کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانیی موعەلیم، وەبیرهێنەرەوەی بەردەوامی و شێلگیربوونی موعەلیمانی ئێرانە لەسەر ویست و داخوازییە ڕەواکانیان

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۰ ۰۵ ۱۲ ۳۱ ۴۱ ۴۰۳ com instagram android edit

ڕۆژی دووشەممە پێنجی ئۆکتۆبر، بەرانبەر بە سی و یەکی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانیی موعەلیمە. یونسکۆ و ڕێکخراوی جیهانیی کار ساڵی ١٩٩٤ ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژی موعەلیم دیاریکرد. ئامانج لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژە، بریتی بوو لە “ڕێزلێنان لە موعەلیمان، پێزانین بۆیان و لێکۆڵینەوە لە کێشەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا“. بەڵام لە ئێران ئەم ڕۆژە زیاتر لەوەی دەرفتێک بێت بۆ پێزانین، وەبیرهێنەرەوەی کەلێنێکی قووڵە لە نێوان ئەو پێگەیەی کە موعەلیم دەبێت هەبێت و ئەو ژیانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە.

بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، یەک لەسەر سێی موعەلیمانی جیهان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. لە ئێران ئەم ڕێژەیە زۆر لەوە زیاترە. هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە سێ لەسەر چواری موعەلیمان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەشەکەی تریش تەنها بە کارکردنی دووەم و سێیەم یان بە پشتبەستن بە داهاتی هاوسەرەکەیان توانیویانە کەمێک خۆیان لە سەرووی ئەم هێڵەوە ڕابگرن ڕابگرن. ئەو موعەلیمەی کە دەبێت کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ خوێندنەوە، بەڕۆژکردنەوەی زانستەکەی و ئامادەکردنی پۆل، ناچارە لە دوای قوتابخانە لە تاکسییە اینتەرنەتییەکان، دوکانەکان، کارگەکان یان خولی تایبەتدا کار بکات بۆ ئەوەی کرێی خانوو و تێچووی ژیانی دابین بکات.

دۆخی موعەلیمە خانەنشینکراوەکان لەوەش کارەساتبارترە. ئەوان کە سەردەمی لاویی و تەمەنی مامناوەندیی خۆیان بە حەقدەستێکی زۆر کەم تەرخان کرد بۆ پەروەردەکردنی نەوەکان. ئێستا لە سەردەمی پیریدا، لە جیاتی ئارامی و ئاسوودەیی، لەگەڵ هەژاری، تێچووە تاقەتپڕووکێنەکانی دەرمان و بیمەیەکی بێسەرەوبەرە دەستەویەخەن. لە سیستەمێکدا کە پەروەردە بووە بە کاڵا، قوتابخانە ناحکومییەکان و دامەزراوەکانی کۆنکور قازانجێکی زۆرو زەوەند بەدەست دەهێنن. هاوکات قوتابخانە حکومییەکان تا دێت بەرەو کۆنبوون و داڕمان دەچن و موعەلیمەکانی بەرەو هێڵی هەژاری پاڵپێوە دەنرێت. سیاسەتی بە پووڵیکردنی پەروەردە هەم موعەلیم هەژار دەکات و هەم منداڵی بنەماڵە زەحمەتکێشەکان لە پەروەردەیەکی کوالێتیبەرز بێبەش دەکات.

ئازاری موعەلیمانی ئێران تەنها لە هەژاریی مادیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێنراوە کە پەرەپێدەری پەروەردە و فێرکردنێک بن کە تا سەر ئێسقان تێکەڵ بووە لەگەڵ خورافات و کۆنەپەرستی. کاریگەریی مذهب لە ناوەڕۆکی وانەکان و فەزای قوتابخانەدا، جیاکردنەوەی ڕەگەزیی لە زومرەی نموونەکانی ئەم ڕەوتەن. ئامادەبوونی هێزە ئایدۆلۆژی و ئەمنییەکان لە قوتابخانەکان، کە ڕاسپێردراوی جێبەجێکردنی نەخشە سووکایەتی ئامێزەکان و چاودێریکردنی موعەلیم و قوتابییەکانن، یەکێکە لە نموونەکانی تر. فەزایەکی لەم شێوەیە جەستەی موعەلیم ماندوو دەکات و دەروونی ئازار دەدات. ئەو موعەلیمەی کە دەیەوێت پرسیارکردن و هزری ئازاد لە قوتابیدا گەشە پێ بدات، لە هەر هەنگاوێکدا ڕووبەڕووی سانسۆر، پەروەندەسازی و هەڕەشە دەبێتەوە.

