بەشی یەکەم
ڕۆژنامەکانی ژێر تیغی سانسۆر، هەندێکجار بە وتەی خۆیان مانشێت دەنووسن بەمەبەستی وشیارکردنەوە و داواکردنی هاوکاری لە خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە. بەرپرسانی ئەم بوارەش چالاکن و بە بۆچوونی ئەوان، سیستەمی سەرمایەداری زاڵ بەسەر ڕژێمە گەندەڵە ئیسلامییەکەیان و سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی، هیچ ڕۆڵێکیان نییە لە پرسی کەمئاوی، پەرەسەندنی وشکەساڵی، بە بیابانبوون، وشککردنی ڕووبار و دەریاچەکان، لەناوچوونی بەشێنەیی خاک، ڕۆچوونی زەوی، لەناوبردنی دارستانەکان بە مەبەستی فرۆشتنی دارەکان و دروستکردنی بورج و ڤێلا، هەژارکردنی زۆربەی هاوڵاتیان و هتد. بۆ نموونە لەم دواییانەدا میدیاکان هەندێک ڕا و بۆچوونی بەرپرسانیان خستووەتەڕوو. ئەوان وتوویانە کە پشت بەنداوەکان بەتاڵ بووە و بەکارهێنانی زۆری ئاو لەلایەن خەڵکەوە و وشکەساڵیی سروشتی، بوونەتە هۆکاری ئەم دۆخە و داوایان لە خەڵک کردووە کە بەکارهێنانی ئاو کەم بکەنەوە. ئەوان تەنانەت سنووری خۆیان تێپەڕاندووە و هەڕەشەی سزادان و بڕینی ئاویان لەو کەسانە کردووە کە بە وتەی خۆیان ئاو زۆر بەکاردەهێنن. هەڵبەت زۆرترین بەکارهێنەرانی ئاو، بریتین لە دەوڵەت و کەسانی خاوەن سەروەت و سامان. ئەوان بڕێکی زۆری ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بۆ پیشەسازی سەربازی و نا–سەربازی، لەوانە بەرهەمهێنانی پارەی دیجیتاڵی و لە کشتوکاڵدا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە سەوزەڵاتەی کە پێویستی زۆریان بە ئاو هەیە وەک تەماتە و شووتی، بەکاردەهێنن. هەڵبەتە پسپۆڕان دان بە کەمی باران و بەگشتی ڕۆڵی فاکتەرە سروشتییەکان و هاوڵاتیانیشدا دەنێن لە لەناوبردنی ژینگە و وشکەساڵی و هیتر لە ئێران. بەڵام ئەوان بەپێی بەڵگە زانستییەکان کۆماری ئیسلامی و تاڵانچییانی دەوروبەری ڕێژیم، بە هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی تێکدانی ژینگە دەناسێنن.
حکومەتی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێران، ڕژێمێکی سەرمایەدارییە. سەرمایەداران لە ڕێژیمە تەقلیدییە بۆرژوازییەکاندا لە وڵاتەکانی خۆیان بەدوای قازانجەوەن و کۆمەڵگا ناچاری کردوون کە تاڕادەیەک ڕێساکانی پاراستنی ژینگە ڕەچاو بکەن. بەڵام ئەوان لە وڵاتە ژێردەستەکان و وڵاتانی لە حاڵی گەشەکردندا، بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزانیش، قازانجێکی زۆر و زەوەند بەدەست دەهێنن. ئەوان لەو وڵاتانە هیچ بایەخێک بۆ پاراستنی ژینگە دانانێن.
