١٨ی دێسامبر بەرامبەر بە ٢٧ی سەرماوەز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک “ڕۆژی جیهانی کۆچ” ناوزەد کراوە. ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی چارەنووسی ملیۆنان ئاوارە و کۆچبەر لە سەرانسەری جیهان، واتە ئەو کەسانەی کە ساڵ بە ساڵ ژمارەیان زیاد دەکات. لەو ڕۆژەدا دەوڵەتەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتی و شرۆڤەکاران باس لە هۆکار و دەرئەنجامەکانی کۆچ دەکەن، بەڵام بە گشتی گرنگترین ڕاستی دەشارنەوە، ئەویش ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لەم کۆچکردنە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، سیاسەتی شەڕخوازانە، داگیرکاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتییە. هەر ئەو دەوڵەتانەی کە ئەمڕۆ بەدەست لێشاوی کۆچبەرانەوە وەزاڵە هاتوون، خۆیان هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی ئەم دۆخەن. هەژاری، بێکاری، برسێتی، نەخۆشی، سەرکوتی سیاسی، شەڕ، قەیرانی ژینگە، کەمی ئاو و خۆراک، نائەمنی و توندوتیژی لە لایەک و هیوای دۆزینەوەی کار و داهاتێکی باشتر، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و بێهداشت، ئەمنییەتی گیانی، ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها ئەگەری بنیاتنانی ژیانێکی ئینسانی تر، لە زومرەی هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنن. بەشێکی زۆر لە کۆچکردنەکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە، کۆچی زۆرەملێن. واتە مرۆڤ نەک لە ڕووی حەز و ویستی خۆیان، بەڵکوو بەمەبەستی ڕزگاربوون لە شەڕ، سەرکوت و هەژاریی و مەرگ، ڕێگای ئەو کۆچە کارەساتبارانە دەگرنەبەر.
ڕێککەوتننامەی ژنێڤ سەبارەت بە دۆخی پەنابەران، بەڵگەنامەیەکە کە لەلایەن زیاتر لە ١٤٠ دەوڵەتەوە واژۆ کراوە. ئەم بەڵگەنامەیە پەنابەر بە کەسێک پێناسە دەکات کە بەهۆی ترسێکی پاساوهەڵگر بەهۆی بەدواداچوونی سیاسی، ئایینی، ڕەگەزی، شەڕ یان کارەساتەوە ناچار بووە وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. ئەم بەڵگەنامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ پەنابەرێک بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتێکی کە تیایدا گیان یان ئازادییەکەی لە مەترسیدا بێت. بەڵام به کردەوه ههر ئەو دەوڵەتانەی واژۆیان کردووه، به درکردنی یاسای توند و گرتنەبەری سیاسەتی دژه پەنابەریی، بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەو ئوسوول و بنەمایانە پێشێل دەکەن. بەرپرسانی وڵاتانی دەوڵەمەندی سەرمایەداریی بەتایبەتی لە ئورووپا و ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا، بەردەوام بەدەست گوشاری کۆچبەرانەوە سکاڵا دەکەن و یەک لە دوای یەک یاسای دژە کۆچبەری و دژە پەنابەریی دەردەکەن. بەڵام بە ئەنقەست چەند ڕاستییەکی بنەڕەتی دەشارنەوە. ئەوان خۆیان هۆکار و سەبەبکاری شەڕ و وێرانکارییەکانن. شەڕە ڕاستەوخۆ و بە وەکالەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە بگرە تا لیبی، ئەفغانستان، عێراق و سورییە و یەمەن، بەبێ بەشداریی چالاکانەی هەمان ئەو زلهێزانە مومکین نییە. فرۆشتنی ملیاردها دۆلار چەک و کەرەستەی شەڕ بە دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە و پێشبڕکێی چەک و چۆڵ، کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەفریقا بە گۆڕەپانی شەڕی هەمیشەیی، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئیمپریالیستی و میلیتاریستی ڕۆژئاوایە.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئورووپا بۆ ماوەی دەیان ساڵ سامانی سروشتیی ئەفریقایان تاڵان کرد و کاتێکیش ڕۆیشتن، گەلێک سنووری دەستکرد، دابەشکاری نەتەوەیی و خێڵەکی، دەوڵەتی وابەستە و پێکهاتەی گەندەڵیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت. هێزی کاری هەرزانی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە کارگە و بەندەرەکانی ئورووپا، یەکێک بوو لە سەرچاوە سەرەکییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە سەردەمەکانی ڕابردوودا و هەتا ئێستاش ڕەوتی تاڵانکردن هەروا بەردەوامە. کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، ڕێککەوتنی نادادپەروەرانەی بازرگانی و قەرزە وێرانکەرەکان هەروا بەردەوامن لە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئەو وڵاتانە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، کاتێک خەڵکی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست هەژاریی و شەڕ و نەخۆشی هەڵدێن و لە دەرگای ئوورووپا و ئەمریکا دەدەن، ئەوە تەنها هەڵبژاردنێکی کەسی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو نەزمە جیهانییە ناڕەوایەیە کە ئەم دەوڵەتانە دروستیان کردووە و پاراستوویانە. یەکێتی ئورووپا و زۆرێک لە حکوومەتە ئورووپاییەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە لێشاوی پەنابەران، کۆمەڵێک سیاسەت و ڕێوشوێنیان گرتۆتەبەر کە یەک لە یەک نامرۆڤانەترن.
١– گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان، واتە بەرەوڕووکردنەوەیان لەگەڵ مەترسی مەرگ. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەرانی ئورووپا، لە ناوچە شەڕلێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە دێن. بەشێکی زۆریان لە وڵاتەکانی خۆیان ئاوارەن و ماڵ و حاڵیان وێران بووە، نە ئەمنییەتیان هەیە و نە کەمترین ئیمکانی ژیان. گەڕاندنەوەیان بەکردەوە واتا تەسلیم کردنیان بە شەڕ، ئەشکەنجە، هەژاری موتڵەق یان مەرگی بەشێنەیی.
٢– توندکردنەوەی یاساکانی دژە پەنابەری. پەسەندکردنی یەک لە دوای یەکی یاسای سنووردارکردنی پەنابەریی، تەنیا پەناخوازان ناکاتە ئامانج، بەڵکوو وردە وردە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ماف و ئازادی سەرجەم دانیشتوانی ئەو وڵاتانە. بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاستە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکان، کە دژایەتی کردنی کۆچبەرانیان کردۆتە ئاڵای خۆیان، زەمینە خۆش دەکات بۆ هێرشکردنە سەر دەستکەوتە مێژووییەکانی بزووتنەوە کرێکاریی و کۆمەڵایەتییەکان. بیمە، خزمەتگوزاری گشتیی، ئازادییە مەدەنییەکان و هتد.. چینی کرێکار و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم وڵاتانە، دوای کۆچبەران، دەبنە قوربانیانی داهاتووی ئەم سیاسەتانە. ئەم ڕەوتە نیشان دەدات کە سیاسەتی دژە کۆچبەران، لە کۆتاییدا دژە کرێکار و دژە مرۆڤە، جا چ کۆچبەر بێت یان خۆجێیی.
٣– داخستنی سنوورەکان و سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاناوەچوونی دەریایی، مەرگێکی بە ئەنقەستە لە دەریای ناوەڕاست. یەکێتی ئورووپا بە بڕیاری فەرمی ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاناوەچوونی لە دەریای ناوەڕاست سنووردار کردووە. ئەوان دەڵێن فراوانکردنی ئامراز و ئیمکانات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاناوەچوون، هانی کۆچبەرانی تر دەدات. بەم هۆیەوە ڕێگاکانی کۆچکردن مەترسیدارتر بوون و ژمارەی گیانلەدەستدان لە دەریاکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەلەمە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئورووپا، بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژی، دەتوانن زۆر زوو هەر بەلەمێکی پەنابەران بخەنە ژێر چاوەدێری و پێش ئەوەی کە نوقم بن بە هانایانەوە بچن. بەڵام بە ئەنقەست ئەم توانایە لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکاندا بەکارناهێنن.
بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەهاناوەچوون، پێشی بە هاتنی کۆچبەران نەگرتووە، تەنیا کارەساتبارتری کردووە.