موعەلیمانی ئێران چەندین جار بە دەنگی بەرز داخوازییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە: بەرزکردنەوەی حەقدەست بۆ ئاستێکی سەرووی هێڵی هەژارییەوەیە، سوودمەندبوون لە بیمەی دەرمانیی کارا، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینکراوان لەگەڵ کارمەندانی لەسەرکار و دابینکردنی بژێوی و پاراستنی شکۆ کەرامەتیان، پەروەردەی خۆڕایی و کوالێتیبەرز بۆ هەموو منداڵان، بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان، ستانداردکردن و پاراستنی قوتابخانەکان، کە کارەساتەکانی وەکو ئاگرکەوتنەوە و ڕووخانی پۆلەکان ئەو پێویستییەی چەندین جار سەلماندووە، سوودمەندبوونی قوتابیان لە ئامانجی فەرهەنگی و سەرگەرمی، ڕاگرتنی بەپووڵی کردنی پەروەردە، کۆتاییهێنان بە پەروەندەسازی و ئەمنییەتیکردنی چالاکیی موعەلیمان. ئەم داخوازییانە نەك ئیمتیازێکی تایبەت، بەڵکوو لانیکەمی پێویستییە بۆ ژیانێکی شایستە و پەروەردەیەکی مرۆڤانە. کۆماری ئیسلامی لە جیاتی وەڵامدانەوە بەم داواکارییە مافخوازانە، پەنای بردووەتە بەر زیندان، دەرکردن، دوورخستنەوە، کەمکردنەوەی حەقدەست و بێبەشکردن لە کار. سەدان موعەلیم لەبەر ئەم داواکارییە ڕەوایانە دەستبەسەر کراون و زۆرێکیان ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆیان لە زینداندا بەسەر بردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکوت نەیتوانیوە موعەلیمان چاوترسێن بکات. هەر دەستبەسەرکردنێک بە ڕاگەیاندن، کۆڕ و کۆبوونەوە و کەمپەینی هاوبەشی وەڵام دراوەتەوە. خەبات بۆ بەدیهێنانی ویست و داواکاریی عادڵانە و ئازادیی هاوکارە زیندانییەکان بێوچان بەردەوامە. بەردەوامیی ئەم بزووتنەوەیە لە بەرانبەر گوشارێکی لەم شێوەیەدا، خۆی نیشانەی ڕیشەداربوونیەتی لەناو کۆمەڵگەدا. ئەوەی موعەلیمانی ئێران لە زۆرێک لە توێژەکانی تری کۆمەڵگە جیا دەکاتەوە، بریتییە لە ئاستی رێکخراوبوونیان. موعەلیمان لە زومرەی توێژە ناڕازییەکانن لە دۆخی هەنووکەیی و تا ئەمڕۆش ڕێکخراوترین بەشی زەحمەتکێشانی ئەم کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن. ناوەند و ئەنجومەنە پیشەییەکانی موعەلیمان لە شار و پارێزگاکا جیاوازەکان لقی خۆیان دامەزراندووە و شۆڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگییەکان ئەوانی بەیەکەوە پەیوەست کردووە. ئەم ڕێکخراوانە باسکی بەهێزی بزووتنەوەی داواکاری تەوەرەی موعەلیمانی ئێرانن. هەر ئەم ڕێکخراوبوونە بۆتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتیی موعەلیمان لە ناڕەزایەتییەکی پرشوبڵاو و پارچەپارچە تێپەڕێت. کۆبوونەوە سەرانسەرییە هەماهەنگەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، لە شارە گەورەکانەوە تا شارە بچووکەکان، لە زومرەی ئەو نموونانەن. هاوپشتی موعەلیمان لەگەڵ کرێکاران، خانەنشینکراوان و قوتابییە ناڕازییەکان، بەتایبەت لە ڕەوتی ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، نیشانی دا کە بزووتنەوەی موعەلیمان تەنها بزووتنەوەیەکی پیشەیی نییە. ئەم بزووتنەوەیە بەشێکە لە خەباتێکی بەرفراوانتری کۆمەڵگە بۆ ئازادی و دادپەروەری.

یەکەمین بریسکانکەکانی بیرکردنەوە لە قوتابخانەوە لێدەدرێت. جیهانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە موعەلیمی پسپۆڕ، ئاسوودەخاتر و خاوەن ڕۆحییەتی بەرزیی مرۆڤانە هەیە. بەڵام ئەمە بەدی نایەت مەگەر ئەوەی کە موعەلیمان لە لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە سوودمەند بن و بتوانن بەبێ خەمی بژێوی و بەبێ ترس لە ئەمنییەتیکردن، بپەرژێنە سەر ئەرکی پەروەردەیی خۆیان.

ڕۆژی جیهانیی موعەلیم بۆ کرێکارانی وشیار و سەرجەم زەحمەتکێش وەبیرهێنەرەوەی بێمافییە سەپێنراوەکانە بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە خەبات لەدژی ئەم بێمافییانە و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەرگریکردن لە داخوازییەکانی موعەلیمان. ئەم ڕۆژە پیرۆزبایی دەڵێین بە هەموو موعەلیمە تێکۆشەر، زەحمەتکێش و دڵسۆزەکانی ئێران، بەتایبەت بە موعەلیمە زیندانی و دەرکراوەکان. موعەلیمانی ئێران مرۆڤ گەلێکی شەریف و خاوەن کۆمەڵێک داخوازیی عادڵانەن کە شایستەی فراوانترین و بەردەوامترین پشتیوانین. هیوادارین بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران لە ڕیزێکی یەکگرتووانەدا، شانبەشانی سەرجەم زەحمەتکێشان، بێبەشان و ستەمدیتوان، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژێمی کۆنەپەرست و دژەخەڵکیی کۆماری ئیسلامی بهێنن. ئەوکاتە دەتوانین بگەین بە سبەی ڕۆژێکی کە تێیدا موعەلیم و قوتابی لە سایەی ئازادی و دادپەروەریدا بژین و بخوێنن.