ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی مانگی خەزەڵوەر ڕۆژی دانش ئاموزە. لە سەروبهندی نزیک بوونەوە لە ١٣ی ئابان ڕۆژی دانش ئاموز، خامنەیی لەنێو کۆمەڵێک لە دانش ئاموزانی بەسیجیدا، ئەم ڕۆژەی کردە دەرفەتێک بۆ وڕێنەکانی هەمیشەی. ئەو لە قسەکانیدا ئیدیعای کرد کە “ڕۆژی ئەمریکا ڕوو بە ئاوابوونە و ئێران بەرەو ئاڕاستەی سەربەخۆیی پیشەسازی دەچێت”. باسی ئاوابوونی ڕۆژی ئەمریکا کەس لە زمان خامنەییەوە بە جیدی وەرناگرێت، بەڵام باسی” سەربوخۆیی سەنعەتی” ئەویش لە بارودۆخی ئێستادا نیشانی ئەدات کە خامنەیی بە تەواوی شپرزە بووە و کەوتووهتە وڕێنە کردن. خامنەیی لە حاڵێکدا باس لە سەربەخۆیی سەنعەتی ئێران دەکات کە نەتەنیا سەرمایەکانی دەرەکی باروبنەیان پێچاوەتەوە و لە ئێران دەرچوون، بەڵکوو سەرمایە نێوخۆییەکانیش لە ئێران یەک لە دوای یەک لە گۆڕەپانی بەرهەمهێنان کشاونەتەوە و خەریکن لە ئێران هەڵدێن. زیاتر لە ٦٠ لەسەدی سەرجەمی بونگا و ناوەندەکانی پیشەسازی داخراون. مابەقیش بە ئامێر و کەلوپەلی کۆنە و بێ کەڵک و بەڕێوەبەرایەتی ناکارا، کاردەکەن، و کار گەیشتووتە جێگایەک بە سوبسیدی دەوڵەتی نەبێت ئەوانیش ناتوانن بەردەوام بن. ئیدیعای سەربەخویی پیشەسازی ئێران” لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ٦٠ لەسەی ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە لە ئێراندا بێکارن و یان خەریکی کارێکن کە هیچ پێوەندی بە شارەزایی و ڕشتەی خوێندنیانەوە نییە. ژێرخانی ئابووری ئێران وێران بووە، بەڵام خامنەیی باس لە ” سەربوخۆیی سەنعەتی” دەکات و ئهوه به زللە روومەتی خۆ سور کردنەوەیە.
بەڵام ١٣ی خەزەڵوەر کە خامنەیی دهیكاته دەرفەتێک بۆ هێنانهگۆڕێ ئیدیعا بێ ناوەرۆکەکانی و هیرش بۆسەر ئەمریکا، ساڵڕۆژی چەند ڕووداوی گرنگە. ساڵڕۆژی کوشتاری دانش ئاموزانە لە ساڵی ١٣٥٧ لە لایەن جەنایەتکارانی حکومەتی پەهلەویەوە، ساڵڕۆژی داگیر کرانی بالوێزخانەی ئەمریکایە لە لایەن حیزبوڵڵاییهكانی پەیڕەوی خومەینیەوە، ساڵڕۆژی هاتنە مەیدانی بەسەدان هەزار کەسی دانش ئاموزان و خوێندکارانە لەدژی کودتای هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی سەرۆک کۆماری و نیشاندانی حوزوری سەربوخۆ و بەهێزی بزوتنەوەی لاوانە لە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی.
لە ڕۆژی ١٣ی مانگی خەزەڵوەری ٥٧دا و لە سەروبهندی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکدا، ژمارەیەک لە دانش ئاموزان بە ڕەواڵی ئاسایی ئەو دەورانە لە حەساری زانکۆی تاراندا کۆبوونەوە و بەیەکەوە و شان بە شانی خوێندکاران خۆپیشاندانیان کرد؛ هێزەکانی حکومەتی نیزامی دەوڵەتی” شەریف ئیمامی” بەرەوڕووی ئەوان تەقەیان کرد و لە جەریانی ئەم ڕووداوەدا ژمارەیەکی زۆر لە دانش ئاموزان گیانیان لەدەست دا. دەوڵەتی شەریف ئیمامی کە کوشتاری خوێناوی ١٧ی مانگی خەرمانانی هەمان ساڵی لە مەیدانی ژالەی تارانیش لە پەروەندەی دا هەبوو، ڕۆژێک دوای کوشتاری دانش ئاموازان لە زانکۆی تاران لهسهر كار لادرا.
دوای ڕووداوی خوێناوی ١٣ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٧، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی” دانش ئاموز” ناو نرا. ساڵێک دوای کارەساتی خوێناوی زانکۆی تاران، ڕاست لە وەها ڕۆژێکدا لە کردارێکی سازمان دراودا لە لایەن حیزبوڵڵای لایەنگری خومەینیەوە، باڵیۆزخانهی ئەمریکا لە تاران داگیر کرا. ڕێکخەرانی شانۆگەری فریوکارانەی داگیر کردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەو کارەیان کە نزیک بە ساڵ و نیوێک درێژەی کێشا، باڵیۆزخانەی داگیر کراوی ئەمریکایان کردە ناوەندی سیاستەکانی حاکمییەتی دژی شۆڕشی سەرانی ڕژیم و لە سەرویانەوە خومەینی. داگیر كردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە ئەساسەن بە فەرمانی خومەینی بەڕێوەچووبوو، بههۆی ئهوهی کە دەورێکی گرنگی لە پاشەکشە کردن بە جەریاناتی چەپ و ڕادیکاڵ و سەرکوتی شۆڕشدا هەبوو، خومەینی ئەوی ناوی” نا شۆڕشی دووهەم”؛ بەڵام شۆڕشی دووهەم هیچ شتێک نەبوو جگە لە درێژەی سەرکوتی شۆڕشی ئازادیخوازنەی خەڵکی ئێران بە وەسیلەی کۆنەپەرستی ئیسلامیی. درووشمی ” مەرگ بۆ ئەمریکا” کە لەو ڕۆژە بەدواوە بە توندی و حەرارەتی هەرچی زیاتر لە لایەن حیزبوڵڵا و تەیفی لایەنگرانی خومەینیەوە دهوتراوه، بوو بە سەرپۆشێک بۆ سەرکوتی هەموو دەنگێکی نەیار و ناڕازی. لەو ڕۆژە بەدواوە دارودەستە ههڵخڕێندراوانی حیزبوڵڵا کەوتنە گیانی كۆمۆنیستەکان و هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانە و سیکۆلار کە دەبیسترا و لێیاندان، گرتنیان و کوشتیانن. ئەم ڕووداوە سەرەتای سەرکوتی شۆڕشی ئازادیخوازنەی خەڵکی ئێران بوو بە وەسیلەی کۆنە پەرستی حاکم. سهركوتی شۆڕشێک کە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو به ئامانجی بگهیهنێت لە ڕووداوی داگیر کردنی باڵیۆزخانەی ئهمریكادا، بە وەحشیانە ترین شێوە لە لایەن ڕژیم تازە بە دەسەڵات گەیشتووەوە درێژەی پێدرا. گەلێک لە ڕێکخەرانی ئەو دەورانەی داگیر کردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، دواتر لە ڕیزی بونیانگوزارانی سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم و ئەشکەنجە گەرانی و زیندانواناندا قەراریان گرت. حیزبی تودە و سازمانی فیداییان ئەکسەریەت بە تەئید کردنی ئەم حەرەکەتە بە شێوەیەکی سوکایەتی ئامێز چوونە ڕێزی داکۆکی کارانی ڕژیمی ئیسلامییەوە و زۆری پێنەچوو کە خۆشیان بوونە قوربانی خۆش خەیاڵیەکانیان. لەگەڵ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی بەردەوام لە هەوڵدا بووە تا بە جێگرەوەی داگیر کردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ساڵڕۆژی ڕیزگرتن لە دانش ئاموزان لەبیر بەرێتەوە، بەڵام بەردەوام بە هیممەتی خوێندکاران و دانش ئاموزانی شۆڕشگێڕ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە زیندوو ڕاگیراوە. لە ڕۆژی ١٣ی خهزهڵوهری ساڵی ١٣٨٨ کە نزیکەی ٥ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاکامی دەیەمین دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تێدەپەڕی، لە ڕۆژی ڕێزگرتن لەم ڕۆژەدا و لەدرێژەی ئاخێزێکی جەماوەریدا، خۆپیشاندانێکی گەورە کەوتەڕێ کە لە ڕاستیدا ناڕەزایەتیی لەدژی کولیەتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی بوو. ئەگەرچی ڕێبەرانی جەریانی ئۆپۆزسیۆنی دەرکراو لە دەسەڵات هەوڵیان ئەدا تا لاوان لە هەر چەشنە حەرەکتێک لە دژی کولیەتی نیزامی ئیسلامیی بەدوور بگرن، بەڵام لاوان بە درووشمی:” مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ” ئیبتیکاری عەمەل و هیدایەتی ئەم خۆپیشاندانەیان بە دەستەوە گرت. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بۆ دەستەبەر کردنی ئامانج و پرۆژەکانی لە هەوڵدا بووە تا لە لایەکەوە بە بهڕێوهبردنی بەرنامەی هەڵاواردنی ڕهگهزی لە شوێنەکانی فێربوون، بە گۆڕینی ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان و لابردنی هێندێک لە درەسەکانی عولومی ئینسانی لە زانکۆکاندا، بە ناردنی ئاخوند و پاسدار بۆ مەدرەسەکان، بە پادگانی کردنی قوتابخانە و زانکۆکان و بە پێكهێنانی هەموو جۆرە کۆسپێکی ئەخلاقی، لاوان وادار بە ملکەچ بوون و بێدەنگ بوون بکات. بەڵام لاوانی ئێران لە زانکۆکان و قوتابخانەکان و لە دەرەوەیاندا، بە خەباتی پڕ شوری خۆیان، بەردەوام یەکێک لە سەنگەرەکانی خۆڕاگری بوون لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا و ئەم سیاسەتانەی ڕژیم بە هیچکوێ نەگەیشتوون.