لهگهڵ کۆتایی هاتنی ئاگربەسی یەک لایەنەی ڕوسییە لەپێوەند لەگەڵ شاری حەڵەب، سەرلەنوێ ڕۆژی ٢ی مانگی خەزەڵوەر شەڕ بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەمشارە دەستی پێکردەوە. ڕوسییە دەڵێ ئەو ئاگربەسە یەکلایەنەی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستی پێکردبوو، بۆ ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانه و فەراهەم بوونی دەرچوونی کەسانی مهدهنیی و هەروەها ئەو چەکدارانە بووە کە بهنیازن خۆیان بەدەستەوە بدەن. ڕێكخراوی نهتهوهیكگرتووهكان دەڵێ بە هۆی ئیمکاناتی ناکافی بۆ بەجێهێشتنی حەڵەب، بریندار و غەیرە نیزامییەکان لە شار نەهاتوونەتە دەرێ. ڕوسییە لە بەرانبەردا میلیشیاكانی سووریی تاوانبار کرد بەوەیکە پێشی هاتنەدەری دانیشتووانی شاریان گرتووە. وادیارە ئەم ئاگربهسه ٣ ڕۆژەیە لە هەموو شتێک زیاتر، دەرفەتێک بووە بۆ خۆڕێکخستنەوەی هەردوو لا بۆ چوونە مەیدانی زۆرەوانیی دواترەوە. بەڵام ئەم زۆرانبازییە تەنها بە حەڵەب بەرتەسک نەبووهتەوە، سەرجەمی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە و گۆڕانكارییانهی كه لە ناوچەکەدا هەن لەخۆ دەگرێت کە دەمێکەیە بۆ شکڵدان بە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستی نوێ لە ئارادان.دوای شکستهێنانی دوایین ئاگربەست كه له نێوان ئامریکا و ڕوسییە لە دوازدەی مانگی ڕەزبەردا كرا، تێکهەڵچوونە نیزامییەکان لە شاری حەڵەب دهستیان پێكردهوه و لە جەریانی شهرهقسهی نێوانیاندا، ئامریکا، ڕوسییە و بهشار ئهسهدی بهوه تاوانبار کرد کە لهجیاتی خەبات لەدژی داعش، نەیارانی دەوڵەتی ئەسەد دەکوژن. لە بەرانبەردا ڕوسییەش ڕایگەیاند کە ئامریکا ئاگربەستە کاتییەکەی لە حەڵەب کە دوو هەفتە لهمهوبهر ڕاگهیهندرابوو، پێشێل کردووە. ئەوان یەکتر بە ئەنجامدانی جەنایەت لەدژی بەشەرییەت تاوانبار دەکەن و خوازیاری بەدواداچونی شوڕای مافەکانی مرۆڤی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان بوون. شوڕای مافەکانی مرۆڤی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكانیش دوای کۆبوونەوەکەی بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک وتی کە کارگوروپێک بۆ ” لێکۆڵینەوە” لە بواری ناساندنی لایەنەکانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ لە حەڵەب پێکدێنێ. توندبوونەوەی شهڕه قسهی نێوان ئامریکا و ڕوسییە ههتا ئەو ئاستە چووە پێشێ کە وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ئهو فهزایهی كه لە ئێستادا زاڵە ” مەترسیدار ترە” لە دەورانی شەڕی سارد. لەگەڵ ئەوەشدا دوو لایهن دەزانن کە لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لە مەیدانی شەڕدا، دەبێ هەم هاوپەیمانانی خۆیان بپارێزن و هەم ڕای گشتیی بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانیان به ئیستلاح موههندێسیی بکەن.
کۆنفڕانسی لۆزان لە ڕۆژی ٢٤ ی مانگی ڕەزبەردا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا، ڕوسییە، ئێران، عەرەبستان، تورکییە، قەتەر، میسر، ئۆردۆن، عێراق و نێردروای تایبەتی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ کاروباری سوریە پێکهات. ئەم وتووێژانە لە هەمان ڕۆژی یەکەمیدا بەرەوڕووی شکست بۆوە و کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. دیداری سێ لایەنەی سەرۆک کۆماری ڕوسییە، فەڕانسە و سەدری ئەعزەمی ئاڵمانیش ئاکامێکی بێجگەلە دووپاتبوونهوهی هەمان تاوانەکانی ڕابردووی نەبوو. ڕۆژێک دوای ئەم وتووێژانە فەڕانسە و ئاڵمان لە دانیشتنی سەرانی یەکێتی ئۆرووپادا هەوڵیاندا کۆمەڵێک تەحریمی نوێ لەدژی ڕوسییە پەسهند بکەن، بەڵام ئەم دانیشتنه لەگەڵ دانانی تەحریمی تازە لەدژی ڕوسییە دژایەتیی کرد. گشت ئەم داتا و زانیارییانهی دوو سێ هفتهی ڕابردوو، بۆ جارێکی دیکەش دهریخست کە ڕقابەت و ململانێی نێوان هێزە جیهانیی و ناوچەییەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕێگهچارەیەکی ” سیاسیی”، گرێدراوە بە کێشە و بەرەوڕوو بوونەوەکان لە ناوهنده سەرەکییەکانی قەیران لە ناوچەکە.
