کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵک بەسەر دیکتاتۆریەتی ئاینیدا نزیکە

5c14dc4e7808720011a16fb3.17dccf9

ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ئێران ڕوویدا، یەکێک لە خوێناویترین و لە هەمان کاتدا ریسواترین قۆناغەکانی ژیانی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامی بوو. شەقامەکانی شارەکانی ئێران شایەتی خوێنڕشتنێکی بەبێ بەزەیی بوون کە نیشانیدا ئەم ڕژێمە لە ساتەکانی هەستکردن بە مەترسی مانەوەدا، تا چ رادەیەک پەنا دەباتە بەر توندوتیژی بێبەزییانە.

دەیان هەزار کەس کوژران، برینداربوون یان دەستبەسەرکران. بنەماڵەکان ئازیەتبار بون. گەنجان لە بەندیخانەکاندا ئەشکەنجە دران. شارەکانیان کردە پادگانی سەربازی. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم سەرکوتکردنە بەمانای تێپەڕینی ڕژێم لە قەیرانی مانەوەیە؟ ئایا کۆماری ئیسلامی بەم خوێنڕشتنە قەیرانی بوونی خۆی چارەسەرکردووە؟ بەبێ گومان نەخێر!

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە، ئەم ڕاپەڕینەی بە مەیدانی چارەسەرکردنی چارەنووسی خۆی دەزانی. ڕژێمێک کە نە دەیویست و نە دەیتوانی کەمترین دەسکەوتێک بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک بدات، پەنای بردە ئامرازێک کە هەمیشە لە دەستیدا بووە و ئەویش سەرکوتکردنی خوێناوی بوو. ڕژێم بەرامبەر بە قەیرانی مانەوە ڕێگایەکی هەڵبژارد کە تەنها دەبێتە هۆی قووڵترکردنەوەی کەلێنەکان و توندترکردنی قەیرانی مانەوەی خۆی.

یەکەم هەنگاوی ڕژێم، پچڕاندنی پەیوەندی خەڵک بە جیهانی دەرەوە بوو. ئینتەرنێت ناکارا کرا و ئەو پەنجەرەیەی کە خەڵک لە ڕێگەیەوە لەگەڵ جیهان پەیوەندیان هەبوو، داخرا. ئەم پچڕاندنە پەیوەندییە، نەک تەنها ڕێگای گواستنەوەی هەواڵ و وێنەکانی بۆ دەرەوەی وڵات گرتەوە، بەڵکو لە ناوخۆی وڵاتیشدا رێگەی هاوئاهەنگی نێوان شارەکانی لە ناڕەزایەتییەکانیاندا لەگەڵ یەکتر لەنێوبرد. لە سێبەری ئەم بێ هەواڵییە دیجیتاڵییەدا، کۆماری ئیسلامی دەستی دایە کوشتاری خەڵکی ناڕازی و بێدەرەتان. هێشتا ڕەهەندە وردەکانی ئەم کارەساتە مرۆییە بە تەواوى ڕوون نەبووەتەوە. ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییەکان لە پشتی پەردەی سانسۆر و سەرکوتدا شاراوەتەوە، بەڵام هەر هەواڵێک کە دەگاتە دەرەوە، وێنەیەکی تاڵتر و دڵتەزینتر لە ڕاستی نیشاندەدات.

بەڵام ڕاستییە سەرسەختەکە ئەوەیە کە ئەم سەرکوتکردنە بە هیچ شێوەیەک بەمانای تێپەڕینی ڕژێم لەو قەیرانە نییە کە تێیدا دەست و پێ دەکوتێ. قەیرانی کۆماری ئیسلامی، قەیرانێکی کاتی نییە؛ قەیرانێکی قووڵە کە ڕەگی لە سروشتی ئەم ڕژێمەدایە و بە هەموو ڕەهەندەکانی سیستەمدا چۆتە خوارەوە. هەموو کۆڵەکەکان لە ئابووری و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا کە ئەم ڕژێمە لەسەریان دامەزراوە،  هاوکات شەقیان بردۆە. کاتێک کۆڵەکەکانی بینایەک هەموویان پێکەوە شەق هەڵدەگرن، چاککردنەوەی بچووک سوودی نابێت. هیچ ڕادەیەک لە سەرکوت ناتوانێت ئەم کەلێنانە چاکبکاتەوە، چونکە ڕەگی قەیران لە پێکهاتەی حکومەت و ناتوانایی لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگادایە. بینا دەبێت سەر لەنوێ بینا کرێەتەوە  یان دەڕووخێت. سەرکوتی توند دەتوانێت ساتی ڕووخاندن دوا بخات، بەڵام ناتوانێت ڕێگری لێبکات.

