پێنج ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی تردا تێدەپەڕێت. شەڕێکی کە هەر لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانیدا لە سنووری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دوو لایەنە تێپەڕی و بەو سیاسەتە جەنگییەی کە کۆماری ئیسلامی گرتیەبەر، بە کردەوە بوو بە قەیرانێکی ناوچەیی. لە کاتێکدا هێشتا ئامارێکی ورد لە زیانە مرۆییەکانی ئەم شەڕە بڵاونەکراوەتەوە، کارەساتێکی سامناک هەر لە سەرەتاوە سێبەرێکی قورسی بەسەر ئەم ڕۆژانەدا کێشاوە: بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لە شاری “میناب” کە تێیدا پتر لە ۱۶۰ خوێندکاری کچ و موعەلیم و کارمەند کوژران. دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەکات. ئەم کۆمەڵکوژییە جنایەتکارانەیە، بێجگە لەوەی کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئەمریکا چی دەبێت، هێمایەکە بۆ ئەو باجەی کە خەڵکی ئاسایی لەم شەڕانەدا دەیدەن. بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی ئەم شەڕە، دەبێت بەوردی چاو لە پشت پەردەی دروشم و بانگەشە فەرمییەکان بکەین. ئەوەی کە وەک ئامانجی ڕاگەیەندراو دەخرێتە ڕوو، واتە دۆسیەی ئەتۆمی، بەرنامەی موشەکی و پشتگیریکردن لە گرووپە چەکدارە ناوچەییەکان، زیاتر پلاتفۆرمێکی ڕواڵەتییە بۆ دانوستان نەک ناوەرۆکی سەرەکیی کێشەکان. ئامانجی ستراتیژیی ئەمریکا زۆر لەوە ڕوونترە: ئەگەر ئێران وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاو بنێت، لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و چین دوور بکەوێتەوە و هاوسەنگیی سیاسی ناوچەکە جارێکی تر باڵادەستیی ئەمریکا پێشان بداتەوە، دەوڵەتی ئەمریکا چیتر کێشەیەکی بنەڕەتیی لەگەڵ ڕژێمی ئێران نابێت. لەو گریمانەیەدا، تەنانەت کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بە هەمان پێکهاتەوە بمێنێتەوە، وەک ئەوەی لە مۆدێلی وێنزوێلادا بینیمان.
بەڵام ئەم هاوکێشەیە بۆ ئیسرائیل بەس نییە. ئیسرائیل ئامانجی ئەمنیی تایبەت بە خۆی هەیە کە پەیوەندی بە حزوور و باڵادەستیی ناوچەییەوە هەیە و هیچ ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بە تەنیا نیگەرانییەکانی ئیسرائیل ناڕەوێنێتەوە. ئەم درزەی نێوان ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، یەکێکە لەو بابەتە ئاڵۆزانەی کە داهاتووی ئەم قەیرانە بە ناڕوونی دەهێڵێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئەم شەڕە بە شەڕی “مان و نەمان” دەزانێت و لەم چوارچێوەیەدا هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی تێچووی مانەوەی، بۆ ئەمریکا بەرز بکاتەوە. ئەم ستراتیژە چەند لایەنێکی هەیە: زیانگەیاندن بە ژێرخانە نەوتی و گازییەکانی وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشە و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و ئاستەنگ دروستکردن بۆ هاتوچۆی ئاسمانیی ناوچەکە. ئامانج لە هەموو ئەمانە، بریتییە لە تێکدانی ئابووریی وڵاتانی کەنداو، بەرزکردنەوەی نرخی جیهانیی وزە و سەرئەنجام سەپاندنی تێچوویەکی ئابووریی قورس بەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا.
کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر باڵادەستیی هێزی سەربازیی ئەمریکادا، مەیدانی ڕکابەرییەکەی گواستۆتەوە بۆ بواری ئابووری و جەنگی شەڕی درێژماوە و بەشێنەیی. لەم لۆژیکەدا، تەنها “مانەوە” بە سەرکەوتن دادەنرێت. ڕژێمێکی کە لە ژێر بۆردوومانیشدا درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، لە گێڕانەوە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی خۆیدا دەتوانێت ئەمە وەک “خۆڕاگریی” بفرۆشێتەوە. بەڵام ئەم ستراتیژە دەچێتە خزمەت ئامانجێکی تری کۆتاییشەوە: واتە کردنەوەی ڕێگەیەک بۆ پاشەکشەیەکی “ئابڕوومەندانە” و سات و سەودایەکی سیاسی کە بتوانێت ڕژێمەکە بپارێزێت.
ئایا ئەم شەڕە لە کورتماوەدا کۆتایی دێت؟ بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە وەڵامەکە ئەرێنییە. ترامپ چەندین جار باسی لە ویستی خۆی بۆ “ڕێککەوتن” لەگەڵ ئێران کردووە و لەم دواییانەدا مۆدێلی وێنزوێلای وەک نموونە هێناوەتەوە، شوێنێکی کە ئەمریکا بە دەستگیرکردنی “مادۆرۆ” ڕازی بوو، بەڵام دەوڵەتەکەی بە دەستکاری نەکراوی هێشتەوە. سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیش، دوای کوژرانی خامنەیی، ئەم ئەگەرە هەیە کە ڕێبەری نوێ، لە بەرامبەر گەرەنتیکردنی مانەوەی ڕژێمدا، گۆڕینی سیاسەتە ستراتیژییەکان بەرامبەر بە ئەمریکا و کردنەوەی دەرگای ئابووریی ئێران بەڕووی سەرمایەی ڕۆژئاواییدا، بگاتە ڕێککەوتن. ستراتیژیی جەنگیی ئێستای کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە پڕ تێچووە، بەڵام لە خزمەت ئەم پاشکشە ئاراستە کراوەدایە.
پێنج حیزبە هاوپەیمانەکەی کوردستان لە داوی سیاسەتێکدا کە چەندین جار تاقی کراوەتەوە:
لە ناو ئەم ڕووداوانەدا، دوێنێ ئەمریکا ڕایگەیاند کە پەیوەندیی بە گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێران و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و داوای لێکردوون لە ناوچەی کوردستانەوە بچنە ناو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینییەوە لەدژی کۆماری ئیسلامی. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی (سی ئێن ئێن)، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئا ئەی) خەریکی کارکردنە لەسەر پلانێک بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان بە ئامانجی هاندانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ئێران.
ئەگەر کۆتاییهاتنی شەڕ و سازشی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکا، ئەگەرێکی کراوە بێت، لەو حاڵەتەدا ڕوونە کە ستراتیژیی ئەم پێنج حیزبە هاوپەیمانەی کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە سیاسەتەکانی ئەمریکاوە گرێداوە، نەک هەر ناگاتە ئەنجام، بەڵکوو مەترسیی دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی هاوشێوەی”فروغ جاویدان”ی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەو هێرشە سەربازییەی لە ڕۆژەکانی کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقدا کرا و بووە هۆی کۆمەڵکوژییەکی بەربڵاوی هێزەکانی ئەو ڕێکخراوە. ئەمریکا هەروەک چۆن بزووتنەوەی “ڕۆژاوا”ی لە سووریا جێهێشت کاتێک بە ئامانجەکانی خۆی گەیشت، ئەم هاوپەیمانییەش کاتێک سات و سەوداکەی لەگەڵ تاران سەربگرێت، لە مەیدانی شەڕدا بە تەنیا جێ دەهێڵێت.