ئەگەر بە گشت ئەمانەوە، جموجۆڵه نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکییە لە سورییە و عێراق و دەستپێکردنی ئۆپڕاسیۆنی گرتنەوەی موسڵ و قەیرانی یەمەنیش زیاد بکەین، ئەوکات دەکرێ بڵێین کە بەرە جۆراوجۆرەکانی ئەم نەبەرد و بەرەوڕووبوونەوانە، ڕواڵەتی قۆناغی قەیران و گوزاری ڕۆژههڵاتی بۆ شکڵدان بە هاوسەنگییەکی هێزی نوێ لە نێوان هێزە دژبەرەکاندا پیشان ئەدات.
دەوڵەتی تورکییە باکووری سورییەی کردووهتە مەیدانی ڕمبازێن وتەڕاتێنی خۆی و لهسهر ڕهزامهندیی ناڕاستەوخۆی ئامریکا و هێزە ئۆرووپاییەکان، خەریکی درووستکردنی ناوچەی ئەمنە لە خاکی سورییەدا. دەوڵەتی تورکییە لە هەوڵدایە کە ناوچە ئەمنەکە بکاتە پێگە بۆ هێرشكردنهسهر بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی سوورییە و ئەزموونی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری جەماوەریی خەڵکی زەحمەتکێش لە هەر سێ کانتۆنەکە. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکییە لەدژی پێگە و سەنگەرەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کوردستانی سورییە کە گرینگترین هێزی خۆڕاگریش بوون لە بەرانبەر داعش، بەڕوونیی جهوههر و ماهییەتی ئامانجی دەوڵەتی تورکییە پیشان ئەدات.
ئەگەرچی سەرکەوتنی ڕوسییە، ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، حیزبوڵڵا ڕژیمی ئەسەد لە گرتنەوەی شاری حەڵەب یان سەرکەوتنی هاوپهیمانیی دژی داعش لە عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ شکستێکی قورسە بۆ داعش و باقی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، بەڵام ئەوە بە واتای کۆتایی ژیانی ئەم هێزانە و کۆتایی قەیران و کێشمەکێشەکان نییە. بێگومان ئەگەر مووسڵ و حەڵەب لە کۆنترۆڵی داعش و گروپە ئیسلامییەکانی دیكه دەربهێندرێن، خەڵکی ئەمشارانە لە موسیبەتەکانی جۆری داعشی کە بە درێژای ئەم ماوەیە تەحەمولیان کردووە، ههتا ئاستێک ڕزگاریان دەبێت، بەڵام ئەمە بە واتای ئازادیی خەڵکی مووسڵ و حهڵەب نابێت. شکستی داعش لە مووسڵ یان کۆنتڕۆڵکرانەوەی شاری حەڵەب، بە واتای کۆتایی دهخاڵەتگەریی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، حکومەتهكانی عەڕەبستان و دەوڵەتی تورکییە لە سورییە و عێراقدا نابێت.
ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە، ئهوهیه كه سهردهمی قەدەر قودرەتی و نەقشی ڕێبەرایهتیی ئامریکا لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا دەمێکە گهیشتووهته کۆتایی تەمەنی خۆی. لە ئێستادا ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بووهتە مەیدانی ڕمبازێن و تەڕاتێنی گشت هێزە وێرانگەرەکانی سەرمایەداریی جیهانیی و هەموو ئەو هێزە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرانەی ناوچەکە. هیواداربوون بە ڕێگهچارەی ئەم هێزانە و لە هەمووی خراپتر پشت بەستن بە هەرکامیان، تەنها و تهنها دەتوانێ، هەڵبژاردن لە نێوان وەبا و تاعوندا بێت.
چارەنووسی وڵاتانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست لێك گرێدراوە. ئەگەر هێزە جیهانیی و ناوچەییەکان لەم ناوچەیە ستراتێژیی خۆیان لە چوارچێوەی گشت ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا دیاریی دەکەن، کەواتە خەڵکی ناوچەکەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پیلان و نەقشە ڕاهبۆردییانە، پێویستیان بە یەکێتیی و هاوپشتیی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییهكهیدا هەیە. ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارودۆخە کارەساتبارە، نەک پاڵدانەوه بە ناکۆکیی مەزهەبیی و نهتهوایهتیی، بەڵکوو حەرەکەت بۆ ڕزگاریی ئینسان و کۆمەڵگه لە چنگ موناسباتێکه کە سەبەبکاری ههر هەمووی ئەم ئاژاوە و ئاڵۆزیانەن. هێزە ئهمپڕیالیستیی، هێزە ناوچەیی و ڕەوتە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستە مەزهەبییەکان هەرکامەیان بەشێوەیەک دەیەوێ چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی بکات. کۆمۆنیستەکان و ئینسانە ئازادیخوازەکان نابێ ئیجازە بدەن کە ئەم ناوچەیە ببێتە مەیدانی ڕمبازێن و تەڕاتێنی ئەم هێزە وێرانگەرانە.