بەڵام سیاسەتی دەوڵەتەکانی ئورووپا شتێکی دەگمەن نییە. لە ئەمریکا یەکێک لە توندترین یاساکانی کۆچبەری و سنوورەکان بەڕێوە دەبرێت. جیاکردنەوەی ئەندامانی خێزان، زیندانیکردن و گەڕاندنەوە، دروستکردنی دیوار لەسەر سنوورەکان، سەرکوت و هەڵسووکەوتی توندوتیژانە لەسەر سنوورەکان، لە زومرەی ئەو سیاسەتانەن کە بەتایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری ترامپ لە ئەمریکا توندتر بوونەتەوە. لە ئوسترالیا، پەناخوازان بۆ ماوەی ساڵانێک لە دوورگە دوورەکان و لە بارودۆخێکی نامرۆڤانە و سوکایەتی ئامێزی ناو گرتوخانەکاندا ڕادەگیرێن، وەک ئەوەی تاوانێکیان ئەنجامدابێت، تەنها لەبەر ئەوەی ویستوویانە لە ژیاندا بمێننەوە. ئەم سیاسەتانە ئەوە دەردەخات کە بۆ دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان گیان و کەرامەتی مرۆڤی کۆچبەر بە بەراورد بە لۆژیکی قازانج، هیچ هێز و بەهایەکی نییە.
بەڵام سیاسەتەکانی دژە کۆچبەریی تەنها ڕەتکردنەوەی “دەرەکییەکان” نییە. بەڵکوو ئەم سیاسەتانە ئامانجی دیکەشیان لە پشتە. یەکەم، دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی لەناو چینی کرێکار، لە ڕێگەی پەرەپێدان بە ڕەگەزپەرستی و دژە کۆچبەریی. کرێکارانی خۆجێیی و کۆچبەر لە بەرامبەر یەکتردا دەوەستنەوە و سەرنجەکان سەبارەت بە دوژمنی سەرەکی، واتە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەلاڕێدا دەبرێت. دووەم، گوشار بەمەبەستی پاشەکشەکردن بە دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە بیانووی ئەوەی کە کۆچبەران تێچووی زۆریان هەیە. هێرشکردنە سەر خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بیمەی بێکاری، تەندروستی و پەروەردەی گشتی پاساو دەکرێت. لە ڕاستیدا سەرجەم هاووڵاتیان، چ خۆجێیی و چ کۆچبەر، بەدەست ئەم پاشەکشەیەوە زیان دەبینن. سێیەم، داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایانەی کە کۆچبەران ڕوویان تێدەکەن. ئاسایی بوونەوەی مەرگی کۆچبەران لە دەریاکاندا، زیندانیکردنی منداڵان لە کەمپەکاندا و پەسەندکردنی یاسای جیاکاری، بە مانای لەناوچوونی بنەما ئینسانی و دیموکراتیکەکانی هەمان ئەو کۆمەڵگایانەیە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا تەنیا بەرگریکردن لە کەمترین مافی پەنابەران بەس نییە. بەڵکوو پێویستە لەسەر مافی جیهانیی مرۆڤەکان بۆ ژیان، ئەمنییەت، کار و کەرامەتی ئینسانیی جەخت بکرێتەوە. دەبێ مافی کۆچکردن و هاتوچۆی ئازادی مرۆڤەکان، وەک شارۆمەندانی جیهانێکی هاوبەش، بە فەرمی بناسرێت. واتە هەر مرۆڤێک بتوانێت لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بیەوێت بژی، بەبێ ئەوەی بە تاوانی بێگانە بوون سزا بدرێت و سووکایەتی پێ بکرێت. پێویستە خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافی کۆچبەران و پەنابەران بە خەباتی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و دژە ڕەگەزپەرستییەکان لە وڵاتانی شوێنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانەوە گرێ بدرێت، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە بەرژەوەندیی کرێکارانی ئێرانی، سووری، ئەفغانی، ئەفریقایی، ئیتاڵیایی، فەڕانسەیی و ئەڵمانی، هیچ جیاوازی و ناکۆکییەکیان بەیەکەوە نییە. دوژمنی هاوبەشی هەموویان سیستەمێکە کە لە شەڕ و هەژاری و هەڵاواردن قازانج دەکات. لەم ڕۆژەدا پێویستە لەسەر ئەوە جەخت بکرێتەوە کە هیچ کەسێک نایاسایی نییە، ئەوەی کە نایاسایی و نامرۆڤانەیە ئەو سیستەمەیە کە مرۆڤ بە تاوانی کۆچکردن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر سزا دەدات. خەبات بۆ بە فەرمی ناسینی مافی نیشتەجێبوون و مافی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو مرۆڤەکان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی جیهانی بۆ ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕزگاربوون لە دەست هەژموونی سەرمایەداری و خەبات بۆ سۆسیالیزم.
