قەیرانی ئاو لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. هەر ئێستا ئێران لەگەڵ یەکێک لە مەترسیدارترین قەیرانەکانی کەم ئاویی لە مێژووی خۆیدا بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم قەیرانە نەک هەر مەترسی لەسەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دروست دەکات، بەڵکوو کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ژینگەیش هەبووە. ئێران دەکەوێتە سەر پشتێنەی وشکی جیهان و تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی نزیکەی ٢٥٠ ملمە کە کەمترە لە یەک لەسەر سێی تێکڕای بارانبارینی جیهانی، واتە (٨٠٠ ملم). ئەم کەمیی بارانبارینە سروشتییە بنەمای کێشەکانی ئاوی وڵات پێکدەهێنێت. جگە لەوەش ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ماوەی درێژخایەنی وشکەساڵی، سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی کەم بووەتەوە. تەنیا بەنداوەکان نین کە ئاویان کەمی کردووە و تەنیا پارێزگای تارانیش نییە کە ڕووبەڕووی کەمیی ئاوی جیددی بووەتەوە، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەم بووەتەوە و دەشتەکانی وڵات لەگەڵ مەترسیی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوون.
بەڵام ئەو ڕاستییەی کە جوگرافیای ئێران لە سەر پشتێنەی وشکی جیهان هەڵکەوتووە، بەو مانایە نییە کە ئەم کۆمەڵگایە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەگەڵ بنبەست بەرەوڕوو بێتەوە و بەردەوام چاوی لە ئاسمان بێت. بەڵکوو لە دونیای ئەمڕۆدا و لەگەڵ پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەری زانست و تەکنەلۆژی و لە وڵاتێکدا کە ئەگەر بارانیشی کەم لێ ببارێت، بەڵام چونکە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی ژێر زەوی هەڵکەوتووە، بە بەڕێوەبردن و داڕشتنی سیاسەتی زانستیانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کێشەی ئاو بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت. ئاشکرایە کە کەمی ئاو کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان هەیە و ژیان بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران بە تایبەت کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە شار و گوندەکان دژوارتر دەکات. بەکارهێنانی ئاستی نزمیی تەکنەلۆژیا لە کشتوکاڵدا، ڕێگە نادات تەنانەت ئەم بڕە ئاوە کەمەش، بەشێوەیەکی باشتر بەکاربێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک هولەند بە تێکڕا ٤ لیتر ئاو بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ تەماتە بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ئێران بەشێوەیەی مامناوەند ٤٠ لیترە. بەهۆی کەمی ئاوەوە بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەبێتەوە. لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، نرخی بەرهەمە خۆراکییە سەرەتاییەکانی خەڵک کە هەر ئێستاش گرانە، بە خێرایی گرانتر دەبێت. کەمبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی بە واتای کەمبوونی داهاتی جووتیاران و پەرەسەندنی بێکاری لە ناوچە گوندنشینەکان و کۆچکردن بۆ شارەکان، یەکێک دەبێت لە یەکەم دەرئەنجامەکانی. بەڵام شارەکانیش ناتوانن شەپۆلی بەربڵاوی کۆچکردن لەخۆ بگرن و بەم هۆیەوە پەراوێزنشینی زیاتر دەبێت. جگە لەوەش زۆرێک لە پیشەسازییەکان وابەستەن بە بەکارهێنانی ئاو و لەگەڵ کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو، تێچووی بەرهەمهێنانیان زیاد دەکات و تەنانەت ژمارەیەک لە یەکە پیشەسازییەکان ناچار دەبن دابخرێن. لە ئەنجامدا هەلی کار بۆ کۆچبەرانیش لە شارەکاندا کەمتر دەبێتەوە و ڕێژەی بێکاری زیاد دەکات. جگە لە هەموو ئەم هۆکارانە، پێویستە ئاماژە بە نەبوونی کلتوری دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاویش بکرێت.
قەیرانی ئاو لە ئێران، دەرئەنجامی هاوکات بوونی کۆمەڵێک فاکتەری جۆراوجۆری سروشتی، مرۆیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە نێو هەموو ئەم هۆکارانەدا، تەنیا دوو هۆکار بۆ کەمیی ئاو دەهێننەوە: یەکەم، کەمبوونی بارانبارین و دووەم، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو لە کاری کشتوکاڵدا. بێگومان هەردووکیان ڕاستن، بەڵام تەنها بەشێکن لە ڕاستییەکە. ئەوان هیچ ئاماژەیەک بە گرنگترین هۆکاری کەمی ئاو ناکەن کە بریتییە لە گەندەڵی دامەزراوەیی لە ئۆرگانەکانی ڕێژیمدا. سەبارەت بە هۆکاری یەکەم، پرسیار ئەوەیە کە کێ، بە نەزانی و قازانجپەرستی، بووەتە هۆی ئەوەی کە کەمبوونی باران، ئێران بەمشێوەیە لەگەڵ کەم ئاویی بەرەوڕوو بکاتەوە؟ هۆکارەکانی ئەم ڕەوتە زۆرن، کە هەموویان ئاسەواری فاکتەرە مرۆییەکانیان پێوەدیارە.