کاتێک خەڵک ناتوانن نانی شەوی خۆیان دابینبکەن، کاتێک هەڵاوسان و گرانی هەموو ڕۆژێک سفرەی خێزانەکان زیاتر بەتاڵدەکات، هیچ ڕادەیەک لە سەرکوت ناتوانێت دەنگی ناڕەزایەتییان بکوژێنێتەوە. خەڵکێک کە هیچیان نییە بیدۆڕێنن، لە هیچ دەسەڵاتێک ناترسن.

ئەمە چارەنووسی هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهانە کە کاتێک دەگەنە بەردەم لەناوچوون، هەرچی لە توانایاندایە بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریدێنن. مێژوو پڕە لە نموونەی حکومەتگەلێک کە لە ڕۆژانی کۆتاییاندا، بە پەنابردن بەر توندوتیژی بێسنوور، هەوڵیاندا تەمەنی خۆیان درێژبکەنەوە، بەڵام تەنها ئەوەی بەدەستهێنا، خێراکردنی رەوتی ڕووخانی خۆیان بوو. کۆماری ئیسلامیش لەم یاسایە بەدەر نییە. هەرچەندە زیاتر پەنا بباتە بەر سەرکوت، هەرچەندە زیاتر خوێن بڕێژێت، کەلێنی نێوان خۆی و کۆمەڵگا قووڵتر دەکاتەوە.

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەم دواییەی ئێران، پێش هەموو شتێک، دەنگی ناڕەزایەتییە لە زوڵم و دەستدرێژی و جیاکاری و سەرکوتدا. دەنگێک کە نە بە پیلانی دەرەکی دەستیپێکرد و نە بە سیناریۆکانی کۆماری ئیسلامی ناکوژێتەوە. ئەم ناڕەزایەتییە، ڕەگی لە ڕاستییە تاڵەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدایە، لە گرانیدا، لە هەژاریدا، لە بێکارییدا، لە هەڵاواردندا، لە سەرکوتدا و لە نایەکسانییدا.

کوشتاری خەڵک دەبێت بە نیشانەیەک لە کۆتایی سیستەمێکی کۆن و لاواز دابنێین کە بۆ بەردەوامبوونی تەمەنی کارەساتباری، دەست دەداتە هەموو کردارێک. ڕژێمێک کە تەنها بە توندوتیژی دەتوانێت خۆی بپارێزێت، ڕژێمێکە کە ڕۆژانی کۆتایی خۆی بەسەردەبات. مێژوو فێری کردووین کە وا حکومەتانە، هەرچەندە ڕەنگە لە دەرەوە بەهێز دیاربن، بەڵام لە ڕاستیدا خاوەنی لەرزۆکترین بنەماکانن.

ئەمڕۆ، کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدایە کە هیچ چارەسەرێکی بنیادنەری لەپێشدا نییە. نە دەتوانێت ریفۆرم بکات بدات، چونکە هەر ریفۆرمێک بەمانای دەستپێکردنی رەوتی ڕووخانە. نە دەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوامبێت، چونکە کۆمەڵگا چیتر بەرگەی زیاتری نییە. لە وەها بن‌بەستێکدا، تەنها ڕێگایەک کە ڕژێم دەیناسێت، سەرکوتە؛ بەڵام سەرکوتیش چارەسەر نییە، بەڵکو تەنها دواخستنێکی کورتخایەنە لە پڕۆسەی ڕووخاندا.

ئەم ڕۆژانە سەختە، ئەگەرچی دژوار و پڕ لە ئازارن، بەڵام کۆتاییان هەیە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، لە درێژەی مێژووی خۆیاندا،  گەلێک جار نیشانیانداوە کە لە خەبات لە دژی زوڵم و سەرکوت دەس هەڵناگرن. ئەمڕۆش، لەگەڵ هەموو سەرکوتەکان و خوێنڕشتنەکاندا، هیوا هێشتا زیندووە. هیوا بۆ ڕۆژێک کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو، خەڵکی تینووی هەناسەیەک کێشان بە ئازادی، بتوانن لە وڵاتێکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەراندا بژین.