٢١ی سێپتامبر بەرامبەر بە ٣٠ی خەرمانان، ڕۆژێکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک “ڕۆژی نێودەوڵەتی ئاشتی” دیاری کراوە. بڕیارە ئەم ڕۆژە ڕەمزێک بێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی و بیرهێنانەوەی پێویستی ئاشتی بەردەوام لە جیهاندا. بەڵام ئایا بەڕاستی دەتوانین باس لە ئاشتی بکەین لە جیهانێکدا کە هەر ڕۆژە هەواڵی نوێی شەڕ و کوشتار و ئاوارەبوون دەبیسترێت؟ واقیعییەت ئەوەیە کە ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتی هاوکاتە لەگەڵ چەندین شەڕ و هەژاری و ئاوارەیی و دیکتاتۆرییەت و ئەمڕۆکە برینی قووڵ کەوتووەتە جەستەی مرۆڤایەتی.
شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا کە لە فێوریەی ٢٠٢٢دا دەستی پێکرد، نەک هەر بۆتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ئەمنییەتی خۆراک و وزەی جیهانیش داناوە. ئەم شەڕە هێمای ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکان و یارییەکی ژیۆپۆلۆتیکە کە قوربانییە سەرەکییەکانی بریتین لە خەڵکی ئاسایی.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەرتی غەززە بە تەواوی وێران بووە و دەیان هەزار منداڵ و ژن و پیاو و پیر و گەنج کوژراون و چەند هەزار کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون و ئەم کۆمەڵکوژییە ئاشکرایەی دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستاش لەبەرچاوی ڕای گشتیی جیهاندا هەروا بەردەوامە. یەمەن دوای ساڵانێک لە شەڕ و گەمارۆدان، ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان بووەتەوە. هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و بەتایبەت منداڵان بوونەتە قوربانی بۆردومان و برسێتی. لە سوریا، ئەگەرچی پێدەچێت شەڕەکە کۆتایی هاتبێت، بەڵام کاریگەرییەکانی، لەوانە لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری، کوشتاری بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ئەو کۆمەڵگەی ئیفلیج کردووە. ئەرتەشی فاشیستی تورکیە لە سێ بەش لە چوار پارچەی کوردستان خەریکی سەرکوتکردنی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردە. جگە لە شەڕ، برسێتی و نەخۆشی و ئاوارەبوونیش بەربینگی وڵاتە هەمیشە برسییەکانی ئەفریقا بەرنادات و بەهۆی شەڕ و توندوتیژی و هەژاری و نائەمنییەوە، ٦٥ ملیۆن کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.
ئەوەی کە ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدات ئەوەیە کە هەر ئەو کەسانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕواڵەت باس لە ئاشتی دەکەن، خۆیان هاندەری سەرەکی شەڕەکان و سەبەبکاری ئاوارەیی و هەژارین لە جیهاندا. ئەوانە لەکاتێکدا باس لە ئاشتی دەکەن کە بەردەوام جبەخانەکانی خۆیان پڕ دەکەن لە چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژ. ئەوان بە پەرەپێدانی پێشبڕکێی چەک و چۆڵ، قەیرانە ئابوورییەکانی خۆیان چارەسەر دەکەن و لە ژێر سێبەری شەڕ یان ترس لە شەڕدا، درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە بەرپرسە لە پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی، بەڵام بەکردەوە لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ڤیتۆی پێنج وڵاتی زلهێز لەوانە ئەمریکا، ڕووسیە، چین، بەریتانیا و فەڕانسەدایە. ئەم پێکهاتە نایەکسانە وایکردووە نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەیرانە گەورەکانی وەک شەڕی ئۆکراین یان جینۆسایدی غەززەدا نەتوانێت هیچ کارێک بکات.
زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە و لە حزووری ئەواندا زەنگی ئاشتی لێدەدرێت، لە زومرەی ڕێکخەرانی ئەرتەشی پڕ چەک و چۆڵ، بەرهەمهێنەر و خاوەن کۆگای چەکی کۆمەڵکوژ، بنیاتنەری زیندان و ژووری ئەشکەنجە و تەنانەت سێدارە، پێشێلکاری مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، سەبەبکارانی چەوساندنەوەی منداڵان، سەرکردەی مافیاکانی سەروەت و سامان و دەسەڵات و هەروەها تاوانبارانی پلە یەکی سەرجەم زیانە کۆمەڵایەتییەکانن. ئەوان پاسەوانانی سیستەمێکن کە بەرهەمی کار و ڕەنجی ملیاردها ئینسان هەڵدەمژن و ڕێگای خۆیان بە نرخی زەوتکردنی ئەمنییەت و مافی ژیان لە هەمان ئەو خەڵکە، خۆش دەکەن. ئەوان پاسەوانانی سیستەمێکن کە بەهۆی قازانج پەرەستی و چاوچنۆکییەوە، نە بە مرۆڤ و نە ژینگەی مرۆڤایەتی ڕەحم ناکەن.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا مرۆڤایەتی تەنیا دوو بژاردەیەکی لەبەردەمدایە. یان دەبێت ملکەچی ئەو چارەنووسە بێت کە بۆ مرۆڤایەتییان دیاریکردووە، کە لەم حاڵەتەدا جگە لە لەناوچوونی شارستانییەت و کولتوور و سەرجەم دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشدا مرۆڤایەتی، هەڵبەت ئەگەر شتێک بەناوی مرۆڤایەتی بمێنێت، دەگەڕێنێتەوە بۆ بەربەرییەتی هەزارەکانی ڕابردوو. یان کۆمەڵگا لەم گێژاوە تێپەڕ دەکات و دەیبات بەرەو جیهانێکی دوور لە شەڕ و توندوتیژی، لێوانلێو لە ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی، واتە جیهانی سۆسیالیزم. جیهانێک کە تێیدا هیچ ئاسەوارێک لەو هەڵاوارنە ئابووری و جێندەری و ڕەگەزی و نەتەوەییانەی کە سەرچاوەی سەرەکی شەڕ و توندوتیژییەکانن، بوونی نەبێت، کۆمەڵگایەکی کە بەربڵاوترین ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکان تیایدا جێگیر دەبێت. کۆمەڵگایەکی کە خورافات و دواکەوتووییە فەرهەنگییەکان بە مۆزەخانەی مێژوو دەسپێرێت و هەلومەرجێک دەخوڵقێنێت کە تێیدا “گەشەسەندنی ئازادی هەر تاکێک مەرجی گەشەسەندنی ئازادی هەمووانە.”
بەڵام کۆمەڵگایەکی لەو چەشنە هەروا لەخۆڕا نایەتەدی. دژوازی و قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەم سیستەمە و چەوساندنەوە و شەڕ و هەژاری لەخۆیانەوە نابنە هۆی لەناوچوونی. ئەم گۆڕانکارییە چارەنووسسازە پێویستی بە وشیاری و ڕێکخستن و ڕێبەرایەتی، خەباتی ئامانجداری کرێکاران، ئەوانەی کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لە بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییانەدا نییە کە بەسەر کۆمەڵگای ئێستادا زاڵن، بە خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و هاوڕێیەتیی سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە مەترسییەکانی ئەم سیستەمە ژیانی ئەوانیش بەرەو بەرەو لەناوچوون پاڵ پێوەدەنێت، هەیە. ئاشتی جیهانیی لە بەرپرسان و هەڵگیرسێنەرانی شەر چاوەڕوان ناکرێت، بەڵکوو دەبێت پشت بە هێزی یەکگرتووی خۆمان ببەستین بۆ ئەوەی ئاشتیی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە.