لە کاتێکەوە کە مهکرۆن لە ٧ی مانگی مەی دا وەک سەرۆک کۆماری فەڕانسە هەڵبژێردرا، دەورێکی تازە لە هێرشی بۆرژوازی فەڕانسە بۆسەر چینی کرێکاری ئەم وڵاتە دەستی پێکرد. تەرجیع بەندی ئەم هێرشە” ڕیفۆڕم لە بازاڕی کار” دا کە لە ناوەرۆکیدا لیبڕالیزە کردنی بازاڕی کار و هاوکات لاواز کردنی توانایی یەکێتییە کرێکارییەکان بە بەرانبەرکێ لەگەڵ خاوەنکاران بوو. بۆ گەلێک لە پێشڕەوانی چینی کرێکاری فەڕانسە ئەوەی کە ئەو بەناو، ناوی دەنێ ” ئازادی کار”، هیچ شتێک نەبوو جگە لە ” ئازادی” دەستی خاوەنکاران بۆ هێرش کردنە سەر کرێکاران”. ئەگەر ئەو وەک وەزیری ئابووری ئۆلاند سەرۆک کۆماری پێشو نەیتوانی ” چاکسازی لە بازاڕی کار” دا بەسەر چینی کرێکاری فەڕانسەدا بسەپێنێ، ئێستا لە قامەتی سەرۆک کۆماردا و بە پشت بەستن بە زۆرینەی نوێنەرانی پاڕلمان و بە حوکمی حکومەتی هێرشی خۆی سازمان ئەدات.
تەرحەکەی ماکرۆن لە ڕاستیدا درێژەی گەڵاڵە هاوشێوەکانییە کە لە گەلێک لە وڵاتانی ئۆرووپاییدا لەوانە لە ئاڵمان، ئیتالیا، ئیسپانیا و ئاخرینیشیان لە جەریانی قوڵ ترین قەیرانی جیهانی سەرمایەداریی لە یۆنان بەرەو پێش برا. دیاری ئەم چاکسازییانە لە گشت ئەم وڵاتانەدا بێکار سازی دایمی کرێکاران ، درووست کردنی ئەڕتەشێکی ملیۆنی کرێکارانی قەراردادی، لاواز کردنی توانایی چەنە لێدانی یەکێتییە کرێکارییەکان بوو کە دەبوو لە خزمەت زیاد بوونی توانایی ڕقابەتی بۆرژوازی خۆجێی لەم وڵاتانەدا بێت. ساڵانێک بوو کە بۆرژوازی فەڕانسە حەسوودی بە بۆرژوازی ئاڵمان ئەبرد و داوای لە ئەحزابی سوننەتی فەڕانسە واتە حیزبی محافزە کار و سۆسیال دێمۆکرات دەکرد کە مۆدێلی ئاڵمانی ” ڕیفۆڕمی بازاڕی کار” ڕەچاو بکەن. بۆرژوازی فەڕانسە هەڵبەت حەقی بوو، لەبەر ئەوەی کە هاومەسڵەکە ئاڵمانییەکانی لە بەستێنی ” چاکسازی بازاڕی کار” دا ساڵی ٢٠٠٤ دەوڵەتی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان و لە پرۆسەیەکی ١٠ ساڵەدا بوو بە هێزێکی ئابووری بێ ڕکابەر لە یەکێتیی ئۆرووپادا و توانی بە پشت بەستن بەم تواناییە ئابورییە سیاسەتەکانی خۆی بەسەر گشت دەوڵەتانی ئۆرووپاییدا بسەپێنێ. بۆرژوازی ئاڵمان و دەوڵەتانی خزمەتگوزاری لە ساڵی ٢٠٠٤ وە لە مێدیاكانی خۆیاندا هاوار دەکەن کە ڕەقەمی بێکاری لە ئاڵمان لە جەریانی بە کرداری کردنی ئەم چاکسازیەدا لە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ ههزار كهسهوه لە ساڵی ٢٠٠٤ دا دابەزاندوە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ههزار كهس لە سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧. بەڵام ئەوان لە فریودانێکی گشتیدا ئەم بابەتە پەردە پۆش دەکەن کە لەم مەودایەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ سەد هەزار کەس لە کرێکارانی لەسەرکار و بێکاری ئاڵمانیان کردووهتە کرێکارانی قەراردادی و زیاتر لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لەوانیان وێڕای بوونی کاری تەواو وەخت ئەویش لە وڵاتێکدا کە سێهەمین قودرەتی ئابووری دنیایە، ناتوانن هەزینەی ژیانی خۆیان دابین بکەن و پێویستیان بە کۆمەک هەزینەی دەوڵەتی هەیە لە گیرفانی کەسانێک کە ماڵیات ئەدەن.
