کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانیی لاوان و باری گوزەرانی لاوان لە ئێران

IMG 5872

١٢ی ئاگۆست بەرامبەر لەگەڵ ۲١ی گەلاوێژ، ڕۆژی جیهانیی لاوانە. کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ۱۷ی دێسامبری ۱۹۹۹ ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی لاوان ڕاگەیاند. ئەگەرچی بۆنەیەکی لەم چەشنە تا ئێستا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی لاوان نەکردووەتەوە، بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداریدا، بەڵام لانیکەم دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی لاوان لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، وڵاتێکی کە لە ژێر سێبەری ڕژێمێکی دیکتاتۆر و دژی ئازادیدا، بەشێکی زۆر لە سەرمایەی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەلاڕێدا دەبات.

کۆمەڵگەی ئێران بەراورد بە وڵاتانی تر خاوەنی یەکێک لە گەنجترین دانیشتووانی جیهانە. لاوانی تەمەن ۱۵ بۆ ۳۰ ساڵ نزیکەی ۳۶ ملیۆن کەس لە کۆی گشتی دانیشتووانی وڵات پێکدەهێنن و لەم نێوەندەشدا نزیکەی ۱۴ ملیۆن کەسیان خاوەنی بڕوانامەی زانکۆن. بەڵام دەستکەوتی ئەم ڕێژە بەرزەی دانیشتووانی گەنج و خوێندەوار، هەر بەو ئەندازەیەش زۆرترین بێبەشیی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی نەسیبی ئەو توێژە کردووە.

یەکێک لە گرنگترین و بەئازارترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم لاوانی ئێران، بێکاریی بەربڵاوە، بێکارییەکی کە بە تایبەتی بەرۆکی دەرچووانی زانکۆکانی گرتووە. سەرەڕای هەزینەی زۆری بنەماڵەکان لەسەر پەروەردەی منداڵەکانیان، بەشێکی بەرچاو لە دەرچووانی زانکۆکان ڕووبەڕووی بازاڕێکی کاری نەشیاو و دەرفەتی پیشەیی زۆر سنووردار دەبنەوە. بەپێی ئامارە نیمچەڕەسمییەکان، بێکاریی لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ۵۰ لەسەد. تەنانەت ئاژانسەکانی هەواڵی نزیک لە دەسەڵاتیش، لەوانە تەسنیم، دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە بێتوانایی دەرچووانی زانکۆ لە پەیداکردنی کارێکی گونجاو لەگەڵ بواری خوێندنەکەیاندا، ئەوانی بەرەو هەندێک کاری وەک دەستفڕۆشی بردووە.

ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتوودا کارێکی شایستەیان دەستبکەوێت، ئەوا ئەمڕۆ دەبینن کە نەک هەر ئەم ئامانجەیان نەهاتووەتە دی، بەڵکوو خوێندنی زانکۆ خۆی بووەتە ئاستەنگێک لەبەرامبەر دۆزینەوەی کاردا. لاوێکی کە بە هەزاران ئاواتەوە و دوای تێپەڕاندنی دەیان کۆسپ کە ڕژێم یان هەژاریی لەڕادەبەدەری مادی خستوویەتە سەر ڕێگەی، سەرەنجام بڕوانامەیەک لە بەشی ئامادەیی، پەیمانگا یان زانکۆ وەردەگرێت و دوای بەفیڕۆدانی دوو ساڵ لە تەمەنی لە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێدا بۆ ئەم ڕژێمە، دیسانیش هیچ هیوایەکی بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ بڕوانامەکەی نییە و هەست بە ڕەنجبەخاساری دەکات.

حاڵ و ڕۆژی لاوێکی کە بە هۆی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆ، خۆی بە بارگرانیی بنەماڵەکەی دەزانێت و تەنانەت توانای دابینکردنی تێچووی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزانی نییە، دەبێت چۆن بێت؟ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لاوان نەک هەر لە شادی و جۆش و خرۆشی سەردەمی گەنجێتی بێبەشن، بەڵکوو دەرفەتێکیش بەدەست ناهێنن بۆ گەشەپێدانی توانا و بەهرەکانی خۆیان. جێی سەرسوڕمان نییە کە لە بارودۆخێکی ئاوادا، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان لە نێو لاوندا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و زۆربەیان لە بەردەم مەترسیی زیانە کۆمەڵایەتییە بەئازارەکاندان، لەوانەش گیرۆدەبوون بە  ماددە هۆشبەرەکان. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران تەمەنیان لە ژێر ۱۸ ساڵییەوەیە و مامناوەندی تەمەنی گیرۆدەبوون گەیشتووەتە ۱۳ ساڵ، ئامارێکی کە بە تەنیا بەیانگەری قووڵایی ئەو کارەساتەیە کە ڕژێمی ئیسلامی بەسەر نەوەی گەنجی ئەم وڵاتەیدا هێناوە.

