کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی تووڕە و نوقمی خوێنی فەلەستین

2100205

 ڕۆژی هەینی ٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٤، بەرامبەر بە ٩ی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بوو. ئەم ڕۆژە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکرا. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمساڵ بەم بۆنەیەوە نامەیەکی نووسیناوبراو لە نامەکەیدا ڕایگەیاند: بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین، ئەمساڵ بەتایبەتی زۆر بە ئازارە، چونکە ئاسۆی گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان لە هەموو کاتێک ڵێڵترە. گۆتێرێش لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ شتێک هێرشە کارەساتبارەکەی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی حەماس و گرتنی دیلەکان پاساو و شیاوی بەرگریی ناکات، بەڵام لە هەمانکاتدا هیچ شتێکیش سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە پاساو ناکات. ناوبراو لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا ئەنجام دراوە، غەززە بە تەواوی وێران بووە و زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ئەو لە درێژەدا نووسیویەتی،قەیرانی مرۆیی ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت، ئەوە بابەتێکی زۆر کارەساتبارە و شیاوی لێخۆشبوون نییە“. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە هێرش بۆ سەر دانیشتوانی کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو و ئورشەلیمیش، لە لایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، پەرەپێدان بە شارۆچکە یەهوودینشینەکان، توندوتیژیی شارۆچکە نشینەکان، دەرکردنی فەلەستینییەکان و وێرانکردنی ماڵ و حاڵیان و هەڕەشەی لکاندنی ئەو بەشە لە خاکی فەلەستین بە خاکی ئیسرائیلەوە، ڕووداوەکانی ئەو ساڵەی ڕابردووی نادادپەروەرانەتر و بە ئازارتر کرد.

گۆتێرێش لە نامەکەیدا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە: کە کاتی پێشکەوتنێکی بێگەڕانەوە بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە تێیدا ئیسرائیل و فەلەستین پێکەوە لە ئاشتی و ئەمنییەتدا بژین و قودس پایتەختی هەردوو وڵات بێت، لە مێژە بەسەر چووە. من خوازیاری پشتیوانی تەواو لە یارمەتییە مرۆییە ڕزگاری بەخشەکانم بۆ خەڵکی فەلەستین. ناوەڕۆکی ئەو نامەیە، درێژەی هەڵوێستی دروست و بوێرانەی گۆتێرێشە سەبارەت بە دەستدرێژیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی غەززە. ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە سەرەتای هێرشی نیزامی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی غەززە، ئەو هێرشەی ئیدانە کردووە و لە پەنای فەلەستین ڕاوەستاوە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ئەرتەشی جینایەتکاری ئەو وڵاتە، سەرەڕای جینۆسایدێکی بێ وێنە و وێرانکارییەکی بەربڵاو، بەڵام هێشتا بە گرنگترین ئامانجەکانیان کە بریتی بێت لە دەرکردنی خەڵکی غەززە، شکست پێهێنان و بێ تواناکردنی بە تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان، نەگەیشتووە. جینۆسایدی غەززە بەدناوییەکی مێژوویی بۆ چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیل و ئەمریکا و ئاڵمانیش بەدیاری هێناوە. سەرەڕای ئەو شکست و ناکامییە، بە هاتنە سەرکاری کابینەی نوێی ترامپ کە ئەندامەکانی خوازیاری لەناوچوونی فەلەستین و فەلەستینییەکانن، لەوانەیە دۆخی ئەم خەڵکە خۆڕاگرە، لەوەش خراپتر بێت. بە وتەی ڕامی ئەبو جامووس، ڕۆژنامەنووسی بوێری فەلەستینی و دانیشتووی غەززە، ڕەنگە ترامپ شەڕ و جینۆسایدی فیزیکی لە غەززە ڕابگرێت، بەڵام درێژە بە جینۆسایدی سیاسی دەدات. ئەم بابەتەش کە زۆر مەترسیدارترە، بە قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئۆنروا، ئاژانسی پەنابەرانی فەلەستینی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین لەلایەن پارلمانی ئیسرائیلەوە، دەستی پێکردووە.

گرنگترین هێزی جەماوەریی کە دەتوانێت ڕێگریی بکات لە گەیشتنی ئەو جینایەتکارانەی ئیسرائیل و وڵاتەکانی دیکەی پشتیوانی دەستدرێژییەکانی ئەو وڵاتە بە ئامانجەکانیان، بریتییە لە بزووتنەوەی دژە شەڕ و جینۆساید لە غەززە. نوێترین ئاکسیۆنی دژە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، لە شاری مۆنترالی کانەدا بەڕێوەچوو. ڕۆژی ٢١ی نۆڤامبر بەرامبەر بە ١ی سەرماوەز، ٨٥ هەزار خوێندکار لە سەرجەم زانکۆکانی کانەدا لە مۆنترال، لە دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و بەمەبەستی هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین، مانیان گرت. ئەم مانگرتنە، گەورەترین چالاکیی خوێندکارانە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بۆ نیشاندانی هاوپشتی نێونەتەوەیی. لە مانگی ئاوریلی ئەمساڵیشدا، خوێندکارانی زانکۆی مەک گریل لە شاری مۆنترال، کەمپی پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستینیان ڕێکخستبوو. ئاکسیۆنی ڕۆژی ٢١ی نۆڤامبر لە دۆخێکدا بەڕێوە چوو کە ئەرتەشی ئیسرائیل و کابینەکەی نەتانیاهۆ، دوای ئاگربەست لە لوبنان، هێرشە جینایەتکارییەکانیان لە دژی خەڵکی بێ دیفاعی غەززە پەرەپێداوە. ئەم ئاکسیۆنەی خوێندکارانی کانەدا لە دۆخێکدا بەڕێوە چووە کە کەمپە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لە ئەمریکا بەمەبەستی ئیدانەکردنی جینۆساید لە غەززە، لە ژێر گوشاری پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی زانکۆکان، تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووەتەوە. ئەڵبەت وێڕای بزووتنەوەی دژە شەڕ و جینۆساید لە غەززە، شەخسی گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی لاهە بەمەرجێک بتوانن لەبەرامبەر گوشاری دەوڵەتەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئورووپا، بە تایبەت بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵماندا خۆڕاگریی بکەن، دەتوانن لەسەر گەیشتن بە ئامانجی ئاشتی، کاریگەر بن.