ئەم لشگرە گەورەیە لە کرێکارانی قەراردادی لە کاتی خانەنشینیدا لەگەڵ بارودۆخێکدا بەرەوڕوو دەبن کە ئێستا لە ئاڵمان وەک ” هەژاری لە پیریدا” لە ئاستێکی بەریندا باسی دەکرێت. کاتێک کە مهکرۆن باس لە دابەزینی ڕەقەمی بێکاری دەکات لە فەڕانسە بە تایبەت بێکاری لاوان، ڕاست ئەم ئۆلگوەی لە نەزەردایە.
ئێستا دەستی خاوەنکاران بۆ بازخەرید و دەرکردنی کرێکارانی دایم و دانانی کرێکارانی قەراردادی لە جێگایان کراوە تر دەبێت. لەگەڵ ئەویشدا ئەوەیکە خاوەنکاران لە دامەزراوە چکۆلە ترەکاندا دەتوانن لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ بەناو نوێنەرانی کرێکاران و دەور دانەوەی یەکێەتیە کرێکاریەکان سەبارەت بە دەرکران و یان چلۆنایەتی دامەزراندنی کرێکاران بە باردۆخی گەلێک گونجاو ترەوە بۆ سەرمایە هەوڵ بدەن. مهکرۆن و دەوڵەتەکەی گشت ئەم کردارانە بە هەراو هوریاوە لە خزمەت ” ڕزگار کردنی بازاڕی کار” و درووست کردنی بە ملیۆن پیشەی نوێ بانگەواز دەکەن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە گەلێک لە ئابووری ناسانی بۆرژوایی فەڕانسە لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە بەکرداری بوونی ئەم چاکسازیانە شەپۆلێکی بەرین لە بێکار سازییەکان دەکەوێتە ڕێ.
مهکرۆن بە کەڵک وەرگرتن لە پشوی هاوینە و هاوکات بە فێڵ و حیلە گەری لە وتووێژ لەگەڵ یەکێتییە کرێکارییەکان و بە شاراوەیی هێشتنەوەی سەرجەم ناوەرۆکی چاکسازییەکانی تا سەرەتای مانگی سێپتامبر دەرفەتی کافی بۆ پەسند کردنی تەرحەکەی هەبوو. تاکتێکی مهکرۆن لە وتووێژ لەگەڵ یەکێتییەکان تا ئاستێک بەرەوڕووی سەرکەوتن بووە و دوو یەکێتی ” ئێس ئێف دی تی ” و ” ئێف ئۆ” کەوتنە داوی ئەم تەبلیغاتەوە و ئەمە یەکەم کەلێن لە وڵامی یەکێتییە کرێکارییەکان بە هێرشی مهکرۆن بوو. بێ گومان ئەم یەکێتییانە تووشی هەمان چارەنووس دەبن کە یەکێتییە کرێکاراییەکانی ئاڵمان تووشی هاتن و لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ٥٠ لەسەدی ئەندامانی خۆیان لە دەست داوە لەو ڕووهوه کە بە جێگای ڕیکخستنی ناڕەزایەتیی گشتی، کرێکارانیان کێشا بەدوای سیاسەتەکانی دەوڵەتدا.