پێویستە جەخت لەسەر ئەم ڕاستییەش بکرێتەوە کە ئەگەرچی لاوانی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی ڕژێمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادییەوە خاوەنی کێشە و گرفتی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سەر بە چین و توێژە جیاوازەکانن، ئازار و مەینەتییەکانیان وەک یەک نییە. ئاشکرایە کە کێشە و گرفتەکانی لاوانی سەر بە چین و توێژە هەژار و کەمدرامەتەکانی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەو گەنجانەی کە لەژێر چەتری پاراستنی خێزانێکی دارا و دەوڵەمەنددان، جیاوازە. بەڵام گەنجێکی کە بەهرەکانی لەلایەن ڕژێمێکی کۆنەپەرستەوە بەندکراوە، گەنجێکی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە قوتابخانە، ئامادەیی و زانکۆدا لە ژێر گوشاری پەروەردەیەکی دژەزانستی و کۆنەپەرستانەدا بەفیڕۆ چووە، گەنجێکی کە تەنانەت ئازادیی هەڵبژاردنی جلوبەرگی لێ زەوت کراوە، ئەو کچانەی کە مافی تەماشاکردنی یارییە وەرزشییەکانیان نییە، و هەروەها ئەو گەنجەی کە بەهۆی بچووکترین ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و ئەشکەنجە دەکرێت، هەموویان لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا خاوەنی ئازارێکی هاوبەشن. ڕزگاربوونی ئەم زۆرینە گەورەیە لەو بارودۆخە نامرۆڤانەیە، تەنیا لە ڕێگەی هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکارەوە دەستەبەر دەبێت، چینێکی کە ڕزگاربوونی لە دەست ڕژێمی ئیسلامی و پەیوەندییە چەوسێنەرەکانی ئێستا، چارەنووسی لاوانی ئێرانیش دەگۆڕێت.

وێنەی ژیانی لاوان لە ئێران بەبێ جەختکردنەوە لەسەر ڕاستییەکی ئومێدبەخش، کە لە پاڵ هەموو ئەم مەینەتییانەدا دەبینرێت، وێنایەکی ناتەواوە. ڕژێمی ئیسلامی لە ماوەی نزیکەی نیو سەدە دەسەڵاتی خۆیدا، چەندین پڕۆژەی بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر جەستە و دەروونی لاواندا جێبەجێ کرد، بەڵام هەموو ئەم پڕۆژانە لە بەرامبەر شەپۆلی بزووتنەوەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەدا بوونەتە بڵقی سەر ئاو. لە ڕاستیدا، سەرجەم وەبەرهێنانەکانی ڕژێم لە ماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوو لەم بوارەدا بەفیڕۆ چووە. هەربۆیە ئەم ڕژێمە بەردەوام لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوەدایە لەو لاوانەی کە لە سەردەمی قوتابخانە و ئامادەییدا نەیتوانی بەپێی ویست و ئۆلگۆی خۆی، مێشکوشک، سەر شۆڕ و بێئیرادە پەروەردەیان بکات.

بەشێکی بەرین لە لاوانی ئێران ئەگەرچی بێکارن و لە سەرەتاییترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە تایبەتمەندییە سروشتییەکانی سەردەمی گەنجێتی بێبەشن، بەڵام تەسلیمی ئەو دۆخەی ئێستا نەبوون و ڕێگەی خەبات و بەرهەڵستکارییان بەرامبەر ئەم ڕژێمە گرتووەتە بەر. ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر بەگژ ئەو دۆخەی ئێستادا چوونەتەوە و ڕێگەی نوێ بۆ دەربڕینی ویست و داواکارییەکانیان دەدۆزنەوە، خەبات و خۆڕاگرییەکی کە نەک هەر لە خۆپێشاندانی سەرشەقامەکان، بەڵکوو لە فەرهەنگ، هونەر، ئەدەبیات و تەنانەت شێوازی ژیانی ڕۆژانەیاندا بە ئاشکرا دەبینرێت.

لووتکەی ئەم خەبات و خۆڕاگرییەمان لە ئاخێزیژن، ژیان، ئازادیلە پایزی ساڵی ۱۴۰۱دا بینی، ئاخێزێکی کە نیشانیدا نەوەی گەنجی ئێران چیتر ئەو دۆخەی ئێستا قبووڵ ناکات. لاوان و تازەلاوان بەوپەڕی بوێری و فیداکارییەوە لە سەرانسەری وڵات هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بوون. ئەم ئاخێزە سەلماندی کە لاوانی ئێران خاوەنی توانا و هێزێکی بەرزی کۆمەڵایەتین بۆ گۆڕانکاری. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو سەختی و سەرکوتکارییەکان، ورەی خەبات و بەرخۆدان لە نێو لاوانی ئێراندا هێشتا زیندووە. ئەوان ئەو شێوازە لە ژیانیان کە کۆماری ئیسلامی بەسەریدا سەپاندوون قبووڵ نەکردووە و پاشەکشەیان بە فەرهەنگی زاڵ کردووە، لە فەزای مەجازیی، لە زانکۆکان، لە گەڕەکەکان و تەنانەت لە ناو جەرگەی بنەماڵەکانیشدا، لاوان بە شێوازێکی داهێنەرانە و جۆراوجۆر لە هەوڵی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی فەرهەنگی کۆمەڵگەدان.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، وەبیرهێنانەوەی بارودوخی لاوانی ئێران، نەک نەریتێکی تەشریفاتی، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ هاوپشتی لەگەڵ نەوەیەکی کە سەرەڕای بێکاری، هەژاری، سەرکوت و زیانە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان، هێشتا هیوای بۆ گۆڕانکاری بە زیندوویی ڕاگرتووە. ڕزگاربوونی ئەم نەوەیە، جیا لە ڕزگاربوونی چینی کرێکاری ئێران لە ژێر کۆتوبەندی چەوسانەوە و ستەم و سەرەڕۆیی ئەستەمە، و هاوپشتیی لاوان لەگەڵ ئەم خەباتە، ڕێگەیەکە کە ئەزموونی مێژوویی چەند دەیەی ڕابردووی ئێران گەلێک جار سەلماندوویەتی.