ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە تێکدانی ژینگە، بەشی دووەم و کۆتایی
کۆماری ئیسلامی بە زۆر هۆکار وەک یەکێک لە تێکدەرانی بەدناوی ژینگە لە جیهاندا ناسراوە. ئەم ڕژێمە ستەمکارە نەک هەر خۆی هۆکاری تێکدانی ژینگەی ئێرانە، بەڵکوو بە چاوی دوژمن سەیری هەڵسووڕاوانی مەدەنیی بەرگریکاری ژینگەش دەکات.
ڕژێمی ئیسلامی بە دەستکاریکردنی ئیکۆسیستەمی دەریاچەی ورمێ، ئەم گەورەترین دەریاچە سوێرەی جیهانی بەرەو لەناوچوون بردووە. بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە گۆلاوی هورالعەزیم بکەین کە بە ئەنقەست لە لایەن سپاوە وشککراوە بۆ ئەوەی سوود لە سامانی نەوت و گازی ئەو ناوچەیە وەربگرێت. تۆفانی تۆز و خۆڵ بەرهەمی ئەم تاوانەیە بۆ خەڵکی چەندین پارێزگا. شارە گەورەکانی ئێران لەوانە تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، ئەهواز و سنە لەگەڵ زۆرترین ڕادەی پیسبوونی هەوا بەرەوڕوون. ئۆتۆمبیلی کۆن، سووتەمەنی بێ کوالێتی و سووتاندنی مازووت و زۆرێک لە پیشەسازییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیەن. ئەم ڕژێمە وایکردووە کە ئێران بەرزترین ڕادەی بڵاوکردنەوەی گازی گوڵخانەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. حکوومەتی ئیسلامی و سپای پاسدارانەکەی بە دروستکردنی بەنداوی ناپێویست، مەیدان پێدان بە خراپ بەکارهێنانی زۆری ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی لە بەشی کشتوکاڵدا بە بیانووی گەیشتن بە خۆبژێوی، وشککردنی ڕووبار، گۆلاو و کارێزەکان، بوونەتە هۆکاری کەمبوونی ئاو و پەرەسەندنی وشکەساڵی. سپای پاسداران بە ئامانجی بەدەستهێنانی داهات لە باکوور و سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان بە بیانووی ئەمنییەت، بەشێکی زۆری لە داری دارستانە بەنرخەکانی زاگرۆس و تەنانەت داری چەند هەزار ساڵەی باکووریشی لەناو بردووە. لەناوبردنی فرەچەشنی ژینگەیی، پیسبوونی هەوا و خاک و ئاو، لە زومرەی تاوانە ژینگەییەکانی دیکەی ڕژێمن.
هەڵسوکەوتی کارەساتباری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژینگە و هەروەها زەوتکردنی مافی پێکهێنانی ڕێکخراوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆر گروپی ناڕازی خۆیان وەک چالاکوانی ژینگە ڕێکبخەن. ڕژێم بە شێوەیەکی دڕندانە لەگەڵ ئەم جۆرە چالاکوانانە هەڵسوکەوتی کردووە. ئەندامانی سپا دکتۆر کەیکاووس سەید ئیمامییان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشت چونکە لەگەڵ تیمەکەی لە ناوچەی چالاکییە گومانلێکراوەکان، هەندێک ڕووەکیان دۆزیبووە کە ئەگەری بوونی چالاکی ناوەکی لە ناوچەکەدا نیشان دەدا. بەکرێگیراوانی ئیتلاعات بەهۆی ترس لەو جۆرە چالاکییانە و گرنگتر لەوەش، خۆڕێکخستنی ناڕازیانی خەباتکار، بەکردەوە هەر چالاکییەکی بەرگری لە ژینگە بە تاوان دەزانن. ئەم حاڵەتەی دوایی لە چالاکییەکانی ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە کوردستان بە ئاشکرا بینراوە. لە کوردستان دوو هێز، یەکیان لە بواری لەناوبردن و ئەویتریان لەبواری بەرگری لە ژینگەدا، بەرامبەر بە یەکتر وەستاون :ڕژێمی ئیسلامی لایەنێکی شەڕی ژینگە لە کوردستانە. ئەم ڕژێمە لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، بە ئاگاییەوە و بەپێی پلان لە هەوڵی تێکدانی ژینگەی کوردستاندا بووە. ئاگرتێبەردانی دارستانەکان، مینڕێژکردنی ناوچە سنوورییەکان، تۆپبارانی هاوینەهەوار و لەوەڕگاکان، بەفیڕۆدانی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان، دەرهێنان و بە تاڵان بردنی بێ سنووری کانزاکان، گواستنەوەی زبڵی ژەهراوی بۆ دەوروبەری شارەکان و تەنانەت پیسکردنی ڕووبارەکان و هەروەها ڕاکێشانی ڕێگای سەربازی بۆ سەر چیا و گردەکان، تەنها چەند نموونەیەک بوون لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی ئیسلامی بۆ زیان گەیاندن و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان.
