ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ئه‌وه‌ڵی مانگی نوامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١١ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، “ڕۆژی كۆبانی“یه. ٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وه‌ها ڕۆژێكدا، له ٤٦مین ڕۆژی مۆقاومهت و خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی كۆبانی و هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا، له به‌رامبه‌ر به‌ربه‌ریه‌تی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، ملیۆنان كه‌س، له پتر له سه‌د شاری گه‌وره‌ی جیهان، بۆ پشتیوانی كردن له كۆبانی هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. ئه‌وان وێڕای تۆمار كردنی ئه‌وه‌ڵی مانگی نوامبر، له‌ژێرناوی “ڕۆژی كۆبانی“، له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی خه‌باتی خه‌ڵكی ئازادیخوازی جیهان، له موقاومه‌ت و خه‌باتی قاره‌مانانه و گیانفیدایانه‌ی خه‌ڵكی كۆبانی، پشتیوانیان كرد. سه‌دان كه‌سایه‌تیی سیاسی، ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ری، حیزب و ڕێكخراوی مه‌ده‌نی، كرێكاری، چه‌پ و كۆمۆنیست، له سه‌رتاسه‌ری جیهان، له بانگهێشتێكدا، داوایان له هه‌موو خه‌ڵكی ئازاده، خه‌باتكار و عه‌داڵه‌ت خواز كردبوو كه ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی نوامبر بێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و بۆ پشتیوانی كردن له‌و موقاومه‌ته حیماسی و مێژووییه، ده‌ست بده‌نه خۆپیشاندان. ئه‌م بانگهێشته له ئاستێكی به‌ریندا، له پتر له ١٠٠ شاری گه‌وره‌ی جیهان، وڵامی ئه‌رێنی وه‌رگرت و چه‌ند ملیۆن كه‌س له وڵاتانی ئۆرووپا، ئاسیا، ئه‌فریقا، ئه‌مریكا و كانه‌دا و هه‌روه‌ها له شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستانی ئێران، ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی نوامبه‌ر هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له موقاومه‌ت و خه‌باتی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا له كۆبانی پشتیوانی‌یان كرد. چالاكییه‌كی بێ وێنه له سه‌ده‌ی ٢١دا كه ده‌كرێ له‌گه‌ڵ پشتیوانی جیهانی له بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی وییه‌تنام و فه‌له‌ستین و یان دژبه ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی له ده‌یه‌كانی ٦٠ و ٧٠ی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هه‌ڵسه‌نگێندرێ.
به‌ڵام چۆن بوو كه كۆبانی، ئه‌و شاره چكۆله دووركهوتووهی سه‌رسنووری نێوان توركییه و سووریه، ناوبانگی جیهانیی ده‌ركرد؟ چ هۆكارگه‌لێك بوون به‌هۆی ئه‌وه‌یكه ویژدانی وشیار و خه‌ڵكی شه‌ریف و مافخوازی جیهان، پشتیوانی له كۆبانی بكه‌ن؟ وڵامی ئه‌م پرسیارانه ساده‌ن. گرینگرین هۆكاری ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته جیهانییه، ڕه‌وایی و هه‌قانییه‌تی موقاومه‌ت و خه‌باتی خه‌ڵكی كورد و غه‌یره كوردی ڕۆژئاوا بوو. واته جه‌ماوه‌رێك كه له جه‌رگه‌ی شه‌ڕێكی نیابه‌تیدا كه ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری وه‌ڕێیان خستبوو، به ئیراده‌ی پۆڵایینه‌وه، عه‌زمیان جه‌زم كرد كه به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا زاڵ بن. خه‌ڵكێك كه لێبڕاوانه بڕیاریاندا كه بۆ دیفاع له مافی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانیان، ده‌ست بده‌نه نه‌به‌ردێكی نابه‌رابه‌ر، به‌ڵام قاهمانانه و فیداكارانه له‌گه‌ڵ دوژمنانیان. ئه‌م پایداری و ڕووحیه‌ی موقاومه‌ته، له باروودۆخێكدا كه زلهێزه‌كانی ئیمپریالیستی و ناوچه‌یی، به هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كانی ژێرفهرمانیان، جیهانیان نائه‌من كردووه، ده‌گمه‌ن، جێگای ستایش و پشتیوانیی مرۆڤایه‌تیی وشیار و خه‌باتكاره. به‌م موقاومه‌ته، كۆبانی به خه‌ڵكی جیهانی نیشان دا كه نه ته‌نیا ڕێگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیدی له‌گه‌ڵ هێرشی هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كانی وه‌ك داعش، به‌ڵكوو ڕێگای به‌رنگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ست تێوه‌ردانی هێزه ئیمپریالیست و ده‌سه‌ڵاته كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ش، له مه‌سیری خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، به شێوازه جۆراوجۆره‌كانییه‌وه، تێپه‌ڕ ده‌بێت.