سیاسەتی ماکرۆی خۆبژێوی کشتوکاڵی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە لاوەکی و هۆکارە پێوەندیدارەکانی، بەجۆرێک کە لە ئێران ٩٠ لەسەدی بەر بەکاربردنی کشتوکاڵ دەکەوێت. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بریتییە لە دەرهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێر زەویی، کە تەنانەت بارین بارانیش قەرەبووی ناکاتەوە. به پێی ئامارەکانی حکوومەت، نزیکەی یەک ملیۆن بیر له ئێران بوونی ههیه که ٧٥٨ هەزار بیریان له سەردەمی دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لێدراون. لەم نێوەندەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بیر تەنانەت مۆڵەتیشیان نییە، کە زۆربەیان بۆ بەکارهێنانی ڤێلا و باخ و سەیرانگای تایبەتی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئێران بوون.
بەفیڕۆدانی ئاو لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن بەهۆی کۆنبوون و پرتووكاوی بۆری و دامەزراوەکانی ئاو. بەجۆرێک کە بەپێی سەرچاوە حکومییەکان، لە هەندێک ناوچە ٤٠ لەسەدی ئاوی ناو تۆڕەکانی گواستنەوەی شارەکان، بە کردەوە لەناو دەچێت و هیچ هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکان نادرێت. بەکارهێنانی سنوورداری ڕێکارە مۆدێرنەکانی ئاودێری لە کشتوکاڵدا، نەبوونی وەبەرهێنان لە تەکنۆلۆژیای سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی ئاو، نەزانی و پرۆژەی بێ پلان و ناکارناسانە، مافیای پیشەسازی و ڕانتخۆری سپای پاسداران و گەندەڵیی جێگیر لە ناوەندە حکومییەکان، هەمووی ئەمانە دەستیانداوەتە دەستی یەکتر و زیانی لەقەرەبوو نەهاتوویان بە سەرچاوەکانی سروشتییەکانی ئاو گەیاندووە، کە ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان، ئەم ڕاستییە ئاشکراتر دەکات:
گەورەترین وێستگەی ئاوی پیشەسازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەک لە کەناراوەکانی باشوور، بەڵکوو لەسەر فەلاتی ناوەڕاست و لە بیابان دروستکرد و بە ئاوی گواستراوەی کارون گەشەیان پێدا. بەنداوی گەتوەند لە باشووری ئێران، جگە لە تێچوویەکی یەکجار زۆر بۆ دروستکردنی، ملیۆنان مەتری چوارگۆشە خوێی شاخەکانی ناوچەی حەوزی بەنداوەکەی تواندەوە و هەزاران هێکتار لە بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی پشت بەنداوەکەی کردووە بە شۆرەکات.
واقیعییەت ئەوەیە کە تا ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت و نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون و ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بەدی ناکرێت کە بەرۆکی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانی گرتووە. ئەو دام و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ئەم دەسەڵاتە پەروەردەی کردووە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کارەساتە سروشتییەکان، لەوانە وشکەساڵی و چارەسەری بنەڕەتی و پێکهاتەیی کەمبوونی ئاوی نییە. ئەولەوییەت بۆ ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بریتی بووە لە سەرکوتی خەباتی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەی جەماوەر و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی نەیارەکانی. ئەم ڕێژیمە بەبێ هەستکردن بە هەڕەشەیەکی جددی لەلایەن خەڵکەوە، وەڵامی هیچ داواکارییەک ناداتەوە. ئێران لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی هەڵکەوتووە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەستی خاوەنانی ڕاستەقینە و بەتوانا، واتە کرێکاران و شۆڕاکانی هەڵبژێردراوی ئیرادەی ئازادی جەماوەر، بێگومان لە وڵاتێکی ئاوا خاوەن سەروەت و سامان و هێزی بێکۆتایی کاری داهێنەرانە، ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکیان لەگەڵ نەهامەتی بەرەوڕوو کردووە، بە سانایی چارەسەر دەبن.