردنی کێڵگەکان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو. نەبوونی بەرنامەیەکی دیاریکراوی حکوومەتیی سەبارەت بە کاری کشتوکاڵی، پەرەپێدان بەو بەروبوومانەی کە پێویستییان بە ئاوی زۆر هەیە لەوانە برنج و هەندێک لەجۆرەکانی میوە لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان، گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر سەرچاوەکانی ئاو.

سێیەم: دامەزراندنی پیشەسازییەکانی بەکاربەری ئاو لە ناوچە وشکەکان. ڕووبار و چەمەکانی ناوەڕاستی ئێران بەم هۆیەوە وشک بوون. هاوکات تێکەڵبوونی پاشماوەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی وەک (قڕکەر و کوود) و هەروەها پاشماوەی شارەکان لەگەڵ ئاوی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی، ئاوی خواردنەوەی ئەو ناوچانەی پیس کردووە.

 چوارەم: دروستکردنی چەندین بەنداو بەبێ هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ لێکەوتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان، لە زومرەی هۆکارەکانی دیکەی خراپتربوونی قەیرانی ئاوە.

پێنجەم: پەرەسەندنی دانیشتوانی شارەکان بەبێ هەبوونی پلانێکی گونجاوی ژێرخانەکانی ئاو و ئاوەڕۆ.

شەشەم: بەفیڕۆدانی ئاو لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن بەهۆی کۆنبوونی بۆری و دامەزراوە ئاوییەکان. بەپێی سەرچاوە حکوومییەکان، لە هەندێک ناوچە، بە کردەوە ٤٠ لەسەدی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە ناو تۆڕەکانی گواستنەوەی شارەکان، لەدەست دەچێ و هیچ هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکان نادرێت.

حەوتەم: نەبوونی وەبەرهێنان لە تەکنۆلۆژیای سەرلەنوێ بەکارهێنانەوە یان ڕیسایکلکردنی ئاو، نەزانی و پڕۆژەی نازانستیانە، مافیای پیشەسازی و ڕانتخۆری سپای پاسداران و گەندەڵی جێگیر لە ناوەندە حکومییەکان، هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و زیانێکی لە قەرەبوو نەهاتوویان بە سەرچاوەکانی ئاوی سروشتی گەیاندووە.

یەکێک لە لێکەوتەکانی قەیرانی ئاو لە ئێران بریتییە لە ڕۆچوونی زەویی. کاتێک ئاوی ژێر زەوی زۆر دەردەهێنرێت، گوشار لەسەر چینەکانی زەوی کەم دەبێتەوە و زەوی بەرەو خوارەوە ڕۆدەچێت. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخان و پێکهاتەکانی شار و ڕێگاوبانەکان و هەروەها زیانێکی بەرچاوی دارایی و ئابووریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پارێزگاکانی وەک تاران و ئیسفەهان بە هۆی کەمبوونەوەی لە ڕادەبەدەری ئاوی ژێر زەوی، لەگەڵ کێشەی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوو بوونەتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە تا ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێ و نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە بەدیناکرێت کە زۆربەی خەڵکی ئێران بە دەستیانەوە دەناڵێنن. ئەو دام و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ئەم ڕێژیمە پەروەردەی کردووە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکانی وەک وشکەساڵی، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی و کێشە پێکهاتەییەکانی کەمی ئاوی نییە. بۆ ئەم ڕێژیمە بەردەوام ئەولەوییەت بریتی بووە لە سەرکوتکردنی خەباتی عەداڵەتخوازانە و ئازادیخوازانەی جەماوەر و زیندانیکردنی دژبەرانی. ئێران لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی هەڵکەوتووە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەستی خاوەنانی ڕاستەقینە و بەتوانا، واتە کرێکاران و شۆڕاکانی هەڵبژێردراوی ئیرادەی ئازادی جەماوەر، لە وڵاتێکی ئاوا خاوەن سامانێکی زۆر و زەوەند و خاوەن هێزی کاری داهێنەر و لەبن نەهاتوودا، بێ گومان ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی هەرەزۆری  خەڵکیان کردووەتە دۆزەخ، بە سانایی چارەسەر دەبن.