پشتیوانیی بیروڕای گشتیی جیهان و مرۆڤایه‌تیی پێشكه‌وتوو له خۆڕاگریی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵكی كۆبانی، له وه‌ها پانتاییهكدا، له هه‌مان حاڵ‌دا نیشانه‌ی ڕق و بێزاریی قووڵی ئه‌وان نیسبه‌ت به ده‌خاڵه‌تی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌تانی كۆنه‌په‌رست و جه‌نایه‌تكاری ناوچه‌یی، له ژیان و چاره‌نووسی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا بوو، دهخاڵهتێك كه بووه‌ته هۆی كۆشتار و وێرانی و ئاواره‌یی ملیۆنی و هه‌ژاری و فهلاكهتی ئابووریی له ئاستی جیهاندا. پشتیوانی له كۆبانی نیشانه‌ی تووڕه‌یی و بێزاریی له كرده‌وه‌ی گرووپ و حیزبه ئیسلامییه دواكه‌وتوو و دژهمرۆییهكان بوو. به‌ڵام پشتیوانی له موقاومه‌تی كۆبانی، ته‌نیا حه‌ره‌كه‌تێكی له ڕووی هه‌ست و ئه‌خلاقی نه‌بوو، به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ماددی و بابه‌تیی په‌یدا كرد. كۆبانی پێویستی به پشتیوانیی بیروڕای گشتیی بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه چاره‌نووسی ئه‌م مۆقاومهته قاره‌مانانه‌یه ته‌نیا له مه‌یدانی شه‌ڕی نابه‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ داعش و ده‌وڵه‌تانی پشتیوانی، له شه‌ڕی سه‌رشه‌قام و كۆڵانه‌كانی كۆبانیدا دیاری نه‌ده‌كرا. ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی به‌رین و به‌رده‌وام له ئاستی جیهانیدا، گۆشاری بیروڕای گشتیی دژبه ڕه‌وته كۆنه‌په‌رسته ئیسلامی و زلهێزه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، كه پشتیوانی‌یان له داعش ده‌كرد، زیاد كرد و ڕێگه‌ی نه‌دا كه پیلانگێڕی و نه‌خشه‌كانیان به‌ڕێوه‌به‌رن.
له به‌رامبه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی مه‌زنی پشتیوانی له موقاومه‌تی كۆبانی، ده‌وڵه‌تانی به‌شداربوو له هاوپه‌یمانیه‌تیی دژبه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به ڕێبه‌ریی ئه‌مریكا، كه به ئۆپراسیۆنی دره‌نگ وه‌خت، سنووردار و حیسابكراوی خۆیان، ئیمكانیان به هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دا كه ئاڵقه‌ی گه‌مارۆی كۆبانی ته‌نگتر بكه‌ن، سه‌ره‌نجام له‌ژێر گوشاری بیروڕای گشتیدا، پاش نزیك به ٤٠ ڕۆژ له موقاومه‌تی خه‌ڵكی كۆبانی، ده‌ستییان دایه پشتیوانیی ئاسمانی و پاشان سیاسه‌ته گزهونهكانیان پاساو كرد.
له ماوه‌ی ٦ ساڵی ڕابردوودا، دوژمنایه‌تیی ده‌وڵه‌تی توركییه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا و سیستمی خۆبهڕێوهبهرایهتیهكهی، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ پانتاییه‌كی تازه‌تری به‌خۆوه گرتووه: ئاسانكاری كردن بۆ چوونی سه‌دان ئه‌ندامی داعش له ئۆرووپاوه بۆ سووریه له ڕێگه‌ی سنووره‌كانی توركییه‌وه، دابین كردنی پێداویستیی ماڵیی داعش له ڕێگه‌ی ناردنی نه‌وتی ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش بۆ ده‌ره‌وه، داگیركردنی كانتۆنی عه‌فرین له ڕێگه‌ی ساخت و پاخت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كۆشتن و ئاواره كردنی خه‌ڵك و جێگیركردنی به‌كرێگیراوانی داعش ئاسا، پێكهێنانی ناوچه‌ی “ئارام” له نێوان سنووره‌كانی ڕۆژئاوا و توركییه به درێژایی ١٥٠ كیلۆمیتر و به‌رینایی ٣٥ كلیۆمیتر به ته‌بانی له‌گه‌ڵ ڕووسیه، ئاواره كردنی پتر له ٣٠٠ هه‌زار كه‌س له دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه، له زومره‌ی ئه‌و دوژمنایهتیانهن كه به‌رده‌وام درێژه‌ی هه‌یه. له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا، به ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه كه بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی، بۆ وه‌دیهاتنی ئامانجه‌كانی، ته‌نیا ده‌توانێ به هێزی خۆی و پشتیوانیی جیهانی و ناوچه‌یی خه‌ڵكی هاوچاره‌نووس و ئازادیخواز و مافخوازی جیهان، پشت ببه‌ستێ.
ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌شێك له ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام ده‌ستكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به ئاسانی زه‌وت ناكرێن. له ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی كوردستانی سووریه‌دا، به هیمه‌تی ژنان و پیاوانی ئازاده، گه‌لێك یاسا له بواری یه‌كسانیی ژن و پیاو و ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی ژنان له به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگا، یه‌كسانیی مافی كه‌سانی سه‌ر به ئایین و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كان، دابین كردنی ئازادییه سیاسییه‌كان، خراونه‌ته گه‌ڕ، كه هێستاش ده‌توانن ئیلهام به‌خشی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بن.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و ده‌ستكه‌وته‌كانی، نه ته‌نیا بۆ خه‌ڵكی سووریه، به‌ڵكوو بۆ خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان سه‌ره‌نجڕاكێشه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه ته‌نیا به سه‌ركه‌وتنه شكۆدارهكانی به‌رامبه‌ر به داعش و موقاومه‌تی بوێرانه‌ی دژبه فاشیسمی ئه‌ردۆغانی، به‌ڵكوو پێویسته به‌و بایه‌خه مرۆییانه‌وه بناسرێ كه دیفاعی لێ‌كردن. سه‌ره‌ڕای گشت ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه هێستاش له ئارا دان و سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كان و هه‌موو ئه‌و دژواریانه‌ی كه به‌ڕێوه‌ن، به‌خاتری ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه تا به‌ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژائاوا له بوار كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به‌ده‌ستی هێناوه و پاراستوویه‌تی و به‌خاتری ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ی داناوه، كه‌وتووه‌ته ڕیزی بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه و ڕهزگاریبهخشی جیهان.