هەڵوێستی ئێمە وەک هێزێکی سیاسی لە کوردستان کە باڵێکی چەکداری هەیە، ڕوونە: ئێمە نەک هەر بەشێک نین لەم پڕۆژەیە، بەڵکوو ئەوە بە دەستپێکی کارەساتێک بۆ داهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەزانین. لە ڕوانگەی ئێمەوە، شکستی سەربازی یان لاوازبوون لە ئاکامی شەڕدا، مەرج نییە یەکسەر ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم، بەڵام دەتوانێت کۆنتڕۆڵی کاروباری لە دەست دەربهێنێت و “بۆشایی دەسەڵات” دروست بکات، واتە خەڵک بکەونە بارودۆخێکەوە کە خۆیان ڕاستەوخۆ دەست بکەن بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانیان و ڕژێم کەوتبێتە سەرەولێژیی شکست بەڵام هێشتا بە شێوەی فەرمی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
تەنها ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە خەڵک پێشەوەختە ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان دروست بکەن، واتە میکانیزمەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ، دابەشکردنی سەرچاوەکان، دابینکردنی ئەمنییەتی گەڕەک، ڕاپەڕاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئیرادەی گشتی. کوردستان لەم دۆخەدا دەتوانێت نەک لە ڕێگەی ستراتیژی جەنگیی ئەمریکاوە، بەڵکوو لە خاڵێکی جیاوازترەوە بێتە ناو گۆڕەپانەکە. کۆمەڵگەی مەدەنی لەم ناوچەیەدا گەشەی کردووە، خەڵک لە زۆر بواردا ئەزموونی جۆرەکانی خۆڕێکخستنیان هەیە و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی تا ڕادەیەک بەرزدایە. بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مێژووی ڕێکخراوەیی، نەریتی هەرەوەزی و پشتبەستن بە هێزی بەکۆمەڵە، لە زومرەی ئەو توانایانەن کە لە کاتی قەیراندا و لە ئەگەری هەرەسهێنان و داڕمانی هێزەکانی ڕژێم، دەتوانن کۆمەک بکەن بە پێکهێنانی خێرای دامەزراوە جەماوەرییەکان و کەمکردنەوەی تێچووە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان. لەو کاتەدا، بۆشایی دەسەڵات نەک ئەو هێزانەی بە یارمەتی “سی ئای ئەی” پڕچەک کراون، بەڵکوو ئەو جەماوەرە پڕی دەکاتەوە کە بڕیاری داوە چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت. پڕچەکبوون و بەرگریی چەکدارانە لە ئەمنییەت و دەستکەوتەکانیش، لە ناو ئەم پرۆسەیەدا مانا پەیدا دەکات. بوونی دیموکراسیی لە هەناوی ئەم پرۆسەیەدا ڕێگە بە حیزبە سیاسییە جیاوازەکان دەدات تا بەرنامەکانی خۆیان بخەنە بەردەم تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی تر، ئەوەی لە زۆر ناوچەدا ڕەنگە ببێتە هۆی پاشاگەردانی و ئاژاوە، لە کوردستاندا ئەگەر بە دروستی ڕێکبخرێت، دەتوانێت لە شێوازێکی “نەزمی جەماوەری” و “بەڕێوەبردن لە خوارەوە” نزیک بێتەوە. ئەمە تەنها ئاواتێکی شیرین نییە، بەڵکوو پێویستییەکی کردەییە کە دەبێت هەر ئەمڕۆ، لە نێوان دووکەڵ و ئاگری ئەم ڕۆژانەدا، کاری بۆ بکرێت. پێنج ڕۆژ بەسەر ئەم شەڕەدا تێدەپەڕێت. بەڵام کایەی ڕاستەقینە، نە لە ئاسمانی “میناب” و نە لە ئاوەکانی “گەرووی هورمز”، بەڵکوو لەو ژوورانەی دانوستاندا دیاری دەکرێت کە خەڵکی کوردستان و ئێران تێیدا نە کورسییان هەیە و نە دەنگ. ئەرکی ئێمە دروستکردنی ئەو دەنگەیە، لە خوارەوە.