سەرمایەدارانی دەوڵەتی، نیمچە–دەوڵەتی و تایبەت، لە خودی ئێراندا، قازانجێکی ئێجگار زۆر لە هێزی کار بەدەست دەهێنن. ئەوان هەرچەندە لە قسەدا خۆیان بە پابەند بە پاراستنی ژینگە نیشان دەدەن، فەرمانی جۆراوجۆر لەم بارەیەوە دەردەکەن و هەندێک کەس و ئیدارەش بۆ ئەم مەبەستە دادەمەزرێنن، بەڵام لە کردەوەدا دەکەونە گیانی سروشت و وێرانی دەکەن. بێگومان ئەوان خۆیان لە ژینگە ناتەندروستەکان دوور ڕادەگرن. بۆ نموونە، ئەوان بەشێوەیەکی گشتی پێ نانێنە ناوچە کرێکاریی و پەراوێز و خوارووی شارەکان، کە شوێنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان و ئەو پیشەسازیانەن کە هۆکاری پیسکردنی ژینگەن. بۆ نموونە ٩٠٪ـی داهاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی پێترۆشیمییەوە بەدەست دێت، بەڵام ئەو ناوچانەی کە ئەم کاڵایانە تێیاندا بەرهەم دەهێنرێن، بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژاری ناوچەکە بوونەتە ژینگەیەکی مەترسیدار بۆ تەندروستی. وەک نموونە با سەیرێکی عەسەلویە بکەین، دەبینین کرێکاران لە چ بارودۆخێکدا لەم شوێنە کە بووەتە ناوەندی وزەی ئێران، خەریکی کار و بەرهەمهێنانن؟ چالاکییەکانی نەوت و پێترۆشیمی لە ناوچەکانی وەک عەسەلویە، کاریگەری نەرێنی زۆریان لەسەر ژینگە بەجێهێشتووە کە پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک لە زومرەی ئەو کاریگەرییانەن. بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەیی و گەردیلەکان بەهۆی چالاکی پیشەسازی، کوالێتی هەوای بە ڕادەیەکی زۆر دابەزاندووە و بووەتە هۆی نەخۆشی دروستکردنی کێشەی هەناسەدان بۆ کرێکاران، دانیشتوان و زیانگەیاندن بە ڕووەک و گیانلەبەرانی ناوچەکە. دزەکردنی نەوت و مادە کیمیاوییەکان بۆ ناو دەریا و سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی، ژیانی ناو دەریا و ئیکۆسیستەمی ئاوی لەگەڵ مەترسییەکی ڕاستەقینە بەرەوڕوو کردووەتەوە. پەرەسەندنی دامەزراوە نەوتی و پیشەسازییەکان بووەتە هۆی وێرانکردنی ژینگەی سروشتی و کەمبوونەوەی گیاندار و پەلەوەری جۆراوجۆر لە ناوچەکە. چالاکی پیشەسازی و بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان لەو ناوچانە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای پەرە پێداوە. بەکارهێنانی زۆری ئاو لە پیشەسازی نەوت و پێترۆشیمیدا، گوشارێکی زۆری لەسەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئاوی ناوچەکە دروستکردووە. پیسبوون لە ئاکامی نەوت و مادە کیمیاوییەکان، بووتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر ژیانی بوونەوەرانی ناو کەنداوی فارس .ئەوەی ئاماژەی پێکرا تنۆکێک لە دەریایەکە. ڕژێم و سپاکەی، بە دەستکاری نازانستیانەی ڕێڕەوی ڕووبارەکان، دروستکردنی بەنداوی هەڕەمەکی، هەژار هێشتنەوەی زۆربەی خەڵک و ڕێگەپێدان بە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی کۆن و هتد، زیانێکی زۆریان بە شوێنی ژیانی هاوڵاتیان گەیاندووە.لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕژێمدا خەبات و تێکۆشانێکی بەربڵاو بە مەبەستی پاراستنی ژینگە، شکڵی گرتووە و بەردەوامە. لە بەشی دووەمی ئەم وتەی رۆژەدا، زیاتر باس لە ڕۆڵی ڕژێم و سەرمایەداران لە تێکدانی ژینگە و ئەو خەبات و تێکۆشانە دەکەین کە لە بەرامبەریدا پێکهاتووە.