لە بەرەی بەرامبەری ڕژێمی ئیسلامیدا، بزووتنەوەیەکی بەهێز و ڕوو لە پەرەسەندنی بەرگری لە ژینگەی کوردستان بوونی هەیە. پێکهاتنی دەیان کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی بەرگری لە ژینگە، دژایەتی لەگەڵ ڕاوکردن و بەرگری لە مافی ئاژەڵان، بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری بۆ پێویستیی بەرگری لە ژینگە، چاندنی دار و ڕێگریکردن لە لەناوبردنی دارستانەکان، کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بە دەستی بەتاڵ و بە کەمترین ئیمکاناتی مومکین، بووەتە چالاکییەکی جێکەوتوو و ڕۆژانە لە کوردستان. کەسانێکی فیداکار و گیان لە سەر دەستی وەک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، لە زومرەی پارێزەرانی ئەم فەرهەنگە بوون لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
پرسی بەرگری لە ژینگە لە کوردستان لە پەیوەندییەکی پتەو و بەردەوام دایە لەگەڵ بوارەکانی دیکەی خەبات لە دژی حکومەتی ئیسلامی. مافی کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوون، یەکەمین داواکاری هەڵسووڕاوانی ژینگەی کوردستانە. بەشداری بەربڵاوی ژنان لەم بزووتنەوەیەدا، بە کردەوە بە داواکاری یەکسانی ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی ڕەگەزییەوەگرێ دەدرێت. چالاکی ژینگەیی، خۆی لەخۆیدا بزووتنەوەیەکی فێرکارییە و پەیوەندی هەیە بە وشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پێویستی بەرگری لە ژینگە و بەرگری لە مافی ئاژەڵان. چالاکوانانی ژینگەی کوردستان لە زومرەی پێشڕەوانی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانن و لە پێناو بەرگری لە ژینگەیەکی تەندروستدا لەگەڵ زیندان و مەرگ بەرەوڕوو بوونەتەوە. کوردستان شوێنی تێکۆشانی هەزاران چالاکوانی پڕجۆش و ماندوویی نەناسی بەرگری لە ژینگەیە کە لە دژوارترین هەلومەرجدا پێداگری لەسەر پڕەنسیپە مرۆیی و جیهانییەکان دەکەن. هەزاران چالاکوانی ژن و پیاوی بەرگریکاری ژینگەی کوردستان، بە شەو و ڕۆژ لە پێناو پێشگیری لە پیسبوونی زیاتری ژینگەدا هەوڵ دەدەن و لە هەمان کاتدا لە هەر کارەساتێکی سروشتی یان بەئەنقەستی وەک بوومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، لافاو، پیسبوونی ڕووبار و گۆلاوەکان، لە زومرەی یەکەم کەسانێکن کە بە کەمترین ئیمکانات بە مەبەستی ڕزگارکردن و یارمەتیدانی مرۆڤ و گیاندارانی دیکە، خۆیان دەگەیەننە شوێنی ڕووداوەکە.