تەسلیم بوونی دوو یەکێتی لە سێ یەکێتی کرێکاری بەهێزی فەڕانسە نەیدەتوانی كاریگهرییهكانی لەسەر ئاستی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لەدژی مهکرۆن دانەنێت. لەگەڵ ئەوەدا کە لە یەکەم ڕۆژی زۆرەوانی کرێکارانی فەڕانسە لەسەر بانگەوازی یەکێتی ” سێ ژێ تێ” و ” یەکێتی مامۆستایان” زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە زیاتر لە سەد شاری فەڕانسە دەستیاندایە ڕێپێوان، بەڵام تەنانەت ئەم ژمارەیەش بە بەراورد لەگەڵ ڕێپێوانە ملیۆنییەکانی کرێکارانی فەڕانسە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵ نیشانەی لاواز بوونی توانایی بەرەنگار بوونەوەی چینی کرێکاری فەڕانسە بوو لە بەرانبەر مهکرۆندا. بانگەوازی سەندیکای ” سێ ژێ تێ” بۆ ڕێپێوان لە ٢١ی مانگی سێپتامبر لەگەڵ ئەوەدا کە هێندێک لە باڵە ناوچەییەکانی هەردوو یەکێتییە گەورەکەی تریش بەشدار بوون و یان ڕاگەیاندنی مانگرتنی بێ سنووری شۆفیرانی کامیۆنەکان لە ٢٦ ی سێپتامبریش توانایی بەرەنگار بوونەوەی جیددی لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی خزمەتکاری بۆرژوازی فەرانسەی نەبوو. لە ڕۆژەکانی داهاتوودا کرێکارانی فلزکار، خزمەتگوزاری گشتی، مامۆستایان و خانەنشینان و لەوانە لە ١٠ی ئۆکتۆبر دا کارمەندانی بەشی دەوڵەتی دەست ئەدەنە مانگرتن، بەڵام لانیکەم ئەوەی کە تا ئێستا دەبیندرێت کەموکوڕی هاوئاهەنگی پێویست لەنێو ڕیکخەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە دایە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێ لەبیر بکرێت کە شەڕی ڕاگەیەندراو لەلایەن مهکرۆنەوە لەدژی چینی کرێکار لە سەرەتای کاردایە و هێشتا دەرفەت بۆ سازماندانی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی بە هێز، بەرین، سەرتاسەری و یەکگرتوانە بۆ ئامادەکاری شەڕێکی نیهایی بوونی هەیە. هێرشی مهکرۆن تەنیا بۆسەر حقوق بگیران بەرتەسک نەبۆتەوە و دانش ئاموزان، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانیش دەبێ خۆیان بۆ دەورانێکی دژوار ئامادە بکەن. لە هەڵبژاردنی ٧ ی مانگی مەی لە نێوان مهکرۆن و لوپێن زیاتر لە دوازدە ملیۆن کەس واتە ٢٥ و ٣٨ دەهومی لەسەدی واجدانی شەرایەتی دەنگادان نەچوونە بەردەم سندووقەکانی دەنگادان و ئەوانەشی چوون ٤ ملیۆن کەس واتە ٩ لەسەد، دەنگی پوچەڵیان خستە سندووقەکانەوە. هەموو ئەمانە ئەو فاکتۆڕە عەینیە لەبارانەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی بیالقوە هێزی بەتوانای بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی بن.
ئێستا چینی کرێکاری فەرانسە لە باردۆخێکی دژوار دایە. ئەگەر بتوانێ بەسەر پڕژوبڵاوی خۆیدا زاڵ بێت، ئەگەر پێشڕەوانی ڕادیکاڵی چینی کرێکار بتوانن خۆیان وەک ڕێبەرانی سیاسی کۆمەڵگە پیشان بدەن و ئامادەکاری بۆ مانگرتنێکی سیاسی گشتی بکەن و بە تایبەت ئەو بەشانەی چینی کرێکار کەدەوری کلیدیان هەبووە و مانگرتنەکانیان دەتوانێ سەرجەم چەرخەکانی حەرەکەتی کۆمەڵگا بوەستێنێ، ئەگەری هەیە بۆرژوازی فەڕانسە قارەمانەکەی وەک باقی قارەمانەکانی گەورە تر لەو لەبیر بکات.